ئاژانسی ڕۆیتەرز: دەبێت هەرێمی کوردستان لەبری قەرز بایی 6ملیار دۆلار نەوتی خاو بداتە ژمارەیەک کۆمپانیا

یەک ساڵ لەمەوپێش



بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لەکاتێکدا هەناردەی نەوتەکەی ڕاگیراوە، هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی پێشوەختە وەک قەرزی وەرگرتووە، دەبێت بایی 6 ملیار دۆلار نەوت بداتە ژمارەیەک کۆمپانیا

 ئاژانسەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی بازرگانییەوە ئەمڕۆ پێنج شەممە رایگەیاندووە، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان مانای ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان "ناتوانێت بە دابینکردنی نەوتی خاو قەرزەکانی بداتەوە، کە شەش ملیار دۆلارە" دەشڵێت: پلانی جێگرەوە بۆ دانەوەی قەرزەکان دانەنراوە.
 ئاژانسەکە دەشڵێت، هەریەکە لە کۆمپانیاکانی ڤیتۆلی بازرگانی جیهانی و پێتراکۆ کە بەشێکن لە کۆمپانیاکان، نزیکەی 750-800 ملیۆن دۆلاریان پێشوەختە داوەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان نەوتی خاویان پێبدات. 
 
کۆمپانیای ڤیتۆل، کۆمپانیایەکی بواری وزەی هۆڵەندییە کە بنکەی سەرەکیی لە ژنێڤی سویسڕایە. داهاتی لەسەر ئاستی جیهاندا، لە ساڵی 2022 دا 505 ملیار دۆلار بووە. هەرچی کۆمپانیای پێتراکۆ یە، کۆمپانیایەکی بواری نەوتە و لە هەریەکە لە سویسڕا و سەنگاپوور بنکەی هەیە.

جێگای باسە رۆژی شەممەی ڕابووردوو، 25ـی ئادار، بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کورستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیرا، کە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل بوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار