دەربەندیخان... سەردەمێكی نوێ لەخەباتی مەدەنی و داواكاری

2 ساڵ لەمەوپێش



هێمن مەحمود

لەدوای ساڵی 1991و هەر لەسەردەمی بەرەی كوردستانییەوە تاوەكو ئێستاش زۆرینەی هەر زۆری ئەو خۆپیشاندان و گردبوونەوانەی كە لەشارەكانی هەرێمی كوردستاندا بەڕێوەچوون یان بەتوندوتیژی دەستیپێكردووە یاخود بەتوندوتیژی لەلایەن دەسەڵات و هێزە ئەمنییەجیاوازەكانەوە كۆتاییان پێهاتووەو زۆرجاریش قوربانییان لێكەوتووەتەوەو خوێنی قوربانییەكانیش بەهەدەرچوون، نە داواكارییە رەواكان بەدیهێنراون و نە بكوژانیش دراونەتە دادگاو هەمیشە حزب لەبری یاسا سەروەر بووە.

جیا لەوەش خۆپیشاندان و گردبوونەوەكان ماوەیەكی كەمیان خایاندووەو كۆتاییان هاتووە، ئەگەر خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتی لێ بەدەربكەین كەماوەی نزیكەی دوو مانگ خۆپیشاندەران لەسەراكاندا مانەوە، بەڵام هیچ داخوازییەكی سەرەكی خۆپیشاندەران جێبەجێنەكراو بەشێكی زۆریش لەڕابەرانی خۆپیشاندانەكە چوونە ناو هەمان سیستەم و دەسەڵاتەوە كەداوای گۆڕینیان دەكردو بوونە بەشێك لەو ئامێرەی دەسەڵاتەكەی بەڕێوەدەبرد، ئەمە جگە لەوەی زۆرینەی هەرەزۆری خۆپیشاندانەكانی هەرێم حزبێك گرووپێك لەدژی حزبێك گرووپێكی دیكە لەپشت خۆپیشاندانەكانەوە بووەو داواكانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەلاڕێدا بردووە، یاخود دواجار خۆپیشاندانەكە چووەتە بەرژەوەندی حزبێك یاخود گرووپێک لەدژی حزبێك یاخود گرووپێكی دیكەوە.

رەنگە هەموو ئەوانەی لەسەرەوە باسمانكردن، تاڕادەیەك بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوەو مانگرتن و ناڕەزایەتییەكانی شاری پێنجوێن و جەماوەری شاری دەربەندیخان لەماوەكانی رابووردوودا راست نەبێت بەتایبەت لەشاری دەربەندیخان جیاواز لەهەموو جارەكانی دیكە دەستەیەكی مەدەنی دوور لەهیچ حزب و گرووپێك سەرپەرشتی خۆپیشاندانێكی گەورەی شارێكی كرد كە مانگێك و سێ رۆژی خایاندو بەجێبەجێكردنی داواكانیان لەلایەن حكومەتەوە كۆتایی پێهات و بۆ یەكەمجار خۆپیشاندانێكی درێژخایەن بەبێ توندوتیژی و خوێنڕشتن و جێبەجێكردنی داواكان كۆتایی پێبێت.

قەزای دەربەندیخان لەساڵی 1991 تاوەكو ساڵی 2006 ناوەندی پارێزگای كەركوكی ئازادكراوبوو كەدواتر گۆڕدرا بۆ ئیدارەی گەرمیان و  ئیدارەكە گوازرایەوە بۆ قەزای كەلار، شارێكی گەشتیارییە و لەئێستادا خاوەنی هەردوو بەنداوی (دەربەندیخان و دێوانە)یەو دوو تونێلی تیادایە كە لەپێشووتردا تاكە شاربووە لەعێراقدا تونێلی تیادابێت، چەندین شوێنی گەشتیاری دیكەی لێیەو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای تیادایە، لەساڵانی پێشووتریشدا كارگەی ئاوو بیبسی بەناوبانگی بانیخێڵانی تیادابووە، كەوتووەتە سەر شاڕێگای سلێمانی- گەرمیان، دانیشتوانەكەی نزیكەی 60 هەزار كەسێك دەبێت و گەنجانێكی زۆری لەدەرەوەی وڵاتن و بەپێی ئامارە نافەرمییەكان نزیكەی 10 هەزار كەسێكی خەڵكی شارەكە لەهەندەرانن.

لەساڵی 2008و بۆ یەكەمجار بەپێی چەند پشكنینێكی زانستی دامودەزگا حكومییەكان دەركەوت كەئاوی دەریاچەی دەربەندیخان بۆ خواردنەوە شیاو نییەو نابێت خەڵكی شارەكە لەو ئاوە بخۆنەوە، چونكە ژەهراوی بووەو زێرابی شاری سلێمانی و تەواوی كارگەكانی تانجەرۆ دەڕژێنە ناو دەریاچەی شارەكەوە، هەربۆیە لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا سەرەڕای سەرفكردنی چەندین ملیۆن دۆلارو خوپیشاندان و گردبوونەوەی دەیانجارەی خەڵكی شارەكە تاوەكو ئێستاش پرۆژەی پاككردنەوەی ئاوی خواردنەوە لەو شارەدا كۆتایی پێنەهاتووە، تەنانەت چەندین ساڵە بەبیانوی قەیرانی داراییەوە كاركردن لەپرۆژەكەدا وەستاوەو سەرەڕای بەڵێندانی چەندین جارەی بەرپرسانی حكومەت كەچی  هێشتا لەپرۆژەكەدا كاركردن دەستیپێنەكردووەتەوە.

هەرچەندە ساڵانی پێشووتریش چەندین خۆپیشاندان روویدا، بەڵام هەمیشە بەسەركوتكردن یاخود پێدانی چەند بەڵێنێك كۆتایی پێدەهێنراو گرفتە سەرەكییەكە هەروەك خۆی مایەوە، كەئەویش پیسی و ژەهراویبوونی ئاوەكە بوو، تا رۆژی 1ی شوبات 2023 جارێكی دیكە خۆپیشاندانەكان دەستیپێكردەوە، بەڵام ئەمجارە بەچەند داوایەكی كەم و دیاریكردنی ماوەیەكی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكان.

خۆپیشاندانەكەی ئەمجارەی خەڵكی دەربەندیخان بۆ چەند داواكارییەكی سەرەكی بوو:

*كاركردن لەپرۆژەی پاككردنەوەی ئاو

 

*زیادكردنی كارەبای نیشتیمانی

*دابینكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و چەند خزمەتگوزارییەكی دیكە

لەرۆژی 1ی شوبات بۆ یەكەمجار دەستەی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەكان لەناوەندی شار چادرێكی شینیان هەڵداو رایانگەیاند تاجێبەجێكردنی داواكانیان شەقام چۆڵناكەن، ئیدی دەستە دەستە خەڵكی لەڕۆژانی داهاتوودا بەهەموو چین و تووێژەكانەوەو بەبێ جیاوازی حزبی پەیوەستبوون بەخۆپیشاندانەكانەوەو ئیدارەی شارەكەش ئەمنییەتی شوێنەكەی دابینكردو بەشدارییەكی گرنگیشیان كرد لەپاراستن و بەدەمەوەچوون و گوێگرتن و هاوبەشیكردنی خۆپیشاندەرانەوە كە رۆژانە ژمارەیان تادەهات زیاتر دەبوو، ئیدی پرۆسەكە لەداواكاری دەستەیەكەوە گۆڕدرا بۆ داوای هەموو شارەكە بەحزبی و ناحزبی، ئافرەت و پیاو، ئیداری و نائیداری و تەواوی شارەكە.

رۆژی 1ی ئازاریش، دوای مانگێك لەخۆپیشاندانەكە، لەسەر داوای دەستەی خۆپیشاندانەكە بەهۆی جێبەجێنەكردنی داواكانی خۆپیشاندەران بەشێوەیەكی فەرمی، مانگرتنی سەرتاسەری لەدەربەندیخان دەستیپێكردو هاووڵاتیان زۆرینەی هەرەزۆری دوكان و بازاڕەكانیان داخست و لەمەیدانی خۆپیشاندان كۆبوونەوە، ئەمەش یەكەمجاربوو  شارێك بەبێ داواكاری هیچ حزب و سەركردەو كەسایەتییەكی سیاسی و بەهۆی داواكاری دەستەیەكی مەدەنی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەوە مانگرتنی سەرتاسەری رابگەیەنێت و تاجێبەجێكردنی داواكانی كۆڵنەدات، هەربۆیە زوو حكومەت هاتە سەرخەت و رۆژی ٢ی ئازاریش نوێنەرانی خۆپیشاندەرەكان و ئیدارەی شار لەگەڵ نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوەو رێككەوتننامەیەكیان واژۆكرد كەتیایدا داوای خۆپیشاندەران جێبەجێكرابوو:

*بڕی (10) ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بۆ تەواوكردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی شاری دەربەندیخان دابینكرا.

*بڕی (750) حەوت سەدو پەنجا ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری و شوێنی مانەوەی پزیشكان دابینكرا.

* بەردەوامیدانی هەوڵەكان بۆ زیاتركردنی كارەبای نیشتیمانی بۆ قەزای دەربەندیخان

خۆپیشاندانی ئەمجارەی خەڵكی دەربەندیخان بەسەردەمێكی نوێ و قۆناغێكی نوێ دادەنرێت لەجۆری خۆپیشانداندا كەماوەیەكی زۆر بخایەنێت و تەنیا بۆ داوای خزمەتگوزاری بێت و بەجێبەجێكردنی داواكان كۆتایی پێبێت و خوێنی تیادا نەڕێژرێت، كەئەمەش بۆ هەرێمی كوردستان لەو ململانێ سیاسی و حزبی و دەستەگەرییە و هەبوونی ئەو هەموو هێزە چەكدارە جیاوازەدا كە لەناوچەكاندا هەیە ئەزمونێكی ناوازەو سەركەوتووەو دەكرێت لەزۆربەی شوێن و شارەكانی دیكەدا سودی لێببینرێت.

هاوكات ئەم خۆپیشاندانە شكستی حزبەكانیشی دەرخست كەهیچ كامیان بەدەسەڵات و شەریكە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە ناتوانن پێشڕەوی شەقام و خەڵكی بكەن بۆ داواكانیان و بەشێوەیەكی گشتی خەڵك لەحزب بێزارەو داوای سەرەكی خەڵك لەئێستادا هێندەی ئەوەی داوای خزمەتگوزارییە داوای سیاسی نییە، ململانێی سیاسیی و داوا سیاسییەكانیش بەهۆی شكستی ئەزموونەكانی پێشووترەوە زۆر بازاڕیان نییە.

دەركەوت ئیدی خەڵك باوەڕ بەهیچ داوایەكی وەك گۆڕینی سیستەمی سیاسی نەماوەو بۆی كۆنابێتەوە كە لەپێشووتردا حزبەكان بانگەشەیان بۆ دەكردو بۆ هیچ داواكارییەكی وا هەرچی حزب هەیە ئەوەندە خەڵكیان بۆ كۆنابێتەوەو هیچ حزبێكیش نییە بتوانێت مانگرتنێكی جەماوەری بەتەواوی خەڵكی شارێك رێكبخات.

شێوازی خەباتی مەدەنی ئەمجارەی دەربەندیخانییەكان ئەوەشی دەرخست كاتێك داواكان داوای تەواوی خەڵكە، كەس حزبایەتی و جیاوازی سیاسی و ئاینی و ئایدۆلۆژی ناخوێنێتەوەو هەمووان یەك كەسن، بۆیە لەئێستادا ئەمجۆرە لەخەباتی مەدەنی بۆ خەڵك باشترین جۆری خەباتەو دەبێت پەرەی پێبدرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار