کەلتوری هەلەف

12 مانگ لەمەوپێش



دەشتی مەحمود

مێژوونووسی کورد مێهرداد ئێزەدی، دەڵێت، « کوردێکم نەناسیوە کەباوەڕی بەئەوپەڕی دێرینیی مێژووی نەتەوەکەی نەبێت،» بەڵام ئایا دێرێنی کورد بۆ کەی دەگەڕێتەوە و باوانی کورد کێن؟ بەبڕوای ئەم مێژوونووسە، کورد بەرهەمی کۆبوونەوەی چەندین توێژاڵی کەلتوری خۆجێیانی زاگرۆس و هاوردەیە، واتە کوردی هاوچەرخ تێکەڵەیەکە لەچەندین کەلتوری جیاواز کە بۆ ماوەی چەندین هەزارە، لەناوخۆو دەرەوەی کوردستانەوە تێکەڵەیەک و هەمڕەنگییەکی کەلتوریان پێکهێناوە کە بەئاسانی لەگەلانی تری ناوچەکە جوێیە. بێگومان ئەم تێکەڵبوونە هەڕەمەکی یان بەڕێکەوت رووی نەداوە، هەروەها بەپلان و ئایدۆلۆژیای نوخبە، تووێژ یان دەستەیەکی دیاریکراو ئەنجامنەدراوە؛ لەڕاستیدا ئەم بژارکردن و هەڵبژاردنە کردەیەکی دەرەتاکی بووە. لانیکەمی بەدامەزراوەیی بوونی کەلتوری خۆجێیەکانی زاگرۆس (میزۆپۆتامیای ژوورو) بۆ سەرهەڵدانی چاخی بەردینی نوێ (کشتوکاڵ دەگەڕێتەوە) و لەوکاتەوە بەڵگەنەویست، بنەما، رێسا و پێوەرەکانی کەلتورەکەیان داڕشتە دەبێت و ئەمانە ناوەخنەکەیان پێکهێنا؛ دواتر لەهەر رووبەڕووبوونەوەیەکدا، لەهەر تێکەڵبوون بەئەویتر چ دۆستانە یان داگیرکارانە بووبێت؛ ئەم ناوەخنانە بەوپێیەی گرێدراوی گیان، ژیارو شێوەژیانی خۆجێیەکان بوو، بەگوێرەی سەردەمە جیاوازەکان ناوەخنەکەیان بەفۆرمی جۆراوجۆر بەرهەمهێناوەتەوە؛ لەم بەرهەمهێنانەوەدا زۆرجار خودی کۆمستێری (مەنزومەی) ناوەخنەکە بەگوێرەی دەستوەردانی ئەویتر ترازاوەو هەندێ جارییش گۆڕانی بنەڕەتی بەسەر شێوە ژیانەکەدا هاتووە، بەڵام ناوەخنەکە تۆکمە ژیارییەکە توانیویەتی  خۆی بەرهەم بهێنێتەوە.

هەتاوەکو ئێستا، سەرەتاییترین بەڵگە لەسەر کەلتورێکی یەکگرتوو و جیاواز کەخەڵکی نیشتەجێی میزۆپۆتامیای ژوورە (کوردستان) هاوبەشییان پێکردووە، پەیوەندی بەسەردەمی ‹کەلتوری هەلەف›ـەوە هەیە کەنزیکەی ٨٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە. بەدەربڕینێکی تر یەکەم دەرکەوتەی ناواخنی نیشتەجێیەکانی زاگرۆس کە لەمێژوودا تۆمارکراوە کەلتوری تەل هەلەفە.  ئەم کەلتورە بەناوی تەپۆڵکە دێرینەکەی تەل هەلەف لەڕۆژئاوای شارۆچکەی قامیشلۆ لەڕۆژئاوای کوردستان ناونراوە، ئەم کەلتورە بەئاسانی بەشێوازی گۆزەسازیی دەناسرێتەوە، کەخۆشبەختانە بەشێوەیەکی بەرچاو لەم سەردەمەدا بەرهەمهێنراوە. گۆزەسازیی هەلەف کە بەشێوەیەکی نایاب رەنگ کراوو بەشێوەیەکی ناسک نەخشێنراوە، بەئاسانی لەبەرهەمەکانی پێشوو و دواتر جیا دەکرێتەوە. تەنیا بە لەبەرچاوگرتنی پاشماوەی گۆزەسازیی، پێدەچێت کەلتووری هەلەف لەنێوان ساڵانی ٦٠٠٠ بۆ ٥٤٠٠ پێش زایین درێژبووبێتەوە، کەماوەی نزیکەی ٦٠٠ ساڵی خایاندووە.

 

هونەری هەلەف

بەبڕوای زۆرێک لەشوێنەوارناسان و مێژوونووسانی میزۆپۆتامیا، هونەری گۆزەسازیی هەلەف بەهۆی رەنگاڵەیی و فرەنەخشەیی بەئاسانی لەهونەری کەلتورەکانی دوای خۆی جیادەکرێتەوە، ئەم فرەڕەنگی و نەخشینییەی لەهونەری کەلتوری هەلەفدا رەنگیداوەتەوە، لەکەلتورەکانی دوای خۆی بەتایبەت (کەلتورە سامییەکان) زۆر جیاوازترەو هی ئەوان فرەڕەنگی تێدانییە و زیاتر سادەو یەکرەنگە. گۆزەسازیی هەلەف لەگەڵ دەفرە سورەکراوەکانیان چ وێنەیی یاخود ئەندازەیی، رەنگاوڕەنگی تایبەتمەندییەکی نایابی بەهونەرەکەیان بەخشیوە  کە لەوانەیە ناوەڕۆکێکی ئایینییان هەبێت: زۆرجار مرۆڤ، پەلەوەر، باڵندە، خشۆک، بەڕەنگی رەش و سوور بۆیە کراون. لەقۆناغی دواییتری هەلەفدا، گرنگترین ناوەندی بەرهەمێنانی کەرەستەی خۆراک و خواردنەوە بووەو ئەم کەرەستانە بەسێبەری سوورو قاوەیی و سپی رەنگکراون و ئینجا لەسەریان گوڵی جۆراوجۆر و شێوەی ئەندازەیی نەخشێندراون، ئەم ناواخنانە هەتاوەکو ئێستاش لەناو هونەری چنینی بەڕە، رایەخ، مافوور کڵاوو جەمەدانی و هەوریشدا ماوەتەوە. دەتوانین بەشی هەرە زۆری یەکەم دەرکەوتنی ناوەخنە کەلتورییەکەی دانیشتوانی مێزۆپۆتامیای ژوورە (کوردەکان) لەهونەری هەلەفدا بدۆزینەوە.

 

کۆتەڵی شۆڕەژن

 لەناو ئەم چەندین دۆزراوانەی سەردەمی کەلتوری هەلەف، کۆتەڵی ژن هەیە کەڕەنگی جیاوازیان لەسەر نەخشێنراوە. ئەم شێوەی نواندنەوەی ژن لەسەردەمی راوچی-کۆکەرەوە ئەوروپاش ئامادەیی هەیە و زۆرجار وەکو مێخواوەند لێکدانەوەیان بۆ کراوە و ناوی کۆتەڵی ڤینۆسی لێنراو؛ بەڵام ئەمەی تەل هەلەف هی سەردەمی راوچی-کۆکەرەوەی میزۆپۆتامیای ژوورو نییە بەڵکو هی سەردەمی کشتووکاڵە.  لێرەدا من پێشنیاری ‹›کۆتەڵی شۆڕەژن›› بۆ ئەم پەیکەرۆکانەی مێینە دەکەم؛ جگە لەوەی شۆڕەژن لەزمانی کوردیدا بەژنی جوان، دەستڕەنگین، کارامەو چالاک وتراوە هەروەها بۆ ژنی خەپەی شل و شۆڕ بەکاربراوە کە ئەمەی دووەمیان بەشێوەیەکی سەیر لەوەسفی ئەو کۆتەڵانە دەچێت. یەکەم دەرکەوتەی ژن بەڕووتی لەپێشمێژوودا کە دۆزرابێتەوە، لەشێوەی کۆتەڵی ناوبراودایە. شکڵناسی پەیکەرە جۆراوجۆرەکانی شۆڕەژن، پیشاندەری جەستەیەکی قەڵەو، مەمکی گەورە، ناوقەدو سمتی قەڵەو و پانوپۆڕ بووە، هاوکات روخساریان یان داپۆشراوە یان دروست نەکراوە. شکڵناسیی کۆتەڵی شۆڕەژن دەشێت خۆی لەناو روانگەی بایۆلۆژیدا ببینێتەوەو ئەو جۆرە لەجوانی تێدا بەرجەستە کرا بێت. هێشتا مرۆڤ بەتەواوی نەهاتۆتە ناو پانتاییە رەمزییە نووسراوەکانەوەو جیاوازییە تۆخە مرۆڤناسی و تەنانەت سایکۆلۆژییەکان لەناو چەشەی گشتیدا داڕشتە نەبووەو فۆرمی وەرنەگرتووە. هەروەها هێشتا کۆمەڵگای باوکسالاری دەرنەکەوتووە تاوەکوو بەهاکانی خۆی لەجوانی و پێودانگەکانی جوانییەوە بگلێنێت. کۆتەڵی شۆڕەژن لەبەرئەوەی لەبەرەبەیانی تۆمارکراوی جۆری مرۆڤ بەجێماون و رەبتیان بەوەچەخستنەوەو بەرهەمهێنانەوەی جۆرەوە هەیە بۆیە کەمترین جوانی نابایۆلۆژی تێدا دەبینیتەوە. رووخسار کە لەسەردەمی مۆدێرندا بەشێوەیەکی وەسواس دەبێتە جێگەی سەرنج و دەستکاری، لەبەرەبەیانی مرۆڤدا بابەت نەبووە. ئەوەی گرنگ بووە جەستەی قەڵەو و بەپیت بووە بۆ وەچەخستنەوە. ئێستاتیکاکەشی کەڕەبتی بەئیرۆتیکا و شەهوەتەوە هەیە هێشتا هەر سەر بەجوانی بایۆلۆژییە لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پاڵنەرە بایۆلۆژییانە لەناو یەزدانناسیدا داڕشتە بووەو گوزارشت بوون لەپیرۆزیی ئافرێنەرانەی ژن.

گرنگی نەدان بەکێشانی رووخسار لەکۆتەڵی شۆڕەژندا، بەمانای ئەوە نایەت نێرەکانی ئەو سەردەمە جوانی دەموچاویان لەلا گرنگ نەبووە یان ژنان بایەخیان بەڕووکاری روخسارو جەستەیان نەداوە. هەروەها بۆ ئەوەش ناگەڕێتەوە کە ژنان تەنیا رەهەندی وەچەخستنەوەی جەستە یان خۆیان لەلا گرنگ بووەو بۆ پیاوانیش هەر ئەوە هەموو شت بووە. بزری روخسار لە کۆتەڵی شۆڕەژندا بۆ بزری خاوەندارێتیی تایبەت دەگەڕێتەوە، بۆ بزری بەموڵک نەبوونی ژنان دەگەڕێتەوە. ژنان بەگوێرەی رووخساریان لەپەیوەندی بەنێرێکی دیاریکراوەوە شوناسی وەرنەگرتووە. ژنان لەئازادیی هێزی ئافراندنی جەستەی خۆیان لەپەیوەند بەخۆیانەوە شوناسیان وەرگرتووە. هەر ژنێک بۆ رووخسارێکی دیاریکراو کورت نەبووەتەوە وەک ئەوەی لەژیاری باوکسالاریدا دەیبینین. ژنان کاتێک رووخسارێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی، کەلتوری، ئابووری، ئایینی وەردەگرن رووخساریان لەسەر پەیکەرو لەناو نیگارەکاندا دەردەکەوێت؛ واتە ژنان دەبنە هەڵگری رووخسارێکی دیاریکراو کەموڵکی پیاوە وەک چۆن مەڕوماڵاتەکەی، زەوییەکەی و ماڵەکەی مۆڵکییەتی.

راستە روانگەی بایۆلۆژی دەتوانێت کۆمەڵێک راستی بنەڕەتی لەسەر سەرنجکێشیی شکڵناسیی جەستە لەپەیوەند بەهەڵبژاردنی سێکسییەوە بخاتەڕوو و تاڕادەیەک روونکردنەوەی شیاو لەسەر ئاستی غەریزەی مانەوە، لەوبارەوە بەردەست بکات، بەڵام ناتوانێت رەهەندەکانی تری ئەو دیاردەیە ببینێت؛ ئەگەرچی لە بڕگەیەکی دووروودرێژی مێژووی مرۆڤدا، تاڕادەیەکی زۆر توانیبێتی دەستوپەنجەی خۆی بەیادگار بەجێ بهێڵێت بەڵام لەبرگەکانی دواتردا بەگوێرەی شێوەژیانی سەردەمە جیاوازەکان جوانییەکەی گۆڕانی بەسەردا دێت. ئەوی راستی بێت ئەم رەهەندەی بایۆلۆژییەی جەستەی ژن بۆ ئەوان فامکراو نەبووە بەڵکو ئەوان جەستەی ژنیان لەناو روانگەی ئوستورەییدا فامکردووە، بۆ ئەوان جەستەی ژن وەکو خودی ژیان بووە کەتوانای ئافراندنی بووە؛ جەستەی ژن پیرۆز بووەو زەق کردنەوەی هەندێ ئەندامی بۆ لایەنی بەدیهێنەری ژن گەڕاوەتەوە. ئەوە ژن بووە ژیانی ئافراندووە، ئەوە ژن بووە ژیاری رەخساندووەو ئەوە هەر ژن بووە کەلتوری داهێناوە و کشتوکاڵی بەرهەمهێناوە، هەموو ئەمانە دەستیان لەوەدا هەبووە خواوەند وەکوو ژن فام بکەن و هەر ئەمەش وادەکات یەکەم خواوەندەکان لەمێژوودا ژن بن.

لەناو گوتاری مۆدێرندا، دۆزینەوەی ئەم جۆرە کۆتەڵانە، لەناو کەلتورێکی کۆنی کوردستان و میزۆپۆتامیای ژوروو، دەشێت وەها شرۆڤە بکرێت کە دانیشتوانی کوردستان پێگەیەکی گرنگیان بە جەستەی ژن داوەو جیاواز لە کەلتورەکانی دواتری ناوچەکە بەتایبەت سامییەکان کە نەک جەستەی ژن لەهونەریاندا نانوێننەوە و کۆتەڵ و پەیکەری ژنان درووست ناکەنەوە و بگرە بەیەکجاری لەهونەرەکەیاندا دەردەکرێت و هەتا لەدواترین نوسخەی کەلتوری سامیدا، واتە ئیسلام دوای یەهوودیەت و مەسیحیەت، جەستەی ژن بەیەکجاری دادەپۆشرێت و سێکسواڵیەتەی داگیر دەکرێت.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار