هەڵبژاردنی تورکیاو ئەنجامەکانی ئەردۆغان یان کلیچدار؟
2 ساڵ لەمەوپێش
لوقمان ئابڵاخی
هەڵبژاردنەکەی ئەمجارەی تورکیا، بەتایبەتی بۆ سەرۆکایەتی، کەیەکشەممە، ١٤ی مایسی ٢٠٢٣ دەکرێت لەهەرسێ ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و تاڕادەیەکیش نێودەوڵەتیدا بایەخێکی زۆری پێداروە.
وا بۆ بیست ساڵ دەچێت ئەردۆغان، لەپێشدا وەکو سەرۆکوەزیران و دواتریش وەکو سەرۆککۆماری تورکیا، حوکمی کردووەو ئێستایش سەرباری ئەوەی کە تەندروستی باش نیە، بەڵام لەکێبڕکێی ئەم هەڵبژارنەیشدا بەشدارە بۆ درێژەپێدان بەپۆستی سەرۆککۆماری تورکیا.
لەلێکۆڵینەوەیەکی نۆردیک مۆنیتەر کە لە ٢٥/٣/٢٠٢٣ دا بڵاکراوەتەوە، دەریخستووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نەشتەرگەری بۆ لابردنی وەرەمێکی شێرپەنجەیی بۆ کراوەو تووشی نەخۆشی سەرئێشە بووە، لەنێو ئاڵۆزییە تەندروستییەکانی دیکەیدا، هەندێکجار رەفتاری ناڕێک و تەقینەوەی تووڕەیی و لێدوانە ناکۆکەکانی لەدەرکەوتن و گفتوگۆکانیدا هەستپێدەکرێت.
ئەو لەسەرەتای دەستبەکاربوونیدا وەکو سەرۆکوەزیران، بەچەند هەنگاوێکی ئەرێنی دەستی بەکارەکانی کرد کە بۆ ماوەیەک سەقامگیری ئابووری و سیاسی لەناوخۆدا دروستکردبوو. نەیارەکانی و وڵاتانی رۆژئاوایشی بەوە دڵنیادەکردەوە کە سیاسەتیێکی دیموکراسی، لیبراڵی و ئایینیەکی میانڕەو پیادەدەکات. بەو شێوەیە ناوخۆو دەرەوەیشی دڵنیاکردووەتەوە کە ئەو سەرچاوەی ئارامی و سەقامگیری ئابووری، سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی دەبێت کەدوایی دەرکەوت ئەمە تەنها فریودانی ناوخۆو دەرەوەی تورکیا بووە بۆ رەگ داکوتان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی حوکمەکەیەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجە راستەقینەکانی.
بەڵام ئەردۆغان و رژێمەکەی ئێستا سەرچاوەی نائارامی، پشێوی و ناسەقامگیرین نەک تەنها لەناو تورکیادا بەڵکو لەناوچەکەو لەجیهانیشدا.
گوتاری سیاسی ئەردۆغان لەسەرەتاداو لەساڵی ٢٠٠٠ ەوە گوتارێکی کۆنسێرڤەتیڤی، نیمچە عەلمانی و نیمچە لیبراڵی بوو و بەڵێنی (سفر گرفت)ی دابوو لەناوخۆو دەرەوەی تورکیادا. بەڵام لەدوای ٢٠١٠ ەوە گوتارکەی دەگۆڕێت بۆگوتارێکی ئایینی توندڕەوو شۆڤینیەکی نەتەوەپەرست و رەگەزپەرست کەبەرگی ئیخوانی ئیسلامی بەبەردا کردبوو.
ئەگەری هەرەسی ئەردۆغان و رژێمەکەی ساڵ بەدوای ساڵ و بەهۆی سیاسەتە چەوت وهەڵەکانی ئەردۆغان و لەشکرکێشیەکانی و شەڕەنگێزەکانی بەردەوام لەهەڵکشاندا بووە.
هەرچەندە ئابووری تورکیا لە ١٠ ساڵی یەکەمی حوکمڕانیەکەی ئەردۆغاندا گەشە و بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەدەیەی دووهەمی حوکمڕانیەکەیدا هەموویانی لەدەستداوەو رووی لەهەڵدێرکردووە.
ئەمانەی خوارەوە مشتێکن لەخەرواری شکستەکانی ئەردۆغان بەهۆی سیاسەتە چەوت و شەڕەنگێزیەکانیەوە:
١- خراپبوونی باری ئابووری کەبەرزبوونەوەی هەڵئاوسان بەهۆیەوە بەڕێژەی ٨٠٪ لەسەدا هەشتا زیادی کردووە. ئەم رێژەیە ئەوەیە کەحوکمەتەکەی ئەردۆغان خۆی دانیپیاناوە بەڵام چاودێران رێژەی هەڵاوسانەکە بەدوو ئەوەندەی ئەو رێژەیە زیاتر مەزندە دەکەن.
٢-دابەزین و هاڕەی لیرەی تورکی کە بەهاکەی لەساڵی ٢٠٠٥ دا بەرامبەر بەدۆلار لە ١،٥ واتە لەلیرەو نیوێکەوە گەیشتە سەروو ١٩،٥ نۆزدە لیرەو نیو لەساڵی ٢٠٢٣.
٣- بەکوشتدانی هەزاران رۆڵەی تورکیا لەو جەنگە درێژخایەنانەی نێوان سوپای تورکیاو هێزەکانی پەکەکە کە بەدڵنیاییەوە بەردەوام چارەسەری ئاشتیانە بوونی هەبووە کە ئەردۆغان بەهیچ کلۆجێک ئامادەگی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە لەهەگبەکەیدا نەبووە.
٤-بەفیڕۆدانی کات، وزە و رەنجی حوکمەتەکانی پێش خۆی بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپاوە بەدوورکەوتنەوە لەو ئامانجە و ناشرینکردنی تورکیاو بوونە هۆکاری پەراوێزبوونی تورکیا لەمەحفەلی نێودەوڵەتی.
٥- بەفیڕۆدانی سەدەها ملیار دۆلار بەهۆی درێژەدان بەشەڕە درێژخایەنەکەی لەگەڵ پەکەکە و لەشکرکێشیەکانی تری بۆ داگیرکردنی خاکی سوریاو لیبیا کەئەگەر ئەو پارانە بۆ ئاوەدانکردنەوەی تورکیاو خۆشگوزەرانی هاووڵاتیەکانی تورکیا بەبێ جیاوازی تەرخان بکرایە، لیرەی تورکی هاڕەی نەدەکردو ئابووری تورکیا ئابووریەکی بەهێز دەبوو و ئەگەریش زۆر بوو کەئێستا تورکیا ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بووایە.
٦-رێژەی بێکاری و هەژاری گەیشتووەتە بەرزترین ئاست کە خەڵکی تورکیای تەواو تووڕەو بێزارکردووە لەئەردۆغان و دەسەڵاتەی کەهۆکاری ئەو بێکاری و هەژاریەی ئێستای خەڵکی تورکیان.
٧- لەکاتێدا پتر ٥٠٠٠٠ پەنجا هەزار هاووڵاتی تورکی گیانیان لەدەستداوەو پتر لەملیۆنێک هاووڵاتی ماڵ و کەسانی نزیکیان بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ئەمساڵەوە بێلانە و ماڵ و دەرەتان، بوون کەهۆکاری سەرەکی هەرەسهێنان و رووخانی زیاتر لەو ١٧٠ هەزار بینایە لەو ١١ پارێزگایەدا دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی حوکمەتەکەی ئەردۆغان لەچاودێری و سەپاندنی یاساو جێبەجێکردنی ڕێساکانی تایبەت بەسەلامەتی خانووبەرە. کەچی ئەردۆغان خۆی لەکۆشکێکدا دەژی سەدان ملیۆن دۆلاری تێچووە، خاوەنی فڕۆکەی تایبەتە کەپتر لە ٤٠٠ چوارسەد ملیۆن دۆلاری تێچوە و مووچەکەیشی لە ٨٨،٠٠٠ هەشتاو هەشت هەزار لیرەوە بووە بە ١١٩٠٠٠ سەدونۆزدە هەزار لیرەی تورکی.
٨-ئازادی رادەربڕین و پرێس لەنزمترین ئاستدایە بەشێوەیەک کەتورکیا ئێستا یەکێکە لەخراپترین وڵاتەکانی دنیا بۆ ئازادی پرێس و رادەربڕین. وەکو سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ئاماژەیان پێکردووە، تورکیا تەنها لەپێش ئەفغانستان و کۆریای باکوورەوەیە لەو بوارانەدا.
٩-ئیفلیجکردنی سیستەمی دادوەری و دەستوەردانە کاریانەوە، دەرکردن یان پەراوێزخستنی دادوەرە بێلایەنەکان و و دامەزراندنی زۆرێک لەو دادوەرانەی کە تەنها وەلائیان بۆ خۆی هەیە. ئەردۆغان بەردەوام ئەم دادوەرانەی بەکارهێناوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی خۆی و شەرعیەتدان بەزیندانیکردنی هەزاران کەسی بێتاوان کە بەتاوانی دروستکراو، فابریکەکراو، بەحوکمی ناڕەواو نادادپەروەرانە حوکمدراون و زیندانیکراون.
١٠-پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و رێزنەگرتن لەڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکان.
١١-پێشێلکردنی سەرەوەری وڵاتانی دراوسێ و نادراوسێ، داگیرکردنی خاکی ئەو وڵاتانە و گوێنەدان و بێڕێزیکردن بەیاسا نێودەوڵەتیەکان.
١٢-دەرچوون لەپەیماننامەی ئەستەنبوڵ کە پەیوەستە بەمافی ئافرەتەوە. دەرکردنی یاسایەک کەماف بەو پیاوانە دەدات کە بەزۆر لاقەی ئافرەتانیان کردووە، لەجیاتی ئەوەی سزابدرێن و زیندانی بکرێن، هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنە لاقەکراوانەدا بکەن.
١٣- بەرزبوونەوەی گەندەڵی و رێژەی تاوان لەتورکیادا بەهۆی بێکاری، هەژاری، گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی وڵاتەوە.
١٤- لەکاتێکدا کە لەتورکیادا لەشفرۆشی مۆڵەت پێدراوەو هاوڕەگەزبازی رێگەپێدراوە، ئەردۆغان بەردەوام خەریکی دروستکردن و پەروەردەکردن وپێدانی یارمەتی دارایی بووە بۆ چەندین گرووپی ئیسلامی توندڕەوو ئیخوانی لەهەرێم و لەجیهاندا کە مەبەستی سەرەکی ئەردۆغان بەکارهێنانی ئەو گروپ و لایەنە ئیسلامییە توندڕەوانەیە وەکو کارتی فشار بۆ سەر ئەو وڵاتانە بۆ گەیشتن بە ئەجێنداکانی خۆی.
ئەمانە و زۆری تر کەبارودۆخی ئێستای تورکیاو ژیانی تورکەکانی لەخراپەوە بۆ خراپترو خراپترین بردووە و ئەگەر لەهەڵبژاردنەکەیشدا بیباتەوە، ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدراوە، زۆر خراپتر دەبن.
لەبەرامبەردا کلیچدار ئۆغلۆ کەڕکابەرێکی بەهێزی ئەردۆغانە، سەرۆکی ئێستای پارتەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورکە، کە پارتێکی نیمچە عەلمانی نەتەوەپەرستی راستڕەوە، چەندین بەڵێنی داوە بۆ راستکردنەوەی ئەو بارودۆخەی تورکیا کە ئەردۆغان بەو دەردەی بردووە.
کلیچدار دەڵێت کە ئەو دژی سیاسەتە چەوت و شکستخواردووەکانی ئەردۆغانە و راستیان دەکاتەوە.
لێرەدا تیشک دەخەمە سەر ئەم بەڵێنانەی کە لەبەرنامەی هەڵبژاردنەکەیدا، کە ٢٤٠ لاپەڕەیە، نووسراون:
١-گرتنەبەری رێگای زانستی بۆ بووژانەوەی ئابووری تورکیاو لیرەی تورکی.
٢- هەوڵی خستنەوەی تورکیا بۆ سەر بۆ رێچکەی ئەندامبوون لەیەکێتی ئەوروپا.
٣-زیندووکردنەوەی دیموکراسیەت و رێزگرتن لەئازادی دەربڕین.
٤-هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە.
٥-گەڕانەوەی شکۆو سەربەخۆیی بۆ دادوەرو دادگاکان.
٦-ئازادکردنی زیندانە سیاسییەکان و هەڵوەشاندنەوەی یاسا قەرەقوشیەکانی ئەردۆغان.
٧- گەڕانەوە بۆ پەیماننامەی ئەستەنبوڵ و بەیاسا مسۆگەرکردنی مافی ئافرەت بۆ حیجابکردن.
٨-ناردنەوەو گەڕانەوەی ٣،٧ ملیۆن، سێ ملیۆن و حەوت سەد هەزار کۆچبەری سوریایی لەماوەی دوو ساڵدا بۆ سوریا. هەڵبەتە ئەم کارە هەروا ئاسان نیەو پێویستی بە کاتێکی زیاترو هەوڵی دیپلۆماسی بەردەوام و بودجەیەکی زەبەلاح هەیە.
٩-هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سەرۆکایەتی کە لە ٢٠١٨ ەوە ئەردۆغان بۆ بەرژەوەندی خۆی بەیاسا جێگیری کردو گەڕانەوە بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان. هەڵبەتە ئەمەش کارێکی ئاسان نیە کە پێویستی بە ٥/٣ واتە لە ٦٠٪ دەنگی پەرلەمان هەیە بۆ هەڵوەشانەوەی یاسای سەرۆکایەتیەکە.
ئەردۆغان هەر ئەوەندەی باوەڕی بەدیموکراسیەت هەیە کە لەخزمەت ئەجێنداکانی خۆیدا بێت، تەنانەت هەڵبژاردنیش لای ئەو نوکتەیەکی بێتامەو هیچ سەنگێکی نیە. بۆ نموونە لەکۆی ١٠٤ سەدو چوار سەرۆک شارەوانی کە لەهەڵبژاردندا و بەدەنگی خەڵک ئەو پۆستەیان وەرگرتبوو، ئەردۆغان بەحوکمێکی قەرەقووشی ١٠١ سەدو یەک پۆستی لەو هەڵبژێردراونە سەندەوە، بەتاوانی دروستکراوی بێ بنەماو درۆ دادگاییکران و خرانە زیندانەوە و پۆستەکانیشی بەخشی بەئەندامانی پارتەکەی خۆی کەناوی (قەیوم)ی لێنابوون.
ئەردۆغان ئەنجامی یەکەمی هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ساڵی ٢٠١٩ ی قبووڵنەکرد کە حزبەکەی خۆی و کاندیدی پارتەکەی ئەو پۆستەیان دۆڕاندبوو، خولێکی تری هەڵبژاردنی سەپاند کە ئەگەر لەبەر فشاری گەورەی ناوخۆو نێودەوڵەتی نەبوایە و لەبەرئەوەی زەرەرمەندی یەکەم کەسی خۆی نەبوو، دۆڕاندنی خولی دووهەمیشی قبووڵنەدەکرد.
ئەمە خۆی لەخۆیدا ترس و خەم و نیگەرانیەکی قووڵی دروستکردووە کە لەئەگەری دۆڕاندا، ئەردۆغان ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵنەکات، بەتایبەتی کەهەموو دادوەرەکانی دادگای باڵای تورکی دەستەبژێری ئەردۆغان خۆیەتی و کاریگەری راستەوخۆی هەیە بەسەریانەوە. ئەمە جگە لەوەی ئۆپۆزیسیۆن ترسی ئەوەیشیان هەیە کە ئەردۆغان سووپایەکی ئامادەکردووە بۆ تەزویرکردن و تەنانەت بەکارهێنانی بەشێک لەکۆچبەرە سوریەکان بۆ دەنگدان بۆ بەرژەوەندی خۆی.
ترسی زیاتریشیان لەوەیە کە لەئەگەری دۆڕاندا، ئەردۆغان هانی ئەندامان و هەوادارانی حزبەکەی بدات کە پشێوی، نائارامی و ناسەقامگیریەکی ئەوتۆ دروستبکەن کەبگاتە شەڕی ناوخۆو لە ئەنجامدا داوا لە ئەردۆغان بکرێت لەبەرامبەر کردنەوەی خۆی بەسەرۆککۆمار، بارودۆخە شڵەقاو و ناجێگیرەکە سەقامگیرو ئارام بکاتەوە.