لە پەلکانەوە پرسی کوردستان چۆن دەردەکەوێت؟

2 ساڵ لەمەوپێش



شێرکۆ کرمانج

ئێستا لە گابەرەکەم کە چوار کیلۆمەتر لە پەلکانە دوورە و دوو سەعات پێشووتر بە پەلکانە تێپەڕبووم. ئەم دەوروبەرە ھەموو خسڵەتەکانی وڵاتێکی داگیرکراوی پێوەدیارە، وەک:

یەکەم، ناوچەکە تەنراوە بە ڕەبیە و بنکە و بارەگای سوپای عێراق، وەک جاران.

دووەم، لەگەڵ سوپا، عەرەبی تەعریب ھێنراون ھەم بۆ داگیرکردنی زەوی جوتیارە کوردەکان ھەم بۆ تەشقەڵەپێکردن و دەرپەڕاندنیان، سیاسەتێک کە ھەموو داگیرکەرێک پەیڕەوی دەکات.

سێیەم، دزینی سامانی ناوچەکە. گوندەکانی دەوروبەری پەلکانە نزیک بە ٢٨٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دێنن و ھەناردە دەکەن. ئەمە سەد ساڵە ئەم گوندانە بەردەوام قوربانی سیاسەتی تەعریبن لە عەبدولسەلام عارفەوە بۆ شیاع سودانی، لەبەر ئەم دەوڵەمەندییە.

چوارەم، سامانە دزراوەکەی ئەم ناوچەیە بۆ پڕچەککردنی دەوڵەتی عێراق بەکارھاتووە و گوندەکانی پێ کاولکراوە و تەعریبکراوە.

کێشەی ھەر گەورەی مرۆڤی کورد لە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە خۆتاوانبارکردنە، خودنەفرەتی، خۆبەکەمزانین بەگشتی، یان خەتابارکردنی لایەنە کوردییە نەیارەکەی خۆیەتی. پارتییەکان یەکێتییەکان تاوانبار دەکەن، یەکێتییەکان پارتییەکان. ئیسلامی و نەوەی نوێش ھەردووکیان.

خۆی ڕاستە بەشێکی ئەم بەرپرسیارەتییە لە ئەستۆی کورد و دەسەڵاتدارانی ھەرێمە. بەڵام ئێمە چاکدەزانین کە ماددەی ١٤٠ لە دەستور جێگیرکراوە کە داوای ناردنەوەی عەرەبە ھاوردەکان دەکات و لەگەڵ گێڕانەوەی کورد و تورکمانە دەرپەڕێنراوەکان. ھاوکات حکومەتی مەرکەزی پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی دەستور. ئێستا ئەوە بۆ ١٨ ساڵ دەچێت حکومەتی مەرکەزی نەک بارە شێوێنراوەکە ئاسایی ناکاتەوە بگرە لەسەر سیاسەتی تەعریب بەردەوامە. من ئێستا سەدان بەڵگەم لەبەردەستدایە کە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق، دادگاکان، پۆلیس، پارێزگای کەرکوک، سوپا، وەزارەتی کشتوکاڵ، لە پشت درێژەدان بە تەعریبن، ھەر ئێستا.

کورد بڕیاری جیابوونەوەی لە عێراق داوە، لانیکەم دوو جار، لە ٢٠٠٥ و ٢٠١٧، لە ڕیفراندۆمێکی فەرمی و یەکێکی نافەرمی. ئەوە حکومەتی عێراقە کە ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان ناگرێت. ئێستا دەزانم ھەندێک دەڵێن ڕیفراندۆم بێ پلان بوو، ڕیفراندۆم پارتی بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی مەسعود بارزانی کردی، ڕیفراندۆم یەکڕیزیی بۆ نەکرابوو، ڕیفراندۆم پلانی ئەم یان ئەو بوو بۆ لەناوبردنی ئەزموونی ھەریم بوو... ھتد ھتد... ئەمانە ھەموو ڕاست بن یان نا ھیچ لەوە ناگۆڕێت کە خەڵکی کوردستان لە ھەردوو ڕیفراندۆمدا دەنگی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا نەک بۆ ھیچ حیزبێکی سیاسی.

ھەندێکیش دەڵێن، ئاخر کورد، ھەرێم، ئامادەنەبوون بۆ ڕیفراندۆم، وەڵا منیش وادەڵێم، بەڵام ئەگەر مەبەست پارسەنگی ھێزە، یان خۆ پڕچەککردنە، یان یەکڕیزیی حیزبە کوردستانییەکانە، ئەوە من پێموایە ھەتا دنیا ماوە کورد، یان ھەرێم، قەت نە یەکڕیزیی حیزبەکانی کوردستان بەخۆیەوە دەبینێت، نە ھەرێم پڕچەک دەبێت، نە پارسەنگی ھێز بەلای ھەرێم و کوردەوە دەبێت. چونکە ئەگەر عێراق یان سوریاش بێھێز بن ئەوە تورکیا یان ئێران ئەو پارسەنگییە پڕدەکەنەوە. ئاخر ھەموومان چاک دەزانین ئەوەی نەیھێشت ڕیفراندۆم سەربگرێت ئەوە عێراق نەبوو بەڵکو تورکیا و ئێران بوون. ئەوەی نەیھێشت ئەسەد بڕوخێت ئەوە ئێران و ڕووسیا و حیزبوڵا بوون.

کەواتە کورد ناتوانێت لە ڕێگەی ھێزی سەربازییەوە ئیرادەی خۆی بسەپێنێت و بە مافەکانی بگات. کورد تەنیا لە ڕێگەی ڕیفراندۆم و ڕای خەڵک دەتوانێت ئیرادە و ویستی خۆی نیشان بدات، ئەوانی دیکە، چ عێراقییەکان، چ سورییەکان، چ تورکەکەن، چ ئێرانییەکان، دەبێت ڕێز لەو ئیرادەیە بگرن. ڕێز لە کورد وەک نەتەوەیەک بگرن کە دەیەوێت و سەروەر و سەربەخۆ بێت.

ئەوەی کە حکومەتی ھەرێم لێی بەرپرسە و تەواو خەمساردە ئیش نەکردنە لەسەر ئەم ڕەھەندە، ڕەھەندی دروستکردنی ئیرادەی کورد، بەیاساییکردن و بەنێودەوڵەتیکردنی ئەم ڕەھەندە و پرشی کورد. ئەوەی کە حیزب و لایەنە کوردییەکان دەیکەن، لە ڕێی کاریگەریشیان لەسەر خەڵک خەڵکیشیان بەو ئاراستەیە بردووە، کە ھەموو کێشەیەکی کورد و ئەوانی دیکە کراوە بە کێشەی کوردی-کوردی. تا لەو جوغزە دەرنەچین شەڕفرۆشتنەکانی پەلکانە، تەعریب، بێئیرادەیی ئینسانی کورد، ھەر بەردەوام دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار