هەڵبژاردن بۆ گۆڕانکاری؟ یان نوێکردنەوەی حکومڕانانی ئێستا؟!
2 ساڵ لەمەوپێش
عەبدوڵای مەلا نوری
وا دیارە پارتی و یەکێتی مەبدەئییەن لە سەر شێوازی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و دابەشکردنەوەی کورسی کۆتاکان لە نێوان هەردولایاندا رێککەوتون…
بڕیاریشیان داوە پێکەوە سەردانی لایەنەکانی تر بکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش گڵۆپی سەوز بۆ ئەو رێککەوتن و هەڵبژاردنە هەڵبکەن، کە پارتی و یەکێتی ئارەزوی دەکەن.
لێرەدا دەبێ لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات لە خۆیان بپرسن، ئایا ئەگەر هەڵبژاردن هەر لە بەر هەڵبژاردن و نوێکردنەوەی شەرعییەتی دەسەڵات بێت بۆ بکرێ؟
ئایا رۆڵ و نەخشی خۆیان و هاووڵاتیان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە، لە گۆڕانکاریدا چییە؟!
وەڵامی ئەم پرسیارانە پێویستی بەوەیە لایەنەکانی تر پێکەوە بتوانن دانیشن و هەمویان یەک وەرقەو یەک وەڵامیان بۆ ئەو دوو حیزبە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەبێ، کە تێیدا لانی کەم ئەم خاڵانە لەخۆ بگرێ:
یەک: دەبێ ئەندامانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کەسانی سەربەخۆبن، نەک لە نێوان لایەنەکاندا دابەش بکرێن.
دوو: دەبێ میکانیزمێکی تۆکمە دابنرێ بۆ ئەوەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکان بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن و لە دەستێوەردان و دابەشکاری پارتی و یەکێتی بپارێزرێن، لەمەدا گرنگە هەماهەنگی هەبێ لە گەڵ نوخبەی سەربەخۆی ئەو پێکهاتانەدا بکەن.
سێ: ئالییەتێکی گونجاو بۆ (کەمکردنەوە)ی تەزویر دابنرێ (دیارە مەسەلەی بنبڕکردنی تەزویر، کارێکی مەحاڵە)، هەروەها کۆمسیۆنی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرپەرشتیارو چاودێرێکی کارابن لە پرۆسەکەدا.
چوار: ئەگەر رێژەیەکی گونجاو بەشدار نەبون (کە لە یاساکەدا دیاری بکرێ) ئەوا هەڵبژاردنەکە شەرعیەتی نەبێ و هەڵبوەشێتەوە.
پێنج: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بکرێ، کە ئەمە لە پەرلەمان گرنگترە.
ئەمانەو هەر خاڵێکی تریش کە بە پێویست بزانرێت…
ئەگەر پارتی و یەکێتی نەچونە ژێر باری جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە، ئەوا لایەنەکانی تر پێکەوە خەڵک سازو ئامادە بکەن و شەرعییەت بە هەڵبژاردنەکە نەدەن و بایکۆتی گشتی رابگەیەنن.
بایکۆت ئەگەر وەک گوتارێکی بەدیلی ئەجێندای دەسەڵات لە ئاستێکی فراواندا خاوەنداری لێبکرێ، ئەوا دەبێتە کاریگەری و گرنگیەکەی کەمتر نییە لە گرنگی بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی.
جا لە هەردوو بارەکەدا، چ بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی ناچار بکرێن هەڵبژاردنێکی باش بکرێت، یان بۆ ئەوەی بایکۆتێکی کاریگەر بکرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حسابی بۆ بکات، پێویستە لایەنەکانی تر خاوەنی ئەجێندایەکی رون و هاوبەشبن.
(کارێکی لەم جۆرەش بە یەک لایەن و بە لاوازی ناکرێ)
بە مانایەکی تر ئەگەر کارێکی هاوبەش نەکرێ، زەحمەتە بتوانرێت ئەم هەڵبژاردنەش هیچ گۆڕانکاریەکی ریشەیی بهێنێتە ئاراوە.
چونکە ئەشێ لە ئاستی دەسەڵاتدا یەکێتی لاوازتر ببێت، بەڵام پارتی وەک هێزی یەکەم دەمێنێتەوە، لە لایەکی تریشەوە هیچ هێزێکی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ناتوانێ ببێتە ژمارەیەکی کاریگەرو گەورە، بەڵکو کۆمەڵێک وردە هێز لە بەردەم پارتیدا خۆیان دەبیننەوە.
هەر لەبەر ئەمە بە تایبەت پارتی خوازیارەو لە پشتیشەوە کار بۆ ئەوە دەکات لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هەم وردە لیستی نوێ دروست ببن، وە هەمو لیست و لایەنەکانیش بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن.
لە وەها دۆخێکدا بایکۆتە سروشتیەکەی خەڵکیش، کە بژاردەیەکی رەوایە، بە هۆی رێکنەخستنی لە گوتارێکی سیاسی هاوبەشدا، ماناو کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێ.
رەنگە ئەمانەش وا بکەن نەخشەی حکومڕانی دوای هەڵبژاردن گۆڕانێکی چاوەڕوانکراوی بە سەردا نەیەت و خۆ دوریش نییە زەمینەی تاکڕەوی زیاتر بڕەخسێنێت.