ڕۆشنگەری و نامەکەی کانت
2 ساڵ لەمەوپێش
سیروان حەمەڕەشید
نامە بەناوبانگ و کاریگەرەکەی فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمائویل کانت دەگەرێتەوە بۆ سەدەی هەژدە و (269)ساڵ لەمەوبەر لە پرسیاری قەشە( یۆهان فریدریش تسۆلنەر)ە لەژێر ناوی ڕۆشنگەری چییە ؟ کانت بەم گوتارە وەڵام دەداتەوە.
سەرەتا گرنگە بڵێین خۆشبەختانە ئەم تێکستە زیندووەی کانت لەلایەن نوسەر و وەرگێر
(ڕێبین ڕسوڵ ئیسماعیل) کراوە بەکوردی.
بێگومان ئەو وتارە وەک مانفێستی سەردەمی ڕۆشنگەری ئەژمار دەکرێت. تسۆلنەر بەدید و ڕەتکردنەوە و بێ بەهاکردنی ڕۆشنگەری ئەو پرسیارەی کردوە و دەڵێت: (ڕۆشنگەری چییە؟) هەرچەندە وەڵامی ئەو پرسیارەی تسۆلنەر لەلایەن "کانت"ەوە دووساڵی خایەند، بۆ ناسین و جەوهەری ڕۆشنگەری زیاتر لەبیست پێناسە وەک وەڵامگۆی ئەو پرسیارە دیاریکرابوو. پێناسەکەی کانت لەبارەی ڕۆشنگەری
" دەڵێت: بریتیە لەو کاتەی تێیدا مرۆڤ ئازایەتیی چوونە دەرەوە دەکات لەحاڵەتی ناکامیی خودیدا ، بەرەو بیرکردنەوەی سەربەخۆی خۆی، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک لەدەرەوە بتوانێت شتێکی بەسەردا بسەپێنت" بەومانایە ئەو کەسانەی خاوەن بیرکردنەوە و عەقڵی خۆیانن ئازا و بوێرن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە باشانەی هەیانە ، لەمەترسیی ناترسن، مرۆڤی زیرەک و وریا پشودرێژن لەئازارەکان ڕاناکەن، تەنها ترسنۆک و گەمژەکانن کەناتوانن لەبەرامبەر سەختییەکاندا خۆیان بگرن.
کانت "دەڵێت: بائازایەتیی ئەوەت هەبێت هزری خۆت بەکار بهێنت: ئەوە دروشمی سەرەکی رۆشنگەرییە." ڕەهەند و مانای قوڵی ئەو وتەیە لەوەدایە کە سەربەخۆیی و بوێری عەقڵ و بیرکردنەوە پێودانگە بۆ ئازادی بیر و بڕیاردان لە چارەنوسی و ئایندەی خودییەکان لەو بارەییەوە "دەڵێت: ئەگەر کتێبکم هەبێت جێگەی هزر و بیرکردنەوەم بگرێتەوە، سەرکردەیەکێشم هەبێت جێگەی هۆشیارم بگرێتەوە، پزیشکێکش بڕیار لەبارەی پرۆگرامی خواردنم بدات. ئەوکات پێویستم بەوە نییە بیر بکەمەوە"
هەڵبەتە لە وتارەکەدا هێمای بۆ مێژووی سەرهەڵدانی بزاڤی ڕۆشنگەری کردوه "دەڵێت: بۆ یەکەمجار لەئینگلتەرا لەدایکبووە، بەڵام لەفەرەنسادا وەک ڕەوت وجوڵانەوەیەکی هەمەلایەنی مەعریفی و زانستی نوێی گەشەساندووە و لەبری خورافە و جەهل دەستی پێکرد".
دیاره جەوهەر و کۆڵەکەی بەهێزی ڕۆشنگەری پشت بەستەنە بەتوانای عەقڵ،
لەم کتێبەدا ڕۆڵ وجێدەستی بیریار و فەیلەسوف و زاناکان دەخاتەڕوو کەبریتی بوون لە" فڕانسیس بیکۆن ، جۆن لۆک، ئیسحاق نیوتن ، مارکیز، دۆکندۆرسییە، ڕینی دیکارت، ڤۆڵتێر، دیدرۆ ، جان جاک ڕسۆ، داڤید هیوم، لایبنتزم"
هەوڵەکانی وەرچەرخان و گۆڕێنی ڕۆشنگەری لەئاینیەوە بەرەو سیکۆلاریزم دەستی پێکرد و
یەکەمین هەوڵش لەلایەن "دیکارت"ەوبوە.
دواتر سەرهەڵدانی ڕۆشنگەری لەڕوانگەی "جاک لۆگوف"ەوە٫ کۆمەڵێک فاکتەر دەستنیشان دەکات:
" یەکەم: فاکتەری باڵادەستی عقیدەی لاهوتییانەیی مەسیحی بەسەر عەقڵییەتی گشتی خەڵکدا...
دووەم: مرۆڤ وێنایەکی وای هەبوو کەترسنۆک ، بێدەسەڵات و ڕەشبینیە، ڕەنگە لەهەمو چرکەیەدا گوناهێک ئەنجام بدات.
سێیەم: بەلاوەنانی ژیان و خۆشییەکانی و مەرگدۆستی.
چوارەم: باڵادەستی عەقڵییەتی ڕەمزی و خەیاڵ بەسەر زەینی خەڵکدا."
کانت لەسەر شۆڕش و ڕیفۆرم بۆچوونی خۆی دەخاته ڕوو پێیوایە شۆڕش چەوساندنەوە و دەسەلاتی ستەمگەر لەناودەبات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت چاکسازی دروست لەشێوازی بیرکردنەوە لەگەڵ خۆیدا بهێنت. هەروەها "دەڵێت: بۆ ڕۆشنگەری هیچ شتێک پێویست نییە، تەنها ئازاد بیت ، "دەسەڵاتی دیپۆتیزم و کەلتور و نۆرمە چەقبەستووی ستەمکار دەڵێن بیرمەکەنەوە. ئەفسەر هاوار دەکات بیرمەکەنەوە تەنها لەسەرتانە فەرمان جێبەجێی بکەن، بەرپرسی باجدانیش دەڵێت: بیرمەکەنەوە تەنها باجەکان بدەن، پیاوانی ئایینیش بیرمەکەنەوە تەنها لەسەرتانە ئیمان و بڕوا بهێنن" .
هەروەها کانت لەسەر دەستوەردانی ئایینی " ناکرێت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، ڕێگە بدرێت دەستوورێکی ئایینی هەمیشەی بێتەدی و بسەپێنرێت، کەسیش بۆی نەبێت لێپرسینەوەی لێ بکات، چونکە ئەم کارە بەشێوەیەکی کردەییانە قۆناغێک لەقۆناغەکانی پێشکەوتنی مرۆڤ لەبار دەبات"
کۆتایی نامەکەی کانت بەڕای بیرمەندی فەڕەنسی مێشل فۆکۆ لەسەر دەقی وتارەکەی کۆتایی پێدەهێنین کە"دەڵێت: پێموایە ئەو دەقەی کانت دەربارەی ڕۆشنگەری، دەقێکی مێژوویی گرنگە، چونکە مۆدێرنە وا نیماش دەکات وەک ئەوەی ڕەگ و ڕیشەکەی لەسەردەمی ڕۆشنگەریدا هەڵقوڵابێت، بەجۆرێک فۆکۆ جەخت دەکات کە دەقی ڕۆشنگەری چییە؟ پێیوایە خاڵی دەستپێکردنی مۆدێرنەیە " دواجار ئەوەی ماوە لەسەر ئەم نامەی کانت بڵێین ئەوەیە کەزۆر گرنگە لەسەر شانی هەمو خوێنەر وخوێندەوارێکی ئێمە بەوپەڕی پەرۆشییەوە ئەم نامەی کانت زیاد لەجارێک بخوێنتەوە..
٭بۆ نوسینی ئەم وتارە سودەم بینیوە لە:
ڕۆشنگەری چییە؟
نوسینی: ئیمائول کانت
وەرگێڕانی: ڕێبین ڕسوڵ ئیسماعیل