عێراق و ئێران بەرهەمهێنان لە کێلگە هاوبەشەکانی نەوت و غاز بەرز دەکەنەوە

بڕیارە گرێبەستی کڕینی غاز لە ئێران بۆ پێنج ساڵی دیکە نوێ بکرێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند عێراق و ئێران رێککەوتنێکیان واژۆ کردوە بۆ پەرەپێدانی کێلگە هاوبەشەکانی نەوت و غازی نێوانیان و بڕیاری گرێبەستی فرۆشتنی غاز بە عێراق بۆ پێنج ساڵی دیکە نوێ بکرێتەوە.

جواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێکدا لە بەغدادی پایتەختی عێراق رایگەیاند؛ بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رێککەوتنێک لە نێوان تاران و بەغداد واژۆ کراوە بە مەبەستی پەرەپێدانی ئەو کێلگە غازی و نەوتانەی کە لە نێوان دوو وڵاتەکەدا بە هاوبەشی بەڕێوەدەچن.

ئەوجی وتویەتی: لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا جگە لە دروستکردنی هێڵی بۆڕی نەوت و غاز لە نێوان دوو وڵاتەکەدا، ئێران کار دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک لە پاڵاوگەکانی عێراق.

بە وتەی وەزیری نەوتی ئێران: تاران لەگەڵ وەزارەتی وزەی عێراق رێککەوتوە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی کڕینی غاز لە ئێرانەوە و کار دەکرێت بۆ نوێکردنەوەی ئەو گرێبەستە بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە

بە پێی ئەو گرێبەستە ئێران دەبێت غازی وێستگەی کارەبایی بەغداد و وێستگەی کارەبایی بەسڕە دابین بکات.

لە ماوەی ساڵانی رابردودا ئێران چەندجارێک هەناردەکردنی غازی بۆ عێراق لە 50 ملیۆن مەتر سێجا-ی رۆژانەوە بۆ نۆ ملیۆن مەتر سێجا کەم کردوەتەوە کە ئەوەش بوەتە هۆی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا.

بە وتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سزاکانی ئەمریکا وای کردوە عێراق نەتوانێت قەرزەکانی غاز و کارەبای لە ئێرانەوە کە دەگاتە 11 ملیارد دۆلار رادەست بکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار