زەمین لەرزەی سیاسی لەچواردەی گوڵاندا
2 ساڵ لەمەوپێش
نەوزاد ساڵح
پارتەكانی ئۆپۆزسیونی توركیا لیستی كاندیدەكانیان پێشكەشی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی توركیا كرد، لەئێستادا لەهەڵمەتێكی هەڵبژاردنی توندو ململانێیەكی سەختدان لە بەرامبەر پارتی ئاكەپەو مەهەپەی نەژادپەرستی دەسەڵاتدار.
هەڵوێستی ئەنقەرەش لەئیستادا پێچەوانەی بەرژەوەندی و خواستی كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و هاوپەیمانە رۆژئاواییەكانیەتی بەتایبەت ئەمریكا، وێڕای گرفتەكانی لەگەڵ وڵاتی یۆنان و هاوپەیمانەكانی لەناتۆدا بەردەوامیشە لەدروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لەباكوری خۆرهەڵاتی سوریاو دژایەتی یەكینەكانی پاراستنی گەل پەیەدە كەئەمە زیاتر هاوپەیمانانی تووڕە كردووە.
ئەردۆغان فۆبیای خۆرئاوای كوردستانی هەیەو وەك مۆتەكەیەكی هەمیشەیی پلان و نەخشەی سوتێنەر بۆ دانیشتوانی خۆرئاوای كوردستان دادەنێت و چەك نەماوە لەدژیان بەكارینەهێنێت و كارت نەماوە لەواندا تاقی نەكاتەوە.
رۆژی ئەردۆغان لەئاوابوون نزیكە
ئەردۆغان زیاتر لەدوو دەیەیە توانیویەتی زۆرترین سوود لەفاكتەری ئاینی ببینێت بەڵام لەئێستادا رەنگە ئیتر كاتی هەڵماڵینی دەمامكەكەی هاتبێت و هەندێك لەهاوباوەڕە كۆنەكانی خۆی بەدیكتاتۆر ناویدەهێنن !... هاوپەیمانانیش بەسەرۆكایەتی ئەمریكا نایەنەوێت هەوڵەكانیان لەدژی داعش لەناوچەكەدا شكست بهێنێت كەڕوونە ئەردۆغان و پارتەكەی زۆر سوودیان لەبوونی داعش و گرووپە توندڕەوەكان وەرگرتوەو لەدژی خۆرئاوای كوردستان كەهاوپەیمانی هێزەكانی ئەمریكان بەكاریانهێنان و تێكەڵیانكردن بەگروپە توند ئاژۆكانی وەك بەرەی نوسرەو سوڵتان مورادو احرار الشام .....هتد .
هاوپەیمانان نایانەوێت ئەو بەرەوپێشچوونانەی كە لەدژی داعش ئەنجامیانداوە بەفیڕۆبچن .
گوڵانی ٢٠٢٣ وەرزێكی چارەنووسساز دەبێت بۆ توركیا چونكە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیونیش دیاری دەكات. پەیوەندی بەململاێی روسیاو ئەمریكاشەوە هەیە كە لەئێستادا لەسەر جەنگی ئۆكرانیا ناكۆكن، پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن لەخۆئامادەكردندان بۆ ئەم پرۆسەیە، هەریەكە لەپارتی گەلی كۆماری جەهەپە، پارتی چاكە، پارتی ئاشتی و پێشكەوتن، پارتی سەعادەت، پارتی دیموكراسی و پارتی ئایندە، هەروەها پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە لەڕێگای پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات چونكە ویستی ئەردۆغان وابوو كەئەم پارتە لەڕێگای دادگای باڵای توركیاوە لەچالاكی دابڕێت و رێگربێت لەبەشداریكردنیان لەهەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی.
ئەم بەرەیە لەكێبڕكێ و ململانێدان لەگەڵ هاوپەیمانیەكەی ئاكپارتی و پارتی مەهەپەی نەژادپەرست، (ئامانجی سیاسی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن گەڕانەوەی سیستمی سیاسی توركیایە بۆ سیستمی پەرلەمانی و كۆتاییهێنانە بەحوكمی تاكڕەویی ئەردۆغان)، كاندیدی هاوبەشیان دەستنیشانكردوە كە (كەمال كلیچدارئۆغڵو)یە تاڕكابەری ئەردۆغانی پێبكەن.
هەدەپەو رێكەوتنی لەگەڵ پارتی چەپی سەوز.
پارتی دیموكراتی گەلان HDP لەگەڵ پارتی چەپی سەوز ڕێكەوتنی كردووەو بەشدارن لەم پرۆسەیەداو (٢٥٠) ناوەندی هەڵبژاردنیان كردووەتەوەو ئامانجیانە (١٠٠) كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن.
هەدەپە، تاكە هیوای باكوری كوردستان و ئەو نەتەوانەی ترە كە لەژێر دروشم و چەتری هەدەپەدا كۆبوونەتەوە ، هەدەپە لەئێستادا ٦٧ كورسی پەرلەمانیان هەیەو رێژەی یاسایی ١٠٪ یان تێپەڕاندووە، بەڵام بەردەوام گوشاریان لەسەرەو هەڕەشەی داخستنی پارتەكەیان لێدەكەن...
هاوسەرۆكانی ئەم پارتە كە بەڕێزان (سەڵاحەدین دەمیرتاش)، (فیگەن یوكسەرداغ)ن لەزیندانی ناڕەوادان و زیاتر لە (١١) هەزار كادرو ئەندامی ئەم پارتە گیراون و بەسەدان كادری باڵاو ئەندام پەرلەمان و سەرۆك شارەوانیەكان كەسەر بەم پارتەن لەئێستادا زیندانی كراون و توركیا لەهەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەم پارتەدایە، بەڵام ئەم پارتە بەخەبات و بەرخودان و بەردەوامی خۆیان تائێستا خۆڕاگرن و پێدەچێت لەهەڵبژاردنی ئایاری ٢٠٢٣دا كێرڤی دەنگەكانیان بەڕادەیەكی باش سەربكەوێت، بەپێی راپرسی ئەم ماوەیە كەكۆمپانیای (AREA) لەنێوان رۆژانی ( ٢٠ -٢٥) كانونی یەكەم ٢٠٢٢ دا لەشارەكانی توركیاو باكوری كوردستان ئەنجامیداوە بەم شێوەیە بووە:-
پارتی دادو گەشەپێدان (AKP 32,7٪)
پارتی گەلی كوماری (CHP 26,4٪)
پارتی چاكە (ly lP 14,4٪)
پارتی دیموكراتی گەلان(HDP 9.8٪)
پارتی مەهەپەی نەتەوە پەرست (mHp 7,2٪)
پارتی دیموكراسی (DEVA 2,4٪) بەسەرۆكایەتی علی باباجان
پارتی ئایندە (GP) بەسەرۆكایەتی ئەحمەد داود ئۆغلو 2%و
پارتی ئاشتی و پێشكەوتن (ZP) بەسەرۆكایەتی ئومیت ئوزداغ 1.8%
پارتی رەفاهی نوێ (YRP) بەسەرۆكایەتی فاتح ئەربەكان 1.3%
پارتەكانی تر 2.8%
هەربۆیە لەئیستادا وێڕای قەیرانی ئابوری لەتوركیا، دابەزینی بەهای لیرەی توركی، هێزی ئۆپۆزسیۆنیش خەریكە بەهێزەوە دەردەكەون و شەش پارتەكەی ئۆپۆزسیۆن بەهەموو شێوەیەك هێزی دەنگدەرانی خۆیان بەكاردەهێنن و دەیانەوێت گۆڕانكاری بكەن لەسیستمی حوكمڕانی توركیادا.