دەسەڵات لە دامێنی کام ئەهریمەنەوە داکەوتوە؟
2 ساڵ لەمەوپێش
جوتیار ڕەشید
سینۆها دکتۆری فرعونەکان دەڵێ لەوەتەی دەسەڵاتدار هەن درۆ لە گەڵ خەڵک دەکەن،هەر سەردەمە و هەر دەسەڵاتدارە بەجۆرێک و لە ژێر ناوێکدا بەکوشتیان دەدەن و وڵاتیان کاول دەکەن،سەرم سوڕماوە لەوەی خەڵک چۆن باوەڕیان پێ دەکەن؟
دوای هەزاران ساڵ لە سینۆها،هەر یەکێک لە ئێمە ئێستاش هەمان پرسیار لە خۆمان و لە خەڵکیش دەکەین،ئەم هەموو کاولکاریە و کوشتن و بڕینەی دەسەڵاتداران لە چواردەورمان ڕودەدات،هەر یەکەیان بە بیانوی جیاواز و لە ژێر ناوی جیاوازدا و خەڵکیش باوەڕ بە درۆکانی دەسەڵاتداران دەکات!
سێ نمونەی کاولکاری و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی گەلانی ئەم ناوچەیە بە نمونە دەهێنمەوە و لە کۆتایی بابەتەکەشدا چارەسەری بنبڕی ئەو بەڵایە گەورە و ڕیشە قوڵەی مرۆڤایەتی دەخەمە بەر دەست.
1-بەکوشدان و کاولکاری بە بیانوی شەڕی ئولی و مەزهەبی.
دەسەڵاتداران بە درێژایی مێژو هەوڵی بە دەسەڵاتدارکردنی ئاینەکان و لە ناو ئاینەکانیشدا مەزهەبەکانیان داوە،لە ڕاستیشدا پەیدابونی مەزهەبی جۆراوجۆر لە یەک ئایندا ڕەنگدانەوەی پنتی دەسەڵاتی جیاوازی ناو ئەو ئاینەیە،هۆکاری سەرەکی بەیەکدادانی بەردەوامی ئەو ئاین و مەزهەبانەش دابەش بونیان بوە بەسەر دەسەڵاتدارەکاندا و لە ڕاستیدا ئەوان شەڕی لەبری (بە وەکالەت)ی دەسەڵاتدارانیان کردوە بە ناوی ئاین و مەزهەبەوە.
دوا نمونەی ئەو شەڕانە شەڕی داعش و فەرمانی سەر ئێزیدیەکان بەناوی جیهادی ئیسلامەوە و شەڕی شیعە و سونە لە عراق.
2-شەڕی ڕەگەزپەرستی نەتەوەیی.
سەدان ساڵە دەسەڵاتدارانی تورک،فارس،عەرەب شەڕی ڕەگەز پەرستانەی نەتەوەی سەردەست بەرامبەر بە کورد درێژە پێدەدەن و بۆ قورستر کردن و کاریگەرتر کردنی شەڕەکەیان شەڕی مەزهەبی و ئۆلیشیان تێکەڵکردوە لە هەرکاتێک پێویستیان بوبێ.
هاوکات لەم ناوچەیە شەڕێکی تری ڕەگەز پەرستانە دەیان ساڵە درێژەی هەیە ئەویش شەڕی ڕەگەزپەرستانەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلە دژی گەلی فەلەستین،ئەوانیش هاوشێوەی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە شەڕەکەیان گۆڕیوە بۆ شەڕی ئۆلی جولەکە و ئیسلام.
3-شەڕی کۆنترۆڵکردنی کۆی جومگەکانی کۆمەڵگا لە دەسەڵاتدا
سروشتی دەسەڵاتدار وایە تەنها بەشەڕی ئاینی و ڕەگەز پەرستی تینوێتی ناشکێ،دواتر دێتە سەر شەڕی ناوخۆی خودی کۆمەڵگاکەی خۆی،دواتریش شەڕەکە ورد دەکاتەوە بۆ شەڕی ناو حیزب و هاوبیرەکانی خۆی، دوا شەڕیش دەیکا شەڕی ناو خێزانی دەسەڵاتدارە.
دوو دیارترین نمونەی ئەم جۆرە شەڕە شەڕی دەسەڵاتدارانی تورکیا و باشوری کوردستانە لە گەڵ کۆی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا و دوو شەڕی تەواو لە یەک چون و ئەستەمە بزانی کامیان کۆپی ئەوی ترن،لە یەک کات و زەمەندا بەیەک ڕیتم درێژەیان هەیە.
ئەردۆغان و پارتەکەی لە تورکیا لە دوای گرتنە دەستی دەسەڵات دورخستنەوەی کۆی ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکانی تری دەرەوەی AKP یان کردوە بە ئامانج،دوای ئەوەی دەسەڵاتیان بۆ حیزبەکەی خۆیان تاک کردەوە،ئەردۆغان کەوتە گۆڕینی حیزبەکەی لە حیزبی سیاسیەوە بۆ حیزبی ئەردۆگانی و بۆ ئەو مەبەستەش لە دامەزرێنەرە سەرەکیەکانی هاوڕێیەوە دەستی پێکرد و دواتر بە بیانوی کودەتا دەستکردەکەی ساڵی 2016 کۆی جومگەکانی حیزب و دەسەڵاتی لە دەنگە جیاوازەکان پاکتاوکرد و دەسەڵاتیشی لە دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیاوە گۆڕی بۆ دەسەڵاتی ئەردۆغان و دەستوریشی گۆڕی خۆی وەک سەرۆکی کۆمار بە دەسەڵاتی ڕەهاوە ناساند.
لەدوای کارەساتی بومەلەرزەکەی تورکیاش ئەردۆغان ناچار دەبێ بۆ مانەوەی خۆی بەشێک لە دار و دەستەکانی بداتە دادگا و خەڵکی بەوە هەڵبخەڵەتێنێتەوە بۆ دەنگدانی داهاتو بەوەش دەگاتە دوا قۆناغی شەڕەکەی کە شەڕی ناو هەرە نزیکەکانی خۆیەتی.
بە هەمان پێودانگێش دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان 32 ساڵە دەسەڵاتەکەیان لە باشور درێژە پێدەدەن،بۆ کورتکردنەوەی بابەتەکە درێژە بە شێوازی تاککردنەوەی دەسەڵاتی باشور نادەین لە ناو یەک حیزب و لە ناو یەک حیزبیشدا بۆ ناو یەک بنەماڵە و چۆنیەتی گەیشتنی شەڕی دەسەڵاتیش لە دەسەڵاتداری باشوردا بە دوا قۆناغی کە شەڕی ناو خودی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانە لە نێوان برا و ئامۆزاکان.
ئەوەش جۆرێکە لە شەڕی هەڕەمی نەرمی دەسەڵاتداران ناو کۆمەڵگا،ئەم جۆرە دەسەڵاتانە ناچار دەبن شەڕی دەزگا و ئەقڵە زانستیەکان و بەها ئەخلاقیەکانی ناو کۆمەڵگاش بکەن،ئەوەش گۆڕەپانەکە واڵادەکا بۆ شەڕی (سیستمی پڕوپوچ گەرایی)لە دام و دەزگاکانی دەوڵەت و حکومەتدا،ئەقڵە زانستی و توانا باڵاکانی کۆمەڵگا فڕێدەداتە دەرەوەی کایەی کاریگەری ڕاستەوخۆ لە بڕیار دروستکردن و بڕیاردان و شوێنیان بە ئەقڵە مام ناوەند و کەم تواناکان پڕدەکاتەوە،ئەوەش کۆمەڵگا و بنیاتراوەکانی دەگۆڕێ بۆ بنیاتنراوی قازانج بەرهەم هێنی زۆر بۆ دەسەڵات و لاواز بۆ کۆمەڵگا، بە شێوەیەک بەرگەی بچوکترین هەژان ناگرن. شوێنکارەکانی ئەم جۆرە شەڕە ئەگەر ماڵکاولکەرتر نەبن کەمتر نین لە شەڕی ئۆلی و مەزهەبی و ڕەگەز پەرستی.
دەرئەنجامە کاولکارەکانی بومەلەرزەکەی تورکیای چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دیاریرین سەلمێنەری ئەو ڕاستەیەن.
تەنها نمونەیەک لەو بارەوە بە نمونە دەهێنمەوە
ئایدن ئەڵماس یەکێک بو لە وەبەرهێن و سەرمایەدارەکانی تورکیا لە کەرتی بیناسازیدا وەبەرهێنانی کردوە،لە دوای کودەتاکەی ساڵی 2016 یەکێک بو لەو سەدان هەزار کەسانەی ئەردۆغان دەستی بەسەر سامانەکەیدا گرت و ئاوارەی دەرەوەی تورکیا بو،ئێستا لە وڵاتی سوئید کرێکاری دەکا.
یەکێک لە پڕۆژەکانی لە شاری ماڵاتیای تورکیا دروست کردوە بریتیە لە دوو تاوەری نیشتەجێبون،ئەو دوو تاوەرە بەرگەی بومرلەرزەکەیان گرت و یەک کەسیش لەناو ئەو دو باڵەخانەیە گیانی لە دەست نەداوە.
ئەی ئەردۆغان بۆ دەستی بەسەر سەروەت و سامانەکەیدا گرت و لە تورکیا دەری کرد؟
هەر ئەوەندە نا بیمەی تەندروستی لە هاوژینەکەشی بڕی!
باڵەخانەکانی بەرگەی بومەلەرزەیان گرت و بەپێوە مانەوە و گیانی سەدان کەسیان لە نیشتجێبوەکانی پاراست.
کەواتە هۆکار گەندەڵی نەبوە!
بەڵکو هۆکار بە پێوەمانەوەی ئایدن خۆی بوە و نەبوەتە بەشێک لە سەرمایە و سیستمەکەی ئەردۆغان.
ئەوە ئەو بازنە داخراوەیە سەدان ساڵە دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە بۆ گەلان و ئۆلی و مەزهەب و ئەقڵە زانستی و تواناکانی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە دروستیان کردوە و لەو بازنەیەدا خولیان دەدەن و وڕو کاسیان کردون و لە سەڕە گێژەی بەردەوامی پێکداداندان و خۆشیان بەرهەمی ئەو پێکدادانانە دەچننەوە و گیان و سامانی گەلانی ئەم ناوچەیە سوتەمەنی بەردەوامی دەسەڵاتەکانیانە.
ئەی چارەسەر؟
تاکە چارەسەر ڕزگارکردنی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەیە لە هەژمونی دەسەڵات بەیەکجاری و گۆڕینی سیستمی دەسەڵاتە بە سیستمی خۆ بەڕێوەبەری کۆمەڵگا بە شێوەیەک جارێکی تر نەگەڕێتەوە دەسەڵات.
دەسەڵات سیستمێکی ژێرپەنجەییە تاکە چارەسەر بڕین و فڕێدانیەتی،دەسەڵات پێویستی بەهێزە بۆ بەردەوامی،هێزیش پێویستی بە سەرمایەیە بۆ دروستکردن و گەورەکردنی و بەردەوامی،هێزیش لە گەڵ گەشەکردن و گەورە بونی دەگاتە قۆناغی (سەر ڕێژی هێز)،(فائض قوة)،سەر ڕێژی هێزیش پێویستی بە پاوانخوازی هەیە،پاوانخوازیش داگیرکاری و پێکدادان و کاولکاری لێدەکەوێتەوە.
دواین فۆڕمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا کە خۆ بەڕێوەبەری کۆمەڵگاکانە و پڕۆژە هزریەکەی بیرمەندی کورد ئۆجەلانە تاکە چارەسەری ڕیشەیی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەیە لە ئێستادا.
گواستنەوەی کۆمەڵگای لە دەسەڵاتەوە بۆ خۆ بەڕێوەبەری لەسەر بنەمای خۆتێری و خۆ پارێزی ڕاستەقینە و سروشتی کۆمەڵگا.