ساڵانە 86 هەزار کەس ئێران جێدەهێڵن

رێژی کۆچی خوێندکارانی ئێران 75% بەرز دەبێتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆ و داوای پەنابەرێتیی هاوڵاتییانی ئێران لە ئەمریکا و ئەروپا بەرز دەبێتەوە و بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی دەڵێت: نەبونی دۆخی گونجاو و هەلی کار هۆکاری سەرەکیی زۆربونی جێهێشتنی وڵاتەکەیە.

ناوەندی چاودێریی کۆچ لە ئێران ئاشکرای دەکات؛ ساڵانە 86 هەزار کەس کە وڵاتەکەیان جێهێشتوە داوای مافی مانەوە پەنابەرییان لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا کردوە و رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆ بۆ دەرەوەی وڵات 75% بەرز بوەتەوە.

محەمەد موقیمی، سەرۆکی زانکۆی تاران بە رۆژنامەی (خوراسان) لە وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ شێوازی پەروەردەکردنی خوێندکارانی زانکۆ لە ئێران لە ئاستی وڵاتە پێشکەوتوەکانی جیهاندایە بەڵام بەهۆی نەبونی هەلی کاری گونجا رێژەی کۆچی خوێندکاران و بە تایبەت دەستەبژێرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر بوە.

بە وتەی موقیمی: رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران لە 20 ساڵی رابردودا 75% بەرز بوەتەوە و لە ساڵی 2000 نزیکەی 17 هەزار خوێندکاری زانکۆ وڵاتەکەیان جێهێشتوە و لە ساڵی 2020 ئەو ژمارەیە بەرز بوەتەوە و زیاتر لە 66 هەزار خوێندکاری وڵاتەکە کۆچیان کردوە.

ئەو بەرپرسە هۆشداریی داوە کە بەهۆی زۆربونی کۆچی خوێندکارانی زانکۆ، سەرمایە و هێزی مرۆیی لە ئێران زۆر کەم ببێتەوە.

لێدوانی ئەو بەرپرسە و ئامارەکانی ناوەندی چاودێریی کۆچ لە کاتێکدا، ناوەندی ئاماری تورکیا ئاشکرای کردوە کە تەنها ساڵی 2021 زیاتر لە 80 هەزار هاوڵاتیی ئێران بۆ ئەو وڵاتە کۆچیان کردوە و هاوڵاتییانی عێراق دوای ئێران دووەم وڵات بون کە بە مەبەستی کۆچ رویان لە تورکیا کردوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار