کورد دوژمنی نیە لەخۆی زیاتر!!

گفتوگۆی نێوان من و کەرکوکییەک

2 ساڵ لەمەوپێش



 حامد محەمەد عەلی

لەم ڕۆژانەدا هاووڵاتییەکی کەرکوکی ڕاگوێزراو - وەکو من - لەناو دوکانەکەی لێی پرسیم و وتی مامۆستا بەڕای تۆ وەزعەکە چۆن ئەبێ ؟ منیش یەکەمجار وتم : والله برا جگە لەخوا ،کەس نازانێ سەعاتێکی تر چی ڕوو ئەدا.. وتی ئاخر مەبەستم وەزعی کوردستانی خۆمانە چۆن ئەیبینی , بەرەو کوێ دەچێت ؟

- ئەمجارە لەوەڵامدا وتم : بە تێگەیشتنی من ئێستا بۆکورد - لانیکەم لەم بەشە دا - لەهەموو زەمانێک باشترە ، ئەگەر کورد لە خۆی تێکی نەداو بزانێ سوود لە هەلو مەرجەکەو لەهاوکێشەکان وەرگرێ . وتم : من گەیشتومەتە ئەو قەناعەتەی کە لەم کاتەدا (کورد دوژمنی لەخۆی خراپتری نیە ) ، بۆیە من ناونیشانی ئەو کتێبە هەڵدەگێرمەوە ،کە دەڵێ : "کوردەکان جگە لەچیاکان دۆستیان نیە" - من ئەڵێم: کورد جگە لەخۆیان دوژمنیان نیە!!! فەرموو ٣٢ ساڵە ڕۆژئاوا بەسەرکردایەتی ئەمریکا نەوای ئارامیان بۆکورد دروستکردوەو لەچنگ سەدام ڕزگاریان کرد ، لەئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری ٦٨٨یان بۆ دەرکردو لە بڕیاری ٩٨٦ ی ئەنجومەنی ئاسایشیشدا، کە بەبڕیاری( نەوت بەرامبەر خۆراک ) ناسراوە ، پشکیان بەجیا بۆ دابین کرد، ، لە ٢٠٠٣وە، پاش ڕوخاندنی ڕژێمی دکتاتۆری بەعس ، کردیان بەشەریکێکی بنەڕەتی دەسەڵات لەبەغداو لە دەستوردا هەرێمی فیدرال و کۆمەڵێک مافیان بۆ بڕیارداو چەسپاند .

لەجەنگی داعشدا پاڵپشتی تەواوی هەرێمیان کردو پێشمەرگەیان پڕ چەک کردو ڕاهێنانیان پێکردن و دەکەن و هاوکاری دارایشی دەکەن .. قەوارەی هەرێمەکەمان لەهەڕەشەی ئەملاو ئەولا ئەپارێزن ، زەوینەی نەوت دەرهێنان و فرۆشتنیان بۆ حکومەتی هەرێم ڕەخساندوەو بەپاڵپشتی ئەوان هەرێم لەزۆر بواردا وەکو دەوڵەتی سەربەخۆ هەڵسوکەوتی دەکردو دەکات.. کەچی مامەڵەی دەسەڵاتی کوردی لەگەڵ ناوخۆیداو لەگەڵ هاووڵاتیانیدا نەبۆتە جێی ڕەزامەندی UN و ئەمریکاو کۆی ڕۆژئاواو ڕاپۆرتە ساڵانەکانیان پڕن لەگلەیی و ڕەخنەی توند لەم دەسەڵاتە، کە وەکو پێویست ڕێز لەماف و ئازادییەکانی خەڵکەکەی ناگرێ و سەرباری ئەو داهاتە زۆرەی لەبەغدای ساڵانی پێشوو و لە فرۆشتنی نەوت و لە باج و گومرکەکانی هەرێمەوە، دەستی دەکەوێ ، ئەم دەسەڵاتە نەیتوانیوە ئاستێکی گونجاوی گوزەران و ژیانێکی شایستە بۆ کۆی خەڵکی هەرێم دابین بکات.

دوو حزبی سەرەکی دەسەڵاتی هەرێم، ئەوە ٣٠ ساڵە لە داهاتی ئەم هەرێمەدا شەریکە بەشن ، کەچی نەیانتوانیوە چوار پڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاری پێویست ، پێشکەش بە کوردستان و خەڵکەکەی بکەن. سەرباری ئەو ناعەدالەتی و گەندەڵی و کەمتەرخەمیە، حزبەکانی دەسەڵات، تەنها دووساڵ دوای یەکەمین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان ، شەڕی نەگریسی ناوخۆشیان هەڵگیرساندو سەدان گەنجی کوردیان کردە سوتەمەنی ئەو جەنگە چوار ساڵیە.

ئێستاش کە دوو حزب پێکەوە حوکمڕانی هەرێم دەکەن و سوپای پێشمەرگەو هێزەئەمنیەکانیان لە نێو خۆیاندا دابەشکردوە و سوودمەندن لە ئیمتیازاتی دەسەڵات و پێکەوە تەمەنی پەرلەمان و حکومەتەکەیان درێژ دەکەنەوە ،کەچی هێشتا تەبا نین و بەجیا وەفدەکانیان سەردانی بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر دەکەن و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیان خەریکی تۆمەتبارکردنی یەکترن ، خۆیان بە لیبراڵ و سۆشیال دیموکرات دەزانن ، کەچی لەژێر گوشاری دەرەکیدا نەبێ ، ئامادە نین هەڵبژاردن ئەنجام بدەن .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار