دۆخی یەکێتی !
2 ساڵ لەمەوپێش
دڵشاد ئەنوەر
سلێمانی شەوی ڕابردووی قورس تێپەڕاند، گەرچی لێدوان و لێدوانکارییەکانی لاهور شێخ جەنگی و میدیای یەکێتی دژی یەک توند بوون، بەڵام شتێکی ئەوتۆ لە گۆڕێ نەبوو.
دەکرێ بۆ قۆناغی داهاتوو هەندێک هەنگاو چاوەروانکراو بن، بەڵام هاوکێشەکان بەراورد بە ئێستا زۆر ناگوڕێن، بەر مەبنای پێشهاتەکانی شەوی ڕابردوو، دەتوانرێ شیکردنەوە بۆ داهاتوو بکرێ.
* دۆخی یەکێتی بەراورد بە ئێستا و دوای خیتابەکەی شێخ لاهور ناگۆڕێ، واتە کێرڤ و باڵا دەستی بافڵ تاڵەبانی بەردەوام دەبێت لەبەر دوو هۆکار؛
یەکەم: هێز و دەسەڵاتی لایە، لەم وڵاتەشدا ئەم دوو ئامرازە ململانێکان یەکلایی دەکەنەوە.
دووەم؛ بافڵ تاڵەبانی پشتگیری بەهێزی ئیقلیمی و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراقیشی هەیە، ئەمە دوو هۆکاری بەهێزن بۆ مانەوەی بە باڵادەستی.
سەرباری پشتگیری بەهێزی ئیقلیمی و عێراقی بۆی، هەوڵەکانی پارتیش بۆ سەرئێشە بۆ دروستکردنی بەردەوام دەبن، ئەم هەوڵانەش گرفتی گەورەی بۆ دروست دەکەن، وا دەکەن بەردەوام لە ململانێ دا بێت و نەیپەرژێتە سەر هەنگاوی تر.
*لاهور شێخ جەنگی هەرچەندە دۆخەکە لە بەرژەوەندی نییە، بەڵام پێویستی بەهەندێک جوڵەیە تا بەتەواوی لە گۆڕەپانەکە ون نەبێ.
خیتابەکەی شەوی ڕابردووی شێخ لاهور، بەر مەبنای خويندنەوەکان لە چەند ڕوویەکەوە لە بەرژەوەندی نەبوو، لە خوارەوە دێمە سەری.
یەکەم؛ یەکێتی وروژاند لە دژی خۆی، ڕەنگە هەندێک هەنگاو بنرێ لە بەرانبەری، بەڵام هەنگاوەکان ڕوون نین.
دووەم؛ پشتگیری چڕی میدیا و پەیجەکانی پارتی لێی لە دوو لاوە لە قازانجی نەبوون، لەلایەک یەکێتی لە دژی تەوزیفی کردو وای نیشاندا پارتی لە پشتییەتی، ئەمەش بۆ پێگەی جەماوەری خراپبوو.
پاشان هیچ گەرەنتیەک نییە، دوو سبەی پارتی ئەمە نەکاتە کارتی دانوستان لەگەڵ یەکێتی و ئاراستەی مامەڵە کردنی نەگۆڕێ.
ئێستا گرفتەکە ئەوەیە، یەکێتی ڕێگەی گەڕانەوەی شێخ لاهوری داخستووە، پلانێکیشی هەیە، تەنانەت ڕێگەشی پێ نەدان لە ژێر ناوی تریشدا پرۆژەی سیاسی هەبێت.
دەکرا ئەو کارتەی شێخ لاهور شەوی ڕابردوو بەکاری هێنا، دایبنایە بۆ کاتی موفاوەزات و لەوێ سودی لێ ببینایە.
* جیاواز لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، سەرکردە دێرینەکانیش هەن، ئەوان بەم دۆخە مورتاحن، ئەیانەوێ ئەو پەیامە بگەیەنن، لە غیابی ئەوان دا دۆخی یەکێتی خراپتر بووە.