هۆکاری کەمبونەوەی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق ئاشکرا دەکرێت
هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق رۆژانە 20 ملیۆن مەتر سێجا کەم دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
دوای ئەوەی عێراق ناڕەزایەتیی دژی کەمکردنەوەی غازی ئێران دەربڕی، تاران دەڵێت هۆکارەی کەمکردنەکە کێشەی تەکنیکییە.
ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی کردەوە بەهۆی ئەوەی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق 20 ملیۆن مەتر سێجا کەمی کردوە بڕیارە وەفدێکی عێراق سەردانی تاران بکات.
دوێنێ هەینی فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ناڕەزایەتیی وڵاتەکەی بە حسێن ئەمیرعەبدوڵاههیان، وەزیری دەرەوەی ئێران راگەیاندوە.
ئێران رایگەیاندوە هۆکاری کەمبونەوەی هەناردەی غاز کێشەی تەکنیکییە و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدرێت.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردوە؛ قەرزەکانی عێراق بۆ ئێران بە 18 ملیارد دۆلار دەخەمڵێنرێت کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا ناتوانێرێت رادەستی ئێران بکرێت و ئەوەش وای کردوە هەناردەی غاز کەم بکرێتەوە.
پێشتر مەجید چگێنی، راوێژکاری وەزیری نەوتی ئێران بۆ کاروباری غاز رایگەیاندبو بڕیارە گرێبەستی فرۆشتنی غاز بۆ عێراق نوێ بکرێتەوە بەڵام ئەو وڵاتە هەشت ملیارد یۆرۆ پارەی غازی ئێران قەرزدارە و لەگەڵ یەکلاییبونەوەی چۆنیەتی گەڕانەوەی ئەو قەرزانە، گرێبەستەکە نوێ دەکرێتەوە.