نەخۆشخانەی هیوا؛ هیــوای بێ هیواكان
2 ساڵ لەمەوپێش
عومەری حاجی عنایەت
نەخۆشخانە و پۆلیسخانە ئەو دوو شوێنەن كە بەپێی سروشتی مرۆڤەكان نەك هەر ئارەزوی سەردان بەڵكو حەزناكەن بەڕێگوزەریش رێیان تێیبكەوێت، بەڵام ئیتر ئەوە سروشتی مرۆڤەكانە خوای گەورە بەشێوەیەك مرۆڤی ئەفراندوە دوورنیە لەكێشەو ململانێی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری كەناتوانێ بەبێ پۆلیس و یاسا كێشەكانی یەكلابكاتەوە، لە رووی تەندروستیشەوە زۆر زۆر كەمن ئەوانەی بۆ چارەسەری نەخۆشیەكانیان رێیان ناكەوێتە نەخۆشخانە.
پێشتر و لە دوو دوو نوسینمدا باسم لە شێوازی جوانی ئیدارەی تاپۆی سلێمانی یەك و تاقیگەی ناوەندی نەخۆشخانەی گشتی سلێمانی كرد، سوپاسم كردن و هیوای سەركەوتن و بەرەوپێشچونی زیاترم بۆ خواستن، سەرەتای ساڵی 2021 بابەتێكی رەخنەیی توندم لە رۆژنامەی هاوڵاتی لەسەر كەموكورتیەكانی نەخۆشخانەی شار نوسی و دەنگدانەوەیەكی زۆری لێكەوتوە
مرۆڤی رۆشنبیر ئەو كەسە نییە بەردەوام كتێب ئەخوێنێتەوە، زانیاری لەبوارە جیاوازەكاندا هەیە، لەڕۆژنامەو تی ڤی-یەكاندا دەنووسێ و دەڵێ، كتێب لەسەر كتێب چاپ دەكات، رۆشنبیری راستەقینە ئەوانەن كە لەهەركوێ ستەم هەبێ رووبەڕووی دەبنەوە، ئەوانەن راستییەكان دەخەنەڕوو، ئیتر ئەو راستیانە ئەرێنی بن یان نەرێنی.
قسەی ئەم جارەی بەندە لەسەر نەخۆشخانەی هیوایە لەشاری سلێمانی، زۆرن ئەوانەی كاتێك بەلای ئەم نەخۆشخانەیەدا گوزەر دەكەن بەپارێزەوە تەماشای دەكەن، بینایەك لەناوچەیەكی نیشتەجێ، دوور لەهەموو رەوشە ئەندازیارییەكان لەسەر جادەی شەستمەتری نزیك ئەندەرپاس بەكری حاجی سەفەرە، (نمای دەرەوە نەتخەڵەتێنێ و سەیری ناوەڕۆك بكە)، لەناواخنی ئەم بینا پەرتوكاوەدا بێ گوێدانە مەترسییەكانی سەر تەندروستی خۆیان، كۆمەڵێك مرۆڤی جوانی فریشتە رەفتار سەرگەرمی كاری خۆیانن خزمەتی نەخۆشەكان دەكەن بەشێوەیەك كە تائەوپەڕی سەرنجی منیان بەلای خۆیاندا راكێشا.
بەمەبەستی چارەسەری كەسێكی نزیكم رێم كەوتە نەخۆشخانەی هیوا، هێشتا نزیك نەبووینەتەوە لەنەخۆشخانەكە دەیان بیرو بیرۆكەی نەرێنی بەمێشكما گوزەر دەكات، دیارە ئەم بۆچوونەی بەندە لەخۆتوخۆڕایی نییە، من رێمكەوتووەتە هەندێ فەرمانگەو نەخۆشخانەی ئەم هەرێمە ئەوەندە بێزارو بێڕێزم لەو شوێنانەدا دیوە، مەرگم بەئاوات خواستووە، لەیەكێ لەفەرمانگەكان گوێم لەكەسێك بوو بەدەنگی بەرز دەیووت (من چەند جار لەدەزگای ئەمنی بەعس گیراوم، كاتێك نییەتی هاتنی ئەم فەرمانگەیە دەكەم خۆزگە بەفەرمانگەی ئەمنی جاران دەخوازم)، كارمەندەكان بەدەم چا خواردنەوە هەندێ جار لەگەڵ كێك خواردن و بیبسی ئاودیوكردن و لفكە چنیندا پێیان دەوتم، بڕۆ دوای یەك هەفتە وەرەوە، دوای هەفتەیەك دەچوومەوە، كاكە تۆ بۆ بێزارمان دەكەیت و هەموو رۆژێ دیێتە سەرمان، بەڕێوەبەر لێرە نییە، لەهەندێ نەخۆشخانە وەك ... پەلاماردەدرێیت، بڕۆ ئەو دەرمانە بێینە، ئەم چارەسەرە لێرە نییە بڕۆ بۆ نەخۆشخانەی .... ئەهلی، ...چی و چی دەیان گرفت و كۆسپ لەمپەر لەبەردەمتدا قوت دەكەنەوە، سەد جار پەشیمانی حاصل دەكەیت و دەڵێیت خۆزگە نەهاتمایە بۆ ئەم فەرمانگەیە ، ئەم نەخۆشخانەیە، مردن خۆشترە لەشكاندنی شكۆی مرۆڤەكان) چاوەڕێی هەمان هەڵسوكەوت و سەرەدەری و خراپترم دەكرد لەنەخۆشخانەی هیوا، ئیتر ناچارییە دەبێ بچینە ژوورەوە لەیەكەم دەرگای پێشوازی چووینە ژوورەوە دوو كەس پێش ئێمە قسەیان لەگەڵ كارمەندی پرسگەكە دەكرد، سەرەی ئێمە هات دوو كەس ئەملاو ئەولای نەخۆشەكەی ئێمەیان گرتوە نەوەك بەلادا بێت و سڵاوم كردو بەژێر لێوەوە وتم
-بەیانیت باش
-زۆر بەڕێزەوەو لەبەیانی باشەكەی من گەرموگوڕتر وتی:
-بەیانیت باشتر مامۆستا چۆن دەتوانم خزمەتت بكەم
-ئەچینە لای دكتۆر نەوشیروان
-راست بەم راڕەوەدا بڕۆن تا دەگەنە ئەوسەر لەكۆتاییدا، بەلای چەپدا ئاسانسۆر هەیە، بچنە لای بەشی پێشوازی نهۆمی دوو.
لەكاتێكدا كارمەندی پرسگە رێنمایی من دەكات و من خەمی نەخۆشەكەمە نەوەك كەوتبێت، كە ئاوڕمدایەوە نەخۆشەكەمان لەسەر ویل چێرێكە، ئێمە بە راڕەوەكەدا دەڕۆێن، راڕەوێكی قەرەباڵغ رێك سەر شۆستەكەی ئێوارانی جادەی مەولەوی و بەر بەلەدێكەم بیركەوتەوە، بەڵام ئێرە وانییە، راستە قەرەباڵغە بەڵام هەركەس مشوری خۆی دەخوات بەبێدەنگی و بێئەوەی نەخۆشەكان لەیەك بكەون و بەیەكدا هەڵشاخێن دێن و دەچن، هەندێك لەبەردەم تاقیگەی خوێن بەئارامی وەستاون كەس پاڵەپەستۆ ناخاتە سەر ئەویتر، هەریەكەو پسوڵەیەكیان پێیە من نازانم ئەم پسوڵانە چین؟! خەڵكەكە بەپەلە رێگەیان بۆ رۆیشتنی ویل چێرەكە دەكردەوە، هەرچەندە بیناكە كۆن و بێكەڵك بوو دوو جار پلەكانە هاتەسەر رێمان بەڵام رامپەكان بەشێوەیەكی ئەندازەیی وا دروستكرابوون بەئاسانی گەیشتینە لای ئاسانسۆرەكە، كەمێك وەستاین، بیرمكردەوە ئەگەر وەك هەندێ فەرمانگەی دیكەی دەوڵەتبێت عەقڵم نەیدەبڕی دەرگای ئەم ئاسانسۆرە بكرێتەوە، دوای كەمتر لەیەك خولەك ئێمە لەناو ئاسانسۆرەكەداین و دەرگامان لێداخرا، چووینە بەشی پێشوازی ئەو نهۆمە.
-دەچینە لای دكتۆر نەوشیروان
-ببورن بەهەڵە هاتوون نهۆمێك بچنە خوارەوە ( ئافرەتێك لەگەڵمان هات تا لای ئاسانسۆرەكەو رێنمایی تەواوی كردین، لەدڵی خۆمدا وتم ئەمانە چەند بەخزمەتن؟! چەند دڵسۆزن؟! رێك لەكارمەندی نەخۆشخانە ئەهلیەكان و بگرە زمان شیرینتر) چووینە بەشی پێشوازی نهۆمی خوارتر.
-سڵاو بەیانیتان باش
-بەیانی ئێوە باشتر، فەرموون، بۆلای كێ دەچن؟
-دكتۆر نەوشیروان
-وادەتان وەرگرتوە ؟
-بەڵێ
-ناوی نەخۆشەكەتان چییە؟
- .......
سەیرێكی كۆمپیوتەرەكەی بەردەمی كرد، پسوڵەیەكی پێداین و رێنمایی كردین بۆلای دكتۆر، پسوڵەكەمان ژمارەبەندی كرابوو، چووینە بەردەم ژووری دكتۆر نەوشیروان، لەوێش كچێك لەپێشوازی و رێكخستنی نەخۆشەكاندا بوو، دواتر ناوەكەیم پرسی وتی ناوم شنۆ یان شێنێ-یە، پسوڵەكەی لێوەرگرتین، رێنمایی كردین و لەشوێنی پێشوازی دانیشین تا نۆبەمان دێت، نەخۆشەكان لەچاوەڕوانیدان، لەسەر كورسی تایبەت بە نەخۆش لەهۆڵێكی بچوكداو بەپسوڵەیەكەوە دانیشتون، ناو بەناو لەبڵنگۆیەكەوە ژمارەیەك دەخوێنرێتەوە:
-ژمار 2 بۆ ژووری 11، ژمارە پێنج بۆ ژووری 16.......
پاش كەمێك ژمارەكەی ئێمە خوێنرایەوە
-ژمارە ..... بۆ ژووری 11
من هێشتا دكتۆر نەوشیروانم نەدیوە و نایناسم، كە چوینە ژوورەوە، سڵاومان كرد، بەگەرمی وەڵاممان درایەوە، پیاوێكی سوورو سپی تا رادەیەك باڵای بەرز بەدەموچاوێكی پڕ خۆشی و میهرەبانییەوە لەشوێنەكەی هەستایەوە و فەرمووی لەئێمە كرد لەسەر دوو كورسی بەردەم مێزەكەی داینیشاندین و نەخۆشەكەشمان لەسەر ویلچێركەبەرامبەری دانیشتوە.
-ئێ خاتوون.... بەخێربێیت، انشاالله هەموو شتێك باشدەبێت
راپۆرت و فیلم و سی دی و دۆسیەكەمان خستە بەردەستی، ماوەیەك سەیری كردن، پاشان سەری هەڵبڕی و وتی:
-ئەم پسوڵەیە ببەن بۆ بەشی پێشوازی، ئەو شوێنەی ئەم پسوڵە بچووكەتان لێوەرگرت، بۆ ئەوەی داخڵی سستەمەكەی ئێرە بكرێن و كۆدێك وەرگرن، تا ئێوە دێنەوە منیش هەموو زانیارییەكان داخڵی سستەمەكە دەكەم.
لێرەوە تێگەیشتم ئەوانەی خوارەوە كەهەریەكەو پسوڵەیەكیان پێبوو، پسولەی سەرەبەندی نەخۆشەكانە، لەماوەیەكی كورتدا نەخۆشەكەمان بووە كۆدی ژمارە (.....) ، كاتێك چوینە تاقیگەی خوێن دیسان پسوڵەیەكیان پێداین، كە نۆرەمان هات هەموو زانیاریەكان داخڵ بەسستمی نەخۆشخانەكە بووە، ئەو تێستانەی كە دكتۆر نەوشیروان نوسیبووی لەسستمەكە هەبوو، هەر ئەوەندەی ویست كە نموونەی خوێن وەرگیراو ئیتر بەڕێكراین بۆ بەشی ئیكۆو دواتر بۆ بەشی هیماتۆلۆجی، كۆمەڵیكی تر لەمرۆڤ دۆستەكان لەكارمەندە فریشتە ئاساكانی بەشی هیماتۆلۆجی پێشوازیان كردین و رێنمایی كراین بۆ ئەوشوێنەی كە نەخۆشەكەی لێدەمێنێتەوە، بێئەوەی ئێمە هیچ بكەین و هیچ بڵێین و هیچ بهێنین، كارەكان جێبەجێكران كارمەندە مرۆڤ دۆست و ئێسك سوكەكانی ئەم بەشە بە روویەكی پڕ خەندەوە كارەكانیان جێبەجێكرد، دكتۆر هونەر سەرپەرشتی نەخۆشەكەی ئێمەی پێسێراوە، لە شاشەی كۆمپیوتەرەكەیەوە هەموو زانیارییەكانی لەبەردەستدایە
ئای خودایە ئەمە چ جۆرە نەخۆشخانەیەكە؟ هەموو شت وەك میللی سەعات دەسوڕێ و كەس لەكەس ناكەوێ، خۆم لەیاریدەدەری نەخۆشێك نزیككردەوە
-سڵاو براكەم
-سەرچاوم
-خێرە وا لێرەیت؟
-كچەكەم نەخۆشە وا لەو ژوورەیە
-هەڵسوكەوت و خزمەت لەم نەخۆشخانەیە چۆنە؟!
-هیچ شوێنێك لێرە باشتر نییە، تەنانەت نەخۆشخانە تایبەتەكانیش وەك ئێرە نین
چاودێری بارودۆخی نەخۆشەكەمان دەكەم، كارمەندەكان دێن و دەڕۆن، وەك پورەی هەنگ بەبەرنامە كاری خۆیان جێبەجێ دەكەن، دكتۆر یاد وەك بەڕێوەبەر لەهۆڵی كۆبوونەوە دێتە دەرەوە ژوور بەژوور سەردانی نەخۆشەكان دەكات و لەكەموكورتیان دەكۆڵێتەوە، كاتێك دێتە لای نەخۆشەكەی ئێمە، وەك هەموو نەخۆشەكانی دیكە هەواڵی دەپرسێت و لەكەموكورتیەكانی دەپێچێتەوە، پاش كەمێك بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانە سەردانمان دەكات، ئێمەش هەندێ كەموكورتی ناو حەمام و توالێتەكان پێدەڵێن، بۆ رۆژی دواتر هەرێز خانمی ئەندازیار دێت و پێكەوە دەچینە شوێنەكە و پەیمانی چاككردنەوەی كەموكورتیەكان دەدات، بێئەوی ئێمە هیچ بڵێن بەرنامەی چارەسەری نەخۆشەكەمان بەپێی ئەو پرۆتۆكۆڵەی دكتۆر نەوشیروان لەسستەمەكەدا بۆی نوسیووە جێبەجێ دەكرێت، كە دەچینە دەرمانخانەی نەخۆشخانەكە، بۆ وەرگرتنی هەر پێداویستیەك تەنها بەپێدانی كۆدی نەخۆشەكە، دەرمانسازەكە ئەوەی پێویستە رادەستی ئێمەی دەكات بە رێنمایی نووسراوی چاپكراو چەسپكراو بەدەرمانەكانەوە، لەڕاستیدا ئەم سستەمە سەرسوڕهێنەرە بۆ هەرێمێك كە زۆربەی دامودەزگاكانی بەشێوازی كلاسیكی كۆن كاردەكەن، مرۆڤ كە ئەم جۆرە لەپەرۆشی بە كارمەندەكانی ئەم نەخۆشخانەیەوە دەبینێ بەرامبەر نەخۆشەكان، زمان گۆ ناكات سوپاسیان بكات بەناچاری دەبێ شەبقە، كڵاو جامانە یان مشكیەكەی سەری داگرێ و سەری رێز بۆ ئەم مرۆڤە فریشتەئاسایانە نەوی بكات .
ئیمان خانم-ی پەرستار بەخۆی و دوو بوتڵ (مغەزی)یەوە دێتە لای نەخۆشەكەی ئێمە، لەگەڵ جێبەجێكردنی ئەركەكەیدا بە روویەكی خۆشەوە هەواڵی نەخۆشەكەی ئێمە دەپرسێت و چاك و چۆنی لەگەڵ دەكات و دڵخۆشی دەداتەوە و پێدەڵێ:
-هیچ خەمت نەبێ تێدەپەڕێ، بەپشتیوانی خواو ستافی ئەم نەخۆشخانەیە چاكدەبێتەوە، زۆرن ئەوانەی وەك تۆ هاتوون و لێرە چارەسەركراون و چاكبوونەتەوە و ئێستا بۆ بەسەركردنەوەی ئێمە نەبێت توخنی ئەم نەخۆشخانەیە ناكەون.
دڵسۆزی ئەم خانمە گەنجە بەلای خۆیدا كێش دەكات و بەهەستیارییەوە لێیدەپرسم
-دەكرێت بزانم دەرچوی كوێیت؟
-دەرچوی پەیمانگای تەندروستیم
-رۆژانە چەند كاژێڕ دەوام دەكەیت
-لەهەشتی بەیانییەوە بۆ چواری ئێوارە
-هەرچەندە پرسەكەشم ناجۆرە، دەكرێ بزانم مووچەكەت چەندە
-هیچ مووچەم نییە، خۆبەخشم
-چۆن بەبێ مووچە كاردەكەیت؟ ئەی بەچی خەرجی ژیانت دابیندەبێت؟!
-لەماڵەوە خەیاتی دەكەم و هەندێ جار لێرەش لەصندوقی خێرخوازانەوە كۆمەكمان دەكەن
كەمێك رادەمێنم و تاس دەمباتەوەو سەیرێكی ئەم كچە گەنجە دەكەم و بیرێك لەبێدادی دابەشكردنی سەروەت و سامانی ئەم هەرێمە دەدەم و زۆر بەشەرمەوە پێیدەڵێم
-دەكرێت مامی خۆت كۆمەكێكی داراییت بكات
-ببورە، من هیچ كۆمەكێك وەرناگرم، ئەگەر دەتەوێ كۆمەكی من بكەیت، دەتوانی لەڕێی صندوقی كۆمەكی كارمەندانەوە هاوكاری خۆت بگەیەنی، ئەوكاتە منیش لەگەڵ هاوڕێكانمدا بەیەكسانی لەو صندوقەوە كۆمەك دەكرێین
ئەمانە چ مرۆڤگەلێكن؟ چ پەروەردەیەكی جوانە......لەدڵی خۆمدا وامووت.. كەمێك بێدەنگ بووم و وتم:
زۆر ببورە خاتونەكەم، ئەوەی تۆ دەیڵێیت رێگە راستەكەیە سوپاسی دڵسۆزیت دەكەم
لەهەموی گرنگتر، وەڵامدانەوەی پەیوەندیەكانە، نەك هەر من، ئەوانەی لەو نەخۆشخانەیە نەخۆشیان هەبوو زۆربەی وەڵامەكان و رێنماییەكانیان لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و واتسئەپ و ڤایبەرەوە پێدەگەیشت، دكتۆرەكان بێ دوودڵی وەڵامی هەموو كەسێك دەدەنەوە، رێنمایی پێویست بە نەخۆش و كەسوكارەكەی دەدەن، بێئەوەی پەیوەندی بەوەوە هەبێت دكتۆر دانای هاوپیشەی دكتۆر نەوشیروان دێت و لە نەخۆشەكەی ئێمە دەپرسێ و دەسخۆشی لەهاوپیشەكەی دەكات و هانی نەخۆشەكەی ئێمە دەدات بۆ بەرگەگرتن و ورە بەرزی
لەكاتێكدا یەكێك لەدكتۆرەكان لەپشكنینی نەخۆشەكەمان بووەوە، كات نزیك چواری ئێوارە بوو، منیش دەمەوێ زانیاری تەواو لەسەر ئەم نەخۆشخانەیە پەیدابكەم، لەدكتۆرەكەم پرسی:
-چۆنە وا نەچویتە عیادەی تایبەتی خۆت؟ كات دەمەو ئێوارەیە
دكتۆر كەمێک راماو دواتر وتی:
-ئێمە كلینیكی تایبەت بەخۆمان نییە، هەموو كاتی خۆمان بۆ ئەم نەخۆشانە تەرخان كردووە
-ئەی حكومەت هیچ حسابێكتان بۆ دەكات؟!
-بەڵێ مووچەەیكی بڕاوەمان هەیە لەبری ئەوەی كلینیك نەكەینەوە پێیدەڵێن (بدل عیادە)
-هەرچەندە پرسەكەشم ناجۆرە، ئەو (بدل عیادەیە) چەندە
-بدل عیادەی ئێمە(.....) دینارە
كە بەراوردی ئەو پارەیەم كرد لەگەڵ ئەو پارەیەی دكتۆرە هاوشێوەكانی ئەو لەكلینكەكانی خۆیان دەستیان دەكەوێ كەمتر لەیەك بۆ دە بوو:
-ئەم بڕە پارەیە زۆر كەمە!
-واز لەكەمی بێنە ئەوە بۆ چوار مانگ دەچێ ئەوەشمان وەرنەگرتوە
من لێرەوە هەندێ ئامۆژگاریم هەیە بۆ:
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری تەندروستی و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان
یەكەم، بەڕاستی شەرمە ستافێك بەو توانایەو بەو دڵسۆزییەوە، دەستەویەخە لەگەڵ ترسناكترین نەخۆشیدا دەجەنگن، بەڵام لەبینایەكدا كاردەكەن هیچ جۆرە تایبەتمەندیەكی نەخۆشخانەی تێدا نییە، لە دە لاوە پینەوپەڕۆ كراوە، بیناكە لەبینای ئەم سەردەمە ناچێت، بۆیە داوا دەكەم:
1-حكومەتی هەرێم رووبەرێك، لە دە دۆنم زەوی كەمتر نەبێت لەشوێنێكی گونجاو بۆ نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی تەرخان بكات
2-بودجەیەكی تایبەتی ساڵانە بۆ ئەم نەخۆشخانەیە دابین بكرێت، لەوێدا پارەی دەرمان و مووچەی كارمەندەكان دابین بكرێت و دەست بۆ بردنی بەهەر بیانویەك هێڵی سووربێت
3-هەڵكەوتەی زەویەكە لەناوچەیەكی كراوەی نزیك شاربێت باشترە
4-دیزاینی بیناكە بەشێوەیەك بێت رەچاوی شوێنی ئیدارەو هەموو بەشەكانی تێدا بكرێت
5-ئەگەر حكومەتی هەرێم لەبەر هەرهۆیەك نەیتوانی بیناكە دروستبكات، ئەكرێت لەێگای ب گ تەندروستی سلێمانی پاش وەرگرتنی رەزامەندی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و وەزارەتی تەندروستی و دەستەی وەبەرهێنان، شوێنی ئێستای نەخۆشخانەی هیوا بداتە وەبەرهێنەرێك تا بیكاتە پڕۆژەیەكی بازرگانی تایبەت بەخۆی و بەو مەرجەی دروستكردنی نەخۆشخانەكە بەو مواسەفاتەی كەدەیانەوێ دروستبكات.
6-دەشكرێت نەخۆشخانەكە بفرۆشرێت و بەپارەكەی نەخۆشخانەیەكی سەردەمیانە لەشوێنێكی گونجاو دروستبكرێت بە رەچاوكردنی مەرجە تەندروستی و ئەندازیاری و ژینگەییەكان.
ماوەتەوە بڵێم بەندە چەند جارێك رێمكەوتەوەتە نەخۆشخانەی فاروق، لەكاتی یەكێك لەسەردانەكانمدا بۆ نەخۆشخانەی فاروق fmc هاوڕێیەكی دكتۆری خۆم لەگەڵ بوو كە لەوڵاتی بەریتانیاوە گەڕابووەوە، كاتێك باسی سیستمی بەڕێوەبردن و ئیدارەی نەخۆشخانەكەو شێوازی چارەسەری نەخۆشەكانم بۆ كرد، بۆخۆشی بەچاوی خۆی بیناكەی بینی و هەڵسوكەوتی دكتۆرەكان و كارمەندەكانی لەمس كرد، ئەویش وەك من سەرسامبوو بە نەخۆشخانەكە بەگشتی و وتی( من لەهیچ شوێنێكی ئەوروپا نەخۆشخانەی وا سیستماتیك و بەخزمەت و مۆدێرنم نەدیوە) ئەم نموونەیە بۆیە دەهێنمەوە تا رێگە بەخۆم بدەم و بڵێم نەخۆشخانەی هیوا (جگە لەبیناكەی و هەڵكەوتەی بیناكەی كەدەكەوێتە گەڕەكێكی نیشتەجێ) ئەگەر زیاتر نەبێت لە رووی خزمەتەوە ، هیچی كەمتر نیە لەنەخۆشخانەی فاروق.
بەهیوای سەلامەتی و سەربەرزی بۆ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیواو یەك بە یەكی دكتۆرو نێرسەكان و كارمەندە ئیداری و هونەریی و پاسەوانەكانی، لەخودای گەورە نزا دەكەم و دەلاڵێمەوە شفای نەخۆشەكانی ئەم نەخۆشخانەیەو سەرجەم نەخۆشەكانمان بدات.