باباجان: سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای برسیەتی و هەژاری دێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەڤا رایگەیاند، ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی تورکیادا سەربکەوێت، هەموو کەلوپەل و پێداویستیەک گران دەبێت.

چینی ناوەڕاست دەرووخێت و برسیەتی و هەژاری روو لە تورکیا دەکات. ئەمڕۆ هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرکایەتی تورکیا لە دەرەوەی وڵات دەستی پێکرد و تاوەکو ٢٤ی مانگ بەردەوام دەبێت.

زیاتر لە سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە و پارتە سیاسیەکان و هاوپەیمانێتیەکانیش دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووەتەوە و سەرۆکی پارتەکانیش لەدژی یەکدی قسە دەکەن.

عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) کە هاوپەیمانی کەماڵ کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی جەهەپە و کاندیدی بەرەی ئۆپۆزسیۆنە تۆماریکی ڤیدیۆیی لەبارەی دۆخی تورکیا لە ئەگەری سەرکەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بڵاوکردەوە.

عەلی باباجان لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، " دەسەڵات لە ئێستادا باسی کێشە سەرەکییەکانی تورکیا ناکات و لەسەر پرسی تیرۆر بانگەشە لەدژی ئۆپۆزسیۆن بڵاودەکاتەوە. " باباجان راشیگەیاند، " من تەنیا وەک سەرۆکی پارتێک قسە ناکەم لە هەمان کاتدا وەک ڕۆڵەیەکی وڵاتپەروەر قسە دەکەم و دەڵێم، ئەگەر ئەردۆغان سەربکەوێت هەموو شتێک گران دەبێت. بە سەرکەوتنی ئەردۆغان چینی ناوەڕاست دەرووخێت و پارەکانتان دەبێتە پولێک. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای بێنرخبوونی پارەی تورکیا و قەرزاری دێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای ئەوە دێت کە هاوڵاتیان ناتوانن گۆشت، مریشک و پەنیر بۆ منداڵانیان بکڕن. بە واتای هەژاری و برسیەتی دێت. بە واتای دواکەوتنی ئابوری تورکیا دێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای خوڵکردنە سەر دیموکراسی دێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان بە واتای مەترسی ئاسایشی نەتەوەیی دێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار