گڵی دور سەرەتانە!

2 ساڵ لەمەوپێش



جوتیار ڕەشید

نەتەوە چیە و چۆن دروست بو؟

ئایا دەکرێ نەتەوەی دیموکراتیک وەک مۆدێرنترین شێوازی نەتەوە دروست بکرێ؟

لەسەدا سەدی ئەو زاراوە سیاسی،ئابوری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیانەی ڕۆژانە ئێمە بەکاریاندەهێنین و هەرە ڕۆشنبیر، گەورە سیاسی،ئابوری ناس و کۆمەڵناسەکانمان خۆیانی پێ ڕادێنن لەسەر خەڵکی ئاسایی و خوێندکارەکانیان زاراوەی ڕۆژئاوایین و هیچ پەیوەندیەکیان بە کۆمەڵگای ئێمەی ڕۆژهەڵاتیەوە نیە!

ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی دەیان ساڵە ئەو زاراوە و فۆڕمە ڕۆژئاواییانە نەک هەر نەیانتوانیوە ببنە بەشێک لە چارەسەری برینە قوڵەکانی ئەم کۆمەڵگایانە بەڵکو هەوی برینەکانمانی زیاد کردوە و ئازارەکانی بەسوێتر کردون.

قسەیەک هەیە دەڵێ [چیت هەبێ هەر ئەوە دەبەخشی].

بۆیە من پێم وایە ئەوروپیەکان چیان هەبوە هەر ئەوەشیان بە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی بەخشیوە ،ڕاستە بەرژەوەندی خۆیانی تێدا بوە لە هەوڵی گواستنەوەی نمونە ئامادەکراوەکانی خۆیان بۆ ئێمە،بەڵام بەو شێوەش نیە کە زۆرێک لە نوسەر و ڕۆشنبیران بە پیلان و هێشتنەوەی ئەم ناوچەیەی بە دواکەوتویی لێک دەدەنەوە.

من زیاتر ڕام بەلای ئەو بنەما سیاسەیەدایە کە دەڵێ [نیەتی پاکە و خەمڵاندنی هەڵەیە]،لەوانەیە بە عەرەبی مانەکەی تێرتر بێ [حسن النية و سوء التقدير]

بۆچی؟

سەرەتا با بزانین زاراوەی نەتەوە چۆن و کەی سەڕی هەڵدا؟

زاراوەی نەتەوە سەرەتا بەو کۆمەڵە کەمینانەی خەڵکانێک دەگوترا کە لە شوێنێک دەژیان شوێنی دایکی خۆیان نەبو و کۆچیان بۆ کردبو واتا وشەی (جالیە) ی ئێستا.

یەکەم دەرکەوتنی وشەی نەتەوە لە سەردەمی شۆڕشگێڕانی شۆڕشی فەڕەنسی سەری هەڵدا،خەڵی کۆبوەوە لە خۆپیشاندانەکان لە بری ئەوەی هاوار بکەن [بژی پاشا ]،هاواریان دەکرد [بژی نەتەوە]،واتا لەو ڕۆژەوە نەتەوە شوێنی پاشای گرتەوە.

خەڵکی ئاسایی ناو خۆپیشاندانەکان ئەسڵەن نەیاندەزانی نەتەوە چیە،تەنها ئەوەندەیان دەزانی شوێنگرەوەی پاشایە.

واتا نەتەوە زاراوەیەکی دەستکردە و زاراوەیەکی خۆڕسکی سروشتی گەشەی قۆناغەکانی کۆمەڵگا نیە.

دواتر زاراوەکە چوە زانستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەوە و بوە یەکەیەکی دەسەڵات و بەڕێوەبردن.

با پرسیارێکی لۆژیکی لە خۆمان بکەین:-

بۆچی فەڕەنسیەکان 250 ساڵ لەمەوبەر توانیان لە هیچەوە نەتەوە دروست بکەن و دەیان بەرگی لەبەر بکەن و بە دونیادا بڵاوی بکەنەوە؟

ئێمە سەد ساڵ زیاترە باجی ئەو فۆڕمە هاوردە کراوەی نەتەوەی ئەوروپی دەدین،بۆچی نەتوانین فۆڕمێکی تایبەتی نەتەوەی بە خۆمان هەبێ؟

لە کاتێکدا بیرمەندی کورد عبدالله ئۆجەلان فۆڕمێکی مۆدێرنی نەتەوەی گەڵاڵە کردوە لەسەر بنەمای سروشتی ئەم ناوچەیە و ناوی ناوە [نەتەوەی دیموکراتیک].

بۆچی ئەو فۆڕمە خۆماڵیە کە بەرهەمی هزری خۆماڵی و ڕەگ و ڕیشەی سروشتی خۆمانی هەیە قبوڵ ناکەین؟

بۆچی دەستبەرداری ئەو فۆڕمە ئەوروپیە نابین کە سەد ساڵە لە وێرانی و ماڵ کاولی و بەهەدەردانی سامانی سروشتی گەلانی ئەم ناوچەیە بەولاوە بەرهەمێکی تری لێ سەوز نەبوە؟!

من پێم وایە ئەوە لە خۆ بە بچوک زانین زیاتر شتێکی تر نیە،ڕێک جێبەجێکردنی ئەو پەندەیە کە دەڵێ [گڵی دور دەرمانە]،کەمن پێم وایە ڕاستتر وایە بڵێین [گڵی دور سەرەتانە ].

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار