تورکیا لەئاسمان و عێراق لەزەمینەوە گەمارۆی کەمپی مەخموریان داوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەوتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور گەمارۆدانی کەمپەکە لەسەر داوای تورکیایە و سوپای عێراق دەیەوێت تەلبەندی بکات و پاشان کامێرای لێ جێگیربکات، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت تورکیا لە ساڵێکدا 11 جار بۆردوومانی کردووە.
دوای ئەوەی لەشەوی ڕابردوەوە هێزێکی زۆری سەربازی عێراق دەوری کەمپی مەخموریانداوە، هاوڵاتیانی ناو کەمپەکە چوونەتە بەرامبەر سوپای عێراق و ڕێگە نادەن هێزەکە نزیکتر ببنەوە.
بێوار ئەنوەر ئەندامی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور بەهاوڵاتی وت: تائێستا ئەمە سێیەم جارە سوپای عێراق و پارتی دەیانەوێت کەمپی مەخمور تەلبەند بکەن و چاودێری بخەنەسەر.
وتیشی: بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەک ڕێگا بەوە نادەین چونکە بەپێی یاسای نەتەوەیەکگرتوەکان ئێمە پەنابەرین و بەبڕیاری ئەوانیش جێگیر بووین و هەمومان خەڵکی مەدەنین ئەو بڕیارەش لەسەر داوای تورکیایە کە دەیەوێت چاودێری توند بکرێتە سەر کەمپەکە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی کەمپی مەخمور دەشڵێت پێشتر حکومەتی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە کە کەمپەکە پەنابەری سیاسین و تەلبەندکردنی کەمپەکە لەبەرژەوەندی عێراقدا نییە.
بێوار ئەنوەر هۆشداریش دەدات لەوەی خەڵکی کەمپەکە ئەگەر گیانی خۆشیان بکەنە قوربانی ئامادەنین ڕێگە بدەن کەمپەکە تەلبەند بکرێت و چاودێرییان بخرێتەسەر. هەر لەوبارەیەوە غای فەیسەڵ فەرماندەی پێشمەرگە لەسنوورەکە بەهاوڵاتی وت: پێشر وەکو یەکێتی ناوبژیوانیمان کردووە و دانوستانمان ئەنجامداوە، جگە لەوەش بە بەردەوامی لە لایەن پارتییەوە ڕێگیریان لێ دەکرێت بە تایبەتی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمەوە ڕێگە نادرێت نەخۆشەکانیان ببەنە نەخۆشخانەکانی هەولێر و خواردن و پێداویستیان پێ بگات.
غازى فەیسەڵ ئاماژەى بەوەشکرد، دەوڵەتی تورکیا لە ساڵێکدا ١١ جار کامپەکەی بۆردمان کردووە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، پێویستە لە ئاسمانەوە بپارێزرێن، تەنیا دوژمنیش لە ناوچەکەدا، کە زیانی هەیە و پێویستە ڕووبەڕویان ببینەوە چەکدارانی داعشن.
کەمپی مەخمور لەقەزای مەخمورە سەر بەپارێزگای هەولێر لەهەرێمی کوردستان، کەمپەکە زیاتر لە 30 ساڵە پەنابەرانی باکوری کوردستانی تێدا نیشتەجێن و ئێستا ژمارەیان زیاتر لە 11 هەزار کەسە و زیاتر لەنیوەیان ژن و منداڵن