چۆن بتوانین نەمرین؟
2 ساڵ لەمەوپێش
ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
سوکرات، ئەفلاتون بەرگرینامەی بۆ نووسی و لەدادگاش سەرسەختانە داکۆکی لێکرد، ئێستاش بەرگرینامەکەی ئەفلاتون باشترین دەلیلە بۆ تێگەیشتن لە سوکرات و تەئەمولاتە فەلسەفییەکەی. بە گوێرەی گێڕانەوەکانی ئەفلاتوون کە لە دایەلۆگی کریتۆدا نووسیونی سوکرات دەیتوانی لە زیندان هەڵبێت، بەڵام دەیویست کۆتا وانەکانی مردن و ژیان بەشێوەیەکی کرداری بە خوێندکارەکانی بڵێت کە مردن کۆتایی نییەو فەیلەسوف نابێت لە مردن بترسێت. ئەوەی سوکراتی کردە ئەستێرەیەکی ئازاد و درەوشاوەی ئاسمانەکەی ئێمە و لە لەناوچوون پاراستی ئەفلاتوون و بەرگرینامەکەی بوو.
هەمان سیناریۆ ئەمڕۆش خۆی دووبارە دەکاتەوە، سەدان کەسی ئازاد و بوێر و ئازا و ملنەدەر بۆ ناعەدالەتی بەرگرینامە بۆ خوێنێکی بەناحەق ڕژاوی وەک خوێنی سەردەشت عوسمان دەنووسن و ئەنەرژی زیاتری دەدەنێ بۆ ئەوەی زیاتر بمێنێتەوە، کارێک دەکەن تا ئەو خوێنە ڕژاوە نەبێتە هەڵم، بەڵکو وەک ئاوی بەفری زوڵاڵی کوێستانێکی سەخت کە ڕەچەی نەشکێندرابێت بە قوڵایی مێژووی ئێمەدا ڕۆبچێت و ئاودز بکاتە هەمو کون و کەلەبرێکی ئەم مێژووە و بۆ ئەبەد جێی خۆی بکاتەوە و وەک مۆرێکی ڕەشیش بە تەوێڵی بکەرانییەوە تا قیامەت بمێنێتەوە.
بەبڕوای من گەر سەردەشت عوسمان و خوێنە ڕژاوەکەی بیانهێشتایە هێلی لەڤ، ڕۆی، جیهان هاشم، مونا قەهوەچی، جەلال پەرێشان، عەلی فەیلی، هێڤیدار ئەحمەد، ئاوات بۆکانی، بەهمەن کاکەعەبدوڵا، هەڵکەوت زاهیر، ڕێبەر ڕۆستەم فەلەکی، بەڵقیس و حەمەسەعید حەسەنەکان بەرگرینامەی بۆ بنوسن و لەسەری بە وەڵام بێن هەرگیز بەرگەی زەمەنی نەدەگرت و نەدەمایەوە، گرنگ نییە تۆمەتەکان چین و کێ و کەی و لەچ شوێنێک دەدیداتە پاڵت، مرۆڤ لە مێژوودا بەو پارێزەر و هاوڕێیانەیدا دەناسرێتەوە کە بەرگرییان لێکردووە و لەسەری بەوەڵام هاتوون.
گرینگ نییە چەند گەورەی لە ڕۆژەکەی خۆتدا، بەڵکو ئەوەی گرنگە هەڵوێستت چی بووە لەسەر ڕوداوەکانی ئەو ڕۆژەی تێیدا ژیاویت. چەندە ڕاستگۆبوویت لەگەڵ بیرو باوەڕو بۆچوونەکانت، چەندە خۆت بویت و موجەرەد بوویت، چەندە باکت بە دەرەوەی خۆت نەبووە، چەند نرخت لەسەر خۆت دادەنا، بڕیارت دابوو تا چەند لەبەرامبەر ژیانێکی فانی و ڕاگوزەردا واز لە بۆچوونەکانت بهێنی؟ ئایا لەوانەبووی بکڕدرێیت و دەستەمۆ بکرێیت؟
هەموان هەریەکەو بەجۆرێک بە شوێن مانەوە و نەمرییەوەین، باوکێک لەڕێگای غەریزەی وەچەخستنەوەوە و منداڵەکانییەوە، نووسەرێک لەڕێگای نووسینەکانییەوە، دەوڵەمەندێک لەڕێگای سامانەکەیەوە و زانایەک لەڕێگای زانستەکەیەوە، هەریەکەو بەجۆرێک لە قوڵاییدا لە هەوڵی مانەوەداین. گەر دەیانەوێت بە کاریگەری لە مێژوودا بمێننەوە و نەمرن، دەسەڵاتدارن دەبێت زۆر باشتر بیر لەوە بکەنەوە کە کێ دەکەنە پارێزەری خۆیان و بەرگرینامەکانیان بە کێ دەنووسنەوە، چونکە نووسەری بەرگرینامەکەت هێندە خودی خۆت هەڵگری تۆ و ناوی تۆ و کەسێتی تۆیە.
مێژوو نیشانی داوە ئەوە تەنها نووسەرە بە هەڵوێستەکانن لەسەر ئەم ئەستێرەیە دەتوانن بمێننەوە و بەرگەی زەمەنەکەی بگرن نەک پارەدار و سەلاتین و پادشا و دەربارەکان، چونکە بەرگرینامەی کەسی بەهەڵوێست مرۆڤی ئازاد دەینووسێت، تەنها ئازادیشە دەتوانێت کات و شوێن ببڕێت و بمێنێتەوە.