بۆچی بە یادی ڕاپەڕین خۆشنودنابین؟!

2 ساڵ لەمەوپێش



حامد محەمەد عەلی
ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ی باشوری کوردستان ، وەرچەرخانێکی یەکجار گەورە بوو لەمێژوی کوردو ناوچەکەدا.. بەدیهاتنی خەونێکی خۆش بوو ، شکاندنی سەنەمێکی گەورەبوو لەم بەشەی کوردستان..لەهەلومەرجێکی گونجاوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کرا.. ئومێدی زۆری لەسەر هەڵچنرا ، چاوەڕوانی زیاتری لێ دەکرا ، وەلێ زۆر بەداخەوە ، قەدری نەزانرا ،شوکری لەسەر نەکرا ، کوردانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکراو ڕۆحی حزبایەتی تەسک ، زاڵ بوو بەسەریدا ، بۆیە نەیتوانی هەموو  ئامانجەکانی بەدی بێنێت و دوای تەنها 
(٣ساڵ) لەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە ، حزبە دەسەڵاتدارەکان لەپێناو دەسکەوتەکانی خۆیاندا ، شەڕی برا کوژییان هەڵگیرساند ،سەدان ڕۆڵەی خێرلەخۆ نەدیوی کوردیان کردە قوربانی و چێژو شیرینی ڕاپەڕینیان کردە ژان و زەقنەبوت بۆ پیاوو ژنی کوردی ئەم بەشە..
پاش تێپەڕبوونی ٣٢ ساڵ بەسەر ئەو ڕوداوە مێژویی و کەم وێنەیەداو پاش چەندین کابینەی حکومەتی کوردستان ، تازە بەتازە هاووڵاتی ئەم هەرێمە ، داوای خزمەتگوزاری سەرەتایی دەکەن..  (ئاو ،کارەبا ، سوتەمەنی ، موچە..).
ئیتر با پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیەکان و سەروەر نەبوونی یاساش لەولاوە بوەستێ .
ئەمڕۆ جگە لە چەن گروپ و تاقمێک ، کە بەری ڕاپەرینیان چنیوەتەوەو دەستیان بەسەر سامانی وڵاتدا گرتوەو زەوی و زاری هەرێمەکەیان قۆرخ و تاپۆکردوە  ، خەڵکی کوردستان بەگشتی تووڕەو نیگەرانن،چونکە ڕاپەڕینەکەیان ، حکومەتەکەیان ، بەیەکسانی وەک هاووڵاتی مامەڵەیان ناکات و خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی  بۆ هەمویان وەکو یەک نەهێناوە .
هەندێک پڕو هەندێک قڕو نیمچە قڕ . 
کەسوکاری ئەنفال نیگەرانن ،چونکە وەکو ڕوفاتی خۆشەویستانیان بۆ نەهێنرایەوە ، کە گەورەترین ئاوات و داواکارییانە ، قەرەبوش نەکرانەوە .
کەسوکاری شەهیدان بەگشتی و شەهیدانی کیمیابارانەکان بەتایبەتی ، زامەکانیان ساڕێژنەکراو دەردو نەخۆشیەکانیان چارەنەکران و هەر ڕۆژەی بەجێماوێک بە سەرگەردانی و بێنازی دەبینین و حوکمڕانەکانی هەرێمیش کەمتەرخەمن لە یەکلا کردنەوەی چارەنوسیان .
بۆیە کەم کەس -ئەمڕۆ-  لەیادی ڕاپەڕیندا هەست بە ئاسودەیی و خۆشنودی دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار