عینادی سیاسی چی بەرهەم دەهێنێت؟

2 ساڵ لەمەوپێش



نەوزاد ساڵح

بزربوونی كۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێژەیەك  لەباشوردا باڵادەستی و وەگەڕخستنی بۆ حزبی سیاسی جێهێشتووە، بەشێك لەپارتە سیاسییەكان لەم 30 ساڵەی تەمەنیاندا هەڵەی كوشندەو گرێی مەترسیداریان لەهزری گشتی خەڵكدا چاندووە، تێنەگەیشتن لەمۆدێرنێتەو لیبراڵیەت یاخود خۆنەگوجاندن و خۆدواخستن لەڕەوتی  پێشكەوتنی زانست و تەكنەلۆجیای سەردەم گورزێكی ئازاربەخش بەكۆمەڵگە دەگەیەنێت، كاتێك پێشكەوتنی حزب دەبینرێت كەتەرازووی رۆژگار حەكەم بێت.

رەنگە درەنگ بێت بۆ ئەو مزایەدە سیاسییەی كە بەسەر هاووڵاتیانی سڤیلەوە دەكرێت لەپای هەڵوێست و (پەرچەكرداری ناچاریی) كەویست و حەزێك لای بەشێك لەهاووڵاتیان و فەرمانبەران و مامۆستایان دروست بووە ، كەپێیان وایە ئەگەر لەژێر دەسەڵاتی مەركەزدابن ئیتر مووچەیان دواناكەوێت و لیتری بەنزین بەكەمتر لەنرخی ئێستا دەكڕن و دڵەڕاوكێیان كەمتردەبێتەوە لەپای پێدانی  مووچەی مانگانەیان .

لەبنەڕەتدا بڕواناكەین هیچ هاووڵاتیەكی دڵسۆز ئەم ویستەی بە راست بێت و ئەمانە تەنها پەرچەكردارەو دەرئەنجامی هەڵەی شاندی دانوستانكارە كە بەداخەوە هاووڵاتیەكی رەسەنی نیشتەجێی كوردستان ناچار بكات بەم ویستە. فرۆشتنەوەی بازاڕی كوردایەتی بەهاووڵاتیان تەنها خۆڕاوەشاندنەو مێژووی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانمان لەبیرە كە لە ١٩٩٢/٥/١٧ دا ئەنجامدراو دەنگدەرانی كورد لەڕیزی دەنگداندا لەچ كێبڕكێیەكی گەرمدابوون و چۆن بەپیری ئەم پڕۆسەیەوە بوون و دڵیان پێی خۆشبوو، چونكە یەكەم ئەزموونی هەڵبژاردنی راستەقینە و ئازادانە بوو كەكورد نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت لەڕێگای سندوقەكانی دەنگدانەوە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنێت، بەڵام دوای كەمتر لەدوو ساڵ سەركردایەتی سیاسی كورد نەیتوانی گیانی پێكەوەیی بپارێزێت و بەردەوام بن لەكاری پێكەوەیی و شەڕی ناوخۆیان دروستكرد كەدوای چەند ساڵێك بووە هۆی لاوازكردنی ئەزموونەكە و بەفیڕۆدانی خوێنی هەزاران رۆڵەی گەل و دەرئەنجام ماڵوێرانی بۆ خەڵك مایەوە.

لەئێستاشدا بەهۆی عینادی سیاسی كارئەكتەرەكانی حكومەتی هەرێمەوە لەگەڵ عێراق و گرێبەستە نەوتییەكانداو ئەو هەڵانەی كە لەم دۆسیەیەدا تێپەڕیوون خەریكە هەرێم لەقاڵب دەدرێت و جارێكی تر دەمانهێنێتەوە خاڵی سفر.

پێموانییە ئەو هەموو گوشارەی لەدەسەڵاتدارانی هەرێم دەكرێن و سەپاندنی هەژموونی خۆیان زاڵدەكەن و دەیانەوێت جارێكی تر هەرێم بچووك بكەنەوە هەمووی لەبەر دژایەتی كوردبێت هێندەی سیاسییەكانی كورد خۆیان بیانویان داوە بەدەستەوەو نەیانتوانیوە وەك پێویست كار لەگەڵ كەرتی نەوت و وزەدا بكەن.

خۆ دەسەڵاتی فەلەستینی لەكۆنگرەی مەدریدەوە دروستكراوە لەساڵی ١٩٩١ەوەو ئەمریكاش پشتیوانی كردووە، بەڵام چونكە لەگەندەڵیدا رۆچووە هەر خەریكە ناویشی نامێنێت، لەسەردەمی حوكمی مالكیداو چەندساڵێك  پێش ئێستا پێشنیازی بۆ هەرێم كرد رۆژانە ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بنێرن بەرامبەر بەناردنی بودجە، بەڵام هەرێم قبوڵی نەكرد دواتر حەیدەر عەبادی كردی بە ٢٥٠ هەزار، لەسەردەمی مستەفای كازمی كرایە ٤٠٠ چوارسەد هەزار، ئێستا بەبڕیاری دادگای فیدراڵی داوای رادەستكردنی هەموو دۆسیەی نەوت دەكەن، بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریسیش مەركەزیەتی بۆ عێراق گێڕاوەتەوەو دانی بەسكاڵاكەی عێراقدا ناوە دژی توركیا، كەواتە سیاسییەكانی كورد هەرزوو بەعینادی سیاسی مامەڵەیان كردو گوێیان لەنێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان نەگرت و خاتوو (جنین پلاسخارت) زۆر زووتر هۆشداریداو هاواریكرد كەئەگەر هەڵەكانتان رێك نەكەنەوەو ماڵی خۆتان رێكنەخەن ئەم بەڕێوەبردنەتان لێ تێكدەچێت!!!

جگە لەڕاپۆرتەكانی مافی مرۆڤ لەسەر گرتن و سزادانی رۆژنامەوانان ، بەڵام دیسان گوێیان بۆ نەگرت، پرسیارەكە ئەوەیە سیاسەت بەعینادی دەكرێت یان بەڕاوێژ و بەكارهێنانی عەقڵ!!!!

لەكۆتایدا ماوەتەوە رەحمەت بۆ گیانی پیرەمێرد بنێرین كەدەڵێت

ئەوكاتە زانیم كە گەل فەوتاوە

زانا لەدەرگای نەزان وەستاوە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار