گەر ئەردۆغان بدۆڕێت؟

2 ساڵ لەمەوپێش



ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

کەمتر لەهەژدە رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا، بەگوێرەی نوێترین راپرسییەکانی ئاڤراسیا، مێترۆپۆل،  پییارو ئاکیسۆی، کەمال کڵچدار ئۆغڵو لەخولی یەکەمدا هەڵبژاردنەکە لەبەرژەوەندی خۆی یەکلایی دەکاتەوە. یەکێک لەو دۆسیانەی ئۆپۆزسیۆن چاوی لەسەریەتی لەپاش بردنەوەی هەڵبژاردنەکە دۆسیەی ئابووری وڵات و بەتایبەتیش مەسەلەکانی گەندەڵی و هاڵک بانک و رەزا زەڕابە.

 لەپاش ئاشکرابوونی سکانداڵەکەی ئەردۆغان و بیلالی کوڕی و هەندێ لەوەزیرەکانی حکومەتەکەی ئاکەپە سەبارەت بەگەندەڵی و دزینی دەیان ملیۆن دۆلار کە بەڕووداوەکانی 17-25 تشرین ناسراوە، سەرەداوەکانی ئیختلاس و سپیکردنەوەی پارەی ئێران لەتورکیادا دەرکەوتن، بۆ ئەم مەبەستەش دوو ناوی کلیلی وەک دەڵاڵی سپیکردنەوەی پارە و نەوت و زێڕی ئێران لەتورکیادا بوونە مانشێتی رۆژنامەکان. یەکێک لەوانە رەزا زەڕاب بوو ئەوی دیکە بابەکی زەنجانی بوو. ئەردۆغان بەردەوام پشتگیری لەڕەزا زەڕاب دەکردو بەپیاوێکی خێرۆمەند لەمیتینگەکانیدا لەتەنیشت خۆیەوە دەیوەستاند وەسفی دەکردو تۆمەتەکانی سەر زەڕابی رەتدەکردەوە

 

 رەزا زەڕاب کێیە؟

رەزا زەڕاب سەرمایەدارێکی ئێرانی-تورکییە، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەئەندازیاری خاپوورکردنی ئابووریی تورکیای ناوزەد دەکەن. ئامریکا بەسپیکردنەوەی 87 بیلیۆن یۆرۆی پارەی زێڕو  نەوتی ئێران تۆمەتباری کردبوو لەسەردەمی ئابڵۆقەی ئەمریکا بۆسەر ئێران. زەڕاب  ئەو پارەی رەشەی ئێرانی لەگەڵ بازرگانێکی دیکەی ئێرانی بەناوی بابەکی زەنجانی لە هاڵک بانکی تورکیا «ئەو بانکەی پارەی نەوتی هەرێمی تاماوەیەکی زۆر تێ دەڕژاو لینیکی راستەوخۆی لەگەڵ بانکێکی هەرێمی کوردستاندا هەبوو». سپیکردبووەوە. دواتر بابەکی زەنجانی لەئێران بەتۆمەتی «فساد فی الارض» لەئێران سزای لەسێدارەدانی بۆدەرچوو. زەڕابیش لەگەڵ  محمد هاکان ئاتیللای سەرۆکی هاڵک بانک لەسەر داوای داواکاری گشتیی نیویۆرک پریت بەهارارا ساڵی 2016 دەستبەسەرکران. پاش ئەم دەستبەسەرکردنە ئەمریکا ئابڵوقەی ئابووری خستەسەر هاڵک بانک و هەموو ئاڵوگۆڕو  ترانس ئاکشنەکانی لەو بانکەدا بڵۆک کرد. لەپاش ئەم ئابڵۆقەیە بەدیاریکراویش لەدوای ساڵانی 2016 یەکەمین زەنگەکانی  هاڕەی ئابووری تورکیاو لیرەکەی لێیداو بۆ یەکەمجار لیرە ریکۆردی 5ی شکاند بەرامبەر بەدۆلارێک، ئەمڕۆ لیرە بەنزیکەیی هەزار لەسەدی بەهای خۆی لەدەستداوە لەبەرامبەر دۆلارداو هەر دۆلارێک زیاترە لە 20 لیرە.

 

 رەزا زەڕاب لەکوێیە؟

دەگوترێت بۆ ئەوەی ئەو سزایەی لەسەرێتی کەمێک سوک بکرێت، زەڕاب دانی بەوەدا ناوە کەپارەو زێڕێکی زۆری ئێرانی لەتورکیادا لەبەرژەوەندی ئەردۆغان سپیکردووەتەوە، دیارە شکاندنی ئەمبارگۆی ئەمریکا لەسەر وڵاتێک لەئەمریکادا لەهەرە تاوانە گەورەکان تەماشا دەکرێت. هەر لەسەرەتاوە خودی دۆناڵد ترەمپ رۆڵێکی ئەرێنی دەگێڕا لەدۆسییەی سوککردنی سزای سەر زەڕاب و محمد ئاتیلای بەرپرسی هاڵک بانک. ئەم رۆڵە بەجۆرێک بوو کە بەرات ئاڵبایراکی زاوای ئەردۆغان لەڕێگای بێرنارد کۆشنێری زاوای ترەمپەوە توانی بگاتە ئۆڤاڵ روومی کۆشکی سپی و لەگەڵ ترەمپدا کۆببێتەوە. لەعورفی سیاسی کۆشکی سپیدا مەحاڵە وەزیری وڵاتێک یان کەسێک کەپلەی لەسەرۆک کەمتر بتوانێت لەئۆڤاڵ روومدا لەگەڵ سەرۆک کۆببێتەوە، بەڵام ئاڵبایراکی زاواو وەزیری خەزێنەی ئەودەمی تورکیا ئەمەی کرد. دەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێت کەترەمپ خاوەنی دوو تاوەری بازرگانی گەورەیە لە شیشلی ئیستانبوڵ بەناوی TRUMP TOWERS.

 جۆن بۆڵتن راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکا لەکتێبەکەیدا «ژووری رووداوەکان» باسی ئەو واستەو تەشەبووسانە دەکات کە ئامینە ئەردۆغانی ژنی رەجەب تەیب ئەردۆغان لای میلانیا تڕەمپ کردوونی بۆ ئازادکردنی زەڕاب و ئەحمەد  ئاتیلا کەگوایە ئەوان بێتاوانن.

بۆڵتن دەڵێت: لەدیدارێکی نێوان ئەردۆغان و ترەمپدا لەدیسەمبەری 2018 لەئەرجەنتین ئەردۆغان داوای لەترەمپ کرد کەیارمەتیی بدات لەئازادکردنی سەرۆکی هاڵک بانک محمد ئاتیللا و ئیتر کۆتایی بەکێشەکە بێت «کێشەکەی رەزا زەڕاب و محمد هاکان ئاتیللا». پێشتر ئەمینە ئەردۆغانی ژنی ئەردۆغان ئەم داواکارییەی لەژنەکەی جۆو بایدن کردبوو کە جێگری ئۆباما بوو. ترەمپ بەئەردۆغانی وت: کە بەجددی کار لەسەر ئەم مەسەلەیە دەکات بەڵام کێشەیەک هەیە ئەوەش ئەوەیە پیاوەکانی ئۆباما وەختی خۆی ئەم کارەیان دەستپێکردووە. بۆڵتن ئەم قسەیەی ترەمپ بەگەمژانە وەسف دەکات و پێی وایە کە ترەمپ دەیەوێت هاوشێوەی دەسەڵاتخوازێکی وەک ئەردۆغان مامەڵە بکات و دەڵێت: «ترەمپ دەبوو ئەوە بزانێت دەزگای دادوەریی لەوڵاتەکەدا پەیوەندی بە ئۆباماوە نییەو تەواو سەربەخۆیە.»

 پێش کۆتایی هاتنی وادەکەی ترەمپ، بەفەرمانێک  پاتریک بەهارارا داواکاری گشتیی نیویۆرک لەکارەکەی دوورخرایەوە. ئەم دوورخستنەوەیە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

 ئێستا زەڕاب لەکوێیە؟

پاش چوار ساڵ ونبوون و لەئۆکتۆبەری 2021 رۆژنامەنووس ئادەم یاڤوس ئارسڵان شوێن پێی ئەم دۆسییەیە هەڵدەگرێت، ئارسڵان لەویلایەتی مەیامی گومان لەکەسێک دەکات و دواتر پاش هەوڵێکی چڕ بۆی دەردەکەوێت کە بازرگانێک لەشارێکی ویلایەتەکە کۆمپانیایەکی کردووەتەوەو ناوی خۆشی گۆڕیوە  هەمان رەزا زەڕابی خۆیانە. ئارسڵان بەڵگەی ڤیدیۆیی دەیسەلمێێت کە زەڕاب نەک هەر ئازادکراوە بەڵکو ناوی خۆشی بۆ ئارۆ سیمث گۆڕیوەو خاوەندارێتی لەکۆمپانیایەکیش دەکات بەناوی  نێکست لێڤڵ، کە بەبڕوای ئارسڵان ئەم کۆمپانیایە لەبنەڕەتدا هی بیلال ئەردۆغانە. ئارسڵان پێی وایە زەڕاب لەکۆتاییەکانی ویلایەتەکەی ترەمپدا ئازاد کراوە.

 

 بایدن و ئەردۆغان

جۆو بایدن لەهەڵمەتی هەڵبژاردنیدا نەیدەشاردەوە  گەر دەرچێت سنوورێک بۆ سەرکێشییەکانی»دیکتاتۆرەکەی ئانکارا» دادەنێت، بایدن لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا لەبری سەرۆک پێشگری دیکتاتۆری بۆ ئەردۆغان بەکاردەهێنا، لەپاش دەرچوونیشیەوە وەک سەرۆکی ئەمریکا ئابووری تورکیا لەخراپەوە بۆ خراپتر جوڵەی دەکرد. دەمودەست پاش دەرچوونی، بایدن ئامادە نەبوو لەلوتکەی نیویۆرک چاوی بە ئەردۆغان بکەوێت و ئەمەش ئەردۆغانی زۆر توڕە کرد.  بایدن بەردەوام ئەوەی نەشاردووەتەوە کە چەند ساڵێکی زۆری دەوێت تائەو هەڵانەی ترەمپ دروستیکردوون سەبارەت بەتورکیاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راستیان بکاتەوە. ئەمریکا زۆر بەدیقەتەوە چاودێریی ئەو سیاسی و بزنسمان و کۆمپانیانە دەکات کە لەگەڵ ئێران ئاڵم و ساتم دەکەن، تورکیاش بەیەکێک لەم ناوەندانە دەبینێت. شکانی لیرەی تورکی و گۆڕینی یەک دوای یەکی پارێزگارەکانی بانکی ناوەندی وەک ئازارشکێن «لەماوەی چوارساڵدا پێنج سەرۆکی بانکی ناوەندی گۆڕدراون» و دابەزاندنی رێژەی سوودی بانکی و هەڵاوسانی بێ پێشینە هێمای زۆر خراپن ئەمڕۆ بۆ ئابووری تورکیاو لیرەکەی و هەر ئەمەشە دەستەکەی ئۆپۆزسیۆنی بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەهێز کردووە.

«برایان هوک بەرپرسی کاروباری پێشووی ئێران لەئیدارەکەی ترەمپ بەوردی کاری لەسەر ئەو تەرەفانە کردبوو کەهەوڵی شکاندنی ئابڵۆقەی سەر ئێرانیان دابوو. ئەم دۆخەی ئەمڕۆی  ئابووری تورکیا تێیکەوتووە بەشێکی زۆری پەیوەندی بەو لێپرسینەوانەوە هەیە کەئیدارەکەی بایدن بەرامبەر ئەردۆغان و ماڵباتەکەی دەیکات لەڕاستکردنەوی هەڵەکانی ترەمپ.

 

 هەڵبژاردن و دۆسیەی زەڕاب

هەر لەسەرەتاوە کەمال کڵچدار ئۆغڵو بەحەماسەوە لەگرووپی هەفتانەی پارتەکەیەوە کاسێتی دەنگیی ئەردۆغان و بیلالی کوڕی سەبارەت بەگەندەڵییەکانی 17-25 ی تشرین بڵاودەکردەوەو وەعدی ئەوەی دەدا لەکۆڵ ئەم دۆسییەیە نابێتەوە. دواتر بەئاشکرابوون و گیرانی رەزا زەڕاب و داتەپینی ئابووری وڵات ئەوەندەی دیکە بواری کارکردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن فراوان بوو.

 لەوەڵامی تویتێکی ئەردۆغاندا  کەدەڵێت: «ئیرادەی بەڕێوەبردنی تورکیامان هەرگیز نەداوەتە دەست هیچ کەس و مافیاو گروپ و لایەنێک، لەداهاتووشدا نایدەین» عەلی باباجان ئەندازیاری هەستانەوەی ئابووری تورکیا دەنووسێت:» مادەم وایە ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەو بڕۆ، بەجێی بهێڵە.» بەگەرمکردنەوەی ئەم تویتە باباجان ناڕاستەوخۆ ئەردۆغان بەکاری مافیایی و تەپاندنی ئابووری وڵات تۆمەتبار دەکات.

یەکێک لەو دۆسیانەی کە هاوپەیمانی میللەت و خودی کڵچدارئۆغڵو بڕیاری داوە پەیگیری بێت هەمان ئەم کێشەیەی هاڵک بانک و رەزا زەڕابە. لەئەگەری دەرچوونی کڵچدار ئۆغڵوو  هەڵدانەوەی ئەم دۆسییەیە پێدەچێت سوپرایزی گەورەشی بۆ ئێمە وەک هەرێمی کوردستان تێدابێت. چەند هەفتەیەک بەر لەئێستا بانکی ناوەندی عێراق ئەمبارگۆی دارایی خستە سەر بانکێکی دیاریکراوی کوردستان کە لەڕابردوودا پارەی نەوتی لێوە بۆ دینار تێدا دەگۆڕدرایەوە. بانکی ناوەندی بەتۆمەتی ئەوەی پارەیەکی زۆری لەهاڵک بانکدا شاردۆتەوە ئەم بانکەی بلاک لیست کردووە. بانکی ناوەندی لەڕوونکردنەوەکەیدا جەختی لەوە کردبووەوە هەموو جۆرە قەرزپێدانێک بەو بانکەی هەولێر رادەوستێت تائەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەو بانکە لەگەڵ هاڵک بانک یەکلایی دەکرێنەوە. دۆسییەی هاڵک بانک و رەزا زەڕاب دۆسیەیەکی سەرنجڕاکێشە، بەدەرچوونی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و لێکۆڵینەوەی شەفاف لەو بانکە دەشێت دەیان سەرەداوی نهێنی هەرێمی کوردستانیش ئاشکرا ببێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار