بەدیلی دیکتاتۆرییەت لەئێران!
وانەیەک لەوانەکانی راپەڕینی گەل لەدژی دیکتاتۆریەت!
2 ساڵ لەمەوپێش
عبدولڕەحمان گەورکی
لەساڵی 1357 (1979) و لەچەند مانگ بەر لەڕووخانی دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی لەئێران، خەڵکی ئێران روو لەشۆڕش هاواریان دەکرد «چەکدارمان بکەن». ئەم داواکارییە لەلایەن (خومەینی)یەوە رەتکرایەوەو ئەمەش وەک بەڵگەنامەیەک، کە لەڕاستیدا، خومەینی و هاوبیرانی، نوێنەرایەتی خەڵکی ئێرانیان نەکردووەو لاف لێدانی ئەم «رەوتە دواکەوتووە» سەبارەت بەگەل و نیشتمان، تاچ رادەیەک ناسک و بێ بنەمایە. لەئەنجامدا، ئەم رەوتە «نە هەڵقوڵاوی ناو گەل»بووەو «نە بۆ گەل» بووەو پاڵدانەوەی لەسەر کورسی «رێبەرایەتیی شۆڕش» هەر لەسەرەتاوە و لەبنەڕەتدا ناڕەوا بووە. هەر بەو هۆیەشەوە، سەرەڕای وەڵامی نەرێنی خومەینی بۆ «خەباتی چەکداری دژ بەدیکتاتۆرییەتی شا»، خەڵکی ئێران لەشۆڕش و جوڵە نەوەستاو دەستیان بۆ «چەک» بردو کۆتایییان هێنا بەدیکتاتۆرییەتی پاشایەتی هاوکێشەکانیان لەبەرژەوەندی خۆیاندا گۆڕی.
خەڵکی ئێران بەوەها داواکارییەک و وەها هەنگاوێک لەڕاپەڕیندا، لەسەرەتای رێگایەکدا بوون کەئەوان بەرەو ئازادی و وەدیهاتنی مافەکانیان ببات. وەها خواست و هەنگاوێک کە نەک هەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری شا، بەڵکو خومەینی و هاوبیرانیشی لەچەکداربوونی خەڵک تۆقابوون. بۆچی؟
درووشمی سەرەکیی رۆژ!
ئێستا لەگەڵ گۆڕینی دەسەڵات لەدیکتاتۆری شاوە بۆ دیکتاتۆری ئایینی، هەر ئەو خەڵکە لەقۆناغێکی تری راپەڕین و لەدژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینی و لەساڵانی رابردوودا هەڵگری ئەم دروشمەن کە «خۆزگە چەکم دەست کەوتبا!». لەچاوخشاندنێکی قووڵ بەسەر دوو راپەڕینی جەماوەری ساڵی 1979 و 2022دا، ئەو راستییە دەبینین کەهێشتا دیکتاتۆریەتێک لەئێراندا حوکم دەکات. ئەویان «پاشایەتی» و ئەمیشیان «مەزهەبی» بوو. هەردووکیان «ەها» بوون و شەرعیەتیان لەشتێکەوە وەرگرت کەخۆیان ناویان نابوو «خودا»!
خومەینی گەورەترین دزی سەدە لەئێراندا!
ئەوانەی راپەڕینی دژە پاشایەتی لەساڵی 1357 (1979)یان لەبیرماوەتەوە دەزانن کەخومەینی هەرگیز خۆی لە»خەباتی چەکداری» دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری شا نەدا. لەکاتێکدا لەسەر کورسی «رێبەرایەتی» دانرابوو. ئیبراهیم یەزدی، راوێژکاری ئەوکاتەی خومەینی لەو پێوەندییەدا وتی: لەمانگی پووشپەڕی ساڵی 1356 (1978) چوومە نەجەف و زۆر قسەم لەگەڵ خومەینی کرد. خومەینی دژی خەباتی چەکداری بوو بەرانبەر بەدەسەڵاتی شا. بەلایەوە هۆیەکەشی ئەوە بوو کە لەخەباتی چەکداریدا، رێکخراوە سیاسیە-سەربازییەکان جڵەوی راپەڕین بەدەستەوە دەگرن و پێش ئێمە دەکەون. چونکە رێکخراویان هەیە. ئەگەر بمانەوێت خەباتەکە بگەیەنینە ئەم ئاستە، ئەوان سەردەکەون و ئێمەش دەبێت پەیڕەوییان بکەین”.
خەبات زانستە!
خەباتکردن زانستێکە دەبێت فێری بێت و یاساکانی پەیڕەو بکەیت. ئەگەرنا هەموو شتێک دووبارەبوونەوەیەو «بێسود و بێهودەیە. لەسەر بنەمای وەها زانستێکە کەقورسایی خەبات هەمیشە لەسەر شانی ئەو تاک و لایەنانە بووە کەوەک «زانست» سەیری بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتیان کردووەو لەسەر شەقام و گۆڕەپانی راپەڕیندا «باج»یان بۆ داوە. رێبەرایەتیی شۆڕشی جەماوەریش دەبێت لەم جۆرو کوالێتییە بێت، ئەگینا ساختەیەو خۆی دەرهاویشتەی شتێکی ترە.
دزە سەرەکییەکانی راپەڕینی گەل!
هەروەک لەڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لەساڵی ١٣٥٧ (1979)دا بینیمان، خومەینی و هاوبیرانی، کە بە»دزینی رێبەرایەتی راپەڕین» خەونی دیکتاتۆرییەکی خراپتریان لەمێشکدا بوو، یەکەم گورزیان لەکۆمەڵگەی ئێران وەشاند بەدابەشکردنی ساختەی «ئیسلام» و «غەیرە ئیسلام» و دواجار بوونە سەرچاوەی ترسناکترین دیکتاتۆرییەت لەئێراندا.
ئێستایش لەسەروبەندی سەرکەوتنی راپەڕینی خەڵکی ئێران لەدژی دیکتاتۆریی مەزهەبیدا، پاشماوەکانی دیکتاتۆری پێشوو، بەپشتیوانیکردنی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیزم، بەهەمان فێڵ و تاکتیکی «بێ تێچو» و «مشەخۆری» و «دزینی رێبەڕایەتیی شۆڕش» بەنیازن رێگەنەدەن راپەڕینی گەل بەرەو رێشەکێشکردنی دیکتاتۆرییەت لەئێران مل بنێت و سەرکەوێت.
ئیدیعای بێ بنەما!
ئەوانەی کەژیانی بایۆلۆژیکی خۆیان لەسەر دزینی ملیارەها دارایی خەڵکی ئێران هەڵچنیوە، دەیانەوێت بە «ئایدیۆلۆژیای دیکتاتۆرییت»ەوە، جارێکیتر بگەن بەدەسەڵات و بۆ گەیشتن بە «دەسەڵات»یش نەک هەر خۆیان لە «دیموکراسی» و «ئازادی» دەشارنەوە و ناتوانن بەشداریکردنی هیچ تاک و گروپێک لەحوکمڕانیدا قبوڵ بکەن، بەڵکو هەڵگری هیچکام لەمەرجەکانی دیموکراتییەت نین بۆ جێگرتنەوەی دیکتاتۆرییەتی ئایینی! بەتایبەت کە لەلایەن خەڵکی ئیرانەوە رەتکراونەتەوەو ناسراون.
لەهزرو یاساو فەرهەنگی درۆینەیاندا هیچ راستییەک و هیچ یاسایەک و هیچ پلان و پرۆتۆکۆلێک نییە کەدژی دیکتاتۆریەت بێت و چنگەڕنێیانە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات لەئێراندا. هەوڵێک کە بەئەزموون سەلمێنراوە بێسودو بێهودەیە و جگە لەیارمەتیدانی دیکتاتۆرییەتی ئایینی هیچ بەرهەمێکی نەبووەو نابێت.
راپەڕین، پێویستی و پێداویستییەکانی پێشکەوتن!
ئێستا دوای تێپەڕاندنی مانگی حەوتەمی راپەڕین لەدژی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی، دروشمەکانی خەڵکی ئێران باس لەپێویستی و مەرجەکانی سەرکەوتن بەسەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەکەن. جگە لەدرووشمی گشتگیری «مردن بۆ ستەمکار، چ شا بێت و چ ئاخوند»، کەئاماژەیە بۆ رەتکردنەوەی دوو «دەسەڵاتی دیکتاتۆری پاشایەتی» و «دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی»، ئەم درووشمە دەڵێنەوە لەسەر شەقامەکاندا کە «ئاخ بۆ چەک» و «خۆزگە چەکم دەستکەوێت». بەواتایەکی تر خەڵکی ئێران بەدوای «چەک»دا دەگەڕێن تا لەهەنگاوی یەکەمدا بوون و کیانی راپەڕین و دەستکەوتەکانیان بپارێزن و لەهەنگاوی دواتریشدا بەهەماهەنگی و هاوئاهەنگی لەگەڵ «دەزگای رێبەرایەتی و سەرکردایەتیی شۆڕش». بەرەو سەرخستنی راپەڕین» هەنگاو بنێن.
ئەوان ئێستا لەجاران بەهێزترن. چونکە هەم پێیەکیان لەواقیعی گۆڕەپانەکەدایە و هەم بوونەتە بزووتنەوەیەکی رێکخراوتر، کە «ناوەندەکانی شۆڕش» لەناو کۆمەڵگادا دەبینن کە لەڕیزی پێشەوەی راپەڕیندان و پەیوەندییان هەیە بەو دەزگایەوە کە رێبەڕایەتیی شۆڕش دەکات و رێگەنادەن خەبات و تێکۆشان و رەنج و ئازارەکانیان بەفیڕۆبچێت و جارێکیتر لەلایەن دیکتاتۆرییەکانەوە بدزرێت وەک چۆن لەساڵی ١٣٥٧(1979) بینیمان.
دەزگایەکی هەڵقوڵاوی گەل و بۆ گەل!
«دەزگای گشتیی سەرکردایەتیی راپەڕین» وەک تاکە بەدیلێکی دیموکراتیک لەبەرانبەر دیکتاتۆرییەت لەئێران، جێ متمانەی ئەو خەڵکەیە کەدژی دیکتاتۆرییەکان راپەڕیون. خەڵکی ئێران ئێستا تەنیا بیر لەڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت لەئێران و گەیشتن بەدەسەڵاتیکی جەماوەری، نیشتمانی و دیموکراتیک دەکەنەوە کەبنەمای لەسەر جیاکردنەوەی ئایین لەدەوڵەت بێت و تیایدا ئازادی دەستەبەرکرابێت. خەڵکی ئێران لەوە بەدەر هەموو شتێکی تریان رەتکردووەتەوە.
خەڵکی ئێران بەڕەتکردنەوەی باڵباڵێنی خەیاڵی لەناو دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی و هەموو جۆرەکانی تری دیکتاتۆرییەت، بڕیاریان داوە کە «دیکتاتۆرییەت» لەوڵاتەکەیاندا بنەبڕ بکەن. ئەوان لەکۆسپ و لەمپەڕو رووبەڕووبونەوەکان ناترسن. ئەوان لەڕاپەڕینی ئەم دواییانەی خۆیاندا هەوڵ و هەڵبەزو دابەزی جۆراوجۆرو قسەو درووشمە بریقەدارەکانی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیستەکان و هەلپەرستان و بەرژەوەندیخوازەکانیان بەئەزموون کردووەو لەخواستی سەرەکی خۆیان پاشەکشە ناکەن. واتا رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری!
ئاسۆی راپەڕین!
بێگومان گەلێک خواستی «گەیشتن بەئازادی»ی دابێتەبەر خۆی، نابێتە «دۆڕاو»و شکست ناهێنێت و سەرکەوتنی بێ مشتومڕە. چونکە باجەکەی داوە و باجەکەی دەدات. سەردەمی داخوازی لەدەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و دروشمەکانی پێش راپەڕین بەسەرچووە. وەک: «چالاکی مەدەنی، مانگرتن، ژن و ژیان، رووخاندنی هێمنانەی دیکتاتۆرییەت، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، ناتوندوتیژی، حیجاب و ...هتد». ئەوانە ناتوانێت نوێنەرایەتی داخوازیی سەرەکیی خەڵکی ئێران بکات. مەگەر لەژێر رۆشنایی داخوازی سەرەکی خەڵکدا بێت، واتە «رەتکردنەوەی دوو دیکتاتۆرییەتی شاو ویلایەتی فەقیهی» و بەتایبەت رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی!
هەربۆیە پێویستە ساڵی نوێ، وەک قۆناغێکی پڕ لەگۆڕانکاری وەربگیرێت. ساڵێک کە «تاقیکردنەوەیەکی گەورەی مێژووییە» بۆ هەموو ئێرانییەکان و خەڵکی ئێران خۆیان ئامادەکردووە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان.