حزب لەهەرێمی کوردستاندا مۆدیلی خێڵ یان مۆدێرن؟

2 ساڵ لەمەوپێش



سیروان حەمە رەشید

سەرەتا گرنگە  چەمک و پێناسەی حزبی سیاسی بکەن و دواتر لەسەر فۆڕم و ستراکتۆری حزب لەهەرێمی کوردستان بدوێن.

 

٭چەمک و پێناسەی حزب

(جەیمس مادیسون) پێناسەی حزب دەکات و دەڵێت:»  بریتیە لەکۆمەڵێک هاووڵاتی چ زۆرینە یان کەمینە، ئامانجێکی هاوبەش، یان بەرژەوەندی هاوبەش یەکیخستوون لەبەرامبەر مافەکانی هاووڵاتیانی تردا، یان بەرامبەر کۆی بەرژەوەندیییە هەمیشەییەکانی کۆمەڵگە»

هەروەها حزبی سیاسی هەیە لەسەر ڕێبازو بەرنامەیەکی تەکتیکی و ستراتیژی نیشتمانی ئامانجداری  دادەمەزرێت و کاری رێکخراوەی دەکات، یان حزبی سیاسی بریتیە لەڕێکخستنی کۆمەڵێک تاک دەگرێتە خۆی کە بۆچونێکی فیکری هاوبەش کۆیان دەکاتەوە و بڕوایان بەئامانجی سیاسی و ئایدیۆلۆژی هاوبەش هەیەو کار بۆ سازانی رای گشتی دەکات بۆ بەرژەوەندی خۆی و بەدیهێنانی بەرنامەکانی و لەپێناو گەیشتن بەدەسەڵات کردوویەتیە ئامانجی سەرەکی خۆی.

هەروەها حزب لەدیدگای (ئۆستن ڕنی)ەوە «دەڵێت: حزب بریتییە لەکۆمەڵێک رێکخراو، کەسەربەخوییەکی خودییان هەیە، پاڵێوراوەکان دیاری دەکەن بۆ بەشداری لەململانێ هەڵبژاردنەکان لەپێناو گەیشتن بەدەسەڵات»

 

٭مێژووی حزب لەباشوری کوردستان

مێژووی حزبی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیست،  لەوکاتەدا عێراق و کوردستان بەدۆخ و هەلومەرجێکی سەختدا  گوزەری دەکرد، لەژێر کاریگەری بیرو تەوژم و   ئاسەواری داگیرکاری ئینگلیزو خۆرئاوا و  رەوتی کۆمۆنیزمیدا لەدایکبوو، بێ ئەوەی عێراق و کوردستانیش قۆناغ و سەردەمی و خێڵ و نۆرمی چەقبەستووی سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی تێپەڕاندبێت ، واتە لەدایکبوونی حزبی کوردی بەرئەساسی بوونی کەلتورو فیکرو فەلسەفەی سیاسی لەدایک نەبووە، بەڵکو ئەو مۆدێل و جۆره حزبایەتییە لەماوەی (90)ساڵی ڕابردووی بەراوردی لەنێوان حزبی دیموکراسی و مەدەنی ئەو فۆرم و پێکهاتەی  سۆسیۆسیاسیەی  حزبی کوردی بکەێن...

ئەوا لەو روانگەیەوە   تووشی سەرسوڕمان و ئەوپەڕی شۆک و نائومێدی دەبینەوە!!!

٭ سیستمی حزبایەتی

 بەپێی پێوەر و ستانداری نێوەدەڵەتی دوو جۆری سەرەکی سیستمی حزبی سیاسی هەیە.

یەکەم/ سیستمی حزبی کێبڕکێیەکان . لەچوارچێوەی سیستمی دیموکراسیدایە ئەویش

ا-سیستمی دوو حزبی ، ب- سیستمی فرەحزبی.

دووەم/ سیستمی حزبی ناکێبڕکێیەکان،  ئەویش بریتییە لەسیستمی تاک حزبی. لەسەر تایپی حزبی ستالینی و سیستمە دیکتاتۆرەکانە..

دەتوانین زۆری بەئاشکرا بڵێین حزبەکانی کوردستان سەر بەهیچ جۆرە لەو پارادایم و سیستمی سیاسی و حزبایەتی نین  و داخراو نامەدەنین،

چونکە لەئەساسدا  ئێمە شتێکمان نییە حزبایەتی لەسەر پڕەنسیپ و خەسڵەتەکان فۆرمەڵەکرا بێت.

لەکاتێکدا دیمەنی شکستی بەڕێوەبردنی وڵات و مایەپوچی سیاسی و ئابووری و لاوازی رۆڵ و پێگەی هەرێم لەئاست  رووداوو هاوکێشە و ململانیێ و ناوچەیی نێودەوڵەتیی دەبینین، دەگەینە راستگەڵ و دەرئەنجامێک کە  فاکتەر و هۆکاری بنەڕەتی  بەشێکی ئەو کێشەو قەیرانە قوڵەکان  کەپەیوەندی راستەوخۆییان بەم فۆرمە هەره ناشیرینەی حزبی کوردییەوە هەیه.

گرنگە بڵێین ئەم مۆدێلە  لەحزبایەتی  بووەته برینێکی قوڵی ئێجگار مەترسیدار  بەجەستەی سیاسی هەرێم و خەڵکەوەیە، بەڕادەیەکی ترسناک  تادێت نزیک دەبینەوە لەمەرگ حەتمیەتی قەوارەی هەرێم  و گەیشتن بەچارەنووسێکی نادیار.

واتا حزب پێش ئەوەی رووگەیەکی سیاسی هەبێت ، لەهەمانکاتدا ئامرازێک بێت بۆ چاکەی گشتی و هاوکات ماناو رەهەندی فەلسەفی و فیکری هەیە کە خزمەت بەگەشەسەندنی ئاستی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکات و دەببێتە مایەی چەسپاندنی پایەکانی دیموکراسی .

بێگومان هەر حزبێک هەناسەیەک لەدیموکراسیەت و بڕوابوون بەیاسا و حکومڕانی رەشیدو دەستاودەستی دەسەڵاتی تێدا بێت.  نە چەکداری و میلیشاگەری و هێزی ئاسایشی تایبەت بەخۆی هەبێت، ئەگەر دیقەت لەحزبەکانی باشور  بدەین   حزبی خاوەن چەک و پارە هەم مێژوویەکی خوێناوین لەبراکوژی و هەم  هێزی چەکداری نانیشتمانی بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ و ناکۆکییە ناوخۆییەکان بەکارهێناوە. تەنانەت مەکتەب سیاسی و  بەناو بەرپرسی وەها دەبینین هێزی چەکداری بەناوی خۆوەی هەیە.. تەنانەت لەهیچ وڵاتێکی دونیا پاسەوانیشی پێنادەن و بەشایستەی کارێکی گونجاوی نییە.

 

٭ ناسین و تێگەیشتن لەحزب

 هەروەها گرنگە بۆ ناسین و تێگەیشتنی لەحزب کۆمەڵێک فاکتەرو لایەن لەبەرچاو بگرین.

1- رۆڵی رابەرایەتی و رەوشی هەڵبژاردنی ڕابەر

2- پلەی دیسپلینی رێکخراوەیی

3- دەسەڵاتی رابەرایەتی لەپەیوەندیدا لەگەڵ زەنجیرەی ئاستەکانی حزب، رادەی پشکەکانی دیسپلین، چۆنییەتی بەشداریکردن لەبڕیارەکان و داڕشتنی سیاسەتەکان.

4-  رامکردنی بیرۆکراسی ناوحزب

5- پەیوەندی باڵی پەرلەمانی حزب لەگەڵ هەموو حزبدا.

6- پایەو رادەی ئەندامێتی لەنێو حزبدا.

 

٭ ئەرکەکانی حزب

حزبی هاوچەرخ و خاوەن پڕەنسیپ و بەرنامە لەهەناوی کەلتورو کەلەپورێکی دەوڵەمەندی دیموکراسی و  مەدەنییەت و سیکۆلارەوە لەدایک دەبێت و بەر ئەساسی  خواست و پێداویستی جڤات و پڕۆسەی سیاسییە،  ئەم جۆرە لەحزب هەڵگری جیهانبینی و پڕۆژ و پلانی خزمەتکردنی خەڵک و نیشتیمان و بەرژەوەندییەبالاکان، بەڵام حزبەکانی هەرێمی کوردستان  بەپێچەوانەوە لەهەناوی کەلەپوری خێڵ و ناوچەگەری و بێ هیچ ستراتیژی نیشتیمانی ۆ جیهانبینی پێشخستنی جڤات  و وڵات  هاتوونەتە درێ، لەگەڵ ئەوەشەدا  بەپێ رووداوە مێژووییەکان حزبایەتی لەکوردستاندا بوونەتە بارگرانی و  ئاڵنگاری و نەخۆشی کوشندە بەسەر جەستەی  خەڵک و نیشتیمانەوە، لێرەدا ئەرکەکانی حزبی هاوچەرخ  پۆلێن دەکرێت.

1- ململانێی هەڵبژاردن

2- داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکان

3- رووبەڕوونەوەو رەخنەگرتن لەحکومەت

4- پەروەردەیی سیاسیانەی خەڵک

5- میانگەری نێوان حکومەت و خەڵک

6- ئاسانکاری بۆ کاری حکومەت و پەرلەمان دەکات.

ئەمڕۆکە واقیعی تاڵی کوردستان باش دەبینن حزبی کوردی کەچ دۆخێکی مەترسداری بۆ خۆیان و هەرێمی کوردستان خوڵقاندووە..

لێرەدا گرنگە ئەوە بڵێین  ئەوەیە تا ئەم هەرێمە  خاوەن   ئەو مۆدێلە زۆر ناشیرینە لەحزبایەتی هەبێت بەدڵنیاییەوە سات بەسات سەرتاپای جەستەی هەرێم زیاتر سیخناخ و بارگاوی  دەکرێت  بەقەیران و کێشەی هەمەجۆرو شەقار شەقارکردنی زیاتری  کەرامەت و هەستی بەرپرسیاریەتی  میللەت .

حزبەکانی  باشور لەپێناو  گرتنەدەستی دەستەڵات لەلایەن خوێنی یەکەمی سەرکردەکانی شاخەوە توشی دەیان کێشەی ناوخۆێی بوونەوتەوە واتا حزبەکان  لەم قۆناغەدان ، کە ئەمەش بێبەری نەبووە لەو ناکۆکیە مێژووییەی کە لەشەستەکانەوە تا ئەم ساتەوەختە هەموو ئەمانە وای کردوە کە ئەوەی پێی دەوترێت متمانەی گشتی بەحزبی کوردی هیواکوژ بێت و نەتوانرێ هەم هەڵبژاردن بکرێت و هەم کێرڤی دەنگدەر (هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن ) بەرەوە سفر بچێت .

هەڵبەتە وەک باسمانکرد لەسایەی  مۆدێلێکی نادروست و زۆر  تەقلیدی  دۆخی خیانەت و گەندەڵ و بێ یاسایی و مشەخۆری و فەوزاو بێ مافی خەڵک و پێشلکاری  زۆری مافەکانی مرۆڤ و  تێکدانی ئاسایشی  کۆمەڵایەتی و مەترسی جددی لەسەر ئازادییە تایبەتی و گشتییەکانی جڤات و لەهەرێمدا بەم ئاستە گەیشتووە, کە  بەتەواوی مانای خۆی لەدەستداوە و بەچەشنێک حزب بووەتە چەک و ئامڕازێکی  ترسناک بەدەست گروپگەلێکی نەخوێندەوای و  نابەرپرسیار،  بەزەبری هێزی میلشاوو تاڵانی سەروەتی نیشتیمانی و  خەڵکی و بچوککردنەوەی  پانتای سیاسی بۆ پانتایەکی ئێجگار بچوک و دەسەڵاتگەری خۆسەپێنن ، دواتر  حزب وەکو  ئامڕازێکی ستەمگەر  بەکاردەهێنن و ... بەرئەنجامی ئەم شێواندنە زیاد لەچەند دیاردەی ئێجگار ناشیرین دروستبوون:،  وەک خیانەت و گەندەڵی و سەرکوتی و کوشتنی هەموو ئینتمایەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی دیاردەیەکی بێزلێکراوە و قەدەغەکراوی مێژووییەوە گۆڕاوە بۆ رێگایەکی پەنا بۆ براوە،  حزبی, بەشێوەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ و مانەوە بێ سڵەمینەوە ئەنجامی دەدەن.

 

٭ ئەنجامگیری:

وەک لەناوەڕۆکی بابەتەکەدا هێمامان بۆ کردووە حزب لەهەرێمی کوردستاندا  دەرهاویشتەی کەلتورو کەلەپوری چەقبەستوی  خێڵ و ئایینیەو  بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بەفیکر و فەلسەفەو جیهانبینی مۆدێرن و پێشکەوتووە نییە، هەروەها  حزبەکان وەک پێداویستی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی سروشتی  لەمنداڵدانی دیموکراسی و مەدەنییەتەوە لەدایک نەبوون، هەر ئەم جۆر مۆدێله زۆر خراپەیە وایکردووە کە حزب  ببێتە گەورەترین باڵاو بارگرانی بەسەر ژیان خەڵک و نیشتیمان  و دروستکردنی ململانیی و قوڵکردنەوەی ناکۆکی سیاسی و چاندنی تۆی دووبەرەکی و بوغزو رووحی تۆڵەکردنەوەو کوشتنی خەونە تایبەتەکانی  ئینسانی ئێمە، بەکوردی و کورتی گروپگەلێک خۆی  وەک حزب نیماش دەکەن،  کەم  و زۆر پەیوەندییان بەئەخلاق و هەستی نیشتیمانەوه نییەو دۆژمنی سەرسەختی دیموکراسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و چاکەی گشتی و مافەکانی مرۆڤ و عەدالەتن ، دۆستایەتی گەرم و گوڕیان لەگەڵ گەندەڵی و تاڵانی و لەمڕۆڤبخستن و نیشتیمانسازی و هەموجۆرە پێشکەوتنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنییەتەوە هەیە..تاکە چارەسەر  گۆڕینی بنەڕەتی  و ریشەی ئەم چەشنە لەمۆدیلی ناشیرینەی حزبایەتی هەیە...

 

 

سەرچاوەکان:

2-بنەماکانی زانستە سیاسیەکان. د. عەبدولڕەحمان عالم. وەرگێڕانی:  دلاوەر عەبدوڵا و محەمەد کەریم .

2-پێگەی حزب لەسیستەمی سیاسیدا. د. سالار باسیرە.

3-  زەمەن پرێس، حزب و متمانەی گشتی وتاری بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز لە( 26-12-2022)

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار