كەركوك وەك كێشەیەكی هەمیشەیی
2 ساڵ لەمەوپێش
لەتیف فاتیح فەرەج
سەت ساڵ زیاترە كەركوك لەنێوان پێكهاتەكانیدا بووە بەكێشەیەكی گەورەو هەر لایەنەو بۆ نیشاندانی كەركوك خاوەنی پەنا دەباتەبەر بەڵگەو دەكۆمێنت و داتاو تادوای ، كەركوك لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا زۆر ترین قسەو باسی لەبارەوە كراوە ، لەناوەوەو دەرەوە كۆنفراس و كۆنگرەو میتینگی بۆ بەستراوە، كتێبی زۆری لەبارەوە نووسراوەو هێشتا بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا كێشەی شوناس و ناسنامەی هەیە، وەك چۆن دانیشتوانەكەشی هەمان كێشەیان هەیە، هاووڵاتیەكی كەركوك پێی وتم «لەكەركوك كێشەی هەویەمان هەیە، ئێمە سەر بەكوێین، دەمانەوێ چۆن بژین ، « لەمپەرەكانی بەردەم گەیشتن بە رێكەوتن و پێكەوەژیان كێ دایدەنێت، بۆ دادەنرێن و ئامانج لێیان چیە « كورد لەسەردەمی دروستبوونی عێراقی نوێوە كێشەی كەركوكی هەیە، كاتێك لەسییەكانداو لەسەردەمی یاسین هاشمیدا پڕۆژەی نیشتەجێكردنی عەرەب لەحەویجە دەستیپێكرد، كورد بەترسەوە لەو پڕۆژەیەی روانی، بەڵام هیچ هەنگاوێكی ئەرێنی نەنا بۆ ئەوەی ئەو ناوچەو لەوەڕگا كوردیەکان تووشی عەرەباندن نەبێت، دواتریش لەسەردەمی كۆماریدا بەبیانوی جیاجیاو بەشێوەیەكی فراوان عەرەباندنی كەركوك دەستیپێكرد ، بێئەوەی كوردو توركمان بتوانن رێگری لێبكەن، گواستنەوەی چەمچەماڵ و كفری و كەلارو خورماتوو لەسەر كەركوكەوە بۆ سەر پارێزگاكانی دیالە، سلێمانی، سەڵاحەدین لە حەفتاكان و هێنانی زاب بۆ سەر حەویجەو كەركوك لەساڵی 1984 و دروستكردنی پشتێنەی ئەمنی بەبیانوی بیرە نەوتەكان و روخاندنی گوندە كوردی و توركمانیەكان و دەستبەسەرداگرتنی زەویەكانیان لەلایەن عەرەب و حكومەتی بەعسەوە پرۆسەی عەرەباندن، راگواستن، تاراندن و دەركردن و لێسەندنەوەی خاوەندارێتی شارو زەوی بردە ئاستێكی زۆر مەترسیدارەوە .
سەعید قەزاز وەزیری ناوخۆ لەسەردەمی پاشایەتی كە بەناهەق و لەخۆڕا هەڵواسرا، وەك كوردێك دركی بەو مەترسییە كردبوو، لەتیف گلی لەبیرەوەریەكانی خۆیدا لەو بارەیەوە چیرۆكێك دەگێڕێتەوە « گوایە سەعید قەزاز لەبەغداوە دێت بۆ سەردانی دایكی بۆ سلێمانی لەكەركوك موتەسەریفی ئەو سەردەمەی كەركوك هاوسەفەری دەبێت تادەروازەی بازیان ، لەچەمچەماڵ لادەدەن و سەردانی قایمقامیەت دەكەن، لەوێ كەسایەتی و خەڵكی شارەكە دەبینن، چەند خانەدانێكی هەمەوەند داوای ئەوە دەكەن كەچەمچەماڵ لەكەركوكەوە بگوازرێتەوە بۆ سەر سلێمانی ئەویش لەوێ پێیان دەڵێت من دەچمە سلێمانی بۆ سەردانی دایكم كەگەڕامەوە وەرن بۆ بەغدا بۆ لام « هەفتەی دواتر لەبەغدا پێیان دەڵێت ئەو كاتە موتەسەریفێكی عەرەبم لەگەڵ بوو بۆیە وەڵامم نەدانەوە ، ئێوە بەچ هەقێك دەتانەوێ چەمچەماڵ لەو شارە كوردیە دابڕم و بیخەمە سەر سلێمانی لەبەرئەوەی لەكەركوك چوار فەرمانبەری توركمان هەیەو ئێوە توركمانی نازانن» بەم جۆرە قەزاز ئەوان دەگەڕێنێتەوە، بەڵام بەعس لەحەفتاكان بەزۆر چەمچەماڵی لەكەركوك سەندەوەو خستیەسەر سلێمانی .
كوردی كەركوك و لایەنە سیاسییە كوردیەكان زۆر بەیت و بالۆرەیان بەسەر كەركوكدا هەڵگوتوە، پارتی دیموكراتی كوردستان كەركوك وەك دڵی كوردستان ناودەبات گوایە مەلا مستەفای بارزانی خاوەنی ئەو گوتەیەیە، بەڵام لە رێكەوتنی ئەمدوایەی نێوان لایەنەكان لەپەرلەمان جێگری سەرۆكی پارلەمان شاخەوان عەبدوڵا بێئاوڕدانەوە لەو گوتەیە لەگەڵ عەرەبەكان لەسەر پرسی كەركوك رێكەوت و ئەو رێكەوتنەشی وەك دەسكەوتێكی گەورە نیشاندا لەبەرانبەردا یەكێتی بێئەوەی بتوانێ هیچ بگۆڕێت لەو رێكەوتنە كەوتە گازندەو گلەیی لەڕێكەوتنەكەو وای نیشاندا كە رێكەوتنەكە مەترسی گەورەیە بۆ سەر نفوزی كورد لەشارەكە تەنانەت خالید شوانی وەزیری دادی عێراقی و ئەندامی باڵای یەكێتی و شارەزا لەدۆخی كەركوك رەخنەی لەشێوازی رێكەوتنەكە هەبوو، ئەوەشی بەمیدیاكان وت، بەبۆچوونی خەڵكی كوردی كەركوك ئێستا كورد دۆڕاوی سەرەكی شارەكەیەو كەس خاوەندارێتیان لێناكات، با یەكێتی نیشتمانی و لایەنە كوردیەكانی دیكەش لەشارەكەدا مابنەوە جگە لەپارتی دیموكراتی كوردستنان، كە لە 2017ەوە كەركوكی بەجێهێشتووە.
توركمانەكانیش لەو بارو دۆخە رازینین، بەڵام لەبەر ترس و لەداخ كورد نایانەوێت وەك كورد گیرو گاز بكەن، كەركوك بۆ پەرلەمان كرابووە سێ زۆن یان ناوچەی هەڵبژاردنەوە كە بەو جۆرە توركان زیانی بەركەوت، لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگی هەڵبژارد ، ئەمەش لەبەرئەوەی توركمانی كەركوك وێڕای بەرەی توركمانی كەپەیوەندی توندی لەگەڵ توركیا هەیە ، ئەوانی تر بەسەر عەرەبی شیعەو سوننەی عێراقیدا دابەشبوونە، بۆ ئەمەش زۆر جار دەتوانن پاڵپشتی عەرەبی شیعەو سوننە بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن، ئەوە جگە لەوەی بەدرێژایی دەیان ساڵ ، توركمان بەهۆی توركیاو هەندێ جاریش دەسەڵاتی ناوەندەوە لەبەغدا وێنای ململانێكەی وا كێشراوە كەتەنها لەگەڵ كورددا كێشەی هەیەو لەعێراقدا هیچ كێشەیەكی تری نیە، توركمانەكانی كەركوك پێیان وایە كورد لەچواردە ساڵی دەسەڵاتداریاندا لەكەركوك « 2003-2017» نەیانتوانی وێنەیەكی وا نیشانبدەن كەتوركمان باوەڕ بەوە بێنێت كەچارەنووسی بەستراوە بەچارەنووسی كوردەوە لەكەركوك، من چەندین دۆستی رۆشنبیری توركمانم هەیە كەهەمیشە گلەیی ئەوە لەكورد دەكەن، كە كورد وەك پێویست ئەوان نابینێت ، ئەمەش وایكردووە توركمان كورد بەمەترسی بزانن نەك حكومەتی ناوەندو عەرەبەكان .
كەركوك لەئێستادا بۆ كوردو بۆ توركمانیش بارو دۆخی لەهەركات خراپترە، راستە لێرەو لەوێ زۆر جار گازندە لەسەردەمی حوكمڕانی كوردی، بەتایبەت یەكێتی و پارتی هەیە بەوپێیەی ئەو دوو لایەنە لەبەر ناكۆكی خۆیان هەمیشە كێشە بوون بۆ كەركوك لەبری ئەوەی چارەسەر بن، بەڵام ئێستا بەجۆرێكە كە بەهیچ شێوەیەك كوردو توركمان رۆڵێكی ئەو تۆیان نیە و راكان جبوری كە پارێزگاری بەوەكالەتەو دەیان كێشەی قانونی لەسەرە كەچی هەمەكار خۆیەتی و هەرچی مەبەست بێت دەیكات، تەنانەت هەندێك جار گوێ بەبڕیارەكانی ناوەندیش نادات و ئەوە دەكات كەخۆی دەیەوێت .
بەباوەڕی رایەدارانی كەركوك ئەگەر كورد بەو دۆخەی ئێستاوە بچێتە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و پەرلەمانی ئایندەوە ئەوە زیانی گەورەی بەردەكەوێت چونكە سەرەڕای كاراكردنەوەی لیژنەی ماددەی 140و دەستبەكاربوونەوەی لیژنەكەو دەركردنی چەند بڕیارێك لەبەرژەوەندی كوردو جوتیارانی كوردو توركمان، بەڵام بەچارەسەرنەكردنی ریشەیی گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ شوێنی خۆیان و گێڕانەوەی چەمچەماڵ و كفری و كەلارو خورماتوو بۆ سەر كەركوك زۆر ئەستەمە كێشەی تولانی كەركوك چارەسەر بكرێت، ئەوەشمان بیر نەچێت لەكەركوكدا شوناسی عەربی بوون، كوردی بوون، توركمانی بوون، زاڵكراوە بەسەر شوناسی كەركوكی بوون و مرۆیی بووندا ئەوەش وایكردووە كەهێشتا كێشەكە بەردەوامی هەبێت و هیچ ئومێدێك نەبێت بۆ چارەسەر، ئەمەش لەبەرژەوەندی بازرگانەكانی ململانێ و تێكدانی پەیوەندی نێوان پێكهاتەكانە .
لەگەڵ هەموو ئەو باس و خواسەدا ئێستا كەركوك لەهەر كاتێك زیاتر پێویستی بەپێكەوەژیانی ئاشتیانەو یەكتر قەبوڵكردن و هاووڵاتی بوونی دانیشتوانەكەیەتی دوور لەكێشەو ململانێی ناسیونالیستانە كەهەمیشە بەربەستی بەردەم بەیەكگەیشتنی پێكهاتەكانی نێو كەركوكە