كەركوك لەنێوان چەكوش‌و سندانا

2 ساڵ لەمەوپێش



لەتیف فاتیح فەرەج

بەپێی قسەی خالید شوانی وەزیری دادی عیراقی سەبارەت چارەنووسی كەركوك و هەڵبژاردنی ئایندە شاخەوان عەبدوڵا پێی وتووە من بەرپرسیارەتی ئەو رێكەوتنە هەڵدەگرم كەدەربارەی كەركوك و بەشداری كەركوك لەهەڵبژاردنا كراوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك تەڵەزگەیەك سەیری تێپەڕاندنی هەڵبژاردنی كەركوك دەكات و هەر لەسەرەتاوە مەترسی ئەوەی هەیە، رێكەوتنەكە لەبەرژەوەندی خەڵكانی تر بێت، بۆ ئەمەش بەشداری عەرەبە هاتووەكانی پێش 2003 لەهەڵبژاردن دەكاتە نموونەو دەنگدانی ئەوان لەكەركوك و بۆ كەركوك وەك جۆرێك لەتەعریبكردنەوە سەیر دەكات، بەشداری عەرەبی هاوردە «هێنراو» لەهەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاو هەروەها بۆ پارلەمانیش پێچەوانەی مادەی 140ی دەستورو ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوكە، كە رووداوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر ئاماژە بەدووبارە سەرهەڵدانەوی عەرەباندن دەكەن، ئەمە لەكاتێكدا كورد زۆربەی پۆستەكانی لەدەستداوەو تەنها پۆستی دوو ناحیەی بەدەستەوە ماوە كەئەوانیش لەسەردەمی بەعسدا هەڵوەشێنرانەوەو لەدوای 2003 دروستكراونەتەوە، هەردوو ناحیەی» شوان و قەرەهەنجیر « جگە لەبەڕێوەبەری ئەو دوو شارەدێیە،پۆستەكانی قەزاو ناحێكانی تر هیچیان بەدەست كوردەوە نین، گەرچی لەڕێكەوتنی بەشداری كەركوكدا لەهەڵبژاردن سجلی نفوسی ساڵی 1957 كراوەتە بنەماو كوردیش بەتایبەت لایەنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لایەنی سەرەكی رێكەوتنەكەیە، ئەمە بەدەسكەوتێكی گرنگ نیشاندەدات، لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتوانی چەمچەماڵ، كفری، كەلار، خورماتوو با سجلی نفوسی 1957یشیان هەبێت ناتوانن دەنگ بۆ بەربژێری كەركوك بدەن، خاڵێكی تر كە لای كورد ، یەكێتی و لایەنەكانی تر جگە لەپارتی دیموكراتی كوردستان دانانی پۆستی پارێزگار بەستراو نیە بەبراوەی یەكەمەوە تەنانەت ئەگەر لایەنی كوردیش بێت براوەكە، بەستراوە بەڕێكەوتنی دوای هەڵبژاردنەوە، یەكێتی سەرنجیان لەسەر ئەم خاڵە ئەوەیە كەئیتر ئەمە هیچ مانایەك بۆ هەڵبژاردن و بردنەوە ناهێڵێتەوە، بەڕای پارتی ئەوە رێگەیەكە بۆ ئەوەی ستەمكاری دروست نەبێت و كەسانی وەك «راكان جبوری» نەبنە حاكمی یەكەمی پارێزگا.

لەدوای 2003وە جگە لەلیستی برایەتی كەركوك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كەپارتی و یەكێتی لەگەڵ لایەنە كوردیەكانی تر یەك لیستیان هەبوو، كوردیش لەو هەڵبژاردنەدا لەكۆی 41 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا 26 كورسی بردەوە، لەهیچ هەڵبژاردنێكی تردا پارتی و یەكێتی نەیانتوانیوە كۆك و تەباو یەكڕیزبن، هەمیشە لایەنە كوردیەكانی دیكە هۆكاری پاشەكشەی كوردیان بۆ ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی گەڕاندووەتەوە، لەدوای رووداوەكانی پاش ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی 2017ەشەوە پارتی دیموكراتی كوردستان جگە لەوەی هەمیشە تۆمەتی خیانەت دەداتە پاڵ یەكێتی نیشتمانی بەوەی رێكەوتنی رادەستكردنی كەركوكی لەگەڵ عەبادی كردووە، لە راگەیاندنەكانی خۆیشیدا كەركوك وەك داگیركراو وێنا دەكات، لەكاتێكدا هەرگیز لەبەغدا لۆبی بۆ خستنی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك نەكرد، هەر ئەمەشە وادەكات هاووڵاتیانی كوردی كەركوك بڵێن دژایەتی و قسەی زل لەلایەن پارتی و یەكێتیەوە دوورە لەڕاستیەوەو خۆیان لەژێرەوە شەریك و خەریكن لەگەڵ راكان و بەرپرسانی دیكە .

لەچەند رۆژی بەرێدا عەبادی باسی داگیركردنەوەی كەركوكی كردو باسی جۆرێك لەڕێكەوتنی نێوان بافڵ تاڵەبانی و خۆیانی كرد، لێسەندنی كەركوكیشی لەكوردو یەكێتی و پارتی وەك دەسكەوتی گەورەی كابینەكەی باسكرد، بەڵام قسەی لەسەر ئەو گەلەكۆمەیەی دوای ریفراندۆم نەكرد كەعێراق و ئێران و توركیا لەسەر هەرێم و كورد كردیان، هەروەها باسی ئەو راگرتنە هەڕەشە ئامێزەی پاریسیشی نەكرد كە درایە سوپاو حەشدی شەعبی، كێشەی گەورە ناكۆكی و دژایەتی یەكتری یەكێتی و پارتیە لەكەركوك ، كە وایكردووە ئەوانی تر ئەو دژایەتیە بۆ دەسكەوتی خۆیان بقۆزنەوە،پارتی و یەكێتی لەمەودای 14 ساڵ حوكمڕانی كەركوكدا تەواوی ململانێ و شەڕی راگەیاندن و كێشەكانی نێوخۆیان لەهەرێمەوە گواستەوە بۆ كەركوك و كەركوكیان كردە چەقی شەڕو دژایەتی یەكتر .

بەشی هەرەزۆری كورد بەو رێكەوتنەی نێو پەرلەمان گەشبین نین كەدكتۆر  شاخەوان عەبدوڵا لەبەرەبەیانی رۆژی 27ی  ئازار نووسیتی «بەشێوەیەكی تەواوی ئەو بەربەستانەی بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لابران و سەرژمێری 1957 دەكرێتە بنەما، ئەم مژدەو پەیامە نەیتوانیوە نیگەرانی و ترسی كەركوكیەكان لەئایندەی شارەكەیان بڕەوێنێتەوە، هەڵبژاردنی ئەمجارە بەپێی سیستمی سانت لیگۆیەو كەركوك وەك پەرلەمان لەئەنجومەنی پارێزگا 13 نوێنەری دەبێت،لەو سیازدەیە یەكێكیان نوێنەری مەسیحیەكانەو دوازدەكەی تر نوێنەری پێكهاتە سەرەكیەكانی تری كەركوك.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار