کڵچدارئۆغڵو؛ سەرۆکی هاوپەیمانیی مەحاڵ
2 ساڵ لەمەوپێش
ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
من لەهەوادارانی ئەو بۆچوونەم کەپێی وایە ئەردۆغان ناهێڵێت لەم هەڵبژاردنەدا بدۆڕێت، لەئەگەری دۆڕانیشیدا کورسیی سەرۆکایەتی بەو هەموو پاشخانە تاوانکاری و ئیمتیازەوە بەجێناهێڵێت، دۆخێک دروستدەکات لەو وڵاتەدا تازیاتر بمێنێتەوە. بەڵام دەمەوێت لەم نووسینەدا فەرەزێکی مەحاڵ پێشبینی بکەم و وا دابنێم کە ئەردۆغان تەزویر ناکات و هەڵبژاردنەکە دەدۆڕێنێت و بەشێوازێکی ئاشتیانە وەک هاتنەکەی دەڕوات، داخۆ سەرانی ئۆپۆزسیۆن و هاوپەیمانی پێنج قۆڵی+1 و بەتایبەتیش خودی کڵچدار ئۆغڵووهاوپەیمانێتییە مەحاڵەکەی لەقۆناغی پۆست ئەردۆغانداچ جۆرە ئەژێندایەکی سیاسی و کلتووری و ئابووری سەرڕێدەخەن؟
جوڵانەوە سیاسییەکان تەمەنێکی دیاریکراویان هەیە
هەر پێشهات و جوڵەیەکی سۆسیۆ-سیاسی تەوژمێکی دیاریکراوی تایبەت بەخۆی هەیە، وەک هەموو یاسایەکی فیزیایی ئەمیش مەحکومە بەسەنگ و کێشی ئەو خەڵکەی لێی کۆبوونەتەوە لەلایەک و ئەو خێراییەش کەجوڵانەوەکە هەیەتی لەگەیشتن بەئامانجەکانی لەلایەکی دیکەوە. یەکێک لەمۆتۆکانی ئەردۆغان لەڕابردوودا بۆ حزبەکەی دەقیق ئەم باسە بوو: «وەستان نییە، بەردەوامین لەڕۆیشتن Durmak yok yola devam» ئەردۆغان باسی لەخێرایی دەکرد بەڵام باسی لەو کێش و قورساییە نەدەکرد کەکاری دەکردەسەر خێرایی ئەم شەمەندەفەرەی ئەم پێی وابوو دەشێت هەر ئانێک لێی دابەزێت. ئەوەی ئەردۆغان پێی وابوو شەمەندەفەرە لەڕاستیدا دۆخی پاسکیلێکی هەیە ئەمڕۆ کەبەرەو نادیار وڵات بەدوای خۆیدا رادەکێشێت، گەر لەڕۆیشتن بوەستێت خۆی دەکەوێت و گەر بەردەوامیش بێت لەڕۆیشتن، وڵات لەبەرژەوەندی نوخبەیەکی دەستەبژێری بیرۆکراسی و تۆتالیتار بەرەو نادیاری زیاترو تاریکی زیاتر دەڕوات. ئەردۆغان نایەوێت ئەم پاسکیلەی سەرۆکایەتی بوەستێت، چونکە لەگەڵ وەستانیدا دەکەوێت.
سروشتی جوڵانەوە سیاسی لەتورکیا
سروشتی هەموو جوڵانەوەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەتورکیادا کتومت وەک مرۆڤ وان، دۆخێک دەیانهێنێتە ژیان، قۆناغەکانی ساوان و منداڵی تێدەپەڕێنن، هەراش دەبن و دەگەنە کەماڵی پیشاندانی بەرزترین ئاستی پێرفۆرمانسی خۆیان و دواتر وەک سروشتی مرۆیی مروڤ ئەمانیش پیر دەبن و دەمرن. هەندێکیان بە نەبەکامی پێش هاتە بوون دەمرن، هەندێکی دیکەیان لەمنداڵی و هەندێکی دیکەیان بەرگەی پیریش دەگرن. جوڵانەوە دینییە/رەگەزپەرەستانەکەی ئەردۆغان کەخۆی لەفۆڕمی ئاکەپەدا خەمڵاند بێ قەیدو مەرج ئەمڕۆ لەقۆناغی ئاوابوونی خۆیدایە، ئەوەی تائێرە ئەوی هێشتووەتەوە تەوژمەجوڵە Momentum ی سیاسی و حوکمڕانی نییە، بەڵکو نەبوونی بەدیل و روئیایەکی جیاواز بووە لەماوەی لانی کەمی دوو دەیەی رابردوودا بۆ حوکمڕانی ئەردۆغانیزم لەو وڵاتەدا. ئەمڕۆ وادەردەکەوێت وڵات بۆ دووبەرەی دژیەکی جەمسەرگیری تاڕادەی پەڕگیر دابەشبووە، بەرەی دژە ئەردۆغان بە چەپ و راستەوە، بەلائیک و موحافیزکارەوە، بەتورک و کوردییەوە، بەکەمالیست و مەدەنییەکەیەوە، بەسوننی عەلەوییەوە هاتوون لەژێر چەتری کەسێکی عەلەوی و بە بنەچە کوردی وەک کەمال کڵچدارئۆغوڵدا کۆبوونەتەوەو پێیان وایە پڕۆژەکەی کڵچدارئۆغڵو پێداویسیتی هەنووکەیی گەلانی تورکیایە دژ بەبەرەی ئەوەی ئەوان ناوی دەنێن بەرەی دیکتاتۆریەتی ئەردۆغان.
ئایا کڵچدار ئۆغڵو دەتوانێت تورکیا بگوازێتەوە قۆناغی پاش ئەردۆغان؟
یەکێک لەو پێداویستییە گرنگانەی وادەکات سیستمێک بەدیموکراتی بمێنێتەوەو هێزی رەها نەخاتە دەست تەنها کەسێکەوە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و بەهێزکردن و بێلایەنکردنی دەسەڵاتی دادوەری و بوونی روئیای روونی سیاسی و رەخنەی جیدییە. لەتورکیای ئەردۆغاندا ئەمڕۆ هیچ یەکێک لەمانە بوونی نییە، هەموویان لەبەرژەوەندی کەسێتی ئەردۆغان پایەماڵکراون. گەلانی تورکیا دەترسن هەمان سیناریۆی ئەردۆغان لە کڵچدار ئۆغڵودا دووبارە ببتەوە. هێزی رەها هەمیشە بەمانای فەسادی رەها دێت گەر لەدەستی تاکە کەسێکدا کۆببێتەوە، ئەوەی ئەردۆغانی والێکرد لەشەمەندەفەری دیموکراسی دابەزێت و بگوازێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە دیکتاتۆرێکی شەڕەنگێز ئەم هێزە رەهایە بووە کە لەپاش گۆڕینی سیستمی سەرۆکایەتی حزب و دواترییش گۆڕینی سیستمی پەرلەمانتاری لەوڵات بۆ سەرۆکایەتی دەستیکەوت. دەبێت بپرسین ئایا شیمانەی دووبارەبوونەوەی هەمان تاس و حەمامەکەی ئەردۆغان لای کڵچدارئۆغڵوش بوونی نییە؟
کڵچدار ئۆغڵو لەبەردەم ئاڵنگاریی دەسەڵاتدا
هەرچەندە خۆی بانگەشەی ئەوە دەکات لەگەڵ دەرچوونیداو بەمسۆگەرکردنی زۆرینەی پەرلەمانی یەکەم کاری خۆی و هاوپەیمانێتی پێنجقۆڵی+1 کۆتاییهێنان دەبێت بەسیستمی تاکنەفەری و دیکتاتۆرییەتی سەرۆکایەتی و گۆڕینەوەی سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات بەسیستمێکی فرەیی پەرلەمان و بۆ ئەم مەبەستەش ئەم باسە دەخاتەوە ریفراندۆم و بەردەم رای گشتی. سیاسییەكان بەگشتی حەزیان لەكۆكردنەوەی دەسەڵاتەكانە نەك سازشكردن لێی، تائێستا ئەمە هەر سۆزێکەو نازانین لەگەڵ گەیشتن بەدەسەڵاتی سەرۆکایەتی کۆمارو هەموو ئەو توانایانەی کە لەدەستیدا کۆدەبێتەوە کڵچدارئۆغڵو چۆن مامەڵە دەکات!
لەهیتلەرەوە بۆ مۆسۆلینی، لە شی جین پینگەوە بۆ پۆتن و ئەردۆغان، لەسەددام و قەزافییەوە بۆ عەلی عەبدوڵا ساڵح زۆرینەی دیکتاتۆرە خوێنمژەکانی مێژووی نزیکی ئێمە بەهەڵبژاردن هاتوونەتە سەر کورسی دەسەڵات، بەڵام بەکۆبوونەوەی هەموو ئەو دەسەڵاتانەی کەپێی نازیون لەدەستەکانیانداو نەبوونی هاوئاهەنگی نێوان دەسەڵاتی دەستیان و عەقڵی نێو کاسەی سەریان تووشی ترازان و ژەهراویبوون بەدەسەڵاتی کردوون، دواتر ئەو دیکتاتۆرانەیان لێ دروستبووە کە وڵاتەکەیان وێران کردووەو گەلەکانیان باجەکەیان داوە. لەئەگەری بردنەوەی کڵچدار ئۆغڵودا ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆداین. کڵچدار ئۆغڵو لەنێو هاوپەیمانییەکدایە کەسەرکردەکانی زۆر لێکدوورو دانونەکوڵاون پێکەوە، ئەوەی کۆیکردوونەتەوە بەقەولی خۆیان دژایەتیکردنی دیکتاتۆرێکە کەوڵاتی وێران کردووەو رازی نییە کورسییەکەی چۆڵبکات. ئەوان پێیان وایە هەرکەسێ رازی نەبێ کورسییەکەی چۆڵبکات دیارە ژێر خۆی پیس کردووە، بۆیە هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ نیشاندانی ژێر ئەردۆغان و هەر ئەم پیسییەی ژێر ئەردۆغانیشە کە پێکەوەی نووساندوون و کۆیکردوونەتەوە. کەسێکی رەگەزپەرستی وەک مەرال ئاکشەنەرو مونەویرێکی ئیسلامی وەک ئەحمەد داود ئۆغڵو مەحاڵە یەکجۆر بیرکردنەوەی سیاسییان هەبێت، عەلەوییەکی وەک کڵچدار ئۆغڵوو ئیسلامێکی سیاسی وەک تەمەل کەرامائۆغڵو کەخوێندکاری ئەربەکان بووە ئاسمان و رێسمان جیاوازی بیرکردنەوەیانە. هەموو ئەمانەش زۆر جیاواز لەپارتی چەپی سەوز بیردەکەنەوە کە خۆی بەنوێنەرایەتی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد دەزانێت لەو وڵاتەدا. دەشێت دیدگایەکی هاوبەشیان هەبێت بۆ مەسەلەکانی ئابووری و ئازادیییەکان و میدیا، بەڵام لەئێستادا ئەم کوالیسیۆنەو سەرۆکەکەی هیچ دیدگایەکی روونیان نییە بۆ کێشە سیاسییەکانی وڵات و لەنێویشیاندا کێشەی کورد کە بەدایکی هەموو کێشەکان لەو وڵاتەدا دادەنرێت و دیارە تا ئەم کێشەیەش چارەسەر نەکرێت هیچ کێشەیەکی سیاسی لەو وڵاتەدا ناگاتە لێواری چارەسەر.
هاوپەیمانی پێنجقۆڵی و سیاسەتی دەرەوە
ئەوەی پەیوەستە بەسیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەوە هاوپەیمانی میللەت دەڵێت خاڵێک بۆ ئەم جۆرە لەسیاسەتی شەڕەنگێزی توركیاو ئەردۆغان لەدەرەوە دادەنێت. لەبیرمان نەچێت ئەحمەد داود ئۆغڵوی خاوەنی تیۆریای سفر کێشە لەگەڵ دراوسێکان ئەندامی ئەم کوالیسیۆنەیە. گرنگترین وادەی نێوخۆیی کڵچدارئۆغڵو بۆ دەنگدەرانی رێککەوتنەوەیە لەگەڵ بەشار ئەسەد بۆ گەڕاندنەوەی چوار ملیۆن ئاوارەی سوری کەبوونەتە بارگرانی بەسەر ئەو وڵاتەوە. هاوپەیمانێتیەکە لەئەژێنداکەی خۆیدا کە لەشێوەی کتێبێکدا بۆ رای گشتی بڵاویکردووەتەوە جەختی لەسەر ئەوەکردووەتەوە کە حیساباتە سیاسییە ناوخۆییەكان و جیاوازییە ئایدۆلۆژی و ئیتنیکی و نەتەوەییە ناوخۆییەکانی بەشێك نابن لەتەوەرەكانی سیاسەتی دەرەوەو تورکیا ئیدی هەرگیز کێشەی نێوخۆیی هەناردەی دەرەوە ناکات و سنوورێک بۆ نەزیفی خوێنی سەربازانیشی دادەنێت لەدەرەوە. پێدەچێت هەرێمی کوردستان بتوانێت سوود لەم ئاژێندایەی سیاسەتی دەرەوە وەربگرێت گەر لەڕێگای عێراقەوە هەماهەنگی بکات، روون نیە هاوپەیمانێتیەكە دەیەوێت کێ رازیبکات و كێش بخەڵەتێنێت، بەڵام لەهەموو بارێکدا تەرکیزو رووی تورکیا دەخاتەوە سەرخۆی و کەمتر کێشەکانی رەوانەی دەرەوەی خۆی دەکات.
بەشێک لەچاودێرە ئەوروپییەکان بۆچوونیان وایە لەئەگەری بردنەوەی کڵیچدار ئۆغلۆدا، دەكرێت جارێكی تر دیموكراسی لەو وڵاتەدا ئاهێکی بەبەردابێتەوەو تورکیا شوێن دۆسییەی ئەندامێتی لەیەكێتی ئەوروپا بکەوێتەوە کە لەپاش کودەتاکەی 2016 ەوە ئەردۆغان بەفەرمی کارەکانی هەڵپەساردووەو بەم کارەش ملیۆنان تورک کە وەلائیان بۆ ئەوروپا لەڕووسیا و ئاوراسیاییەکانی ئەو وڵاتە زیاترە دڵخۆشدەبن و دەشێت هەر لەم رێگەیەشەوە خودی ئابووری وڵات و میدیاو ئازادییەکان بتوانن هەناسەیەک بدەن. هاوپەیمانی میللەت دەیەوێت پرۆسەی چوونە پاڵی یەكێتی ئەوروپا دەستپێبكاتەوەو توركیا پابەندبکاتەوە بە بڕیارەكانی دادگای ئەوروپی بۆ مافەكانی مرۆڤ و ئەم کارەش وادەکات نزیکەی چوار میلۆن هەوادارو ئەندامی بزوتنەوەی خزمەتی فەتحوڵا گولەن پشتگیری لێبکەن کە ئەردۆغان بەزەبری هێز ئەمڕۆ وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی لەژێر ناوی «فەتۆ»دا دەیانناسێت و دەیانناسێنێت.
فەتحوڵا گولەن و هاوپەیمانی میللەت
تەنها یەک شەو لەپاش کودەتاکەی 2016 و لەژێر ئەندازیاری ئەرگەنەکۆن و ئاوراسیاییەکانی نێوی و سەرکردایەتی خودی دۆغوپەرینچەک ئەردۆغان لەشەوێکدا 4000 دادوەرو 50 هەزار مامۆستا و 12 هەزار پزیشک و نزیکی 22هەزار پۆلیس و پلەداری پۆلیسی گولەنی لەکارەکانیان درووخستەوە. دواتر لەهەڵمەتێکی چڕدا خودی گولەنی بەسەرۆکی باندی تیرۆریستی و بزوتنەوەکەشی بە بزوتنەوەی تیرۆریستی فەتۆ ناساندو هەموو کتێبەکانی گولەنی کە خۆی لەیەک ملیۆن کتێبدا دەبینی سووتاند. لەڕۆژانی دواتردا 14 زانکۆی گەورە، هەشت کەناڵی ئاسمانی بەناوەکانی SAMANYOLU HOLDING و شەش نەخۆشخانەی فێرکاری پڕۆفێشناڵ و گەورەترین و پڕ تیراژترین رۆژنامەی تورکی بەناوی زەمان و رۆژنامەی زەمانی ئینگلیزی و دواتر 2000 دەرسخانە و خوێندنگە و بانکێکی گەورەی بەناوی بانک ئاسیا کە لەچواردە وڵاتدا لقی هەبوو بە بیانووی فەتۆ داخست. بینای خوێندنگەو نەخۆشخانەو زانکۆکانی کردنە لق و مەڵبەندی ئاکپارتی، هەر بەمە نەوەستا دەستووری وڵات و یاساکانی هەڵپەساردو باری لەناکاوی بۆ ماوەی دووساڵ راگەیاندو لەژێر ناونیشانی قەرارنامە لەحوکمی قانوندا بۆ باری لەناکاوی ناسراو بە KHK دەیان هەزاری لەهەوادارانی گولەن لەمامۆستای زانکۆو پۆلیس و جەنەراڵ و سەرمایەداردا دەستگیر کردو ئەوەشی پێی دەستگیرنەکرا راوەدووی نا. هەر ئەوەندەش نا مەلاکانی ئاکپارتی بەئاشکرا لەو کۆبوونەوانەی بۆ پشتگیری لە ئەردۆغان سازیان دەکرد هاواریان دەکرد ماڵی فەتۆچییەکان غەنیمەتەو ژنەکانیشیان سەبایا، دواتر ئەوقاف و موفتییەکانی ئەو وڵاتە بەیاننامەیەکیان دەرکرد گولەن و بزوتنەوەکەی گولەنیان تەکفیر کرد. ئەوەی شەست ساڵ ئەرگەنەکۆن دژی گولەن پێی نەکرا ئەردۆغان لەشەوێکدا کردی. ئەمڕۆ ئێمە بە نزیکەیی لەبەردەم چوار ملیۆن دەنگی پرۆ گولەنداین. دیار نییە کڵچدارئۆغڵو چ سیاسەتێک بەرامبەر گولەن پەیڕەو دەکات، بەڵام بەڕوونی دیارە کە داوای دەنگەکانیان دەکات و پێویستی پێیانە. لەترسی ئاگرو ئاسنی ئەردۆغان کڵچدارئۆغڵو ناتوانێت ناڕاستەوخۆ تەنانەت ناوی گولەنیش بهێنێت، بەڵام میدیاکانی گولەن بەئاشکرا ئەمڕۆ پشتگیری بێمەرجی خۆیان بۆ کڵچدار ئۆغڵو راگەیاندووە. دیار نییە کڵچدارئۆغڵو چ سیاسەتێک بەرامبەر گولەن و ئاڵنگارییەکانی سەرڕێ دەخات، بەڵام ئەوەی دیارە گولەن دوای کورد سەرئێشەیەکی دیکەیە بۆی.
پێنج سەر لە مەنجەڵێکدا دەکوڵێن؟
ئەمڕۆ ئەوەی نادیارو جێی هەڵوێستە لەسەرکردنە زۆر زەقە چارەسەرکردنی کێشەی کوردە لەتورکیادا، نازانین سەرانی ئەم هاوپەیمانێتییە چۆن تەماشای کێشەی کورد دەکەن، بەبۆچوونی من سەرەکیترین هۆکاری هەڵوەشاندنەوەو تێکچوونی هاوپەیمانێتییەکەش هەر کێشەی کورد دەبێت. هێندەی مەحاڵ نەکردەیە برانین کڵچدارئۆغڵوو سەرانی هاوپەیمانێتی پێنج قۆڵی چۆن لەم کێشەیە دەڕوانن و بیری لێدەکەنەوە. خودی کڵیچدارئۆغلو لەڕابردوودا سەركردایەتی جوڵانەوەیەکی پۆزەیڤی كردووە لەناو پارتەكەیدا سەبارەت بەکێشەی کوردو کرانەوە بەڕووی کورددا، هەر ئەم هۆکارە وایكردووە ئەمڕۆ کەسێکی وەک دەمیرتاش پشتگیری لێبکات و بەتوندی رەخنە لە ئاکشەنەر بگرێت لەبەرژەوەندی کڵچدارئۆغڵو.
ئەوەی ئەمڕۆ ئەم هاوپەیمانێتییەی کردووەتە ئەمری واقیع کەسێتی و کاریزمای کەسێکی وەک خودی کەمال کڵچدارئۆغڵویە نەوەک پڕۆژە و ئاژێندایەکی دیاریکراوی سیاسی و فیکری و ئایدۆلۆژی. ئەم کوالیسیۆنەی کە کڵچدارئۆغڵو سەرکردایەتی دەکات لە هەندێ بڕگەیدا تەنانەت دژی کارنامەی خودی پارتی گەلی کۆماری واتە جەهەپەشە. جیا لەوە دو کاراکتەری بەهێزی وەک ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی سەرۆک شارەوانی ئیستانبوڵ و مەنسور یەڤاشی سەرۆک شارەوانی ئانکارا خۆیان لە کڵچدارئۆغڵو پێ کەمتر نییە، گەر رێزی تەمەنە زۆرەکەی کڵچدارئۆغڵو نەبوایە ئەوا بەدڵنیایی کێبڕکێیان لەگەڵ دەکرد بۆ کاندیدبوونی سەرۆکایەتی کۆمار لەو وڵاتەدا. بەدەرچونی کڵچدارئۆغڵوش هەریەکێک لەوانە خۆیان بەشیاو دەزانن بۆ بوون بەڕابەر و سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەهەپەو کاری کڵچدارئۆغڵو قورستر دەکەن لەپاراستنی باڵانسی هێز لەنێوان سەرۆکایەتی کۆمار لەلایەک و پارتەکەی لەلایەکی دیکەوە. جێهێشتنی مێزی هاوپەیمانێتێکە هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە لەلایەن سەرۆکی پارتی چاکە IYI PARTI مەرال ئاکشەنەرو دواتر رازیکردنەوەی لەلایەن کڵچدارئۆغڵووەوە سەلێمنەری راستێتی ئەم قسەیەیە کەتاکە ئەندازیاری راگرتنی هاوپەیمانێتییەکە خودی کڵچدارئۆغڵویە. ئاکشەنەر کەسایەتییەکی رەگەزپەرستی جیابووەوەیە لەپارتی رەگەزپەرستی مەهەپە لەو وڵاتەدا، ناتوانین بزانین کڵچدار ئۆغڵو لەداهاتوودا چۆن دەتوانێت دەمیرتاش و ئاکشەنەر لەسەر مێزێک کۆبکاتەوە؟ ئەوەی ئەمڕۆ کڵیچدارئۆغلو سەرۆكایەتی دەكات هاوپەیمانتێی مەحاڵە، هاوپەیمانێتییەک سەرکردەکانی نەک تەنها فیکری سیاسی بەڵکو ئایدۆلۆژیا و تەرزی بیرکردنەوەشیان جیاوازە. تەنهاو تەنها دژایەتیکردنی ئەردۆغان کۆیکردوونەتەوە. خاڵی لاوازی لێرەدا ئەوەیە ئەم دژایەتییە وادەکات جوڵەکانی ئەم هاوپەیمانێتییە هەمیشە نالەخۆو پەرچەکرداری بن، چاوەڕوانی ئەردۆغان بن تا ئەمان پەرچەکدار لەبەرامبەرییەوە نیشان بدەن. تاکە ئومێدێکی دڵخۆشکەر لەم هاوپەیمانیەتییەدا کە بوونی هەبێت دژایەتیکردنی دیکتاتۆرییەت و هەڵوەشاندنەوەی سیستمی سەرۆكایەتیە كە ئەردۆغان پاش کودەتاکە لەژێر هەژموونی ئاگر ئاسندا بەسەر گەلانی تورکیایدا سەپاند.
لەسەرێکی دیکەوە ئەوەی جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنە لەئەگەری گرتنە دەسەڵات لەلایەن ئەم پێنج سەرەوە بەئەمان چ میتۆدێک وڵات بەڕێوە دەبەن؟ تورکەکان بەوە دەناسرێنەوە کە مەنزومەی دەوڵەت وەک دین بەموقەدەس تەماشا دەکەن، ئایا ئەم ئەو مەنزوومە فاشیستییەی کە سەد ساڵە دەوڵەتی لەسەر دامەزراوە دەکەنە قوربانی پرینسپڵ و مەبادیئەکانی دیموکراسی و کرانەوە و مەدەنییەت؟ کات بڕیار دەدات.