ڤلادمێر پۆتن دۆستی رۆژی رەشی ئەردۆغان!
2 ساڵ لەمەوپێش
ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
هەفتەی پێشوو دیمانەیەکی رۆژنامەنووس جانسو چاملیبێڵ لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو بڵاوکرایەوە کەپێشتر سەرۆکوەزیرانی تورکیاو لەئێستادا سەرۆکی پارتی داهاتووە کە نەیاری سەرسەختی ئەردۆغانە. لەو دیمانەیەدا داودئۆغڵو رستەیەکی مەترسیداری درکاندبوو و گوتبووی : ئێمە وازمان لەئاکپارتی نەهێنا، بەڵکو تەسفییە کراین و دەرکراین لەو حزبە، دواتر شوێنەکانمان بەئاوراسیاییەکان پڕکرایەوە.
ئەم رستەیە هەرکەسێک بیکات پێدەچێت زۆر بایەخی سیاسی نەبێت، بەڵام کاتێک پڕۆفیسۆرێکی زانستە سیاسییەکان دەیکات کە پێشتر پۆستەکانی سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەی بەڕێوەبردووە ناکرێت نەبێتە جێگای تێڕامانی قووڵ.
ئاوراسیاییەکان کێن؟
ئاوراسیا تێرمێکی سیاسی کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەی جوڵانەوە ئایدۆلۆژییەکانی نێو رووسیایە، لەڕووە جیۆپۆلۆتیکیەکەیەوە بەمانای ئەوە دێت کەڕوسیاو روسەکان نە سەر بەبلۆکبەندی ئەوروپان نە سەر بە بڵۆکبەندی ئاسیان، بەڵکو لەنێوان ئەوروپاو ئاسیادا ئەوان لەوە گەورەترن ببنە پاشکۆی ئەو دوو کیشوەرە. ئاوراسیا بەمانای سەرزەمینی رووسەکان یان دونیای رووسەکان دێت. روانینی ئاوراسیاییەکان بۆ داهاتوو لەڕووی ئەدەبییەوە رۆمانتیکی و لەڕووی سیاسیشەوە یۆتۆپی و لەڕووە دینییەکەشەوە پێیان وایە دەبێت هەموو کڵێساکانی جیهان بچنەوە ژێر رکیفی کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی و لەو باوەڕەدان کە ئەوروپا و رۆمانەکان کڵێسای کاتۆلیکییان لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان دروستکردووەو کڵێسای کاتۆلیکیش بەچوونە بەرەی رۆمانەکانەوە خیانەتیان کردووە.
هەرچی لەڕووی حوکمڕانیشەوە هەیە ئەمان پێیان وایە حوکمڕانی «ئایدیۆکراسی واتە هێزی ئایدۆلۆژی بۆ حوکمڕانی» باشترین جۆری حوکمڕانییە. دروستبوونی یەکێتی سۆڤێتی جاران بەرهەمێکی کرچوکاڵ و ناکامڵی ئەم ئایدیالیزمەی ئاوراسیاییەکان بوو کە گونجاوی تەواوی لەگەڵ ئایدیۆلۆژی مارکسیزمدا هەبوو بەڵام بەبێ روانینی دینی. ئاوراسیاییەکان وەک ناسیۆنالیزم باوەڕیان بەقەومییەتێکی دیاریکراو نییە، بەڵام باوەڕیان بە نەخشەی روسیای مەزن هەیە کەیەکێتی سۆڤێتی جاران و هەریەکە لەوڵاتەکانی تورکیاو ئێران و مەنگۆلیاو بەشێک لەئەفغانستان و باکوری سوریاو موسڵ لەخۆی دەگرێت.
تورکیا و ئاوراسیاییەکان!
لەکۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا ئاوراسیاییەکان بەتوندی و بەشێوەیەکی ئاشکرا جموجوڵە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانی خۆیان لەتورکیادا دەستپێکرد، بەڵام ڕیشە نهێنییەکانی ئاوراسیاییەکان بۆ سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە. دیارترین سەرکردەیان لەقۆناغی هەشتاکان تائێستا کەسایەتییەکی هەم رەگەزپەرست و هەمیش چەپی وەک دۆغو پەرینچەکە. ئەم تێکەڵە مەحاڵە لەچەپ و رەگەزپەرەستی لەتورکیادا پێیان دەڵێن ئۆڵوساڵجی Ulusalcı. پەرینچەک بەیەکێک لە قوتابییە دێرینەکانی ئالیکسەندەر دوگینی راوێژکاری پوتن و ئەندازیاری هەڵگیرساندنی شەڕی ڕوسیا/ئۆکرانیا دادەندرێت، لەشەستەکاندا کۆرسی تایبەتی لەدوگین وەرگرتووە سەبارەت بەئایدۆلۆژیای ئاوراسیایی.
ئاوراسیاییەکان پێشتر لەژێر چەندین ڕێکخراوی نهێنی و بەهێزدا کاریان کردبوو کە بەهێزترین و دیارترینیان رێکخراوی ئەرگەنەکۆن «دەوڵەتی قوڵ»ە. لەهەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا دەستیان لە چەندین کودەتا و کوشتنی دەیان کەسایەتی ئازادیخوازو دیموکراسیخواز لەو وڵاتەدا هەبووە کە بەفایلی مەجهول لەو وڵاتەدا دەناسرێن. گرنگترین شتێک کە ئاوراسیاییەکان و بەدیاریکراویش ئەرگەنەکۆن دژی دەوەستنەوە نزیکبوونەوەی تورکیایە لەبلۆکی ئەمریکا-ئەوروپا و بۆ ئەم مەبەستەش ئەوەی لەدەستیان بێت درێغی ناکەن لە ئەنجامدانی بۆ دوورخستنەوەی تورکیا لەئەوروپا.
بزووتنەوەکەی گولەن و ئەرگەنەکۆن!
بەهۆکاری کۆنترۆڵکردنی ساحەکانی دادوەری و ئەمنی و پۆلیس لەلایەن بزووتنەوەکەی گولەنەوەو هەبوونی حەزو مەیلی کرانەوە بەڕووی ئەوروپادا لەلایەن ئەم ئەم بزووتنەوەیە ناکۆکی قووڵ لەنێوان بزوتنەوەکەی گولەن و ئەرگەنەکۆن لەسەرەتاکانی حوکمی ئەردۆغاندا تاڕادەی پێکدادان روویان دەدا. لە 25ی تەمموزی 2008 دادوەرێکی پڕۆ گولەن بەناوی دادوەر زەکەریا ئۆز توانی داوایەکی یاسایی دژی ئاوراسیاچییەکانی نێو ئەرگەنەکۆن ئامادەبکات و ئەردۆغان قایل بکات کە 85 کەسایەتی گەورەو کلیلییان لێ دەستگیربکات و دادگاییان بکات. هەماهەنگی پۆلیس و دادگا لەلایەک و حکومەتەکەی ئەردۆغان لەلایەکی دیکەوە ئەم کارە قورس و نەکردەیەی زۆر ئاسان کرد و دەستکرا بەتەسفییەی ئەرگەنەکۆن. لەنێویاندا دۆغوپەرینچەک و سوپاسالاری پێشووتری تورکیا ئیلکەر باشبوغ و جەنەراڵ محەمەد شەنەر ئەرەیگور و ڤەلی کوچوک و چەندین جەنەراڵ و کەسایەتی دیکەی نێو ساحەی بیرۆکراسی هەبوون. بەشی زۆریان حوکمی زیندانی هەمیشەیی و قورسیان خوارد. ئەو زیانەی کەگولەن لەدەوڵەتی قوڵ و ئاوراسیاچییەکانی تورکیای دا بێ پێشینەبوو، ئازاری دان و برینداریکردن بەڵام نەیکوشتن. لەدوای تێکچوونی نێوان بزوتنەوەی خزمەتی گولەن و ئەردۆغان لەڕووداوەکانی 17_25 ی تشرینی دووەم و بڵاوکردنەوەی کاسێتە دەنگییەکانی ئەردۆغان و بیلالی کوڕی سەبارەت بەدۆسییەی گەندەڵییەکانی خێزانەکەی، ئەردۆغان بۆ ڕزگارکردنی خۆی و ماڵباتەکەی لەو سکانداڵەی کە پۆلیس و گولەنییەکان ئاشکرایان کردبوو تاکتیکی مامەڵەی کردو پاڵی بەدوژمنە سەرسەختەکەی گولەنییەکان واتە ئەرگەنەکۆن و ئاوراسیاییەکانەوە دایەوە و هاوپەیمانی لەگەڵ بەستن. لەدوای کودەتاکەی 16 تەمموزی 2016 وە هەموو ئەوەی لەزیندانی سیلیڤری بەتۆمەتی ئەرگەنەکۆن بوون دەستگیرکرابوون ئازادی کردن و دەستی ئاوەڵاکردن تاتۆڵەی چەندین ساڵەی خۆیان لەگولەن بزوتنەوەکەی بکەنەوە. ئەوانیش درێخییان نەکردو لەچەند هەفتەیەکی کەمدا گولەن و بزووتنەوەی گولەنیان لەتورکیادا سفر کردەوە و تاروماریان کردن. هەر ئەوان نا هاوپەیمانێتی نێوان ئەردۆغان و ئەرگەنەکۆن وبەتایبەتیش دۆغوپەرینچەک بەدانپێدانانی خودی پەرینچەک بوو بەهۆی تەسفییەی هەموو ئەو سەرکردانەی رۆژێک لەڕۆژان دژی ئەرگەنەکۆن بوون لەئاکپارتیدا بۆیە قسەکەی داودئۆغڵو تەواو راستبوو ئەوان بەدەستی ئاوراسیاییەکان تەسفییە کران.
پوتن و ئەردۆغان
ئەمڕۆ پوتن لەژێر هەژموونی تیۆریا سیاسییەکانی پان ئاوراسیاییەکی وەک ئالیکسەندەر دۆگیندا بڕیاری شەڕو ئاشتی دەدات. دۆگین لەڕووی سیاسییەوە پێی وایە ئاوراسیا زوڵمی مێژوویی لێکراوە بۆیە دەبێت شوێن ئەو زوڵمە بکەون و مافی خۆیان وەرگرنەوە. جارێکی دیکە دەبێت ئاوراسیا لەسەر نەخشە دروست بکرێتەوە و لەڕووە دینییەکەشەوە بۆ راستکردنەوەی خیانەتەکەی کڵێسای کاتۆلیکی پێی وایە کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی دەبێت ببێتە چەتری هەموو کڵێساکانی دونیای مەسیحییەت. دوگین نەک هەر باوەڕی بەلیبراڵیزم و بەها مۆدێرنەکان نییە، بەڵکو پێی وایە ئەوەشی سوڵحی لەگەڵدا دەکات دەبێت وەک دوژمن تەماشا بکرێت. ئەم پیاوە دەقیق وەک سەینت ئۆگەستین بیر دەکاتەوە پێی وایە دەبێت هەموو شتێکمان لەڕێگای دینەوە دەستکەوێت کۆی ژیان بەدین تەفسیر بکەین.
لەپاش خستنەخوارەوەی سیخۆ رووسیەکەوە لەئاسمانی سوریادا لەلایەن تورکیاوە نێوانی ئەردۆغان و پۆتن زۆر تێکدەچێت، ئەم تێکچوونە بەجۆرێکە کە تەنانەت رێگانادرێت سەوزەو تەماتەی تورکیا بچێتە نێو رووسیا و دەیان هەزار تۆن لەتەڕەباری تورەکەکان لەسنوورەکانی جۆرجیاو رووسیادا تێکدەچن. باری ئەردۆغان ئەوەندەی دیکە گران دەبێت. پاش چەند هەفتەیەک دۆغو پەرینچەک لەڕێگا ئالیکساندەر دۆگینەوە پردی پەیوەندی نێوان ئەردۆغان و پوتن دروستدەکاتەوە. ئەردۆغان ناچار دەبێت داوای لێبوردن لەقەیسەرەکەی کرملن بکات و بەرپرسیارێتی خستنە خوارەوەی فڕۆکە سیخۆییەکەش بخاتە ئەستۆی سەرۆکوەزیران ئەحمەد داودئۆغڵو. بەم شێوەیەو لەدوای ئەم خۆبەری کردنە ئەحمەد داودئۆغڵو لەپۆستەکەی وەک سەرۆک وەزیران و لە حزبیش دەردەکرێت و بن عەلی یڵدرم دەکرێتە سەرۆکوەزیران. دەشێت ئەم دوورخستنەوەیەی داودئۆغڵو رێککەوتنی پێشوەختی نێوان ئاوراسیاییەکان و ئەردۆغان بووبێت وەک نرخی ئاشتکردنەوەی ئەردۆغان لەگەڵ پوتن. هەر ئەم نزیکبوونەوەیە وایکرد تورکیا بەتەواوەتی لەئەوروپا دووربکەوێتەوەو بچێتە هاوپەیمانیەتیەکی نوێ لەگەڵ ئاوراسیاییەکان و گوێ بەفشارەکانی ئەوروپاو ئەمریکاش نەدات تەنانەت لەشتێکی گرنگی وەک کڕینی سیستمی مووشەکیی S400 یشدا، کەکڕینی ئەم سیستمە بۆ دووەم گەورەترین هێزی ناتۆ وەک کوفری سیاسی و سەربازی چاوی لێدەکرێت.
دیکتاتۆرەکان بۆ رزگارکردنی ئەردۆغان یەکیان گرتووە!
هەفتەی پێشوو رۆژنامەی زە ئیندپێندنتی بەریتانی مانشێتیێکی بە ناونیشانی «ئۆتۆکراتەکان بۆ رزگارکردنی ئەردۆغان یەکیان گرتووە» بڵاوکردەوە. ناونیشانەکەی زە ئیندپێندنت دەقیق وەسفی ئەو دۆخە دەکات کەئەمڕۆ ئەردۆغانی تێکەوتووە. رۆژانێک ئەردۆغان ئیماراتی بەسپۆنسەری کودەتاو بن سەلمانی سعودیەشی بەبێ شەرەف و خەنجەری خوێناوی وەسف دەکردو پێی دەگوت ئەو جەمال خاشوقچی پارچە پارچە کردووە، بەڵام بۆ رزگاربوون لەو تەنگەژە ناوخۆییەی تێیکەوتووە ئەمڕۆ وەک دوو هێزی یارمەتیدەر هاواری بۆ بردوون تا لەمەسەلە ئابوورییەکانی وڵاتدا یارمەتی بدەن و بە پارەی کاشی ئەوان دەیەوێت ئەو هەڵاوسانە بێ پێشینەیەی کە ڕووی لەو وڵاتە کردووە و بڕەستی لەگەلانی تورکیا بڕیوە وەک ئازارشکێنێک کەمتر بکاتەوە. بەتەنها ئیمارات و سعودیە نا، بەڵکو دەست بۆ بەشار ئەسەدو عەبدولفەتاح سیسیش درێژ دەکات کەتەنها چەند ساڵێکی کەم بەر لەئێستا بەئاشکرا بەقاتڵ و جانی و تیرۆریست بانگی دەکردن. بەڵام گرنگترین ئەو ئۆتۆکراتەی ئەردۆغان ئەمڕۆ لەسەر حیسابی دوورکەوتنەوە لەئەوروپا هانای بۆ بردووە ڤلادێمر پوتنە. لە 28ی مارتدا لوتکەی دیموکراسی بەئامادەبوونی 120 وڵات لەبرۆکسل ئەنجامدرا بەڵام لەنێو ئەو وڵاتانەدا تورکیا بانگهێشت نەکرابوو. ئەمە لەکاتێکدایە هەریەکە لەوڵاتەکانی زیمبابۆی و هندۆراس و تەنزانیا وەک وڵاتانی پرۆ دیموکرات بانگهێشتی دیدارەکە کرابوون، لەساڵی 2021 یش لەدیداری یەکەمی وڵاتانی پرۆدیموکراسیدا دیسانەوە تورکیا هەر بانگنەکرا!. ئەم بایکۆت و دوورخستنەوەیەی تورکیا لەکۆنگرەیەکی وەها گرنگ کەڕۆژانێک کاندیدێکی زۆر نزیک بوو بۆ بوون بەئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا دەرخەری ئەو راستییەیە کەئیدی تورکیا وەک ئەندامێکی بلۆکی ئاوراسیایی تەماشا دەکرێت و حیساباتی لەگەڵ ئەوروپادا کۆتایی هاتووە.
لە 22ی مارتدا کەناڵی دۆیچە ڤێلەی ئاڵمانی پرسیارێک ئاڕاستە حکومەتی ئەو وڵاتە دەکات سەبارەت بەهەڵبژاردنەکانی تورکیاو بۆچوونی حکومەت لەوبارەیەوە دەپرسێت، لەوەڵامدا حکومەتی ئاڵمانیا بە دوورو نەکردەی دەزانێت لەتورکیای ئەردۆغاندا هەڵبژاردنێکی ئازاد نەزیه و بێ خروقات ئەنجامبدرێت. ئەم وەڵامەی حکومەتی ئەڵمانیاکە بەدڵی ئابووری ئەوروپا دەناسرێت شۆکهێنەرە سەبارەت بەوڵاتێک کەخودی ئەڵمانیا رۆژانێک پشتگیری کردووە بچێتە نێو یەکێتییەکەوە.
نزیکبوونەوەکانی ئەردۆغان لەپوتن کارێکی کردووە وڵاتانی ئەوروپایی چیدی خۆیان لەداوەکانی ئەم سیاسییە راڕایە نەدەن و وەک قۆناغی راگوزەر تەماشای سیاسەتی نەک؟ هەر حکومەت بەڵکو دەوڵەتەکەش بکەن و نەتوانن دانوستانی ستراتیژی لەتەکدا ئەنجامبدەن.
ڤلادمێر پوتن توانیوێتی بەباشی ترپەی لێدانی دڵی ئەردۆغان و نیازەکانی بخوێنێتەوە، کەفڕۆکە ڕووسییەکە خرایە خوارەوە ئەردۆغان گوتی خۆم فەرمانم بەخستنە خوارەوەی کردووە، کە ئابڵۆقە درا بەتەشەبووسی ئاوراسیاییە ناوخۆییەکانی وڵات و ئەندازیاریی خودی پەرینچەک پوتن رازی کرا بەدیداری ئەردۆغان تا داوای لێبوردن بکات ئۆباڵی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە بخاتە سەرشانی داودئۆغڵوی سەرۆک وەزیران. لەئێستاشدا مانەوەی مرۆڤێکی ئۆتۆکرات و زەبوون و دەستەمۆی وەک ئەردۆغان لەبەرژەوەندی ڤلادمێر پوتنە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کەوڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکا لەمەسەلەی ئۆکرانیادا بەتوندی و بەهەموو هێزێکی سەربازی و سیاسی و ئابووری خۆیانەوە دژی پۆتن شەڕی بەوەکالەت دەکەن، پشتگیری کردن لەئەردۆغان و نەکردنەوەی بەرەیەکی لانی کەم دژ لەخۆی لە بەرژەوەندی پوتن و دۆخی ئێستای ڕووسیاشدایە.
بۆ ئەوەی دۆڕانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردندا نەبینین دەبێ دەست بە چاوەکانمانەوە بگرین و خۆمان کوێر بکەین، دەنا هیچ گارانتییەک نییە ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا بیباتەوە.
بەگوێرەی راپرسییە باوەڕپێکراوە یەک لەدوای یەکەکانی ئەو وڵاتە بەدڵنیایی ئەردۆغان بەجیاوازی زۆریش دەدۆڕێت، بەڵام مەحاڵە ئەم دۆڕانە قەبوڵ بکات. چاودێرانی سیاسی و نێودەوڵەتی پێیان وایە پلانی یەکەمی ئەردۆغان گزیکاری و دزینی هەڵبژاردنەکەیە، لەم کارەشدا دۆستی رۆژی رەش تەنها و تەنها پوتنە و ئەندازیاری دروستکردنی ئەم دۆستایەتییە گرنگەش لەپاش ئەو هەموو رووداوە خراپەی کە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا روویداوە ئاوراسیاییەکانی تورکیاو خودی دۆغو پەرینچەکن بەپلەی ئیمتیاز. بەڵێ گەر پوتن توانیبێتی دەستوەردان لەهەڵبژاردنی ئامریکاو دەرچواندنی تڕەمپدا بکات و ئەمڕۆ تڕەمپ لەسەر ئەم باسە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، چۆنە ناتوانێت یاری بەهەڵبژاردنی وڵاتێکی لاوازتر لەئەمریکا و گرنگتر بۆ دۆخی ئێستای وڵاتەکەی خۆی بکات؟
لەئێستادا هۆکارە ناوخۆییەکانی وڵات لەهەڵاوسانی ئابووری، گرانی، شکانی لیرەی تورکی، سەد ملیارد دۆلار زەرەرو زیانی بومەلەرزەکەی باشوری ئەو وڵاتەو گیانەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە تەنها چەند خولەکێکدا، دابەشبوونی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا هیچیان لەبەرژەوەندی ئەردۆغان و ماڵباتەکەی نین، ئەوەی بتوانێت لەم هەڵبژاردنەدا دەستبارێکی نەکەوتنی ئەم بارە قورسەی ئەردۆغان بێت تەنهاو تەنها دزین و تەزویرکردنی هەڵبژاردنە، دیارە ئەم تەزویرکردنەش بەبێ هاوکاری وڵاتێکی وەک روسیاو خودی پوتن بۆ ئەردۆغان شتێکی هێندەی مەحاڵ نەکردەیە.