ئۆسلۆ ١
2 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
چەند هەفتەی پێشوو بۆ ماوەی دوو هەفتە لەشاری ئۆسلۆو دەوروبەری بووم. دوو نووسین، یەكێكیان بۆ سەفەرنامە و ئەویتریان بۆ كەلتوری نەرویجی لەو بارەوە تەرخان دەكەم.
ئۆسلۆ بۆ من لەزۆر رووەوە ناشوێن بوو. ناشوێن چەمكێكە لەسەرەتای نەوەدەكان مرۆناسی فەرەنسی مارك ۆجێ دایڕشت كەزیاتر باس لەئەو جێگایانە دەكات كەئەزمونی مرۆیی تیایدا روونادات، وەك فرۆكەخانە، رێگای خێرا، هەتا شاری وەك دوبەی.
Marc Augé Non-places: Introduction to an Anthropology of Supermodernity
لەڕاستیدا مارك لەنەوەدەكان باسی دوبەی دەكات، وەك مۆدێل، كەهێشتا دوبەی بەبەراورد بەئێستا گەشەی نەكردبوو. دیارە بەختیار عەلی ناشوێن بەكاردەبات، بەڵام بەڕەهەندێكی جیاوازتر. لای بەختیار ناشوێن، شوێنە، بۆ كوردێكی دابڕاو لەئێستای كوردستان و ئێستای ئەوروپا. بەڵام من زیاتر مەبەستم مارك ئۆجێیە. ئۆسلۆ ناشوێنە چونكە بەدەگمەن ئەزمونی مرۆیی تیایدا روودەدات یان پاڵنەری سەرەكی شارەكە وەهایە كەكۆتایی بەئەزمونی مرۆیی و شوناسی بهێنێت، لەڕێگای پشت بەستنی تەواو بەئاپ یان زیرەكی دەستكرد. ئەمە بۆ من زۆر سەخت بوو، بەتایبەتی كە تەلەفونەكە و لاپتۆپەكەشم لەماڵ بەجێهێشتبوو.
ئۆسلۆ دەیەوێت شارێك بێت بێدەنگ، بۆیە هەتا بێت زیاترو زیاتر باج دەخاتەسەر ئۆتۆمبیلە كۆنەكان كە بەگازو بەنزین كاردەكەن، لەبەرامبەردا هەوڵی باج كەمكردنەوە دەدات لەسەر ئۆتۆمبیلی كارەبایی. ئەزموونی ئۆتۆمبیلی كارەبایی رەهەندێكی تری ئەزمونی نەمانی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و دەوروبەریەتی. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو بۆ من نەمانی پارە بوو وەك شت. پارە لەمیانەی مامەڵەدا بەكارنایەت بەڵكو زیاتر كار بەكارت و هەژماری بانكی دەكرێت لەڕێگای مۆبایلەوە.
پارە یان كاش، ئێستا خەسڵەتێكی تری هەیە، ئەویش ئابوری رەشە. پارە كەهاتە ئاراوە، یەكێك لەڕەهەندەكانی دابینكردنی ئازادیی بوو، بەڵام نەمانی كاش، ئازادیی مرۆیی لەبەردەم دەسەڵاتی دەوڵەت و كۆمپانیاكاندا كەمدەكاتەوە.
رۆژێكیان لەگەڵ هاوسەرەكەمدا پێویستمان بەهەشتسەدو هەشتا كرۆن بوو بۆ واژۆی كارێك لەباڵیۆزخانەی نەمساوی، هەرچەند گەڕاین ئەی تی ئێمێكمان نەدۆزییەوە هەتا ئەو بڕە كەمەی پارەی لێ رابكێشین، ناچار چووین بۆ ناوەندی شار، لەوێ لەبانكێك ئەی تی ئێمێك تەرخانكراوە بۆ راكێشانی كاش.
ئەم رەهەندانەو زۆری تر وەهایان لێكردم شارەكە وەها ببینم كەجۆرێك لەیوتوپیا. یوتوپیا بەو مانایە جێگایە لەداهاتودا. لەڕووی باڵەخانەو ئەندازەسازییەوە دیسانەوە شارەكە بەو ئاقارەدا دەڕوات. یەكێك لەخەسڵەتەكانی بیناسازی پۆستمۆدێرن، دروستكردنی بینایە لەئەو جێگایانەی یان ئەو ناجێگایانەی كەشوێنی باڵەخانە نین، بۆ نموونە ناو ئاو یان بونیادنانی باڵەخانە وەك ئەوەی لەهەوادا بێت. بەشە نوێكانی ئۆسلۆ لەسەر دەریا، كەجێگای تەواو نوێ و گرانبەهان هەموو لەسەر ئەم بنەمایانە دروستكراون. ئەم خەسڵەتانە لەشارە نوێكانی كەنداویش دەبینیت، دوبەی دەیەوێت لەئاوو هەوادا بێت.
سێ باڵەخانەی نوێ شوناسێكی تایبەت بەشارەكە دەدەن ئەوانیش، ئۆپیرا، مۆزەخانەی موینش، لەگەڵ كتێبخانەی كشتیدا. هەرسێ باڵەخانەكە بەتەنیشت یەكەوەن، لەناوەندی ئۆسلۆ. هەر یەكەیان جەخت لەسەر خەسڵەتێكی تایبەتی ئۆسلۆو نەرویج دەكەنەوە. موینش، ئەو وێنەكێشەی كە، ناسراوترین وێنەكێشی نەرویجییە لەدونیادا، نوێنەرایەتی رەهەندی هونەریی و كەلتوریی و لەگەڵیدا دۆخی كۆمەڵایەتی و دەروونی ئەو كۆمەڵگایە دەكاتەوە. موینش زۆربەی ژیانی لەئۆسلۆو دەوروبەری ژیاوە. زیاتر بەتابلۆ هاوار ناسراوە.
موینش دەرخەری ئەو دۆخە دەرونییەی زۆربەی نەرویجییەكانە كە رقیان لەژاوەژاوو هات و هاوارە. كاتێك رۆشتینە دەرەوەی ئۆسلۆ بۆ شاری مۆس، لەوێ موینش بۆ ماوەیەك ژیابوو، موینش دەڵێت دەبوو زۆربەی ژیانی لەوێ بژیایە، چونكە جەنجاڵی ئۆسلۆ ناهێڵێت بەدڵی خۆی بژی.
هەرچەندە هەندێك ئەندازەسازیی مۆزەخانەكە بەجوان نابینین، لەنێویاندا مێژوونووس و هاوڕێم یوناس بلاس، بەڵام هەندێك خەسڵەت و تایبەتمەندی هەیە كەجێگای سەرنجن. سەرتاپای باڵەخانەكە لارە، یان شانی داداوە بەرەو باڵەخانەی ئۆپیراكە، وەك جۆرێك لەهەوڵی نزیكبوونەوەو بەخێرهاتن. هەروەها بەشی زۆری باڵەخانەكە لەئەلەمنیۆمی ریسایكڵ دروستكراوە، بەجۆرێكە كەڕێگا بەڕووناكی دەرەوە دەدات بچێتە ناوەوەو لەشەودا رووناكی ناوەوە بێتە دەرەوە.
ماڵی ئۆپیراكە باڵەخانەیەكی ئێجگار گەورەیە، لەمەرمەڕی ئیتاڵی و داری نەرویجی دروستكراوە. وەها دەردەكەوێت كە لەهەناو ئاوەوە هاتبێتە دەرەوە. پێكهاتە دارینەكەی لەناوەوە، كە بەئاسانی لەدەرەوە دەبینرێت، جۆرێك لەمێژووی تایبەتی ئۆسلۆ لەخۆی دەگرێت. ئۆسلۆ، وەك زۆر جێگای تری نەرویج، لەمێژوودا زۆربەی بیناو باڵەخانەكانی لەدارو تەختە دروستكراون. بەڵام یەكێك لەڕووداوە هەمیشە دووبارەبووەكانی مێژووی ئۆسلۆ، كەوتنەوەی ئاگرو سوتانی شارەكەیە. بەجۆرێك حكومەت لەسەدەی نۆزدە، بۆ یەكجاری دروستكردنی باڵەخانەی تەواو لەدار قەدەغە دەكات.
كاتێك ئێوارەیەك بەسەردان رۆشتین بۆ لای یۆناس، ئەو لەیەكێك لەكافێكانی كامپن كۆڕێكی هەبوو بۆ ناساندنی دوایین كتێبی كەتەرخانكرابوو بۆ مێژووی مانگرتن لە ١٨٨٤وە هەتا ئێستا. لەوێ ژمارەیەكی زۆر لەخەڵكی تووێژی كرێكارانمان بینی كە لەگەڕەكی كامپن دەژین. كامپن هەتا ئێستا بەشێكی زۆری خانووی دارە. یوناس وەهای دەبینی جۆرێكە لەڕكەبەریی بۆ دروستكردنی خانوبەرە بەكەرەستەی هەرزان. هەروەها جۆرێكە لەخۆماڵێتی. یوناس هاوسەری ماریا ڤیلبێگە كەجێگری وەزیری كارە. مارییا لەڕۆژانی خوێندكارییەوە لەزانكۆی ئۆسلۆ چالاكەنە دژ بە ئەندامێتی نەرویج بۆ یەكێتی ئەوروپا كاردەكات.
بەڵام ئەو باڵەخانەو جێگایەی كە سەرنج و بایەخی زیاترە، كتێبخانەی گشتی ئۆسلۆ یان دایشمانە. ئەم كتێبخانەیە پانتاییەكی ئێجگار تایبەتە لەداهاتوگەرایی. بەپێچەوانەی كتێبخانە گشتییەكانی ترەوە كە بەهۆڵی تەسك دەناسرێنەوە، ئەم كتێبخانەیە پانتاییەكی كراوەیە، نەك تەنها بۆ كتێب بەڵكو بۆ زۆر چالاكی و كاری تر. لەوێدا مناڵەكانمان یاری شەترەنجیان كرد لەگەڵ مناڵی تردا. بە بۆنەی ئەوەی پاڵەوانی جیهانی شەترەنج ئێستا خەڵكی نەرویجە، شەترنج برەوێكی زۆری هەیە لەوڵاتدا.
كتێبخانەیەكە جێگایەكە كەحەزناكەی بەجێی بهێڵیت. ئەگەر وتەیەك هەیە دەیگەڕێننەوە بۆ بۆرخسی نووسەر گوایە ئەگەر بەهەشت هەبێت لەشێوەی كتێبخانەدایە، ئەوە ئەم كتێبخانەیە بە تەواوی لەبەهەشت دەچێت. پانتاییەكە بەتەواوی فرە كەلتور و فرە شوناسە. لەیەكێك لە بەشەكانی هەندێك كتێبی كوردی سۆرانی تیادابوو، بەڵام بە داخەوە لەكواڵیتی خراپبوون. من نازانم ئەو كەسەی ئەو كتێبانەی لەوێ داناوە، بەچ مەرجێك كتێبێكی سارتەر كەوەڕگێردراوەتە سەر زمانی كوردی لەوێدایە؟
ئەم سێ جێگایە لەوەدا هاوبەشن كەئێجگار نوێن، تەمەنی هیچ كام لەجێگاكان ناگاتە دە ساڵ. ئۆسلۆ لەڕابوردودا شارێكی سادەو هاكەزایی بوو.
جگە لەخەسڵەتە پۆستمۆدێرنەكەی لەئۆسلۆ چەند جێگایەكی تر هەڵگری تایبەتمەندی ئەو شارەن. لە هەناوی شاردا بەسەر گردێكەوە ماڵی سەرەكی شانشینی نەرویجە. لەسەدەی هەژدە كارل یوهان، دەست بەدروستكردنی كۆشكەكە دەكات كە سەرەتا یان كۆتایی شەقامی هەرە سەرەكی كارل یوهانە لەئۆسلۆ. شەقامەكە لەدڵی شارەوە رێك هەتا بەردەرگای كۆشكەكە دەڕوات. ئەم خەسڵەتە بەشێكە لەئەندازەسازیی دەسەڵات. شەقامی كارل یوهان بۆ نمایشی نیشتمانی بەكاردێت كە دەرخەری دەسەڵاتگەرایی كۆشكە. دیارە ئەم خەسڵەتە سیمبوڵگەراییە، لەئێستا تەنها رۆڵێكی سنورداری هەیە وەك بەشێك لەپرۆسەی نەگۆڕی دەسەڵات. پێكەوەگرێدانی پادشایەتی و پەرلەمانی وەك دوو بواری تەواو جیاواز بەشێكە لەبنەماكانی حوكمڕانی ئەوروپا. كۆشك كە نەگۆڕە، بنەمایەكی چەسپیو دەبەخشێت بەگۆڕاوێكی هەمیشە كەپەرلەمانە. ئەم تێكەڵكردنەی نەگۆڕو گۆڕاو هێشتا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فەراهەم نەبووە.
لەنزیك ناوەڕاستی كارل یوهان خانەی بیری نوپی هەیە، كە یەكێكە لەخانە بیرەكانی نەرویج، لەوێ رۆژێك لەگەڵ كۆمەڵێك لێكۆڵەرو خوێندكاری دوكتۆرا باسی پرسە هەنوكەییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان تاووتوێكرد.