تۆپزاوا لەبەردەم تۆپزیی سوپادا

2 ساڵ لەمەوپێش



لەتیف فاتیح فەرەج

زەوییە كێشە لەسەرەكانی پارێزگای كەركوك ، بۆ 20 ساڵ دەچێت نەتوانراوە چارەسەری ریشەیی بۆ بدۆزرێتەوە، زەوی جوتیارانی ناوچەكانی تۆپزاوا ،یایچی، تسن، تركەڵان بەشێكن لەزەویە كێشە لەسەرەكان لەنێوان حكومەتی عێراقی و عەرەبی هاوردەو جوتیارانی كوردو توركمان، ئەم زەویانە بە 135 هەزار دۆنم مەزەندە دەكرێن ، لەناویاندا زەویەكانی تۆپزوا 32 هەزار دۆنمە، كەئێستا دەیانەوێ لەجوتیارەكانی بسەنن و بیكەن بەیەكەی نیشتەجێبوون، ساتع كەركوكی هاووڵاتیەكی تۆپزاوایە، «باس لەوە دەكات مانگ نیە حكومەتی كەركوك بەبیانوی جیا جیا كێشەیان بۆ دروست نەكەن و نەیەنە سەریان، یان سوپا نەیەتە سەریان، ئەو دەڵێت ئێمە پێشتر بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە پەنامان بردووەتەبەر زۆر لایەن و ناوەندی حكومی، هەروەها خۆپیشاندانمان كردووەو بەناوی هەموو جوتیارانی كوردو توركمانەوە ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە، تەنانەت لەماوەی رابردوودا، جوتیارەكانی تۆپزاوا، یایچی، تركەڵان، تسن، بڵاوە بەیاننامەمان ئاراستەی ناوەندە بەرپرسەكان كرد بۆ ئەوەی گێچەڵمان لەسەر لابچێت، بەیانەكەش لەلایەن فەیزوڵا ساری كەهیە خوێندرایەوە».

ساتع دەڵێت «ئێمەو زۆربەی  جوتیارانی كەركوك  تاپۆی رەشی عوسمانیمان هەیە كەئەو زەویانە زەوی خۆمانە، بەڵام لەساڵی 1975تاپۆكانمان دەستی بەسەرداگیراوەو بەبیانوی پشتوێنەی ئەمنی و ناوچەی قەدەغە، بەزۆر بۆ هەر دۆنمێك زەوی دوو دینارو نیوی ئەو سەردەمە دراوەتە جوتیارەكان، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەستبەرداری زەویەكانمان نەبووینەو زەویەكانمان بەردەوام كشتوكاڵ و دەغڵ و دانی  لێكراوە» ئەو زەویانەو بەشێكی زۆری زەوی كەركوك لەدوای هەڵوەشانەوەی رێكەوتنی نێوان كوردو حكومەتی عێراقی لەساڵی 1975و دواتر بەبیانوی پشتێنەی ئەمنی و بوونی نەوت لەجوتیارە كوردو توركمانەكان سەندراو كرایە موڵكی وەزارەتە جیاجیاكانی حكومەتی عێراقی بەتایبەت وەزارەتی بەرگری، ئێستا لەبەشی زۆری پارێزگاكانی عێراق حكومەت بە نیازە یەكەی نیشتەجێبوون بۆ سوپاو كارمەندانی وەزارەتی بەرگری دروستبكات، بۆ ئەوەش حكومەت بەهۆی نزیكی زەویەكانی  تۆپزاواو شوێنەكانی دیكە و لەناو پارێزگا دەیانەوێت ئەو زەویانە بكەن بەیەكەی نیشتەجێبوون، لە كاتێكدا ئەو زەویانە لەچوارچێوەی زەوی كێشە لەسەرو لەناو بەندی 140ی دەستوری عێراقیدان.

ئەنجومەنی پیران و ریش سپیانی توركمان دژی داگیركردنی ئەو زەویانەن و پێیان وایە ئەوە درێژەدانە بەو ستەمەی كە بەعس و حكومەتی سەدام  لەكوردو توركمانیان كردووەو داوادەكەن وەك چۆن بیست ساڵە جوتیارەكان بەهیواوە گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان و دەیانەوێت ژیانێكی ئارامانە بژین، حكومەتی ناوەندو دەسەڵاتدارانی كەركوك كەهاوكاریان ناكەن كێشەیان بۆ دروست نەكەن، ئەنجومەنەكە بەردەوام لەگەڵ جوتیارانی ئەو ناوچانەی لەسەرەوە ناویان هێنرا لەسەر هێڵەو داوا لەوەزارەتە پەیوەنددارەكان و بەتایبەت وەزارەتی داد دەكەن چیتر یەخەی ئەو جوتیارانە نەگیرێت.

دوای رووخانی بەعس جوتیارانی كەركوك بەهیوابوون مافی خاوەندارێتی زەویەكانیان بۆ بگەڕێتەوە ، بەڵام تائێستا ئەو مافەیان بۆ نەگەڕاوەتەوە ساتع كەركوكی هاووڵاتی دانیشتوی تۆپزاوا دەڵێت « ئێستا نەك هەر بەرپرسی عەرەب تەنانەت بەرپرسانی كوردیش فشارمان بۆ دێنن» ، ئەو وەك ئاماژە بەم كارە باسی سەرۆكی شارەوانی كەركوك دەكات كە بەرپرسێكی كوردە، حەنا بەتاتو لەكتێبەكەیدا ئەلعیراق دەڵیێت گەورەترین خاوەن زەویەكانی كەركوك كوردن، ئەو لەو بارەیەوە ناوی شەش كەسایەتی و خانەوادەش دێنێت، كەخاوەنی زۆرترین زەوی كشتوكاڵی كەركوكن، بەڵام ئەمە ئێستا بەو جۆرە نەماوەو جوتیاری كورد دەبێت بەتكاو داوا كەمێك لەزەویەكەی خۆی بەكار بێنێت، ئەمە بۆ جوتیارانی سنوری داقوق، سەرگەڕان و دووبزیش راستە.

زەوی كێشە لەسەر لەسنوری كەركوك بەهەزاران دۆنم مەزەندە دەكرێت كاتی خۆی حزبی بەعسی دەسەڵاتدار لەكوردو توركمانی داگیركردووەو یان خستویەتیە سەر وەزارەتەكان بەتایبەت وەزارەتی بەرگری و نەوت، یان بەسەر عەرەبەكاندا دابەشی كردووە، هەر كاتێكیش جوتیارە كوردو توركمانەكان ویستبێتیان زەویەكانیان بۆ بگەڕێتەوەو ناوچەكانیان ئاوەدانبكەنەوە، ئەوە رووبەڕووی هەڕەشەو كوشتن و راونان بوونەتەوە، حكومەتی عێراقیش بەشێك لەتاوانی كوشتنەكان دەخاتە ئەستۆی داعش و ئەو كەسانەی لێ بێبەری دەكات كەناهێڵن جوتیارە كوردو توركمانەكان بگەڕێنەوە سەر زەویەكانی خۆیان.

هاووڵاتی ساتع كەركوكی پێی وایە «لەبیست ساڵی رابردودا دەكرا كێشەی ئەم زەویانە زۆر بەئاسانی نەك لەچوارچێوەی مادەی 140 لەدەرەوەی ئەو مادەیەشدا چارەسەر بكرایەو بگەڕێنرایەتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەكانی خۆیان، لەكاتێكدا هەموو بڕیارەكانی بەعس هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام مڵۆزمی سەر زەویەكانی ئەوان هێشتا بەردەوامە لەهەڕەشەو تۆقاندن «  لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دەڵێت هیچ بیانوویەك نیە بۆ ئەوەی ئێمە جوتیارە كوردو توركمانەكانی كەركوك بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەدا بین، « ئێ خۆ ناكرێت زەوی باوباپیری خۆمان بۆ خەڵكی تر بەجێبهێڵین، ئەوان كاتی خۆی بەتۆپزی و بەستەم لێیان سەندوین، بابێن ئەو پارەیەی داویانە لێمان وەربگرنەوەو لەیەخەمان بنەوە.

جوتیارانی سنوری كەركوك بەتایبەت ئەو جوتیارو وەرزێرە كوردو توركمانانەی دوای پرۆسەی عەرەباندن و بەعساندن و راگوازتن و لێسەندنەوەی ناسنامەو هەموو ستەمكاریەك بەرانبەریان هێشتا دەیانەوێت بەئارامی و دوور لەستەم و نادادی لەسەر زەویەكانی خۆیان بژین، بەردەوام گلەیی ئەوە لەدەسەڵاتدارانی دوای رووخانی بەعس دەكەن، كەنەیانتوانی كێشەی زەوی و زارەكانیان بۆ چارەسەر بكەن ، پێشتر لە كەركوك ناوەندی چارەسەری زەویە كێشە لەسەرەكانیان دانا، بەڵام هیچی ئەوتۆ نەكرا بۆ چارەسەری كێشەكە، بۆیە ئێستا بە رێگەو شێوازی تر هەوڵدەدرێت ئەو زەویانە بەتەواوەتی لەدەستی خاوەنەكانیان دەرهێنرێت و بۆ ئەمەش بە رێگەی كڕین و هەڕەشەو دوورخستنەوەو  بێزاركردن و دەیان رێگەی تر ئەو كارە بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی زۆری ئەو جوتیارانە چاویان لەنوێنەرە كوردو توركمانەكانی نێو پەرلەمان و حكومەتی عێراقیە كە بۆ هەتا هەتا ئەو كێشەیەیان بۆ چارەسەربكەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار