بانكی ناوەندی بەریتانیا چۆن چارەسەری هەڵاوسانی دراوەکەی دەکات؟
2 ساڵ لەمەوپێش
زاهیر باهیر
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەت هەڵاوسانی پارە لەبەریتانیا لەمانگی ئازاردا بەڕێژەی لەسەدا 10.1 و بڕی تێکڕای بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ژیانیش بەڕێژەی لەسەدا 19.2 سەرکەوتووە، بەڵام ئەم رێژەیە لەواقیعدا زۆر لەوە بەرزترە، ئا لەم بارەشدا بانكی ناوەندی بەریتانیا هەروەکو هەموو بانكە ناوەندیەكانی وڵاتانی دیکەو چارەی تەواوی ئابووریناسەکانی لیبراڵ و نیولیبراڵ یاریکردنە بەچەند فۆرمیلەیەك بۆ چارەسەری بارودۆخی خراپی ئابووریی.
بێگومان یاریکردن بەو فۆرمیلانە لەپێناوی هێنانە خوارەوەی هەڵاوسانی پارەدا بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی نییە بەڵكو تاوانێکی گەورەیە کە لەهەقی دانیشتوانی بەریتانیا بەناوی ئیدارەدانی ئابوورییەوە دەکرێت، هۆکاری تاوانەکەش هەر زۆر روونە چونکە چارەسەکردن نییە کێشەکان لەدۆخێکی خراپەوە بۆ دۆخێکی خراپتر دەبەن.
فۆرمیلەکانی بانك کە لەئیدارەدانی هەڵئاوسانی پارەدا یارییان پێدەکات چەند دانەیەكە لەوانە:
یەك : هەوڵی داشکاندنی رێژەی هەڵئاوسانی پارە یاخود بەرزبوونەوەی بۆ چارەسەری خراپی ئابووریی:-
بۆ داشکاندنی رێژەی هەڵاوسانی پارە، بانك رێژەی سوو بەرزدەکاتەوە ، ئەمەش بەهای دراوی پاوەند بەرزدەکاتەوە، گوایە بەمە چیتر خەڵکی لەقەرزکردن و کڕینی شت دەوەستێت و ئەوکاتەش نرخی کاڵاو شمەکەکان بەرزنابنەوەو سەقامگیر دەبن. هەروەها ئەوانەی پاشەکەوتیان هەیە قازانج دەکەن، کە بەگوێرەی ئەوە پاشەکەوتەکەیان لەبانقدا دەچێتە سەرەوە، تاکو ئێستا بانكی ناوەندی 11 جار سووی بەرزکردووەتەوە، چاوەڕواندەکرێت لەمانگی داهاتوودا جارێکی دیکەش رێژەی سوو بەرزببێتەوە.
کاتێک بەهای دراوەکە بەرزدەبێتەوە هەناردەی وڵات دەکوژێت چونکە توانای کڕینی کاڵاکان لەلایەن خەڵکان و کۆمپانیاکانی وڵاتانی دیکەوە کەمتر دەبێتەوە. هەرئاواش سەرمایەداران قەرز ناکەن بۆ پرۆژەی نوێ و لەپرۆژە نوێیەکانیشیاندا ئەو قازانجەی جاران ناکەن، بۆیە ئەمانیش بەڕۆڵی خۆیان دێن کرێکاران دەردەکەن و کرێش بۆ ئەوانەی کەدەمێننەوە دادەشکێنن. سەرەنجام خەزێنەی دەوڵەتیش کەمدەبێتەوە بەهۆی نەدانی باجەوە لەلایەن کرێکارانی دەرکراوەوەو هاوکاری کردنیان بەبیمەی بێکاری.
بەم شێوەیە بازاڕ سست دەبێت و کاڵاکانیش بێ فۆرشتن دەمێننەوە. ئەمجارەیان بانك هەوڵدەدات یارییەکە بەدیوەکەی دیکەیدا بکات، ئەویش دابەزاندنی سووە .
دابەزاندنی سوو یانی دابەزاندنی بەهای دراوەکە، شکانی بەهای دراویش یانی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاو شمەك لەبازاڕدا، کەمبوونەوەی قازانج لەسەر پاشەکەوت، هەروەها گرانی هاوردەکردنی کاڵای وڵاتانی دیکە، هاوکاتیش زیادکردنی هەناردەی وڵات بۆ دەرەوە، پرۆسەکەش گەڕانەوەیە بۆ خاڵی یەکەم.
دوو: کۆنترۆڵکردنی نرخ:
ئەم یاریکردنەش بەحساب کارایی دەبێت لەسەر سەقامگیربوونی ئابووریی. بەڵام ئەمە تەنها دەوڵەت دەتوانێت کە نەهێڵێ نرخی وزە : کارەباو غازو هەروەها بەنزین و گازوایل و بەرهەمی کۆمپانیاو کارگەکان بەرز ببێتەوە تاکو بەنرخی کاتی خۆی بفرۆشرێت بۆ پاراستنی بەهای دراوو راگرتنی هەڵاوسانی پارە لەو ئاستەی کەبانك دەیەوێت .
کردنی ئەمە کارێکی یەكجار زەحمەتە تاڕادەی مەحاڵ. کۆمپانیاکان ، کارگەکان، سوپەرمارکێتەکان هەرگیز نایانەوێت رێژەی قازانجیان گەر لەساڵانی پێشتر زۆرتر نەبێت، کەمتر ببێت . لەم بارەشدا پرسی کۆنترۆڵکردنی نرخیش ناتوانێت دادی هەڵاوسانی پارە بدات.
لەئێستادا لەبەریتانیا نرخی نەوت هاتووەتە خوارەوە، هاتنە خوارەوەی نرخی نەوت یانی هاتنە خوارەوەی نرخی غازو بەنزین و گازوایل ئەمەش لەڕاستیدا دەبێت پارەی غازو کارەبا دابەزێنێت. هاوکاتیش دەبێت نرخی کەرەستەکانی ژیان بێتە خوارەوە چونکە گرفتی گواستنەوەی شمەك و کاڵا کەمتری تێدەچێت هەروەکو تێچوی بەرهەمهێنانیشیان کەمدەبێتەوە. لەگەڵ ئەم ڕاستییەشدا کەحکومەتی بەریتانیاو ئابوورییناسەکانیش دەیسەلمێنن کەچی نرخی کاڵاو پێداویستییەکانی ژیان بەرزتربووەتەوە. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کەهێنانەوەی پاساوی شەڕی ئۆکرانیاو روسیا گوایە بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی پێداویستییەکان بەتەواوی راست نییە بەتایبەت لەکاتێکدا کەبڕی نرخ بەڕێژەی لەسەدا 19.2 سەرکەوتووە کەئەم رێژەیە لەبەریتانیادا بەرزترینە لە 46 ساڵ لەمەوبەرەوە.
سێ: کۆنترۆڵکردنی کرێ و مووچە:
لەساڵی 1975دا هەڵاوسانی پارە لەبەریتانیا سەرکەوت بۆ رێژەی لەسەدا 25 هاوکاتیش کرێ و موچەی کرێکاران کەکاری دەستی و جەستەیی دەکەن بەڕێژەی لەسەدا 31.7 بەرزبووەوە. هەر ئاواش تێکڕای بەرزبوونەوەی رێژەی مووچە و کرێ بەڕێژەی لەسەدا 28 سەرکەوت. لەساڵی 1976 دا کەحزبی [ لەیبەر] حوکمی دەکرد سەرەکوەزیران ، هارڵد وڵسن، داوای لەسەندیكا کرد کەدەبێت بەرزکردنەوەی کرێ و موچە لەسنورێكدا رابگیرێت. ئەم مامەڵەیەی نێوانی حکومەت و سەندیكا لەساڵی 1977 هەرەسیهێناو نرخ ئەوەندە بەرزبووەوە کە لەساڵی 1979دا شەپۆلی گەورەی مانگرتنەکان دەستیپێکرد و کۆتایی بەحکومەتەکەی حزبی کرێکاران هێناو حزبی پارێزگاران بەسەرۆکایەتی مارگرێت تاتچەر هاتەسەر حوکم .
ئێستاش سەرۆکی بانكی ناوەندی ئێرە، ئەندرو بەیلی، داوا دەکات کەدەبێت کۆنترۆڵی کرێ و مووچە بکرێت بۆ هێنانە خوارەوەی رێژەی هەڵاوسانی پارە. داوا لەکرێکاران دەکات داوای زیاکردنی مووچە نەکەن گوایە زیادی مووچە هەڵەکەی چەند دەیەی پێشوو، واتە حەفتاکان، دووبارە دەکاتەوە. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کەسامانداران ئەوە دروستدەکەن بەکڕینی کاڵای ناپێویستی گرانبەهای وەکو یەخت و فڕۆکەی تایبەتی و سەیارەو خانووی زۆر گرانبەها نەک کرێکارێك کەهەرچەند موچەکەی بۆ زیادبکرێت دوای باجدان لەساڵێکدا ناچێتە 1000 پاوەند.
کەواتە کۆنترۆڵکردنی کرێ و مووچە هەر بۆ کرێکارانەو درۆیەکی گەورەیە کەزیادکردنی موچەیان دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی زیاتری رێژەی هەڵاوسانی پارە.
چوار: بەرزکردنەوەی باج:
گوایە بەبەرزکردنەوەی باج پارەی زیاتر بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێتەوەو هەروەها داهاتی خەڵکانی ئیشکەر کەمتر دەبێتەوە، بەمەش توانای کڕینی کاڵاو شمەکیان کەمتر دەبێت، خودی ئەمەش رێگا دەگرێت لەبەرزبوونەوەی نرخ ، بەرزنەبوونەوەی نرخیش یانی بەرزنەبوونەوەی هەڵاواسانی پارە. بێگومان ئەمەش چارەسەر نییە ئەمڕۆ، بەهۆی : یەك: لەبەرئەوەی خەڵکی بۆ دوو ساڵ لەسەردەمی کۆرۆنادا گەشتی نەدەکردو لەدەرەوە نانی نەدەخوارد یاخود زۆر کەم وەکو ئامارەکان نیشانیدەدەن بڕی ئەو پارەیەی کە لەلایەن دانیشتوانەوە خەزن کراوە لەنێوانی 200 بۆ 250 ملیار پاوەندە . ئێستاش کەکۆرۆنا نەماوە خەڵك بڕێکی زۆری پارەکەی سەرف دەکات کەواتە هەتا باج-یش بەرز ببێتەوە هێشتا خەڵکی هەر پارەی هەیە . دوو: بەرزبوونەوەی باج وەکو وتم یانی کەمبوونەوەی داهاتی خەڵك، ئەمەش یانی دابەزینی رێژەی کڕین ، دەستگرتنەوە لەپرۆژەی خزمەتگوزاری و ئابووری. سەرئەنجامی ئەمەش یانی مەوجدانەوەی کاڵاکان لەبازاردا، مەوجدانەوەی ئەم کاڵایانەش یانی کەمکردنەوەی کرێ و دەرکردنی کرێکاران. کەواتە دووبارە دەگەڕێینەوە سەر ئەو خاڵەی کە لەسەرەتادا دەستمانپێکرد.
هەر بەو سادەیەی سەرەوە دەبینین کەخودی ئابوورییەکە بناغەیەکی پفەڵ و بۆشی هەیە، جگە لەوانەشی باسمکردن بەپژمەی ساماندارێکیش گرفتی بۆ دروستدەبێت. ئەم تڕەکەڵەکی و یاریکردنە بەو فۆرمیلانە چارەسەری کێشەکە ناکەن.