پەیامێک لەهەڵەبجەوه بۆ مەلا بەختیار و حەمەی حاجی مەحمود!

2 ساڵ لەمەوپێش



پاش تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بەسەر  كیمیابارانی هەڵەبجەدا بەبۆنەی ساڵڕۆژی هەمان رووداوەوە، دوو كەسایەتی دیاری سیاسی و سەربازی هاتوون» پەردە لەڕووی گۆشەیەك لەڕاستیەكانی ئەم شارە هەڵدەدەنەوە» كە لەیەكەمین بەركەوتەدا هەر بینەرێك ئەوەی بۆ پرسیارە كەئەگەر ئەم دوو كەسایەتیە شارەزان و شتێكی نوێیان پێیە ئاخۆ هۆی چیە پاش ٣٥ ساڵ ئەم بڵقی ژێر ئاوە دەتەقێت. باجارێ لەمەیان گەڕین و بزانین زانیاریە تازەكانی ئەم  بەڕێزانە چین و كلیلی كردنەوەی كام گرێ كوێرەی خەڵكی ئەم شارەو ئەو رووداوو تراژیدیایەن كەشارێكی تیدا دفنكرد.

لەم گێڕانەوەدا كاك حەمەی حاجی مەحمود پانۆرامای نەخشەی سەربازی ئەم رووداوەو دەورو جێگەو رێگەی حزبە سیاسییەكانی بازاڕی كوردایەتی سەر بە جمهوری ئیسلامیان بۆ دەگێڕێتەوە. بەناو بەڵگەوە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت كە چۆن لەو سەردەمەدا (بەرەی جود) دەبیتە بەشێك لەنەخشەی سەربازی ئێران و ستراتیجی شەڕەكەی لەناوچەكەدا، هەروەها چۆن رۆژێك پاش كیمیابارانەكە ئیدارەی ئەم شارە دەكەوێتە دەست جمهوری ئیسلامی و تەنانەت رێگە بەمانەوەو دواتر گەڕانەوەی حزبەكانی بەرەی جودیش نادەن.

كاك مەلا بەختیاریش دەڵێ.... یادی هەڵەبجە دەكرێتەوە، جگە فاشیەتی بەعس لەناخمدا برینێكی تر دەكولێتەوە ئەویش زامی ئەو تاوانبارانەیە كە لەكاتی كیمیاباراندا بەناو شاردا دەگەڕان و تەرمەكانیان هەڵدەدایەوەو ملوانكەو ئەنگوستیلەو سەعاتەكانی دەستیان كۆدەكردەوەو دەستی تاوانیان دەبردە گیرفانی قوربانیان....

ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنج و تیاڕامانە هەڵوێست و تێڕوانینی ئەم دوو كەسایەتییە كەبەردەوام پێگەی باڵایان هەبووە لەنێو ئەم حزبانەی كە لەم رووداوەدا بەشداربوون، كەچی لێرەو لەم دەركەوتنانەدا دەیانەوێ پاش ٣٥ ساڵ تازە « زانیاری نوێ» بدەن و ئەستۆپاكی خۆیان بسەلمێنن. لەوەگەڕێن كەهەر نەبێت بۆ خەڵكی هەڵەبجە ئەم گێڕانەوانە تەنیا یەك وشەی تازەی تێدا نیەو شتێك نەبوو كە تائێستا دەیان جار خەڵكی هەڵەبجە ئەم داستان و گێڕانەوانەیان پشت سەر نەنابێت و ماندونەبووبن بەدەست جوینەوەی ئەم بنێشتەخۆی بن دانیان. بەڵام با لێرەدا ئەو پرسیارە لەكاكە حەمە بكەین و بڵێین  ئایا ئەم دانپیانانەی ئێوە بەوەی كە لەو مێژووەدا لەدۆخی میلیتاریستی ناوچەكەدا چۆن بوون بەبەشێك لەجێبەجێكەری نەخشەكانی جمهوری ئیسلامی و تەنانەت قایمقامی خۆیان دانا بۆ ئەم شارەو لەمەش زیاتر تەنانەت  رێگەیان نەدەدا بەگەڕانەوەی حزبە هاوپەیمانەكانیان كە بەرەی جودبوو. هەڵبەتە بیرمان نەچیت تۆ لەبیرەوەریەكانتا زیاتر لە 10 سال لەمەوبەر زۆر لەمە زیاتر رۆشتوویت و دەڵێیت ئەگەر هێزە كوردیەكان بەشدارنەبوونایە خەڵكی هەڵەبجە هەڵدەهاتن، بەڵام یەكێتی رێگەی لە چوونە دەرەوەی ئەو خەڵكە گرت.

بۆیە خەڵكی كوردستان هەقیانە بەپێی ئەم قسانەی خۆشتان بێت ئێوەش وەك تەواوی حزبەكانی بەرەی جوود بخاتە خانەی بەشداربوون لەو جینۆسایدەی كە بووەهۆی دفنكردنی شارێك، یان دەتەوەێ پاكانە بۆ ئەوە بكەیت كە ئەوە حزبەكەی ئێوە نەبوو دواتر ئەو چەتەگەری و فەزاحەتەیان لەم شارەدا ئەنجامدا، ئەگەر گریمان ئەمە واشبێت ئایا ئێوە ئامادەن لەبەردەم دادگایكردنێكی عادلانەدا دانبنێن بەوەدا كە بەڵێ ئەوە بەرەی جود بوو بەحزبەكەی خۆشتانەوە كە بەشداربووە  لەوێرانكاریەكانی ئەم شارەدا! .

بەڕاست كاك بەختیار پیاوە خوێنەوارو شرۆڤەكارەكەی یەكێتی نیشتمانی هەموو برینەكەی ناخی تۆ ئەوەیە كەچوار پێشمەرگەی حزبەكەتان لەنێو شەتڵی لاشەی قوربانیاندا ئەڵقەیان لەپەنجەی ژنانێك دەرهێناوە، یا هێشتا هیوایەكت هەیە بەوەی كە ببیتەوە بەڕەقەمێك لەنێو ئەم حزبەدا، بۆیە ناتەوێ پاش ٣٥ ساڵ دان بنێی بەوەدا كە یەكێتی نیشتمانی تەرەفێكی بەرچاوی ئەنجامدانی ئەو تاوانەبوو كە لەم شارەدا خوڵقا، نەبادا ئەوەی كە ئێستاش وەریدەگریت بیبڕن و ئەوكاتە لەكوردەكەی هەردوو جێژبن.

 

كیمیابارانی هەڵەبجە چیمان پێدەڵێت؟!

بەڵێ مەلا بەختیار دزینی ئەنگوستیلەكان ناخی ئازار دەدات و حەمەی حاجی مەحمودیش بەشەرمەوەو لەژێر لێوەوە دان بەوەدا دانێت كە ئەوانیش وەك حسك تیمێك بوون لەو سوپایەی كە جڵەوی بەدەست جمهوری ئیسلامیەوە بوو كەپاش تاشینی سەروسمێڵیان ئاوێنەشیان دان بەدەستەوەو كەچی ئەوان هێشتا برا بچكۆلەیان قبوڵ بوو!

بەڵام رێگە بدەن با بزانین تاوانبارانی كیمیابارانی شاری هەڵەبجە كێن و بۆ هەموو تیرەكان ئاڕاستەی سەر سنگی بەعس و سەدام حسێن دەكرێت؟!.

هەر لێكۆڵەرەوەو شرۆفەكارو سیاسەتمەدارو نووسەرو جۆڕنالیستێك دوای تێگەشتن لەڕووداوی كیمیابارانی هەڵەبجە بكەوێت، لەو بارودۆخە حاڵی نەبێت كەچۆن ئەم رووداوە لەجەرگەی شەڕی ئێران و عێراق و میلیتاریزە بوونی ناوچەكەدا خوڵقاوە، لەوە حاڵی نەبێت كەئەو جەنگە چ ئاراستەو ئامانجێكی وڵاتانی زلهێزی دنیا بەراورد دەكات و هاوكات چۆن لەم دۆخی جەنگە ماڵوێرانكەرەدا یاری بەژیان و چارەنووسی خەڵكی ئەم ناوچەیە كراوە، ئەوا مەحاڵە قسەیەكی بۆ وتن پێبێت كە بتوانێت شتێكمان لەهەقیقەتی ئەم رووداوە نیشان بدات.

لێرەدا ئەوە بڵێین كە لەڕاستیدا باسەكە نەزانی و ناوشیاری ئەم زاتانە نیە، بەڵكو جەوهەری ئەو مەسەلەیەی كەمەحالە ئەمانە بتوانن ئەنجامی بدەن پاراستنی ئەو بەرژەوەندیەیە كە لەسایەی ئەم بارودۆخەدا بوونەتە خاوەنی، بۆیە هەر پرتەو بۆڵەیەك ئەگەر بەقیمەتی سەرزەنشتێكی كاتی هەر لایەنێكیش تەواوبێت هیچ لەجەوهەری تاوانەكەو دەستنیشانكردنی تاوانباران ناگۆڕێت، كە لێرەدا لەچوار خاڵدا باسیان دەكەین!

تراژیدیای كیمیابارانی هەڵەبجە لەجەرگەی كام بارودۆخی سیاسی ناوچەكەدا بوو؟

ئەوەی لەكیمیابارانی هەڵەبجەدا بە رەهایی ئاماژەی پێدەكریت حزب و حكومەتی بەعس بووە، كە ئەمە تائەو شوێنەی كە بەعس فاكتەرێكی ئیجرائی و سەرەكی كیمیابارانی هەڵەبجەدا بوو راست و رەواو واقعیە. بەڵام كاتێك كە هەموو تیرەكان ئاراستەی سەر سنگی بەعسی فاشیست دەكرێتەوە، ئەمە هیچ نیە جیاواز لەپاكانە كردنێك  بۆ داپۆشین و شاردنەوەی كارنامەی واقعی هەموو لایەنە تاوانبارەكانی تر لەئەنجامدانی ئەو تاوانە مێژووییەدا. ئەمڕۆ ئیتر پاش تێپەڕبوونی 35 ساڵ زۆرێك لەڕاستییەكان ئاشكرابوون و ئەوە مەعلوم بووە كەحكومەتی بەعس تەنیا یەك تەرەفی  ئەنجامدەری ئەم جینۆسایدە بووە، لەهەزارەی سێهەمدا بەهۆی رۆڵی سۆسیال میدیاوە بەڕۆشنی ئاشكرابوو، كەزۆرجار لەزمانی خودی سەرانی ئەم حزبانەوە، دانیان ناوە بەوەدا كەئەوانیش بەشداربوون لەكیمیاباران كردنی ئەم شارەدا. بۆیە رۆڵی حزب و لایەنەكانی بەرەی جود لەسەر بەئەنجام گەیاندنی ئەم تراژیدیایەدا فاكتۆرێكی زۆر رۆشنە بەدەلیلی ئەوەی كە بەكۆی گشتی بوونە بەشێك لەستراتیژی سەربازی حكومەتی جمهوری ئیسلامی ئێران لەو شەڕە ماڵوێرانكەرەدا، بەتایبەت لەمەسەلەی هەڵەبجەدا كەبووەهۆی كیمیابارانكردنی ئەم شارە. دەبێت ئەوەش بیربهێنینەوە لەسەرانی حزبەكەی مەلا بەختیاردا بەڕۆشنی دانیان بەوەداناوە كەحكومەتی عێراق راستەوخۆ لەساڵی 1986دا پیان راگەیاندن گەر بێتوو بەهەر شێوەیەك لەشكری داگیركەری حكومەتی جمهوری ئیسلامی بێننە هەر ناوچەیەكی شمالی عێراقەوە ئەوا هەرجۆرە چەكێكی كوشندە بۆ نابودكردنی ئەو شوێنە بەكاردێنین ئەگەر لەنێو شاری سلێمانیشدا بووبێت. ئایا بەڕاستی كەئێوەو هەموو بەرەی جود ئەو راستیەتان دەزانی لەكیمیابارانی هەڵەبجەدا هێشتا خۆتان بەتەرەفێكی جەنگەكەو ئەنجامدانی ئەو تاوانە نازانن؟!!

 

رۆڵی ئەمریكاو وڵاتانی زلهێز لەئەنجامدانی كیمیابارانی هەڵەبجەدا

كارەساتی هەلەبجەو ڕۆڵی هێزە نیودەوڵەتیەكان لە پرۆسەی كیمیابارانی هەلەبجەدا بە دوو مانا تەرفێكی تاوانەكەن، یەكەم لە چاونوقاندنیان لەو جینۆسایدە لەو سەردەمانەدا، كە ئەمەش بەشێكی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە زۆرێك لە كۆمپانیاكانی ولاتانی وەك سویسرا، هولندە، ئەلمان، ئیتالیا، ئەمریكا  كردوە پرچەك كردن و پێدانی موادی كیمیای كە تەنیا لەولاتیكی وەك نێجیریا لە سالی 1981دا 200 تەن مواد خامی كیمیای گەیاندە عیراق كە هاوكات لەو سالەدا وەزیری دەرەوەی عیراق سعدون حمادی لە دیدارێكی فەرمی كاربەدەستانی حكومەتی ئەمریكا ئۆكەی بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمیایی وەرگرت بە پاساوی ئەوەی كە عیراق مافی خۆیەتی سیادەی خۆی بپارێزتو ئێمە دەخالەت لە مەسەلە ناوخۆیەكانی عیراقدا ناكەین. بۆیە دواجار ئەمریكاو زۆریك لە ولاتانی ئەوروپا وەك عیراق و ئیران و بەرەی جود دەچنە خانەی ئەو تاوانبارانەی كە دەبێت ڕۆژگارێك دادگاییەكی عەدالەتخوازانە هەر چوار لایەن بەتاوانی بەشداریكردن لە كیمیابارانی شاری هەلەبجە دادگایی بكرێن!

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار