تورکیا هەڕەشەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا سەربازانی ئەمریکا و پەکەکە و پەیەدە لە سوریا و عێراق دەردەکەن.
سولیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی ئایاردا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە تورکیا وڵاتێک نییە کە بە فەرمانی هیچ کەس و وڵاتێک بجووڵێتەوە و رەخنەی لە ئەمریکا گرت کە دەیەوێت لە سوریا دەوڵەتی کوردی دروست بکات کە وەک (دەوڵەتی تیرۆر) ناوی هێناوە.
سۆیلو دەڵێت، " ئەو قسانەی کە دەڵێن، پێویستە سەربازانی تورکیا لە عێراق و سوریا بکشێنەوە، قسەی ئەمریکایە. ئەمریکا بە هەزاران بارهەڵگر دەنێرێتە سوریا. ئێمە باش دەزانین کە ئەوانەی لەدژی ئێمە شەڕ دەکەن پەکەکە و پەیەدە نین. باش دەزانین کە ئەمریکا هەیە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوکرد کە لە ماوەی ٥ ساڵی رابردوودا هیچ سەربازێکی ئەمریکا و هیچ پەکەکە و پەیەدەیەک لە سوریا و عێرق ناهێڵین.
شایەنی باسە، ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکەی ئاکەپە لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکاندا، زۆر بە توندی دژی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا قسە دەکەن و دەڵێن، ئەو وڵاتانە پشتگیری لە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەکەن و دەیانەوێت تورکیا دابەش بکەن.