جــوانی وەک پــانــتــایی مــلــمــلانێی هــێزەکــان
2 ساڵ لەمەوپێش
زەردەشت نورەدین
میکیاژ، خۆڕازاندنەوە، جوانکاری، رجیمی تایبەت، رەشاقە و لەشجوانی، نەشتەرگەریی جوانکاری لەگەڵ مارکە، مۆد، مۆدێل، فاشیۆن، ستایل، کۆزمەتیک هەموویان روویان لەجوانییە: جوانیی جەستەیی. بەشی هەرە زۆری ئەوانەی ناویان هێنرا پەیوەستن بەژنانەوە، ئەیژی تەنیا ژنان جەستەدارن و جوانیش بریتییە لەجەستەی ژنان! رەنگە یەکەم پرسیار کە بەمێشکی مرۆڤدا بێت ئەوە بێت کەبۆچی مرۆڤی ناو جیهانی مۆدێرن ئەوەندە پێیخۆشە جوان دەرکەوێت، بەدەربڕینێکی وردتر بۆ دەخوازێت ئەوەندە لەڕوخسارو دەرکەوتندا مۆدێرن بێت؛ ئاخر ئەو شێوازە دەستواردانە جەستەییە بەگوێرەی رابردوو، نوێیە. خۆ ئەوەنەبێت مۆدێرنبوون پەیوەست بێت بەدەرکەوتنی جوانەوە یان جوانبوونەوە بەڵام ئەوەش بەڕێکەوت نییە کە پراکتیکی جوانی بەو شێوەیە فراوان و لەو ئاستەدا چڕەدا تەنیا لەمۆدێرندا دەردەکەوێت.
مرۆڤی مۆدێرن بەتەنیا دەستی وەرنەداوەتەوە جەستە بگرە دەستوەردانی جەستەیی دەرەنجامی زانست و تەکنۆلۆژیای مۆدێرنە کە هاوڕێ بەدەستکاریکردنی ژینگە، ئاژەڵان، رووەک و میوە روویداوە و تەریب بەوە دەستی وەرداوەتە بیناکردنی شاری نوێ (گەورەشار) ئامێری نوێی گواستنەوەو پەیوەندی (ئۆتۆبێل، فرۆکە، تەلەفوون، ماس میدیا، ئینتەرنێت)، کەرەستەی نوێی ژیانکردن. کاتێک بۆ ساتێک لەجیهانی پێش مۆدێرنەوە تەماشای جیهانی مۆدێرن دەکەیت دەبینیت مرۆڤ خۆی لەهیچ نەبواردووەو لەهیچ شتێک سڵی نەکردووەو دەستکاری هەر شتێکی کردووە کە هاتووەتەسەر رێی یان ئارەزووی بووە دەستکاری بکات. لەناو جیهانێکی جەنجاڵی لەو جۆرەی دەستکاریکردندا دەستوەردانی جەستەیی شتێکی بەڕێکەوت و سەیر نابێت.
ئەم گۆڕانکارییە ماتریالییانە تەنیا لەسەر ئاستی مادە، ژینگە، شار، کەلوپەل، جەستە نەوەستاونەتەوە بەڵکوو بۆ ناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بونیادە زیهنییەکان، دابونەریت، کەلتوور، جیهانبینی شۆڕبووەتەوە. تەنانەت بۆ ناو سەخترین ناوکی مرۆیی کە پانتایی یەزدانناسی و خودایە رۆچووە. وێنەی خودا، شێوەی روانین بۆ خودا، پەرستگاکان و شێوەی مرۆڤی ئایینی هاوتا بەگۆڕانکارییە ماتریاڵییەکان گۆڕاوە. ئەیژی گۆڕانکارییە ماتریاڵییەکان بەناچار، گۆڕانکاری رۆحی و سایکۆلۆژیی لێدەکەوێتەوە. بەهەمان شێوەی دەستوەردانی جەستەیی، دەستەوەردانیش بۆ وێنای خودا و تێگەیشتن بۆ خودا روویداوە؛ وەک بڵێیت خوداش لەسەردەمی نوێدا، پێویستی بەڕوخسارێکی نوێیە، پێویستە خوداش جوانتر دەرکەوێت! رەنگدانەوەی ئەمە لەسەرهەڵدانی ئەو هەموو گروپە جۆراوجۆرە ئاینییەدا خۆی دەردەخات، لەناو ئەو هەموو راڤە جیاوازەی دەقە پیرۆزەکاندا دەردەکەوێت کە لەڕێگەی ئەو هەموو کردە توندڕوە ئایینییانە، لەڕێگەی تیرۆرو تۆقاندنەوە، لەڕێگەی پەڕگری و خۆجیاکردنەوەی ئایینییەوە چ وەک روخسار و چ وەک شێوەی خۆی نمایش دەکات. هەموو ئەمانە ئاماژە بەوە دەدەن، وێنای خوداش پێویستی بەدەستکارییە، پێویستی بە جوانکارییە. ئەگەرچی لەدەرەنجامدا زۆربەی هەرزۆری نەشتەگەرییەکانی خودا، هاوشێوەی بازدانی بایۆلۆژی زیندەوەران، مەرگهێن و کوشەندەیە بەڵام پرۆسەیەکی بەردەوامە.
ئەگەر یەکێک لەماناکانی فۆرم بریتی بێت لەڕووکار، رواڵەت و رووی دەرەوە لەگەڵ رێژە، جۆرو شێوازی پەیوەندی ئەوانە لەگەڵ یەکدی و لەگەڵ ناوەوەدا کەئەوانەش لەجەستەدا بەدیار دەکەون؛ ئەوا سەردەمی مۆدێرن هاوکات سەردەمی داهێنانی فۆرم و دەستکاریکردنی کۆی فۆرمەکانی رابردووی مرۆڤە. بەدەربڕینێکی جیاوازتر سەردەمی مۆدێرن سەردەمی خودئاگایی فۆرمە، سەردەمی سەربەخۆی فۆرمە. فۆرم بیر لەخۆی دەکاتەوە، تەنیا خۆی بەلاوە گرنگ دەبێت و دەخوازێت خۆی بەتەنیا نمایش بکات. بێمەڵامەت نییە سەردەمی سەربەخۆبوونی هونەرو سەردەمی دەرکەوتنی ئێستاتیکا وەک بوارێکی سەربەخۆ، هەر سەردەمی مۆدێرنە. ئەم درکپێکردنە کاتێک بۆ تێگەیشتن خۆی دەکاتەوە کە بەپێش مۆدێرنەوە پەیوەست بکرێتەوە، کە بریتییە لەسەردەمی ناوەڕۆک یان ئەگەر وردتر گۆی بکەین دەڵێین سەردەمی پێش مۆدێرن واتە ناوەڕۆک تەوەری. لەسەردەمی ناوەڕۆک تەوەریدا دەستکاریکردنی فۆرم و دەستوەردارنی رووکار زۆر دەگمەن بوو ئەگەر بشکرابا ئەوا دەبوو لەخزمەت ناوەڕۆکدا بوایە. بەپێچەوانەوەی سەردەمی مۆدێرن سەردەمی لەناوەڕۆکخستن و بەفۆرمکردنە.
سەردەمی مۆدێرن بۆ یەکەم جار لەمێژووی مرۆڤایەتیدا تائەو شوێنە دەڕوات، کە فۆرم بەبێ ناوەڕۆک بتوانێت بێتە بوون: پەیوەندیی نێوان فۆرم ناوەڕۆک بەوشێوە نواندنەوەکەی یان ئۆبێکتیڤەکەی تێکشکێنراو فۆرم بەگوێرەی واقیع، ناوەڕۆکی بەجێهێشت؛ لەم مانایەدا فۆرمی بێناوەڕۆک یان فۆرمی رووت هاتەکایەوە. بەدەربڕینێکی تر لەسەدەی بیستدا بینەری هونەری بێناوەڕۆک بووین، هونەرێک کە تەنیا فۆرمی رووت بوو. رێبازی ئەبستراکت یەکێک لەئاراستە بەهێزەکانی ناو هونەری سەدەی بیست کەنەک هەر ناوەڕۆکی هەبووی تێدەپەڕاند بەڵکوو فۆرمە هەبووکانیشی تێک دەشکاند. زۆر پێش هونەری سەدەی بیست، لەسەرهەڵدانی سەرمایەداریدا، کاڵا بۆ ئاستێک لەبێناوەڕۆکی هەڵکشا کە پێشتر بەو جۆرە نەبوو. واتە لایەنی بەهای ئاڵوگۆڕ بەتەواوی باڵی بەسەر کاڵادا کێشاو ئەمەش لەپارەدا بەتەواوی دەرکەوت. بەدەربڕینێکی تر پارە بووە هاوتایی گشتی هەموو شت؛ واتە پارە بووە فۆرمی رووت، بەبێ ناوەڕۆکێکی دیاریکراو کەدەتوانێت هەموو ناوەڕۆکێک لەخۆبگرێت و هاوکات خۆی هیچ ناوەڕۆکێکی دیاریکراوی نەبێت. `
لەم سۆنگەوە ئەگەر سەیری پراکتیکی جوانی (میکیاژ، خۆڕزاندنەوە، جوانکاری، نەشتەرگەری جوانکاری و ... تاد) بکەین، ئەوا وەکو کردەیەکی سەربەخۆ یا بێڕەبت دەرناکەوێت، بەڵکوو پەیوەست دەبێتەوە بەشێوە ژیانی مۆدێرنەوە. ئەوەی راستە بەشێک لە پراکتیکی جوانی لەپێش مۆدێرنیشدا هەبووە بەڵام لەو برگەدا سەربەخۆ نەبوو و بەکۆمەڵێک دابونەریت و رێوڕەسمی کۆمەڵایەتییەوە گرێدرابوو. پانتایی پراکتیکی جوانی لەبەرئەوەی جەستەیە؛ ئەوا خودی جوانی بۆ گرفتێکی بنەڕەتی وەردەگەڕێت. لەدونیای پێش مۆدێرندا کاتێک کیژێک لێوی سوور دەکات یان ژنێک چاوی دەڕێژێت بەپێی رێکەوتنێکی کۆمەڵایتیی شاراوە لەناو رێوڕەسمێکی دیاریکراودا دەیکات و لە دەرەوەی ئەمە ناتوانێت بیکات و ئەگەر بیکات بەدناو دەبێت؛ واتە هێشتا پراکتیکی جوانی بەناوەڕۆکێکەوە گرێدراوە کە ناوەڕۆکی ملکەچێتیی ژنانەیە؛ لەبەرئەوەی بەگوێرەی پەیمانە کۆمەڵایەتییە شاراوەکە و لەناو رێورەسمەکەدا کردوویەتی. لەهاتنی مۆدێرندا ئەو، ئەو جۆرە بەها، رێسا و نەریتانە تووشی شڵەژان دەبن و بەها و رێسای نوێ دەردەکەوێت.
خەتەنەکردن باشترین نموونەیە بۆ ئەوەی لەڕێگەی جوانییەوە، ملکەچێتیی تاک (ژن و پیاو) و داگیرکردنی سێکسواڵیتەی پێ روون بکەینەوە. تاک نەک هەر نەیتوانیوە بەر بەوە بگرێت کە خەتەنە نەکرێت – بەساوایی هەردووک رەگەز خەتەنە کراوە – بەڵکو دواتریش لەناو ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتی-ئایینیەدا ئیمکانی ئەوە بەردەست نەبووە تابیخاتە ژێر پرسیارەوە یان بیری لێبکاتەوە. تەنیا ئەوە لەگەڵ هاتنی سەردەمی مۆدێرندایە کەتەواوی بەها، رێسا، ئایین و شێوەی ژیانی پێش مۆدێرن دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەوکاتە بەتەنیشت ئەو گومانە گەورەوە، ئیمکانی ئەوە بەردەست دەبێت پرسیار لەخەتەنەکردن بکرێت – ئەگەرچی تائێستا خەتەنەکردنی نێر هێشتا هەر نەبوو بەپرس و وەک رێورەسمێکی سروشتی-ئایینی تەماشای دەکرێت. خەتەنەکردن ئەوە روون دەکاتەوە کەتاک خاوەنی جەستەی خۆی نییە بەڵکو هی ئایین، کۆمەڵگاو بەها، ڕێساو نەریتە گشتییەکانە؛ تاک ناتوانێت بکەرێتی هەبێت و خۆی بڕیار لەسەر خۆی بدات؛ ئێستاش لەکۆمەڵگای ئێمەدا رەگەزگۆڕین کوشتنی لەچارەنووس نووسراوە؛ تاک ناتوانێت بژاردەی خۆی و ئەوەی خۆی پێخۆشە هەڵی بژێرێت یان بیکات، تائێستاش پەیوەندیی خۆشەویستی یان پەیوەندیی سێکسی لەم کۆمەڵگایەدا ئازاد نییە، کوشتنی لێدەکەوێتەوە.
کێشەی جوانی و پراکتیکی جوانی لەلای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوو کێشەی فرەڕووە، یەکەمیان پەیوەستە بەخودی پرسەکەوە وەک ئەوەی لەڕۆژاوادا داڕشتەکراوە، دووەم ئەوەی بە سیاقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گرێدراوە. پێموایە هەموو رووەکانی کێشەی یەکەم لەلای ئێمە بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە، هەر جۆرە تیۆریزەکردنێک و شیکاریی لەو جۆرە کە بەمانای راستەوخۆ هاوردەکردنی روانگەکانی ئەوانە، لەلای ئێمە بەئاسمانەوە دەمێنێتەوە و ناتوانێت بەر بنکی کێشەکانی ئێمە بکەوێت. رووەکانی کێشەی دووەم لەبەرئەوەی لەپانتایی خودی جوانیدا نەماوەو خزاوەتە ناو هەموو پانتاییە دەرەجوانییەکانەوەو بگرە هەر لەبنەڕەتیشدا لەو پانتاییەدا نەبووە، ئەوا هەر جۆرە شیکردنەوە یان تیۆریزەکردنێک ئەگەر ئەو فرەڕووییە پشتگوێبخات و جوانی وەکوو جوانی ببینیت، بەهەمان شێوەی یەکەم بە ئاسمانەوە دەمێنێتەوە و ناتوانێت لەنزیکەوە بەر بەخودی کێشەکان بکەوێت.
ئەگەر لەسادەترین کردەی پراکتیکی جوانییەوە دەستپێبکەین ئەوا دەبێت ئەو نموونە رۆژانەییە بهێنینەوە، کیژێک لەم سەردەمەدا و لەم سیاقە تێکڕژاو و ئاڵۆزەدا، لێوی سوور دەکات، بەتەنیا دەست وەرناداتە ناو پارچەیەکی دیاریکراوی جەستەی خۆی – لێوی – بەڵکوو لەڕێگەی ئەو لێوو سورکردنەوە زۆر سنوری سوور دەبەزێنێت کە هێشتا بەتۆخی لەکۆمەڵگای ئێمەدا کاردەکەن. واتە هێشتا لێرەدا پەیوەندیی نێوان فۆرم و ناوەڕۆک پەیوەندییەکی دیالەکتیکییە و هاوشێوەی سیاقی ئێستای پاش شۆڕشی سێکسی نییە کەپەیوەندی دیالەکتیکیی نێوان فۆرم و ناوەڕۆکی پراکتیکی جوانی لێکپچراوە و لەپەیوەندیی دیالەکتیکی دەرچووە. بەدەربڕینێکی تر لەسیاقی ئێستای رۆژئاوا سوراوکردن باری کەلتووری پێش مۆدێرنی هەڵنەگرتووەو لەو دەلالەتانە ئازادبووە هەر بۆیە دەبێتە دەستوەردانی فۆرم. سوراوکردنی کیژێکی کورد، بیەوێت یان نا بەمەبەست بێت یان نا، ئاگامەندانە بێت یان نا، کردەیەکی یاخیگەرانەیە کەکۆمەڵێک بەها پێشێلدەکات و کۆمەڵێک کۆد دەشکێنێت. بەر لەبەزاندنی هەر نەریتێکی ئایینی و پێشێلکردنی کۆتوبەندی سێکسواڵیتە، مومارەسەی بکەرێتی خۆی دەکات وەک بکەرێکی کۆمەڵایەتی دەستوەردەداتە پانتاییە شەخسی و گشتییەکان و بەگوێرەی چەشەی خۆی؛ شێوازی ئەزموونی خۆی جەستەی خۆی لەپەیوەند بەویترەوە هەڵدەبژێرێت.