ئێران رۆژانە بە بەهای 30 هەزار دۆلار کورتەنامەی هۆشداریی سەرپۆش دەنێرێت

رێوشوێنەکانی سەپاندنی سەرپۆش بە ناچاریی توند دەبێتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



ئێران رێوشوێنەکانی سەپاندنی سەرپۆش بە ناچاریی توند دەکاتەوە و رۆژانە هەزاران کورتەنامە بۆ بەشداربوانی هێڵەکانی مۆبایل رەوانە دەکات.

میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردوە؛ تێچوی سەرجەم ئەو کورتەنامانەی تەنها لە 24 کاتژمێردا بۆ ئاگادارکردنەوە لە سەرپۆش نێردراوە زیاتر لە یەک ملیارد و 514 ملیۆن تمەن بوە کە بە دۆلار دەکاتە 30 هەزار دۆلار.

پێگەی (خەبەرئۆنلاین) بڵاوی کردوەتەوە لە رۆژی یەکشەممەی رابردو و تەنها رۆژێک دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی پۆلیس بۆسەپاندنی سەرپۆشی بە ناچاریی، هەزارن کورتەنامەی هۆشداریی بۆ دانیشتوانی ئێران نێردراوە و هەردوو رەگەزەکە لە سزاکانی پابەندنەبون بە سەرپۆش ئاگادار کراونەتەوە.

پۆلیسی ئێران رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە هەڵمەتێکی بۆ سەپاندنی سەرپۆشی بەناچاری و رێگریی لە ژنان و کچانی بێسەرپۆش لە وڵاتەکە راگەیاند و لە رۆژی یەکەمی ئەو هەڵمەتەدا دەیان شوێنی گشتی بە بیانوی بونی ژنان و کچانی بێسەرپۆش داخران.

پۆلیس رایگەیاندوە؛ تەنها لە یەکەم رۆژی ئەو پلانەدا هەزار کورتەنامەی ئاگادارکردنەوە بۆ خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە رەوانەکراوە کە شۆفێر و سەرنشینەکانیان پابەندی سەرپۆش نەبون و بە وتەی سەعید مونتەزیرمەهدی، وتەبێژی پۆلیسی ئێران نزیکەی 84%ی ئەوانەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ رەوانە کراوە پابەندبونی خۆیان راگەیاندوە بەڵام ئەوانەی پابەندنی سەرپۆش نەبن، ئۆتۆمبێلەکانیان رادەگیرێت و سزا دەدرێن.

ئاماژە بەوە کراوە تەنها لەو رۆژەدا 155 دوکان و خواردنگە و هۆڵی بۆنەکان بەهۆی پابەندنەبون بە سەرپۆشەوە داخراون و سێ هەزار و 500 شوێنی دیکەش ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە.

بە پێی بڕیاری دادگا و هەڵمەتی پۆلیسی ئێران هەر شوێن و دامەزراوە و دوکان و مارکێت و خواردنگەیەک رێگە بە کچان و ژنانی بێسەرپۆش بدات ئەو شوێنە دادەخرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار