شۆڕشی ژینا و هەنگاوی دووەم!
2 ساڵ لەمەوپێش
شوان حەمە
شۆڕشی ژینا لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵدا. پارتە سەرەکییە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات، هەر یەک بە جۆرێک، بەدوای شۆڕش کەوتن. لە هەنگاوە سەرەتاییەکاندا، توانیان دەنگ و ڕۆڵێ خۆیان، تێکەڵ بە دەنگی شۆڕشەکە بکەن.
شۆڕشی ژینا گورێکی بەهێزتری بە یەکگرتنەوەی دوو کۆمەڵە دوو دیموکرات دا، هەمانکات زەمنیەی لێکنزیکبوونەوەی لە نێوان دیموکرات و کۆمەڵە لەلایەک و پژاک لەلایەکی تر دروست کرد.
دەرکەوتنی کوردی ڕۆژهەڵات، وەک سەنتەری شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە ئێران، هێزە سەنتراڵخوازە ئێرانییەکانی تووشی شۆک کرد. دوای چەند هەفتە بەسەر شۆڕشدا، فاشیزمی ئێرانی، بەرجەستە لە هەندێک هێزی ئۆپۆزیسیۆن، بە دیارکراویش سەڵتەنەت تەڵەبەکان، بە ئاگا هاتنەوە و لەیەکەم هەنگاویاندا، بە دوو ئاڕاستەی تەواوکەری یەکتر، کەوتنە جوڵە، ئاڕاستەی یەکەم، بانگەشە بۆ ئایندەی ئێرانی دوای جمهوری ئیسلامی و بە سەنتراڵکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەند و پانئێرانیزم، ئاراستەی دووەم، هێرشکردنە سەر کورد و نەتەوەکانی ئێران بە تۆمەتی تەجزیە تەڵەبی.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، دەنگگەلێکی ناڕازی، لە کوردانی ڕۆژهەڵات، بەدیاریکراویش ئەندامانی دیموکرات و کۆمەڵە، دژ بە چۆنییەتی کارکردنی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بەرز بووەوە.
هۆکاری ناڕەزایەتییەکە، لەلایەک بێدەنگی حیزبی دیموکرات بوو، لەبەرامبەر ئەو هەڵمەتەی لایەنگرانی کوڕی شا و هێزە پانئێرانیستەکان دەیکەنە سەر کورد، لالەیکی تر، بەشداری سکرتێری کۆمەڵە لە کۆبوونەوە هەشتکەسییەکەی ئەمریکا بوو، کە کوڕی شای ئێران و شەش کەسایەتی تری ئێرانی و عەبدوڵای موهتەدی تیایدا بەشدار بون!
دیداری مستەفا هیجری وەک کەسی یەکەمی حیزبی دیموکرات، لە بی بی سی فارسی، دوو بۆمبی چاوەڕوانکراوی تەقاندەوە! بۆمبی یەکەم سەبارەت بە ڕەنگڕێژیی سنوری کارکردنی نێوان کوردی ڕۆژهەڵات پانئێرانیستەکان بوو! بۆمبی دووەم، لە پەیوەند یەکخستنی ماڵی کورد لە ڕۆژهەڵات و لێکتێگەیشتن نێوان حیزبی دیموکرات و پارتی ژیانی ئازاد (پژاک).
لێدوانی مستەفای هیجری و ڕەتکردنەوەی کاری هاوبەش لەگەڵ کوڕی شاو پانئێرانسیتەکان لەلایەک و بەشداری بەردەوامی عەبدوڵای موهتەدی، لەگەڵ ئێرانییەکان لەلایەکی تر، نیگەرانیی بەربڵاوی لای کوردان دروست کردووە. لەم نێوەدا پرسی بوون و نەبوونی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەلاتی هاتووەتە گۆڕێ.
بە دیدی من، دۆخی کورد لە ئێران و ناوچەکە و گۆڕانکارییە سیاسییە جیهانییەکان وا دەخوازن، ناوەندی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پتەوتر و گەورەتر بکرێت، بە جۆرێک لە داهاتووی نزیکدا، پارتی ژیان ئازاد و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بە ناوەندەوە پەیوەست بن.
سەبارەت بە هەڵوێست و ڕۆڵی جیاوازی هەر یەک لە حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشان، من نەک نیگەران نیم، بەڵکو ڕۆڵبینینی جیاوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، با لە ڕواڵەتیشدا ناکۆک بێنە پێشچاو، لەبەرژەوەندی پرسی کورد دەبینم.
پێویستە کوردی ڕۆژهەڵات، لە زیاتر لە کۆڕ و کۆمەڵێکی سیاسی و زیاتر لە ناوەندێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا ئامادەیی هەبێت. لەم دۆخە پڕ ئاڵوگۆڕەی ئێراندا، هێزە سیاسییەکان پێوستیان بە دامێنێکی بەرفراوان هەیە بۆ کارکردن، هەرکاتێکش پێویست بوو، هەموان دەتوانن بگەڕێنەوە ناوەندی هاوکاری و بە کۆی دەنگ بڕیارە گەورە و چارەنوسسازەکان بدەن.