شی كێیە؟

2 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

ئێستا دونیا بەپیاوێكەوە سەرقاڵە كەناوی شی ژینپینگە. شارەزایان و چینناسان فۆكەسێكی زۆریان خستووەتە سەر كەسی شی. بەپێی كێڤن رەد، سەرۆك وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا و شارەزای ناسراوی چین، ناسینی كەسی چین ئێجگار گرنگە بۆ تێگەیشتن لەدۆخی ئێستای چین. هەندێك هۆكار بوونیان هەیە كەناسینی شی زیاتر پێویست دەكات. یەكەم، دوای ماو شی ئەو سەركردەیەیە كەدرێژترین ماوە حوكمی چینی كردووەو و دەكات. هەتا پێش هاتنی ئەو عورفێك هەبوو كەهەموو سەركردەیەك دوو دەورە دەمایەوە، بەڵام ئەو لەكۆنگرەی بیستەمی پارتی كۆمیونیست، كۆتایی بەو عورفە هێنا. دووەم، هیچ سەركردەیەك پاش ماو هێندەی شی بەهێز نەبوە، ئەم بەهێزییە هۆكاری زۆری لەپشتەوەیە. سێیەم، شی مۆدێلی بەڕێوەبردنی تیمی گۆڕی بۆ بەڕێوەبردنی تاكە كەسیی.  ئەمەش لەدەرئەنجامدا شی كرد بەكەسێكی سێنتراڵ.

شی لەباوانێكی ناسراوو خاوەن دەسەڵات هاتووەتە دونیاوە. باوكی یەكێك بووە لەهاوەڵە نزیكەكانی ماو لەڕۆژگاری شۆڕشدا. پاشان لەحكومەتدا خاوەن پلەو پایەیەكی باڵابوو. باوانی شی لەناو Zhongnanhai دەژیان، ژۆنگانهای ئەو جێگا یان ناوچە تایبەتەیە كەحكومەتی چینی لێیەو حوكمدارەكان لەوێ دەژین. ئەم شوێنە نزیكە لەشاری قەدەغەوە، كەشوێنی مێژوویی ئیمپراتۆریەتەكانی چین بووە. بەڵام لەدەستپێكی شۆرشی كەلتوریدا زۆر شت گۆڕا. شۆڕشی كەلتوریی لەناو ئەدەبیاتی چەپی كوردیدا وەها ناسراوە، كەشۆڕشێكی كەلتوریی بووە، وەك ناوەكەی دەڵێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی پێی دەڵێن شۆڕشی كولتوریی، پرۆسەی لەناوبردنی كەلتورە. ماو تسی تۆنگ، كاتێك لەڕای رۆشنبیرانی چینی دەپرسێت بەرامبەر كارەكانی، وەڵامەكان رەخنەی توندی زۆری تیادا دەبێت. لەبەرامبەر ئەمەدا ماو بڕیار دەدات كەهەموو ئەو توێژەی كەدیدی رەخنەییان لەئەو هەیە لەشارەكان دووربخاتەوەو بیاننێرێت بۆ جێگا لادێنشینەكان و گوندەكان. ئەم كوڕە شارییانە رووبەڕووی ژیانێكی پڕ لەبرسێتی و هەژاریی و سەختی بوونەوە. شۆڕشی كەلتوری لەئەنجامدا شەست ملیۆن مرۆڤی كردە قوربانی. باوانی شی لەنێو ئەوانەدا بوون كەدوورخرانەوە بۆ گوندە دوورە دەستەكان. دایكی شی ماوەو تەمەنی نزیكەی سەد ساڵە.

ئەوەی جێگای سەرنجە لەڕەفتاری شی-دا، ئەو بەهیچ شێوەیەك ناڕەزایی بەرامبەر ئەم رۆژانە دەرنابڕێت. شی لەبری ئەوەی لەپارتی كۆمۆنیست دووربكەوێتەوە، زیاتر لێی نزیك بووەوە. بەڵام ئەم قۆناغە هەرە گرنگترین و هەستیارترین قۆناغە لەژیانی شی-دا. لەژیانی هەموو كەسێكی چالاك لەدونیادا كۆمەڵێك رووداوو قۆناغ هەیە كە دونیابینی لەقاڵب دەدەن، بۆ شی شۆڕشی كەلتوریی ئەو رووداوەیە. (هەندێك چینناس جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە بەبێ ناسینی شۆڕشی كەلتوریی ناتوانیت لەئەمڕۆی چین بگەیت).

شی ئەوە فێردەبێت كەئەگەر دەسەڵاتێكی ناوەندی بەهێز نەبێت ئەوا لەبەرامبەردا پشێویی هەیە. دوانەی دەسەڵاتی ناوەندیی و پشێویی، بەشێكی زۆری دونیابینی سیاسەتی چینی دادەڕێژێت. چین كە لاوازبووە، بەدەستی ناوەندە شەڕخوازەكانەوە گیریخواردووە، پاشان دەبێتە نێچیریی كۆلۆنیالیزم (جەنگی ئەفیون)، دوای ئەوە شەڕی لۆردەكانی شەڕ. ئەوەشە وەها دەكات كە كوین، ئیمپراتۆری یەكەم، وەها ببینرێت كەدروستكەری چینە. بەڵام لەهەمانكادا سوتێنەری كتێب و بكوژی رۆشنبیرانە. ئەدیلین ین ماه، ماو وەها دەبینێت كە لاساییكەرەوەی ئیمپراتۆری یەكەمەو ئەگەر ئیمپراتۆریی یەكەم نەبوایە ئەوا چین رەنگە وەك كیشوەری ئەوروپا بوایە، بڕێكی زۆر لەووردە وڵات بوایە.

پاش مردنی ماو، ئەوانەی لەشۆڕشی كەلتوریدا پەراوێزدەخرێن جارێكی تر ئیعتباریان بۆ دەگێردرێتەوە. توێژی نوێی حوكمڕانی چینی دان بەهەڵەی پرۆژەكەدا دەنێن بەڵام بە ناڕاستەوخۆیی. گوتە ناسراوەكەی دینگ ژیاو پینگ، كەدەڵێت: گرنگ نیە پشیلە رەشە یان سپی، گرنگ ئەوەیە كە مشك راو بكات، جاڕدانی كۆتایی ئایدۆلۆژیا و بیری تاكەكەسییە. بەڵام لەسەردەمی شی-دا جارێكی تر چین دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوكمی تاكەكەسیی. لێرەدا دوو بوار هەیە كەزۆر گرنگە لەبەرچاوی بگرین. هەندێك لێكۆڵەر وەها بیردەكەنەوە كە شی زیاتر بەرەو لینینی دەڕوات، بەو مانایە دەیەوێت حزب بەهێز بكات. حزب وەها دەبینرێت كە پێكەوەگرێدەریی وڵاتە، بەتایبەتی هەتا بێت جیاوازی لەنێوان چین و توێژەكاندا زیاتر دەبێت. كۆمیونیزم بۆ چین پێویستە بۆ ئەوەی مژدەی دونیایەكی یەكسان بدات بۆ خەڵكێك كە لەدونیایەكی نایەكساندا دەژین. چین لەدوو توێژ پێكهاتوە. پێنجسەد ملیۆن باش دەژین، پێنج سەدەكەی تر دڵخۆشن كەبرسی نین و بەهیوان سودمەندبن لەچینی سەرمایەداریی. بەڵام دەوڵەمەندبون لەچین هەتابێت زیاتر سەخت دەبێت و وەك لای خۆمان ئەگەر كەسێكت لەپشت نەبێت ناتوانی ببیتە خاوەن هیچ شتێكی بایەخدار. ئەندامبون لەحزبدا مەرجی پێویستی سەركەوتنە. سەرباری ئەمە حزبی شیوعی تەنها ٩٨ ملیۆن ئەندامی هەیە.

دیدێكی تر كە لەنێو چینناساندا بوونی هەیە؛ دیدی رۆڵی سوپایە. سوپای چینی، سوپای دەوڵەتی چینی نیە، بەڵكو سوپای ئازادیكەریی میللییە. سوپا رۆڵێكی گرنگی پاسەوانی دەوڵەتی هەیە، وەك سوپای توركی سەردەمی ئەتاتورك، سوپای میسری سەردەمی موبارەك و سیسی. هەندێك وەهای لێكدەدەنەوە كە هەڵكشانی شی سوپای لەپشتەوەیە، چونكە شی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ سوپادا هەیە بەتایبەتی لەڕێگای خێزانەكەیەوە. Peng Liyuan  لەڕاستیدا ژنی دووەمی شی-یە. شی كاتێك ئەم ژنەی هێنا زۆر هەژار بوو. بەڵام ئەم ژنەی دووەمی لەچین كەسایەتیەكی ئێجگار ناسراوە، چونكە گۆرانیبێژی ئۆپیرایەو گۆرانی بۆ سوپای چینی دەڵێت. لەبەشی ئاهەنگسازی سوپایە.

دیارە سوپا هەرگیز ناتوانێت راستەوخۆ حوكم بكات، هەمیشە پێویستی بەڕوپۆشێكە، حزب رووپۆشێكی باشە، بۆیە تێگەیشتن لەچین بەبێ تێگەیشتن لەسوپاو حزب نابێت. بەڵام زاڵبوونی كەسایەتی شی، خەسڵەتێكی تری كردووەتە پێداویستی ئەویش ناسیونالیزمە. ناسیونالیزم وەها لەچینییەكان دەكات شانازی بە بوون و مێژوویان بكەن، هەروەها زەمینە بۆ بوونی كەسێكی بەهێز دەڕەخسێنێت كەدەخوازێت بەهێزی وڵات لەخۆیدا بەرجەستە بكات. بەڵام ناسیونالیزمی چینی بۆ دوو ئامانجە، وروژانی ناوەوە، بەتایبەتی هەژاران، نمایش توانای دەوڵەتی چینییە لەدەرەوە. ماوەی چەندساڵی رابوردوو تیمێكی دیپلۆماتی چینی هەبوون بەگورگی شەڕخواز دەناسران، بەڵام لەم دواییانەدا لایان برد. لەكاتێكدا لەناوەوە شی زیاتر لینینی دەبێت، بەتایبەتی لەئاستی حزبدا، بەڵام دەرئەنجامی لینیزمێكی ناسیونالیزمە، بەوەی كە كۆمیونیزمی چینی تایبەتە بەچین، ئەمەش وەها دەكات لینین و ماوو ماركس و كۆنفۆشیوس پێكەوە لەیەك كایەدا بن.

پرسی هەناردە نەكردنی مۆدێلی چینی كەچینییەكان بانگەشەی بۆ دەكەن، یەكێك لەڕەهەندەكانی ئەمەیە. چین خەمی خۆی دەخوات، نەك ئینتەرناسیونال. لەم روانگەیەوە چین هەرچەندە دەنگی گڕو زاڵتر دەبێت، بەڵام هەرگیز سەركێشی ناكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار