بەشداریی بەرپرسانی باڵای هەرێم لەكۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكاندا، چیمان بۆدەكات؟!
2 ساڵ لەمەوپێش
حامد محمد عەلی
لە ڕواڵەتداو هەروەها لە راستیشدا بەشداری بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان لەكۆنفرانس و كۆڕبەندە جیهانی و نێودەوڵەتی و هەرێمیەكان و هەروەها سەردانی وڵاتانی زلهێزو دیدارو كۆبونەوەیان لەگەڵ سەرۆك و بەرپرسانی ئەو وڵاتانە، بەتایبەت زلهێزەكان ( ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو ئیتاڵیا..) پرسێكی گرنگەو لەهەمانكاتیشدا جێی سەرنج و بگرە جێی پرسیاریشە لای هەندێ كەس و ناوەند.
ئاخر سەردەمانێك بوو بەرپرسانی حزبە كوردستانیەكانی ئەم هەرێمە، خواخوایان بوو لە سەردانی وڵاتاندا فەرمانبەری وەزارەتێك یان باڵوێزخانەیەك یان ئەفسەرێكی هەواڵگریی بیانبینێ و گوێ بۆ داواكارییەكانیان بگرێ، ئەمڕۆ بەرپرسانی كورد لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنسا كۆدەبنەوەو بەشداری كۆڕبەندی ئابوری جیهانی (دافوس) و كۆنفرانسی ساڵانەی ئاسایشی (میونشن - میونیخ) دەكەن، كە وڵاتان لەسەر ئاستی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانیان بەشدارییان تێدا دەكەن.
ئەمانە لە ڕواڵەتدا گۆڕانكاری گرنگ و بەرەوپێشچوونی گەورەن لە كاروانی بزوتنەوەی سیاسی گەلی كورددا، بەتایبەت لەباشور .
بەڵام لەڕاستیدا ئەم بەشداری و سەردان و دیدارانەی بەرپرسانی باڵای هەرێم لەگەڵ بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە زلهێزانە، پرسیارێكی جەوهەری و گرنگ دەوروژێنێ، ئەویش ئەوەیە: ئایا ئەم بەشداری و دیدارو كۆبونەوانە، تائێستا هیچ ڕەنگدانەوەو كاریگەرییەكی ئەرێنی هەبووە لەسەر ژیانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان؟ یان چاوەڕێ دەكرێ لەداهاتویەكی نزیكدا ئەو ڕەنگدانەوە باشەی هەبێ؟
ئەوەی بەندە وەك چاودێرێك دەیبینم، تائەم ئان و ساتە حاڵ و رەوشی هەرێمی كوردستان لەكۆی سێكتەرەكاندا، نەك نەچووەتە پێش بگرە لەزۆربەی بوارەكاندا پاشەكشەی كردووە و روو لەخراپیە، ئیتر نازانم لەداهاتودا چۆن دەبێ، ئایا گۆڕان و گەشەكردن بەخۆوە دەبینێ، یان هەر لەحاڵەتی بەرتەناشدا دەمێنێتەوە؟
لێردا مادام زانیمان كە ئەو جم و جووڵ و ئامادەییەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، لە چالاكی و مەحافیلی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا، تا ئێستا رەنگدانەوەیەكی ئیجابی دیارو بەرچاوی لەسەر كۆی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان نەبووە، دەبێ بچینە نێو پرسیارێكی دیكەوە، ئەویش ئەوەیە : ئایا ئەم بێ ئەنجامی و بێ بەرهەمیەی ئەو بەشداری و سەردانانەی بەرپرسانی باڵای هەرێم بۆ خەڵكی هەرێمەكە، پەیوەندی بە ویست و ناكارایی ئەم بەرپرسانەوە خۆیان و لاوازی پێگەی حوكمڕانییانەوە هەیە، یان پەیوەندیی بە هەڵوێستی نەرێنی تاڕاددەیەك نەگۆڕی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە هەیە بەرامبەر بەدۆزی كورد وەك دووەمین دۆزی گرنگ و ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوشان لەگەڵ دۆزی فەلەستین دا؟ كە دیارە ئەو هەڵوێستەش تاراددەیەكی زۆر پەیوەستە بە بەرژەوەندیە زەبەلاحەكانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ وڵاتە سەردەستەكانی ناوچەكە.
من وای ئەبینم ئەوەی كە ئەو وڵاتە زلهێزانەی والێكردوە ، هاوكاری سەربازی هەرێم بكەن و راهێنەری سەربازی بنێرن و هەندێ چەك و تەقەمەنی بدەنە پێشمەرگە و هەروەها موجامەلەی سیاسی بەرپرسانی كورد بكەن، بەرژەوەندیە ئابوری و داراییەكانی كومپانیاكانی سەر بەو وڵاتانەیە كە بەشێكی باش لەداهاتەكانی نەوتی كوردستان دەچێتە گیرفانی ئەوانەوە.
ئەمە جگە لە هاوكێشە ئەقلیمی و نێودەوڵەتیەكان، كە وادەخوازن قەوارەی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێ.
بەداخەوە ئەدای دەسەڵات لەهەرێمی كوردستان، بەجۆرێكە نە خەڵكی هەرێمی كوردستان لێی ڕازیە و نە وڵاتانی دۆست و هاوكارو نەنەتەوە یەكگرتوەكانیش.
خەڵكی كوردستان سەردەمێك كێشەی موچەو گوزەرانی نەبوو، یان كەم بوو ، بۆیە داوای سەروەریی یاساو ڕێزگرتن لە ماف و ئازادیەكانی دەكرد.
كەچی ئێستا بەهۆی سیاسەتی سەقەتی دەسەڵات و گەندەڵیە زۆرەكانەوە، هاووڵاتیانی هەرێم ئێستا هاواری دابینكردنی خزمەتگوزرایە سەرەتاییەكان (ئاو و كارەباو سوتەمەنی و ڕێگەوبان) دەكەن.