ئەردۆغان مافیایە یــان سوڵتان؟

2 ساڵ لەمەوپێش



ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

لەسەرەتای ساڵانی 2000ەوە ئەوەی ئەردۆغانی کردبووە فیگەرێکی گرنگی وڵات و دواتریش کەسی یەکەمی حزبەکەی، بەگژداچوونەوە و کۆتاییهێنان بوو بەگەندەڵی بێشومارو ئەو کوشتنانەی کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتەکانی رابردوودا بەناوی فاعیلی مەجهول ناسرابوون.  ئەو هاوپەیمانێتیانەی کەحکومەتەکانی پێشوویان دروستدەکرد  نەیاندەتوانی لەژێر هەژموون و هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتی قووڵ و مافیاکان دەرچن، ئابووری وڵاتیان داغان کردبوو لەلایەک و کوشتارێکی دیراسەکراویشیان لەتارومارکردنی نەیارەکان سەرڕێ خستبوو لەلایەکی دیکەوە، ئەم داڕووخانە ئابووری و ئەمنییە لەحکومەتەکەی بولەند ئەجەویددا گەیشتە لوتکەی خۆی. هەر ئەم داڕمانە ئابووری و ئەمنییە شوشەی تووڕەی گەلانی تورکیای شکاندو کارێکی کرد تائاکپارتی و بەدیاریکراویش خودی ئەردۆغان بۆشاییە ئەمنی و ئابوورییەکانی وڵات کەشف بکەن و ببنە بەدیلێکی بێ رکابەری بەڕێوەبردنی وڵات.

 

هاوڕێکان لەسەر گەندەڵی و تاکڕەوی ئەردۆغانیان بەجێهێشت!

زۆری نەبرد ئەوانەی بەئەندازیاری هەستانەوەی سیاسی و ئابووری  دادەنران لەنێو ئاکپارتیدا بەبیانووی تاکڕەوی و گەندەڵی ئەردۆگان و ماڵباتەکەی کشانەوەو هەندێکیشیان دەرکران و دواتر بوون بە نەیاری زۆر سەرسەختی ئەردۆغان و ماڵباتەکەی. یەکەمین کەسایەتییەکان کەمانگەشەوی هەر لەسەرەتاوە لێ دیار بوو  کەسایەتی کوردو یەکێک لەدامەزرێنەرانی ئاکپارتی دەنگیر میرمحەمەد فرات بوو. فرات ئەزموونی شەش خولی جیاوازی پارلەمانتاری لەو وڵاتەدا هەبوو. دەنگیر فرات لەپاش رووداوەکانی گەندەڵی بنەماڵەی ئەردۆغان ناسراو بەڕووداوەکانی  25-17 تشرین رەخنەی توندی لەتاکڕەوی و گەندەڵی ئەردۆغان گرت و وازهێنانی خۆی لەو پارتە راگەیاند و پەیوەندی بەهەدەپەوە کرد.

رووداوەکانی  دزی و گەندەڵی ئەردۆغان و بیلالی کوڕی کە بەڕووداوەکانی 17-25 ی تشرین ناسراوە یەکەمین زەنگی مەترسی دیکتاتۆریەتی ئەردۆغان بو بۆ سەر هاوڕێکانی دیکەشی، هەر پاش ئەو رووداوانە هەریەک لە عەلی باباجان و عەبدوڵا گیول و حوسەین چەلیک و بولەن ئارنچ و دەیان سەرکردەی دیکەی ئاکپارتی وازهێنانی خۆیان لەئەجێنداکەی ئەردۆغان راگەیاند.

بەدەر لەئیختلاس و گەندەڵییە بێشومارەکانی ئەردۆغان و نزیکەکانی، لەپاش کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەمموزو رێککەوتنەوەی ئەردۆغان لەگەڵ سەرانی ئەرگەنەکۆن و بەدیاریکراویش کەسایەتییەکی وەک دۆغوپەڕینچەک ئیدی بۆشاییە ئەمنی کوشتنەکانیش دەستیانپێکردەوە، دیارترین کوشتنیش کوشتنی پارێزەری کورد تاهیر ئێڵچی سەرۆکی بیرۆی پارێزەرانی ئامەد بوو لەبەردەم نووسینگەکەیدا.

پاش ئەم رووداوانەو بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی سەرانی ئەرگەنەکۆنداو پشتگیرینەکردنیان لەلایەن ئەردۆغانەوە کەسایەتییە مافیاییەکانی وەک سەدات پەکەر، محەمەد یاقوت و عەلی یەشیل داغ وردە وردە دەرکەوتن و دەستیان کرد بەهەڵماڵینی نهێنییەکانی ئەردۆغان و بنەماڵەکەی.

ئەم سێ کەسایەتییە مافیاییە لەتورکیادا کەسایەتی ئاسایی نین، بەڵکو نزیکترین و مەحرەمترین ئەو کەسانە بوون تاپێش 2015 دەیانتوانی بەبێ پرس و پرسگە  بچنە نووسینگە تایبەتەکەی ئەردۆغان و ئەوەی دەیانەوێت رووبەڕوو بەخودی ئەردۆغانی بڵێن.

تەندەرەکانی دەوڵەت، ساغکردنەوەی نەوتی ئێران و هەرێم، بازرگانی ماددەی هۆشبەر، سپیکردنەوەی پارە لەهاڵک بانک، دۆسێکانی رەزا زەڕاب و بابەکی زەنجانی، ئەندازیاریی بازرگانی نێوان ئیسرائیل و بیلال ئەردۆغان هەمووی بەژێر دەستی ئەم مافیایانەدا دەڕۆیشت. پاش تێکچوونی لەگەڵ سولەیمان سۆیڵو  باڵەکەی لەئاکەپە و پشتگیرینەکردنی لەلایەن ئەردۆغانەوە مافیایەکی وەک سەداد پەکەر ناکۆکییەکانی نێوان ئیمارات و ئەردۆغانی بەهەل زانی و  لەمایسی 2021 چەناڵێکی یوتیوبی لەدوبەیەوە کردەوەو دەستیکرد بەهەڵماڵینی نهێنەکانی ئەردۆغان و بنەماڵەکەی.

 

سەدات پەکەر کێییە:

سەدات پەکەر بەیەکێک لەگەورەترین مافیا رەگەزپەرەستەکانی تورکیا دادەندرێت کەڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لەیارمەتیدانی ئەردۆغان لەکەمپینی هەڵبژاردنەکانیدا و پاشانیش یەکلاییکردنەوەی بەشێکی زۆر لەئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەنێوان ساڵانی 2008-2018 دا.

پەکەر بەتەنها مافیایەکی پارە ویست نەبووە، زیاد لەپارە ئەو رەگەزپەرەستێکە کەخوێنی سەربازە کوژراوەکانی وڵاتەکەی بەموقەدەس دەزانێت و پێی وایە نابێت بەهیچ کلۆجێک و بۆ هیچ مەبەستێک دەوڵەت لێیان بگوزەرێت و مامەڵەیان پێوەبکات.  جێپەنجەی پەکەر بەسەر سیاسەت و رەسمی سیاسەتی تورکیادا بەجۆرێکە لەنۆیەمین ڤیدیۆی خۆیدا دەڵێت:

«کە قۆناغی ئاشتی و چارەسەری کێشەکانی کورد دەستیپێکرد، لەبەر حورمەتی خوێنی شەهیدانی وڵاتەکەم من دژی ئەو چارەسەرییە وەستامەوەو کامپینی شکستپێهێنانی قۆناغی ئاشتیی و چارەسەری کێشەکانی کوردم راگەیاندو سەرکەوتووش بووم لەم کامپینەدا، چونکە هیچ کێشەیەک لەخوێنی شەهیدان بە بەرزتر نابینم تا بەراوردی پێبکەم، خۆین بەخوێن».

ئەم قسانەی پەکەر راستییەکی زۆریان تێدایە، چونکە  بەهەڵوەشاندنەوەی قۆناغی چارەسەری کێشەکانی کورد لەو وڵاتەداو پەرتەوازەبوونی ئەنجومەنی عاقڵمەندان، جارێکی دیکە ئەردۆغان هاوپەیمانێتی لەگەڵ رەگەزپەرەستەکان گرێدایەوەو کورد لەو وڵاتەدا دیسان کەوتەوە نێو گێژاوی رۆژە رەشەکانی وەک کودەتاکەی  28 ی شوباتی ساڵانی نەوەدو موسا عەنتەرو ئەحمەد کایا. شارەکانی وەک شرناخ و  سوری ئامەد بەتەواوی بەجۆرێک خاپورکران کە پێشینەی نەبوو، بەتۆمەتی تیرۆر دەیان گەنجی بێتاوان تەرمەکانیان لە سوری ئامەددا بۆگەنی دەکرد چونکە کەس جورئەتی ئەوەی نەبوو پاش شێلانیان بەتایە زنجیری تانک و دەبابەکان ئێسک و گۆشتەکانیان کۆبکاتەوەو بیاننێژێت. جزیرەی بۆتان لەگەڵ زەوی کرایە یەک و هەر لەو سەروبەندەشداو تاهیر ئێلچی سەرۆکی بیرۆی پارێزەرانی ئامەد بەڕۆژی رووناک لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسییدا تیرۆر کراو دواتر خوێنەکەی ون کرا.

لەیەکەمین ڤیدیۆی خۆیدا کەزیاتر لەیازدە ملیۆن بینەری لەماوەیەکی کورتدا پەیداکرد سەداد باس لەتاوانێکی قێزەونی وەزیری ناوخۆ دەکات و دەڵێت: «لەزیندانێکی دیاربەکر بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ سولەیمان سۆیڵو وایان لەگیراوێکی کورد کرد پیسایی بکات و پاشان پیساییەکەی خۆی بخواتەوە، کوڕی گیراوەکە دواتر کە ئەمەی بیستەوە بۆ تۆڵەکردنەوە رۆیشت بۆ قەندیل و بوو بە پەکەکە. لەتورکیا ئەمڕۆ  خەڵک بە مەبەست وایلێدەکرێت بچێتە شاخ یان بچێتە نێو جوڵانەوە مافیاییەکانەوە، چونکە خودی ئەردۆغان قازانجێکی زۆر باش لەمە دەکات بۆ ساغکردنەوە و برەودان بەبازرگانیی چەک و ماددەی هۆشبەر».

پەکەر بەئاشکرا باس لەوە دەکات کە چەندین کاری کوشتنی سەرکردە کوردەکان لەتورکیا بەئاگاداریی ئەم و لەلایەن محەمەد ئاغارەوە لەڕێگای چەند مافیایەک کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدابوون ئەنجامدراوە، دیارترین کوشتنیش کوشتنی ساڤاش بوڵدانە کەهاوسەری پەروین بوڵدانەو دەڵێت: «ئەو مافیایەی ساڤاش بوڵدانی کوشت فەرمانی لە محەمەد ئاغارەوە وەردەگرت کەپیاوی وەزیری ناوخۆیە».

 

سەدات پەکەر هەڕەشە لەئەردۆغان دەکات!

لەیەکێک لەدانپێدانانەکاندا پەکەر روودەکاتە ئەردۆغان و دەڵێت: بێ نامووس مەبن، بێنامووسی مەکەن. کە دەجەنگن وەک پیاو بجەنگن بۆ ئەوەی دوژمنەکەتان وەک پیاو رووبەڕووتان ببێتەوە، گەر شەیتان بازاڕی بکەن دەبمە گەورەترین شەیتان لەبەرامبەرتانەوە. باش بزانن من وەک گۆڤارو رۆژنامەکان نایەم بەناڕاستەوخۆ باس لەپۆخڵەوات و کارە مافیایی و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکانتان بکەم، دڵنیابن بەتەواوی وردەکارییەوە نیشانی دەدەم چەندە هیچ و پوچ بوون بەرامبەر میللەتەکەی خۆتان».

سەبارەت بەساغکردنەوەی ماددەی هۆشبەرو ترافیکینگی هیرۆین لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەکەر دەڵێت:

بڕیار وابوو 4900 کیلۆ» نزیکی پێنج تۆن»  کۆکاین و هێرۆین لەکۆڵۆمبیاوە بێتە تورکیا. ئەو کەسەشی کە بەرپرسی ئەو کارە بوو وەزیری ناخۆی پێشوو محەمەد ئاغار بوو. کۆکاین لەئەوروپا پارەی باش ناکات، کیلۆیەک کۆکاین لەوڵاتانی ئەوروپی 75000 یۆرۆیەکە، بۆیە دەبوو ئەو بڕە لەڕێگای بەندری لازیقییەی سوریاوە بەکەشتییەکانی بوراک ئەردۆغان بگەنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چونکە لەو ناوچەیە زۆر گران و بەپارەی زۆر چاک ساغدەکرێتەوە. بەهۆی توندووتۆڵی پۆلیس لەکۆڵۆمبیا دژی مافیاکانی ماددەی هۆشبەر، ئەرکان یڵدرمی کوڕی بنعەلی یڵدرمی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیاو هاوڕێی نزیکی ئەردۆغان لەسەرەتای شوباتدا دەڕواتە ڤەنزوێلاو لەبەندەری کاراکازی ڤەنزوێلییەوە رێگایکی دیکە بۆ بەقاچاخبردنی ئەو بڕە لەکۆکاین دەدۆزێتەوە.  پۆلیسی کۆڵۆمبیا دەست بەسەر  ئەو بارە کۆکاینە دا دەگرێت و لەڕێگای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە نامەیەک ئاڕاستەی وەزارەتی دادی تورکیا دەکات کەئەو بڕە زۆرە لەکۆکاین قەراربووە بێتە تورکیا تکایە بەدواداچوونی بۆ بکەن و تۆمەتبارانی رادەست بکەن. بەهۆی ئەوەی بەرات ئاڵبایراکی زاوای ئەردۆغان پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ محەمەد ئاغاردا هەبووە لەو مەسەلەیەداو بەفەرمانی  محەمەد ئاغاریش ئەرکان یڵدرم رۆیشتووەتە کاراکازی ڤەنزوێلا، سولەیمان سۆیڵو وزیری ناوخۆ لەبەرامبەر وەرگرتنی بەرتیلدا ئەم مەسەلەیە دیزە بەدەرخۆنە دەکات و پەردەپۆش دەکرێت».

سەدات پەکەر دەڵێت پێم سەیرە کاک ئەردۆغانم «ERDĞAN Abi»  هەموو ئەم شتانە دەزانێت و قسە ناکات».

بەشی زۆری ئیسلامییەکانی کوردستان یەکێک لەو تۆمەتانەی لەماوەی ڕابردوو و ئێستاشدا ئاڕاستەی سەرانی پەکەکەی دەکەن لەقەندیل ئەوەیە گوایە بەرپرسەکانی ئەو پارتە بازرگانی ماددەی هۆشبەرن و لەو رێگایەوە پارە بۆ پارتەکە پەیدادەکەن، من نازانم ئەم تۆمەتانە چەندە نزیکن لەڕاستییەوە بەڵام پەکەر بەنیشاندانی دەیان بەڵگە ئەوەی سەلماند کە بن عەلی یڵدرمی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری دەوڵەتەکەی ئەردۆغان چۆن بازرگانی ماددەی هۆشبەری کردووە. پەکەر دەڵێت ئەردۆغان ساڵانە سەدان تۆن ماددەی هۆشبەر لەئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساغدکاتەوە و ئەمشیان بە بەڵگە دەدەمێ.

 

ئایا قودس کێشەی ئەردۆغان بوو؟

سەدات پەکەر لەشوێنێکی دیکەدا دەڵێت: ئەوانەی لەهاتنە دەرەوەیان لەمزگەوتەکان دەکەونە هاوارو شاتەشات بۆ فەلەستین و باس لەدۆزی رەوای فەلەستینییەکان دەکەن بۆ تائێستا نەیانتوانیوە 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان چەند موشەکێکی کورت مەودا بدەنە موجاهیدو برا فەلەستینییەکانیان،  لەکاتێکدا دەیان دانە لەو فڕۆکانەیان دایە سوپاکەی ئیلهان عەلی ئێڤی سەرۆکی ئازەربایجان و هاوپەیمانی ستراتیژیی ئیسرائیل تا لەقەرەباغ دژی ئەرمەنییەکان بەکاریبهێنێت. دیارە ناتوانن ئەوە بۆ فەلەستینییەکان بکەن، چونکە هەموومان دەزانین بازرگانی کەشتییەکانی بوراک ئەردۆغانی کوڕی  ئەردۆغان لەگەڵ ئیسرایل و گواستنەوەی نەوت بۆ بەنزینی فڕۆکەکانی ئیسرائیل پەکیدەکەوێت، دواتر ئیسرائیل بەو فڕۆکانەی کە بوراک ئەردۆغان بەنزینەکەیان دابین دەکات بۆردومانی غەززە دەکات و ئەردۆغانیش فرمێسکی تیمساحی بۆ غەززە دەڕژێت. پەکەر دەڵێت ئەم رژێمە بۆ پارە هەموو شتێک دەکات، تەماشا تورکیا ئەمڕۆ هێز دەنێرێتە قەتەرو لیبیا، چونکە خاوەنی نەوت و پارەن و لەبەرامبەر کوژرانی هەر سەربازێکی تورکدا ئەمان پارەو نەوت وەردەگرن، بەڕێزان فەلەستین چی هەیە بۆ ئەمان تا یارمەتی بدەن دیارە هیچ، بۆیە لەواقیعدا هیچ شتێک بۆغەززە و فەڵەستین  ناکەن.

 

ئەردۆغان و نوسرەو داعش!

رۆژنامەنووس جان دوندار لە 25 مایسی ساڵی 2015 دا بەتۆمەتی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو چونکە راپۆرتێکی لەڕۆژنامەی سۆزجودا بڵاوکردەوە تێیدا جەختی لەوەکردبووەوە دەیان تڕێڵەی میت لەمێرسین دەستیان بەسەرداگیراوە کەدرۆن و چەکی مامناوەندو قورسیان بۆ داعش و نوسرە  لەباکوری سوریاو موسڵ  گواستووەتەوە. حکومەت نکوڵی لەو زانیاریانەی دوندار نەکرد بەڵام دونداری وڵاتبەدەر کرد،  سەدات پەکەر لەهەشتەمین ڤیدیۆی خۆیدا دەڵێت :

ئەو ترێلانە پڕ بوون لەو چەکە قورس و مامناوەندو درۆنانەی کە وا بڕیاربوو بچێت بۆ تورکمانەکانی سوریا بۆ ئەوەی پارێزگاری پێ لەخۆیان بکەن. سەرەتا منیش هەر پێم وابوو بۆ ئەوان دەچێت. ترێلەکان و بارەکانیان هی من بوون، بەڵام رێکخراوی SADAT کەڕێکخراوێکی سەربازیی میلیشیاییە و ئەردۆغان وەک سوپای سێبەر بۆ پاراستنی خۆی و کۆشکەکەی دروستیکردوون، هەموو تڕێلەکانی منیان خاڵی کردو چەکەکانی ناویان دەرهێناو لەژێر سەرپەرشتی هاکان فیدان و میتدا ناردنیان بۆ بزوتنەوە جیهادییەکانی سوریا کەخۆیان لەقاعیدە و بەرەی نوسرەو داعشدا دەبینییەوە. دواتر خەڵک دەیانوت سەدات پەکەر یارمەتی تیرۆریستانی داوەو جیهادییەکانی سوریا لەڕێگەی ڤیدیۆوە لەسۆشیال میدیا سوپاسیان دەکردم. لەکاتێکدا SADAT ئەوەی کردبوو من بێئاگابووم لێی. لەبەرامبەردا رێکخراوی SADAT نەوتی خاوی قاچاخیان لەو رێکخراوە جیهادییانە وەردەگرتەوەو لەتورکیا ساغیان دەکردەوە. بەڕێوەبەری گشتیی ئەم بازرگانیی و ئاڵم و ساتمە کەسێک بوو بەناوی مەتین قراتلی، قراتلی پۆستی بەڕێوەبەری کارگێڕی و ئیداری هەیە لەکۆشکەکەی سەرۆککۆمار ئەردۆغان و پارەکانیش دڕژانە ئەو بانکانەی کەستافەکەی بەرات ئاڵبایراکی زاوای ئەردۆغان دیارییان دەکردن. یەکێک لەو بانکانە هاڵک بانک بوو کە ئەمریکا دواتر بەیارییەکەی زانی و بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارەی تیرۆریستان قەدەغە و ئامبارگۆی لەسەر دانا. بەکورتی ئەوەی چەکەکانی دەناردە سوریا بەرپرسی ئاسایشی کۆشکەکەی ئەردۆغان بوو، ئەوەی نەوتی خامی وەردەگرتەوە لەبەرامبەردا مەتین قیراتلی بەرپرسی کارگێڕی کۆشک و ئەوەشی پارەی نەوتەکەی وەردەگرتەوە زاواکەی ئەردۆغان بوو».

 

پەکەر چۆن بێدەنگ کرا؟

لەوەڵامی ئەوەی ئەردۆغان ناڕاستەوخۆ پەکەری بەسیخوڕێکی نێودەوڵەتی ناوهێنابوو پەکەر دەڵێت «مادەم شتەکە وای لێهات ئەردۆغان ئابی، مادەم من بووم بە جاسوسی نێودەوڵەتیی و تۆش دەڵێیت قۆڵبەستی دەکەین و دەیهێنینەوە، ئەوا وەعدی ئەوەت پێئەدەم هەفتەی داهاتوو هەموو شتێک باسبکەم. من نامەوێ ناوم وەک ناپاکێک بچێتە مێژوو کاکە تەیب، هەفتەی داهاتوو دوو وشەشم لەگەڵ تۆش دەبێت، کە منت هەبوو کامە لەو ماستاوچیانەی کەئێستا راستییەکانت لێدەشارنەوە لەگەڵت بوون کاکە؟ تەیب ئابی خەڵک ئێستا هەموو شتک ئەزانێ، پێم ناڵێی چی دەشاریتەوە؟  دووبەدوو دائەنیشین و پاک و پیسی خۆمان دەرەکەین، بزانین کێ درۆزنە!» لەپاش ئەم قسانە ئەردۆغان و ئیمارات رێککەوتنەوەو ئیدی سەدایەک لە پەکەرو ڤیدیۆکانی نەما.

 

پەکەر قسە ناکات

رۆژنامەنووسان و چاودێرانی سیاسی بەر لەدەستپێکردنی بانگەشەکانی هەڵبژاردن کامپەینێکی داواکارییان دەستپێکرد تا سەدات پەکەر دەستبکاتەوە بەتۆمارکردنی ڤیدیۆکانی بەتایبەتی پاش ئەوەی گەیشتبووە ئەوەی باسی خودی ئەردۆغان و ماڵباتەکەی بکات، بەڵام لەهیچ لایەکەوە هیچ دەنگ و سەدایەک لە پەکەر نەبوو. پێدەچێت حکومەتی ئیمارات لەسەر داواکار ئەردۆغان و پاش رێکخستنەوەی ئەردۆغان لەگەڵ فەتاح سیسیی سەرۆکی میسر هەڕەشەی دیپۆرتکرنەوەی لەپەکەر کردبێت لەئەگەری تۆمارکردنی ڤیدیۆ لەدژی ئەردۆغان. پەکەر بێدەنگ بوو بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆو دانپێدانانی کەسایەتییەکی دیکەی مەحرەمی خانەوادەکەی ئەردۆغان دیسان گڕی لەکۆشکەکەی ئەردۆغان بەردایەوە.

 

عەلی یەشیل داغ کێیە؟

عەلی یەشیل داغ برای هاوڕێی ساڵانی زیندانیی ئەردۆغان حەسەن یەشیل داغە کە ئەردۆغان متمانەیەیکی زۆری پێی هەبوو. خێزانی یەشیل داغ سێ بران کەهەموو  تەندەرەکانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری لەحکومەتی تورکیا بەژێر دەستی ئەماندا رۆیشتووە  ئەمانیش لەبەرژەوەندی ئەردۆغان و دەوڵەمەندکردنی خۆیان یەکلاییان کردوونەتەوە. زەکی یەشیل داغ بەرپرسی هەموو هۆڵدینگە میدییاییەکانی ئەردۆغانە. هەفتەی پێشوو رۆژنامەنووس جەڤهەری گوڤەن ڤیدیۆی دانپێدانانی عەلی یەشیل داغی بڵاوکردەوە کەتێیدا دەڵێت من و کەسێک بەناوی موجاهید ئارسڵان کەسەرکردەیەکی ئاکەپەیە یاریمان بەتەندەری دروستکردنی فڕۆکەخانەی ئانتالیاو دەیان تەندەری دیکەی حکومەتەوە کردووە لەساڵانی 2007 بەدواوە دەردەچوون.

یەشیل داغ کە لەمەحرەمەکانی خێزانی ئەردۆغان دادەندرێت دەڵێت تاڕۆژی هەڵبژاردن رۆژانە ئەو نهێنیانە ئاشکرا دەکەم کەبوونەتە هۆکاری دەوڵەمەندبوونی ئەردۆغان و هەژارکەوتنی خەڵک، ئەم کارەش پشت پەردەی بانگەشی لەیەکێک لەدانپێدانانەکانیدا یەشیل داغ  دەڵێت سەرەتا تەندەری دروستکردنی فڕۆکەخانەی ئانتالیا بەبڕی پێنج ملیار دۆلار بۆ چەلەبی هۆڵدینگ دەرچووبوو بەڵام بەبیانووی ونبونی دۆکیومێنتەکانی کەخۆمان دزیبوومانن و شاردبووماننەوە تەندەرەکەیمان هەڵوەشاندەوە، دواتر تەندەرەکە بەکەمتر درا بەکەسایەتییەکی نزیک لەخۆمان و ئەردۆغان بەناوی ئیبراهیم چەچەن بەبڕی 3 ملیارد دۆلار، واتە زیانی 2 ملیارد دۆلار لەدەوڵەت درا. لەبەرامبەر وەرگرتنی تەندەرەکەدا ئیبراهیم چەچەن یەک ملیار دۆلاری کاشی وەک شیرینی ئەو گرێبەستە دایە ئەردۆغان.

یەشیل داغ لەڕێگای بڵاوکردنەوەی سێ تۆماری ڤیدیۆییەوە بەشێوەیەک خەوی لەچاوی ئەردۆغان زڕاندووە خێزانەکەی ناچار کردووە حاشا لە یەشیل داغ بکەن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەردۆغانی دەکات بەدرۆی بخەنەوە. یەشیل داغ هاوشێوەی سەدات پەکەر ئەردۆغان بە تەیب ئابی واتە کاکە تەیب بانگ دەکات دەڵێت بەبەڵگە دەیسەلمێنم ئەردۆغان لەئێستادا خاوەنی 300 ملیار دۆلارەو هەموو ئەندامەکانی خێزانەکەشی ملیاردێری دۆلارن.

 

کێ هاوڕەگەزبازە؟

لەکۆتا دانپێدانانیدا عەلی یەشیل داغ زانیارییەکی مەترسیداری لەسەر وتەبێژی ئاکپارتی عومەر چەلیک بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت: تەیب ئابی تۆ گەر بتەوێ یەکێک تێکبشکێنیت پێی دەڵێیت هاوڕەگەزبازو نێربارو LGBTQ، بەڵام نازانیت کە وتەبێژی پارتەکەی خۆت عومەر چەلیک هاوڕەگەزبازە.» یەشیل داغ دەڵێت بەڵگە ڤیدیۆییم لایە بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەم.

دەستبەسەرداگرتنی زەوییە نایابەکان:

لەڤیدیۆیەکی دیکەدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکی گرانبەها لەئیستانبوڵ بۆ بەرژەوەندی بیلال ئەردۆغان، عەلی یەشیل داغ دەڵێت: کۆمپانیایەکمان بەناوی YAP YAPI دامەزراند کەباشترین و گرنبەهاترین زەوییە لەنزیک نۆکەندو بسفۆڕی ئیستانبوڵ، ئەم زەوییە پێشتر زەوی ئەکادیمیای پۆلیس بووە، نرخەکەی بەشەش ملیارد دۆلار دەخەمڵێندرا،ـ کارێکمان کرد زەوییەکە بەخۆڕایی بدرێتە کۆمپانیای YAPYAPI و ئەمیش چەند تاوەرێکی بازرگانی و نیشتەجێبوونی گرانبەهای تێدا دروستبکات و بەوەبەرهێنە قەتەری و سعودی و ئیماراتییەکانی بفرۆشرێتەوە، قازانجی بیلال لەم پڕۆژەیەدا هەشت ملیار دۆلارە. ئەم کۆمپانیایە 50%ی خاوەندراێتییەکەی بۆ بیلال ئەردۆغان و 25%ی زەفەر یڵدرمی کوڕی بن عەلی یڵدرمی سەرۆکوەزیرانی پێشوو 25% بۆ ئێمە بوو.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار