ئێران ئەمینداری نوێی ئەنجومەنی ئاسایش دەستنیشان دەکات

عەلی شەمخانی دوای 10 ساڵ لە پۆستی ئەمینداریی لادەبرێت

عەلی شەمخانی، ئەمینداری پێشوی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران

2 ساڵ لەمەوپێش



کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمینداری نوێ بۆ ئەنجومەنی ئاسایش دەستنیشان دەکات و عەلی شەمخانی لەو پۆستە لادەبات.

بە بڕیاری ئیبراهیم رەئسیی، سەرۆک کۆماری ئێران عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران دەبێتە ئەمینداری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی.

رەئیسی لە فەرمانێکدا سوپاس و پێزانینی بۆ 10 ساڵ کارکردنی عەلی شەمخانی وەک ئەمینداری پێشوی ئەنجومەنەکە دەربڕیوە و ئەحمەدیانی وەک ئەمینداری نوێ دەستنیشان کردوە.

عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان لە دایکبوی شاری کرمان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێرانە کە تەمەنی 62 ساڵە و یەکێکە لە فەرماندە دەریاوانییەکانی سوپای پاسداران و بەشداریی لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران کردوە و هەڵگری بڕوانامەکانی مەستەر لە زانستی بەرگریی و دکتۆرا لە بواری بەڕێوبەرایەتیی ستراتیژییە.

عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، ئەمیندانی نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران

لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەنگۆی ئەوە هەبوە بەهۆی ناکۆکییەکانی دوو باڵی محافزکار و ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی، عەلی شەمخانی کە بە رۆحی قاسم سولەیمانی ناوی دەهێنرا لە پۆستی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران لادەبرێت.

دوێنێ یەکشەممە شەمخانی بە دانانی هۆنراوەیەک باسی لە رۆیشتنی و ئاماژەی بە راست دەرچونی ئەو دەنگۆیانە کرد.

شەمخانی کە بە رەچەڵەک لە نەتەوەی عەرەبە، بەرزترین پلەی سەربازیی لە نێو کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە و بەهۆی هەنگاوەنکانی بۆ یەکخستن و توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو مەدالیای (عەبدولعەزیز)ی وڵاتی سعودیەی پێبەخشراوە.

لە ماوەی رابردودا بە بڕیاری عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سەرپەرشتیی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریاز-ی کرد و هاوکات زیاترین هەوڵی دا بۆ چەک کردن و دورخستنەوەی پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان.

خامنەیی، راستەوخۆ گرێکوێرەکانی پەیوەندییە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێی دەداتە دەست شەمخانی و بەوەش رۆڵی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی سوپای قودس دەگێڕا کە ساڵی 2020 لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کوژرا.

شەمخانەی تەنها کەسی سەربازیی ئێرانە کە پلەی دەریاوانی هەیە و لە روی سەربازییەوە فەرماندەیی دەیان شەڕی لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق گێڕاوە و تەنها کەسێکە کە لە ماوەی 40 ساڵدا هیچ کاتێک پەراوێز نەخراوە و باڵی ریفۆرمخواز و محافزکاری کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی لە پۆستە هەستیارەکاندا پشتیان پێبەستوە.

ئەو کە بە نوێنەری عەلی خامنەیی لە ئەنجومەنی ئاسایش لەقەڵەم دەدرا لە ماوەی رابردودا جموجۆڵەکانی بەشێوەیکی بەرچاو زیادی کردبو بە جۆرێک وەزیری دەرەوەی ئێران لە ماوەی دوە هەفتەدا بە قەدەر شەمخانی گەشتی بۆ چین و عێراق و ئیمارات  وڵاتانی دیکە نەکردوە و دەوترێت شەمخانی وەزیری دەرەوەی ناو بازنەی سیاسەتی دیپلۆماسیی خامنەیی وەک لوتکەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار