دادپەروەری،کەرامەت،ئازادی .

2 ساڵ لەمەوپێش



جوتیار ڕەشید

[دادپەروەری،کەرامەت،ئازادی] ئەو سی بنەما سەرەکیەن کە تێکڕای ئاینە ئاسمانیەکانی وەک بنەمای سەرەکی ئاینەکەیان بە بنەمایان گرتون، بەدرێژایی مێژوی مرۆڤایەتیش هەتا بە ئەمڕۆ گەیشتوە، تێکڕای جوڵانەوە ئازادیخواز و شۆڕشگێڕەکان و بیرمەندەکانی مرۆڤایەتی هزر و فەلسەفەی خۆیان لەسەر ئەم سێ بنەمایە داڕشتوە.

مرۆڤ بۆ ئەوەی بڕیاری دروست و بەجێ لەسەر هەر کارێک بدات دەبێ بە بنەما سەرەکیەکانی ئەوکارە بەراوردی بکا و بیپێوێ.

بۆئەوەی لە ڕاستگۆیی مسوڵمان بونی ئەردۆغان تێبگەین دەبێ شێوازی مامەڵەی لە دەسەڵاتداریدا بەو سێ بنەما سەرەکیەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بپێوین.

لە لایەنی ئەخلاقی و مۆڕاڵیشەوە شێوازی دەسەڵاتداری ئەردۆغان بە بنەما سەرەکیەکانی پارتەکەی خۆی بپێوین.

سەرەتا لە دروشم و بنەما سەرەکیەکانی حیزبەکەی خۆیەوە پێوانەی دەکەین.

لە ساڵی 2001 ئەردۆغان و چەند هاوڕێیەکی (پارتی داد و گەشەپێدان) یان دامەزراند،کەواتە دروشم و بنەمای سەرەکی ئەم پارتە بە دیهێنانی دادپەروەریە لە تورکیا لە پاڵ گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی.

من نامەوێ باسی دادپەروەری بکەم لەسەر ئاستی هەموو تورکیا،تەنها باسی دادپەروەری ئەردۆغان دەکەم لە ناو پارتەکەی خۆی و لە گەڵ نزیکترین هاوڕێکانی خۆی،دوای ئەوەی جێ پێی خۆی لەناو پارتەکەی توند کرد و دەسەڵاتی دەوڵەتی گرتە دەست کەوتە ڕاوەدونان و دەرپەڕاندنی نزیکترین و بەتواناترین هاوڕێکانی لەناو پارتەکەیان،هیچ کام لە هاوڕێ دامەزرێنەرەکان و بنەڕەتیەکانی لەگەڵ نەماون مەگەر ملیاندابێ بە دیکتاتۆریەت و تاک ڕوەیەکەی ئەردۆگان.

تەنها دوان لەوانە بە نمونە دێنینەوە[عبدالله گول،احمد داود ئۆغلۆ].

داود ئۆغڵۆ نەخشەدانەری پارتی داد و گەشەپێدان و خاوەنی چەندین کتێبی ستراتیجیە لەسەر تورکیا،خاوەنی بیردۆزی [تورکیای سفر کێشەیە] ئێستا ڕکابەری ئەردۆگانە.

ئەو تورکیایەی لە دوای دەرپەڕاندنی داود ئۆغڵۆ،ئەردۆغان گۆڕی بۆ [سفر دۆست].

ئەردۆغان لە بری وەفا و ئەمەک بەرامبەر نزیکترین و بەتواناترین هاوڕێکانی ناپاکی لە خۆیان و بنەما سەرەکیەکانی پارتەکەی کرد و ڕاوەدوی نان و لە پارتەکەیان دەریکردن و شوێنەکانیانی بە گوێ لەمستە توانا مام ناوندەکانی نزیک لە خۆی پڕ کردنەوە،ئەوەش تاکە هۆکاری داتەپینی ئەو گەشە ئابوریە بوو کە 10ساڵی یەکەمی دەسەڵاتی پارتەکەیان بە هزر و توانای ئەو هاوڕێ دەرکراوانەی ئەنجام درابوو.

مەگەر پێغەمبەر(د.خ) نەیفەرموە [من غشنا ليس منا].

ئێستا با بێینە سەر بنەما سەرەکیەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام [دادپەروەری،کەرامەت،ئازادی]

دادپەروەری ئەوە باسمان کرد،ئەردۆغان لە گەڵ نزیکترین هاوڕێکانی خۆی دادپەروەر نەبوو،چۆن دەکرێ لە گەڵ کۆی گەلانی تورکیا دادپەروەر بێ!

لە ساڵی 2013 بەدواوە کە بەدەیەی دوەمی دەسەڵاتداری پارتی داد و گەشەپێدان ناسراوە،دەیان هەزار پلەداری سەربازی و سەربازی ئاسایی،دەیان هەزار فەرمانبەر و پلەداری دەوڵەتی یان زیندانی کراون یان لە پۆستەکانیان بەخشراون و نێردراوە ماڵەوە تەنها بە گومانی ئەوەی مەترسین لەسەر دەسەڵاتی ئەردۆغان و لایەنگری مامۆستا ڕۆحیەکەی پێشوتری ئەردۆغان[فتح الله گولەن]ن.

هەزاران ڕۆژنامەنوس و ئازادیخوازی بیر و ڕا جیاوازی ئەردۆغان زیندانەکانی تورکیایان پێ ئاخندراوە.

کورد نەتەوەیەکی 40 ملێۆن کەسی لە هەرسێ بنەما سەرەکیەکی ئاینی ئیسلام [دادپەروەری،کەرامەت،ئازادی]بێ بەش کردوە و هەر کوردێکیش داوای ئەو سێ بنەمایە بکا کە خوا و ئیسلام بۆ کورد و سەرجەم مرۆڤەکانیان بە یەکسانی بڕیارداوە،ئەردۆغان یان دەیکوژێت یان زیندانی دەکا.

کەواتە ئەردۆغان دوژمنی [دادپەروەری،کەرامەت،ئازادی]یە،ئەوەش مانای ئەوەیە دوژمنی سەرسەختی بنەما سەرەکیەکانی ئاینی ئیسلامە.

ئیسلامی ڕاستەقینە و داکۆکیکاری ڕاستەقینە لە بنەما سەرەکیەکانی ئیسلام ئەو تێکۆشەرانەن کە ژیان و گیانیان دەکەنە قوربانی دابینکردنی ئەو سێ بنەمایە.

صلاح الدين دەمرتاش گوتەنی [من باپیرە حاجیم کە سێ حەجی کردوە ناویناوم صلاح الدين،بۆئەوەی وەک [صلاح الدين الأيوبي ]داکۆکیکاری سێ بنەما سەرەکیەکەی ئیسلام بم.

باپیرە حاجیم فێری کردم دادپەروەر بم،بە کەرامەت بم،هەمیشە لە گەڵ ئازادی بم و دژی ستەم بم.

مانەوەم لەسەر ئەو هێڵە هێناومیە زیندانی ئەردۆگانی ستەمکاری دژە [دادپەروەری،کەرامەت،ئازادی]

مامۆستایانی ئاینی

مسوڵمانانی کورد

ئاینداری دروشمبازی و نەڕەنەڕ بەردەم مایکرۆفۆنەکان نیە.

ئاینداری پابەندبونی کرداریە بە هەرسێ بنەما سەرەکیەکەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام [دادپەروەری،کەرامەت،ئازادی].

ئاینداری ڕاستەقینە قورنبانی دانی کرداریە بۆ جێبەجێکردنی ئەو سێ بنەما سەرەکیەی ئاین،قوربانی دانە بە سەر و ماڵ،زیندانی چەشتن و دەربەدەربونە[هەمان ئەوانەی پێغەمبەری مەزن (د.خ)کردی]،نەک دانیشتن لە ناو کۆشکی 600 ملیۆن دۆلاری و لەبرسا کوشتنی خەڵک.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار