گروپێکی بەلوچ هێرش دەکەنە سەر پاسەوانانی سنور لە ئێران
لە هێرشێکدا لە سیستان و بەلوچستان شەش پاسەوانی ئێران کوژران
2 ساڵ لەمەوپێش
لە هێرشێکی چەکداریدا بۆسەر بنکەیەکی پاسەوانی سنوری ئێران شەش کەس دەکوژرێن و داواکاری گشتی سیستان و بەلوچستان گروپێکی نەیاری کۆماری ئیسلامی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات.
مەهدی شەمس ئابادی، داواکاری گشتی پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند؛ بەهۆی هێرشی چەکدارانی گروپی (جەیشولعەدل) لە ناوچەی سنوریی (سوختێ مۆک) سەر بە شاری سەراوان لە پارێزگاکە شەش پاسەوانی سنور کوژراون.
شەمس ئابادی ئاماژەی بەوە کردوە هێرشە لە درەنگانی شەوی رابردودا ئەنجام دراوە، جگە لە کوژرانی ئەو شەش پاسەوانی سنورە دوو ئەندامی دیکەی پاسەوانی سنور بریندارن.
پێشتر سەرۆکی هێزەکانی پۆلیس رایگەیاندوە؛ لە هێرشەکەدا دوو ئەفسەر و سێ سەرباز کوژراون و دوو ئەفسەری دیکە برینداروبون.
داواکاری گشتی پارێزگای سیستان و بەلوچستان ئاماژەی بەوە کردوە یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
ناوچەی سەراوان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی پاکستان و گروپە بەلوچە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیە بونیان هەیە و زۆرجار پێکدادان لەو سنورانە رودەدات.