پێکدادانی تاڵیبان و ئێران چوار کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

فەرماندەی پۆلیسی ئێران فەرمانی وەڵامدانەوەی توند دژی تاڵیبان دەدات

چەکدارێکی تاڵیبان لە سنوری نێوان ئێران و ئەفغانستان

یەک ساڵ لەمەوپێش



پێکدادان لە سنورێکی نێوان ئەفغانستان و ئێران رویدا و پۆلیس رایگەیاند چوار کوژراو و برینداری لێکەوتوەتەوە و رەتی دەکاتەوە موشەکی دژی تاڵیبان بەکارهێنابێت.

میدیای فەرمی ئێران بڵاوی کردوە؛ ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 10:00 ی پێش نیوەڕەو لە سنوری ساسولی لە شاری زابول سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان پێکدادان لە نێوان پاسەوانانی سنور و چەکدارانی تاڵیبان رویداوە کە بەهۆیەوە دوو پاسەوان کوژراون و دوو پاسەوانی دیکە برینداربون.

میداکانی ئەفغانستان کوژرانی هیچ چەکداراێکی تاڵیبانیان پشتڕاست نەکردوەتەوە بەڵام ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئێران موشەکی دژی چەکدارانی تاڵیبان بەکارهێناوە.

ناوەندی فەرماندەیی سەر بە پۆلیسی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردوە کە تاڵیبان بە چڕی تەقەی لە بنکەی پاسەوانانی سنور لە ساسولی کردوە و موشەکیش دژی ئەو چەکدارانە بەکارنەهێنراوە.

بە پێی راگەیەنراوەکە ئەحمەدڕەزا رادان، فەرماندەی پۆلیسی ئێران فەرمانی کردوە بە توندترین شێوە وەڵامی هەر چەکدار و هێزێک بدرێتەوە کە هێرش دەکاتە سەر سنوری وڵاتەکە بە تایبەت لە سنورەکانیان لەگەڵ ئەفغانستان.

لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و تاڵیبان لەسەر ئاو و گومرگی سنورەکانی نێوانیان گرژییان بەخۆیەوە بینیوە و چەند جارێک پێکدادان لە سنورەکانیاندا رویداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار