تۆڵەسەندنەوە لەنێوان ئاشتەواییو یاسادا
2 ساڵ لەمەوپێش
لوقمان مستەفا
هەڵبەتە دیاردەی تۆڵە سەندنەوە بەگشتی و كێشەی خوێن داری بەتایبەتی و حاڵەتەكانی دوژمنداری، لەزۆربەی وڵاتانی دواكەوتوو رەگ و ریشەی قووڵی داكوتاوەو بوونی هەیەو تائێستاشی لەگەڵ بێت كەم تا زۆر بەردەوامی هەیە، كۆمەڵگەی ئێمەش بەدەر نییە لەو كارەساتە قێزەونە، ئەگەرچی دیاردەكە خۆشبەختانە تاڕادەیەك رووی لەكەمی كردبوو، وەلێ ئێستا لەسایەی زیندووكردنەوەی هۆزو هۆزگەرێتی واخەریكە لەحاڵەتەوە دبێتەوە بەدیاردە، بۆیە بنەبڕكردنی هەروا ئاسان نیە.
بەهۆی ئەنجامی رۆتیناتی دادگاكانەوە خەڵك پەنا بۆ تۆڵەسەندنەوە دەبات، پاش خوێنڕشتنێكی زۆرو ناوبژیوانیكردن پەنا بۆ سوڵحی عەشایری و مەكتەبی كۆمەڵاتی لایەنە سیاسییەكان دەبەن. كۆتا شوێن كە پەنای بۆ دەبەن دادگاكانە.
یۆنانییەكان باوەڕیان وابوو كە ئەرك و كاریگەریی سەروەریی یاسا، تەنیا رێگری لەگەندەڵیی حوكمڕانان نییە، بەڵكوو لەكونتڕۆڵی مەیلی مەترسیداری تۆڵەسەندنەوە لەلایەن خودی مرۆڤەكان خۆیانەوە سوودمەندە.
بابەتی تۆڵەسەندنەوە، بەنیسبەت كۆمەڵگەی ئێمەو كۆمەڵگە هاوشێوەكانییەوە، نامۆ نییە.
كاتێك دەزگەی دادوەری، توانای پاراستنی بێلایەنیی خۆی لەدەستدەدات، هاووڵاتیان باوەڕیان بەم دەزگایە نامێنێت، لەئامرازی نایاساییی تۆڵەسەندنەوە بۆ مەبەستی گەییشتن بەمافی خۆیان كەڵك وەردەگرن، چونكە یاسا هێزی لێپرسینەوەی لەتاوانبار نییە، یان تاوانلێكراو باوەڕی بە دەزگای دادوەری نەماوە.
تۆڵەسەندنەوە لەسیستەمی نادادپەروەرانەدا گەشە دەكات و شیرازەی كۆمەڵگە تێكدەدات. بۆیە تاكەڕێگە لەبەرگریكردن و نەهێشتنی زنجیرەی تۆڵەسەندنەوە، سەروەریی یاسایەو لەم رێگەوە تاوان و سزاو بەرپرسیارێتیی شارستانی دیاری دەكرێت، دادگا بەبێ رەچاوكردنی پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی، تاوانبار سزا دەدات و دەبێتەهۆی گەڕانەوەی باوەری هاووڵاتیان بۆ دەزگای دادوەری و گەڕانەوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی بۆ كۆمەڵگە و جێگیركردنی سەروەریی یاسا. مەبەست لەسەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بەو مانایەیە كەهیچ لایەنێكی سیاسی یان كارگێڕی بەشێوەیەكی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆی نیە دەستوەربداتە نێو كاروباری دەسەڵاتی دادوەری یا بەهەر شێوەیەك كاریگەری هەبێت و هیچ كەسێك یا دەزگایەك لەدەزگاكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، هەتا ئەگەر وەزیری داد بێت یان سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت) بێت نابێت دەستوەربداتە كاروباری دادگاكان یان فشار بخاتەسەر دادوەرەكان لەكاتی حوكم و بڕیارداندا.
ئەوەی لەمڕۆدا سەروەریی دەزگای دادوەری دەخاتە مەترسییەوە، دەستتێوەردانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكارە، بەتایبەت كاتێك یەكێك لەلایەنەكانی “كێشەكە”، لەبەرپرسانی سیاسی، یان پەیوەندار بەوانەوە بێت. لەم كاتەدا، ئەگەر دەزگای دادوەری و خودی دادوەر سەربەخۆ نەبێت، لەجیاتی كاركردن بەدەقی ماددە یاساییەكان، داواكاریی لایەنی سیاسی، دەكاتە بنەمای دەركردنی بڕیاری خۆی، دەرەنجام سەروەریی یاسا. پێشێل دەكرێت. هەر لەبەر ئەم هۆكارانەو بوونی رۆتینیاتی كاری دادگاكانە خاوەن كێشەكان متمانەیان بەدادگاكان نامێنێت و بە ناچاری پەنا بۆ تۆڵەسەندنەوە یان سوڵحی عەشایەری دەبەن.
چونكە خاوەن كێشەكان باش دەزانن یاسا هەڵدەستێ بەچارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتانە ئەگەر رۆتینیان بهێڵێ، كورد گوتەنی هەتا مەقاش وەستابێ دەستی خۆیان ناسوتێنن، ئەوەشیان لەپێش چاوە هەر كەسێك هەڵبستێ بەكاری تۆڵەسەندنەوە لەبەرامبەر كێشەی خوێنداری، بەپێی یاسا بەتاوانبار دادەنرێ، چونكە لەهەر كۆمەڵگەیەك، تەنیا كاری تۆڵەسەندنەوە هەبوو، دەبێتە كۆمەڵگەیەكی جەنگەڵی و یاسای دارستانی تیا جێبەجێ دەكرێت و یەكتر كوشتن دەبێتە كارێكی ئاسایی، لەم حاڵەتەشدا خەڵك ناتوانێ ژیانی رۆژانە بەئارامی بەرێتە سەر، لەهەمان كاتیشدا یاسا توندە بەرانبەر بەو كەسانەی كەهەڵدەستن بەكاری تۆڵەسەندنەوەو دوژمنداری، پێویستە كێشەكە لەدادگا چارەسەربكرێت، حكومەت خۆی مافی ئەو كەسە دەستێنێ و ئەوكات دوژمنداری دروست نابێ كە بەپێی یاسای سزادانی ژمارە (111)ـی ساڵی 1968 لە ماددەی 406 دەڵێت كاری تۆڵەسەندنەوە بەتاوان دادەنرێ و سزاكەشی قورسە، بۆیە پێویستە خەڵك بۆ سەندنەوەی مافەكەی پەنا بۆ یاسا بەرێ، نەوەك تۆڵەسەندنەوە، هەروەها ئەوە راستە كەسوڵحی عەشایری بەشێكە لەچارەسەری كێشەكە، چونكە لەمێژە وتراوە (الصلح سید الاحكام ) بەڵام یاسا دانی پێدانانێت ئەگەر پێچەوانەی یاسابێت و دژبێت لەگەڵ دەقە یاساییەكاندا، بۆیە دەبێت دادگا ئاگاداری ئەو ئاشتەواییە بێت، پاش تاووتوێی وردی ئاشتەواییەكە، ئینجا رەزامەندی لەسەر ئەدات. بەڵام لەئەنجامدا هەر دادگایە بەبڕیار كۆتایی بەكێشەكە دەهێنێت.