«رووخاندنی دیکتاتۆری» یەکەم خواستی هاوبەشی خەڵکی ئێرانە!
ئاوڕدانەوەیەک لەپەیوەندیی نێوان بزووتنەوە ناوچەییەکانو بزووتـنەوەی سەرتاسەری لەئێراندا!
2 ساڵ لەمەوپێش
عبدولڕەحمان گەورکی
لەوڵاتانی وەک ئێران کەهەر لەکۆنەوە خەباتی گەل لەدژی دیکتاتۆری بووەو بەردەوامە، بەستنەوەی بزووتنەوە ناوچەیی و خۆجێییەکان بەبزووتنەوەی سەرتاسەری «پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە». ئەگەر شارەزایانە لەمێژووی ئێران بڕوانین، ئەم پێویستییە، «بابەتێکی ژیانییە» لەپێشکەوتن و بەرەوپێشەوەچوون و بەئاکام گەیاندنی بزووتنەوە ناوچەییەکان، بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی ریشەیی لەکۆمەڵگادا دروستبکات.
چەند وانەیەک لەبزووتنەوە ناوچەییەکان!
لەم سەدان ساڵەی دواییداو بۆ سەلماندنی رەوایەت و زەروورەتی ئەم پەیوەندییە لەوڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتیش لەئێراندا، نموونەی زۆر بەردەستە. لەم وڵاتانەدا زۆرێک بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازی ناوچەیی هەبووەو بەهرەمەند بوون لەپشتیوانی خەڵک و توانیویانە پێشکەوتنیش بەدەستبهێنن، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەم «پەیوەندییە»، لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە «سەرکوت» کراون، یان بەهۆی زۆر هۆکارگەلی ترەوە، بە»لاڕێدا» براون یان لەناوچوون و نەگەیشتوونەتە ئاستێکی باڵاتر. جاری وا هەبووە تەنانەت سەرکردەی بزووتنەوە ناوچەییەکان لەسەر دەستی حکومەتی ناوەند شەهیدکراون و دواتر دامرکاون!
رەمزی بەردەوامیی بزووتنەوە ناوچەییەکان!
بزووتنەوە خۆجێیی و ناوچەییەکان کاتێک لەمێژوودا دەمێننەوەو لەلایەن نەوەکانی داهاتووەوە پێ و شوێن دەگیرێت و درێژە دەدرێت کەحکومەتی دیکتاتۆری لەناوەندیان کردبێتە ئامانج. ئەم جۆرە بزووتنەوەیە پێویستە ئاستی خەباتی خۆیان بەرز بکەنەوە بۆ «سەرتاسەری ئێران» و لەچوارچێوەی «ناوچەیەکی دیاریکراو»دا دەربچن، یان پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری لەئێراندا دروست بکەن. مێژوو بەڵگەیە لەسەر ئەوە کە، سەردەمی گەشەسەندنی بزووتنەوەیەکی ناوچەیی، کاتێک بووە کەپەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری هەبووە. ئەگینا وردە وردە بوونەتە نێچیری دیکتاتۆرییەکان و لەسووڕگەلی جیاوازی کاتدا پەراوێزخراون.
رووبەڕووبوونەوەی نایەکسان و پەیوەندییەکی سەرکەوتوو!
لەمێژوودا رووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بەرانبەر بەدەسەڵاتی دیکتاتۆری لەوڵاتێکدا، هەمیشە «نایەکسانی رووبەڕووبوونەوە» هەبووە. هەم لەڕووی هێزو هەم لەڕووی ئیمکاناتەوە، بەتایبەت دارایی و چەک و ئیمکاناتی راگەیاندن. ئەوەی بۆ دیکتاتۆرییەت شێتکەرەو بەرگەی ناگرێت، «هەبوونی پەیوەندیی لەنێوان بزووتنەوەی ناوچەیی و بزووتنەوەی سەرتاسەری»دایە. چونکە پەیوەندییەکی وا سەرچاوەی «دەسەڵات و ئایندەدار»یەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان لێی دەترسن. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی بەدرێژایی مێژوو و بەتایبەتی لەسەردەمی دیکتاتۆرییەتی ئاینییدا، هەمیشە «پێوەندی»یەکی لەو شێوەیە کراوەتە ئامانج و بەخەرجکردنی داراییەکی زۆر و پیلانگێڕی سیاسی و مێژوویی و بەشەیتانکردن، هێرشی کراوەتەسەر بۆ لەناوبردنی.
فرت و فێڵی دیکتاتۆری!
دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان هەمیشە هەوڵیان داوە لەگەڵ بەشەیتانکردنی بزووتنەوە ناوچەییەکان، ئەوان بە «جیاییخواز» و «سەر بەبێگانە» بناسێنن و بەم رێگەوەش، بەسوودوەرگرتن لەهەستی نەتەوەیی و ئایینی، بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێران لەدژیان هانبدەن. لەم روانگەیەوە، لەسەردەمی دیکتاتۆرییەتی شا، شۆڕشگێڕان و جەنگاوەرانی ئەمجۆرە بزووتنەوانە بە»چەتە» دەناسێندران و لەسەردەمی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فیقهیشدا بە «دژە شۆڕش» و «تیرۆریست» ناوزەد دەکرێت.
دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا زۆر تۆقابوو لەبەرەوپێشەوەچوون و سەرخستنی بزووتنەوە ناوچەییەکان بەرەو بزووتنەوەی سەرتاسەری. هەربۆیە هەموو دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنا بۆ سنووردارکردنیان و دواتریش سەرکوتکردنیان.
لەدەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهیدا، فرت و فێڵی سەرنجڕاکێشتر بەکاردەهێنرێت. لەگەڵ بەشەیتانکردنی بزوتنەوەکان، بۆ دوورخستنەوەی بزوتنەوە ناوچەییەکان لەبزوتنەوی سەرتاسەری هەوڵیداوە. بۆ ئەم مەبەستەش تاکتیکی (گفت و گۆ) و (دیالۆگ)ی بەکارهێناوە تا خۆی بەلایەنگری گفتوگۆو چارەسەری هێمنانە نیشان بدات. لەکاتێکدا هەرگیز باوەڕی بەچارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان نەبووەو نیەو درۆ دەکات. پەنابردنە بەر ئامرازێک بەناوی «دانوستاندن» تەنها بۆ زەبروەشاندن بووە لەبەرەی گەل و بزوتنەوەی سەرتاسەری و بگرە خودی بزوتنەوی ناوچەیی و بەداخەوە توانیویشیەتی دەستکەوتی هەبێت!
ئامانجی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی!
ئامانجی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت لەبەکارهێنانی تاکتیکی «دانوستاندن» هەر لەسەرەتاوە روون و ئاشکرابوو کە بریتی بوو لە «بەئامانجکردنی بزووتنەوەی سەرتاسەری و موقاوەمەتی سەرتاسەری» و دوورخستنەوەی ئەم بزووتنەوەیە لەبزووتنەوەی سەرتاسەری، بۆ ئەوەی لەهەنگاوی دواتردا، پەکیان بخات و بێ رەنگ و ناکاریگەریان بکات و دواتریش بیانکوژێنێتەوە.
زۆرێک رێکخراو و بزووتنەوە هەبوون کەهەنگاویان نایە مەیدانی خەبات و تێکۆشان لەدژی دیکتاتۆرییەت لەئێران، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەڵوێست و شیکارییەکی دروست بۆ دۆخەکە، یان نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری یان پەیمان شکێنی و دوورکەوتنەوەیان لەبزوتنەوەی سەرتاسەری، بوون بە «نێچیری» دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان و لەمێژوودا کاڵبوونەوە!
وەک نموونەیەکی زیندوو و مێژوویی ئەم پرسە دەتوانم ئاماژە بدەم بە «بزووتنەوەی ناوچەیی لەکوردستانی ئێران». ئەم بزووتنەوە مافخوازی و رەوایە لە «لوتکەی» خۆیدا بوو تا ئەوکاتەی ئەندامی بزووتنەوەی سەرتاسەری بوو و لەپەیوەندیدا بوو لەگەڵ موقاوەمەتی ئێران. رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی بۆ ئەوەی بەم شێوەیە «موقاوەمەتی سەرتاسەری» لاواز بکات، تووشی «دانوستاندن»ی کرد! لەدرێژەی ئەم ئامانجە شوومەدا، دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی، بەمەش نەوەستاو دوابەدوای هێرشی مووشەکی و زەمینی بۆ سەر پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەهەرێمی کوردستانی عێراق، ئێستا بەدوای چەکداماڵین و دەرکردنیانە لەهەرێمی کوردستانی عێراق!
دەرئەنجام: بزووتنەوەی کوردی ئەگەر بیەوێت موخاتبێک بدۆزێتەوە و بکەوێتە سەرپێ و بگات بەداواکارییەکانی گەلەکەی، هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لەوەی دژی ئەو تاکتیکەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری جووڵە بکات. واتە پەیوەندیکردن بەبزووتنەوەی سەرتاسەری و راگەیاندنی «دانوستاندن» لەگەڵ دیکتاتۆرییەت وەک (هێڵی سوور!) پرۆسەی راپەڕینی ئەمدواییە، کەئێستا لەکۆتایی مانگی هەشتەمیداین، ئاماژەیە بەو راستییە حاشاهەڵنەگرە. ئەو پڕۆسە سەختەی کە ئێستا بەکەڵک وەرگرتن و بەکارهێنانی پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا، دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و لەهەمان کاتدا، پێویستیی ئەو جۆرە پەیوەندییەی زیاتر کردووە!
یەکێک لەفرت و فێڵە شاراوە و ئاشکراکانی دیکتاتۆرییەتەکان لەئێراندا، جۆرێکە لەدابڕاندان و دووبەرەکی نانەوە و دروستکردنی پەرشوبڵاوی لە ریزەکانی ئۆپۆزسیۆندا. جۆرەکانی هەندێک جار تێکەڵ و پێکەڵ بەدرووشم و داخوازی و کولتوورە جیاوازەکان. تا لەلایەکەوە، داواکاریی سەرەکیی لەسەرتاسەری ئیران پەڕاوێز بخات و خەڵک لە درێژەدان بەراپەڕینی دژ بەدیکتاتۆرییەت بێهیوا بکات. لەلایەکی دیکەشەوە زەمینەی سەرکوتکردنی سوور (خوێناوی) و سپی (لادان) فەراهەم بکات. واتا ئەو تاکتیکانەی گەر بڕێک بەوردی سەیری دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەشت مانگی رابردوو بکرێت و بەقووڵی ئاوڕێکی لێ بدرێتەوە، ئەم راستییە دەبینرێت کەچۆناوچۆن هەریەکەیان وەک «کۆسپ» رۆڵیان گێڕاوەو ویستوویانە دیمەنی راستەقینەی راپەڕین تێکبدەن و رێگری لەرادیکاڵبوونی راپەڕینی گەلی ئێران بکەن.
جیاوازیی بارودۆخی ئێستاو رابردوو!
بەپشتبەستن بەچەندین قۆناغی رابردوو و شارەزایی پسپۆڕی لەسەر کاروباری ئێران، ئەم وڵاتە لەمێژووی خۆیدا هەرگیز لە وەها موقاوەمەتیکی رەسەن و جەماوەری و سەرتاسەری بەهرەمەند نەبووە. موقاوەمەتیکی سەرتاسەری، هاوپەیمانییەکی دێرین، راهێنراوو لێهاتوو و بەئەزموون، بەبەرنامە و روانگەی قووڵی شۆڕشگێڕانەوە، کە لەمێژووی «ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاوەمەتی ئێران» و هێزیی سەرەکی ئەم ئەنجوومەنە و لەپلاتفۆرمی خانمی مریەم رەجەوی دا بەرجەستە دەکرێت!
دوا وشە!
لەسەردەمی ئێمەدا «ئێران» خاوەن مەرجی پێویستی زەینی و عەینیە بۆ بەرپاکردنی شۆڕش. موقاوەمەتیکی سەرتاسەری، بەپێکهاتەیەکی دیارو ئامانجێکی روون و پلانێکی پراکتیکی، لەبەردەستی هەموانە. ئەمەش وایکردووە کەلایەنگرانی دیکتاتۆرییەت لەئێران بشڵەژێن و بکەونە هات و هاوار و هەڵبەز و دابەز. بۆ ئەوەی ئەم موقاوەمەتە پەراوێزبخەن و جارێکیتر، خەڵکی ئێران بەرەو قۆناغێکی رەشی تر بەرن! لەدۆخێکی وادا ئەرکی هێزە رەسەنەکانی دژە دیکتاتۆرییەتە کە چالاکانە بۆ بەهێزکردنی ئەم موقاوەمەتە سەرتاسەرییە کاربکەن تا بەسەرکەوتن بگەن و «کات» بە فیڕۆ نەدریت. چونکە «نەوەکانی داهاتوو» لە هەر دواکەوتنێکی «نەوەکانی ئێستا» خۆش نابن. «دەرفەت» بۆ بەرپاکردنی شۆڕش لەهەموو روویەکەوە ئامادەیە. موقاوەمەتی سەرتاسەری پشتیوانی موقاوەمەتە ناوچەییەکانەو موقاوەمەتە ناوچەییەکانیش ئەو بەرپرسیاریەتیەیان لەسەر شانە کە خۆیان رێک بخەن لەگەڵ موقاوەمەتی سەرتاسەری و ئەرکی مێژوویی خۆیان بەجێ بگەیەنن.