بەشی سینەمای سلێمانی و مەرگی چەندانێک لەهونەرمەندە دیارەکانی!
یەک ساڵ لەمەوپێش
ئاوات نامق ئاغا
چی نەهەماتییەکە لەم بەشی سینەمای سلێمانییە دەگوزەرێت و دەبینین بەشێک لەهونەرمەندە دیارەکانی بەگەنجی وەک گەڵای دار هەڵدەوەرێن. سەرەتا بەر لە پێنج ساڵێک بەکاک (پشتیوان بەدەوی) دەستیپێکرد، ئەنجا کاک (ئاسۆ سوارە)، دواتر کاک (کامەران شەوقی)، کاک (هادی مەحمود) تادەگاتە سەر کاک (دێنێ بەکر)ی دوا بەڕێوەبەری بەشەکە بەر لەدوو هەفتەیەک. ئەوەی سەیرو مایەی تێڕامانە ئەوەیە کەهەموو ئەم هونەرمەندانە لەپڕو بەخورپەی دڵ دەمرن، چوون بۆیان بڕابێتەوە هەر ئەوەندە بەرگەی ئەم ژیانە سەختەو ناجۆرییەکانی بگرن!
لەم بۆنەیەدا من باسی کاک هادی مەحمود دەکەم کەوەک هەموو ئەو هاوڕێیانەی دی یەکدی ناسینیمان لەساڵی ٢٠١٢ لەهەمان فەرمانگەوە دەستیپێکرد. مرۆڤێکی گەشی، دەم بەپێکەنینی قسەخۆش و ساكاری دڵپاک؛ هەمیشە دنیای بەئاسانی وەرگرتبوو، نەفس بەرزبوو، روو پەرمایی نەدەزانی؛ نە باسی کەسی بەخراپە دەکرد، نە حەزی لەخۆبردنە پێشەوەو خۆدەرخستن بوو!
زۆرینەی ئەو بابەتانەی دەیوروژاندن لای من مایەی سەرنج بوون. بەنموونە رۆژێك وتی ‹جاران نەریتێكی كۆمەڵایەتیی جوانمان هەبوو، کەدەچووینە ماڵی یەکتر، دوای نانخواردن ئەلبومی وێنەکانیان دەهێنرانە دەرەوەو یەک یەک لێیان ورد دەبووینەوە، دەمانووت ئەمە کێیە، ئەوە کوێیەو کەیە؟ ‹
دەوروبەری بەهاری ٢٠١٤ کاتێک بەزمی حەمکردنی مووچە دەستیپێکرد، ئەو رۆژەی پێویست بوو مانگانەکەمان وەربگرین، وتیان حکومەت بڕیاری داوە بۆمان بدات بەحوشتر. لەسەربانیژەی گەراجی ئەو ماڵەی گەڕەکی بەختیاریی کەبەڕێوەبەرایەتیی سینەمای تێدا جێگە کرابووەوەو ستارەمان تێدا گرتبوو، بە یەک دوو کۆمەڵ لەگەڵ چەندانێک لەو هاوڕێ هونەرمەندانە وەستابووین و تێكرا گەمێکانمان نوقوم بوو بوون!
من و رەحمەتی کاک کامەران شەوقی لەگەڵ یەک دوو هاوڕێی تردا پێکەوە بووین. هەریەک بەجۆرێک دۆخەکەی شیکار دەکرد، کاک هادیش لەگەڵ کۆمەڵێکی تردا لەپشتمانەوە لەو ژوورەدا کە بەسەر سەربانەکەدا دەیڕوانی و پەنجەرەکانی خرابوونە سەرپشت؛ مێش میوانی نەبوو، یەک لەسەر یەک قاقای لێدەداو نەدەگیرسایەوە. ئەنجام کاک کامەران گەیشتە تینی، دەنگی هەڵبڕی و وتی ‹کاکە تۆزێک دەست بەو پێکەنیانەوە بگرن، با تادوایی بەشمان بکات!›
کاک هادی کوڕی خێزانێکی هەژار بوو و هەر بەمنداڵیش باوکی فەوتی کردبوو و دایکی مەردانە شانی دابووە بەر ئیشکردن و بەخێوکردنی خێزانەکەی. بەهۆیەوە تەنها تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی بۆ تەواوکرابوو و لەبەردەرکی سەرا کتێب فرۆشیی کردبووە پیشە.
مانگی جەنیوەری ٢٠١٥ ئەوکاتی لەسەرەتای شەقامی سابونکەران کوشکێکی پەڕاوفرۆشیی هەبوو، جار جار سەردانم دەکردو چەندین کتێبی دانسقەی وەک دیوانی عەلی عارف ئاغا (شاری)، و رەمزی مەلا مارف.. تاد بۆ پەیداکردم و کۆمەڵێکی تریشی لەشوێنانی دی بۆ دەست خستم.
وا دەردەکەوێت کە هەر بەهۆی پیشەکەیەوە دەستی دابێتە خوێندنەوەو خۆقاڵ کردن؛ و لەو دەوروبەرەشەوە لەگەڵ کاک جەلیل زەنگەنەدا یەکتریان ناسیبێت و لەدرامای گەردەلوولدا جێگەی خۆی کردبێتەوە. هونەرمەندێکی خۆڕسک بوو، پێشتر نواندنی نەخوێندبوو، کەچی وەکو تر کارەکتەرێکی کۆمیدیی وەهای لێدەرچوو، کە بەزوویی بچێتە دڵی بینەرانییەوەو تامەزرۆی بینین و قاقاکانی ببن. رۆڵی عەریف حەمەتاڵی ئەوەندە لێدەهات کەخەڵکی لەدوای گەردەلوول هەر بەو ناوەوە دەیانناسی، بۆیە هەڵبژاردنەکەی کاک زەنگەنە لەجێگەی خۆیدا بوو!
پاشان لەڕادیۆی نالیا، بەرنامەیەکی بەیانیانەی بەناوی (چێشتەنگاو) دەستپێکردو لەوێش جەماوەرێکی بەرچاوی بۆخۆی پەیدا کرد. وەکو تریش قسەکانی دەماودەم دەگێردرانەوە یان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرانەوە، بەنموونە باسی بەشوودانی ئایندەی تەنکەو باری، هەردوو کچە نازداری و مەرجەکانی لەسەر زاواکانی پاشەڕۆژی یاخود باسی بەهارخانی هاوژینی و دایکی کەروێشکەکان!
ئەو سەرەڕای ئەوەی هەمیشە شانازیی بەهەژارییەوە دەکرد کەچی کۆمەڵێک نەریتی سەیریشی هەبوون، کە لەهەندێک پارەدار یان دەسەڵاتدار دەوەشێنەوە! بەنموونە ریشی تەنها لای دەلاک دەتاشی و وەک خۆی بۆی باس دەکردم، دەیوت ‹قەت خۆم ریشمم نەتاشیوە!›و هەر چەند رۆژ جارێک پێنج هەزار دیناری لەوەدا خەرج دەکرد؛ زۆرجاریش نانخواردنی لەدەرەوە بوو.
مەخابن کاک هادی، جگەرەکێشێکی بێشومار بوو، پارێزی نەدەکردو تەندروستیی خۆی ئافەرۆز کردبوو. خۆ دوورنییە هەموو ئەوانەش هەر لەنائومێدییەوە سەرچاوەیان نەگرتبێت، تا ئەوڕادەیەی کەبڵێین قاقاکانیشی جۆرێک بوون لەخاڵیکردنەوەی دڵتەنگیی ناخ، نەک دڵخۆشیی!
چەند دەمێکە زۆربە جوانیی المتنبی دەڵێت:
(لا تحسبوا رقصي بینكم طربا ......... فالطیر يرقص مذبوحا من الألم)
واتە ‹سەماکردنم لەناوتاندا وەک خۆشیی سەیر مەکەن، باڵندە بەسەربڕدراوی لەئازاردا هەڵدەپەڕێت!›
نیوەرۆی هەینی ٧ی ئەپریلی ٢٠٢٣ لەگەڵ کاک جمهوری ئامۆزامدا پێکەوە چووینە کتێبخانەکەی شێخ دارا لەسەر شەقامی مەولەوی و ‘خانەقای میرزا›ی میران ئەبراهام و چەند کتێبێکیشمان لەسەر شاری هەڵەبجە، لەلا دەستکەوتن. کەهاتینە دەرەوە لەسەر گۆشەکەی خوار سینەمای سیروان رێکەوتی کاک هادیمان کردو چاک و چۆنی گەرممان دامەزراند.
راستییەکەی من لەو ماوە کورتەدا رەنگ و روویم باش نەدەهاتە بەرچاو، وەک ئەوەی کەمێک ئاوساویی و سوورهەڵگەڕاویی پێوە دیار بوون، جۆرێک هیلاکیم لەڕووخسارییدا دەخوێندەوە؛ بەڵام ئەو دڵنیای کردمەوە هەموو شت باشەو عەیبی نییە! ئەنجا هەواڵی ئەوەی پرسی داخۆ هەر لەزانکۆ ماوم، وتی ‹ئاگادارتم!› ئەوەی بیرمە وتم ‹پێمخۆش دەبێت رۆژێک سەردانمان بکەیت و بە خوێندکارەکانی بەشی فیلـمسازییت بناسێنم!›
لەوڵاتانی پێشکەوتوو هەمیشە نووسەر، هونەرمەندە ناسراوەکان لەوپەڕی خۆشگوزەرانیی و پایەی کۆمەڵایەتییدا دەژین و لەپێش زۆرینەی چین و تووێژەکانی ترەوەن. مەخابن لای ئێمە ئەمە هێشتا پێچەوانەیە، تاڕادەیەکی زۆریش کۆمەڵگەو دەسەڵات ئەو مافە بەهونەرمەند رەوا نابیینن و وا دەزانن هونەر ئەرکی سەرشانیانەو پێویستە خۆیشیان خۆیان بەخێو بکەن.
هێمن دەمێکە دەڵێت:
هونەرمەندو ژیانی خۆش مەحاڵە
هونەرمەند رەنجەڕۆیە، ژینی تاڵە
ئێستا تێدەگەم کاک هادی ژیانێکی ساکار ژیاوەو زۆر پێداویستی هەبوون کە رەنگە نەیتوانیبێت دابینیان بکات. دەشێت لە ناخەوە ئاخی بۆ هەڵکێشابن، بەڵام هەرگیز شکۆ و رۆمەتی ڕێگەیان پێنەداوە ئاشکرایان بکات ، کەسیش پێی نەزانیون! بەنموونە ئێمە ئەو هەموو ساڵە پێکەوە بووین، قەت نەمزانیوەو نەمبیستووە ئۆتۆمبێلی نییە، یاخود بێ خانوو و کرێچییە!
ئەمە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ئەم هونەرمەندە و هاوچەشنەکانی چەندە نەفس بەرز، هەستیار و ناسکن. بۆیە پێویستە هەمیشە وەک سامانێکی نیشتمانیی و نەتەوەیی لێیان بڕوانرێت، کۆمەڵگەو دەسەڵاتیش بەتەنگ خەمەکانیانەوە بێن و نەهێڵرێت لەوە زۆرتر لە ژێر فشاری جۆراوجۆردا بنالێنن.
هەمان کات پێویستە ئەوەش بوترێت هونەرمەندانی کوردیش بەر لەوەی گلەیی لە بەتەنگەوە نەهاتنی کۆمەڵگەو دەسەڵات بکەن، مەرجە خۆیان بەبێ گوێدانە جیاوازیی تەمەن، بیروباوەڕی سیاسییانە، دووریی جوگرافیایی، پێگەی کۆمەڵایەتیی، هەبوونی کەسوکاری زۆر، پشت و پەنای یەکتر بن، رێز لەماندوو بوون و هونەری یەکدی بگرن. هەرکات ئەوە چەسپی، ئەوە بەدڵنیایی کۆمەڵگەو دەسەڵاتیش بەخۆدا دەچنەوەو تێڕوانینیان بۆ هونەرو هونەرمەندان دەگۆڕێن.
مەرگی کاک هادی هەموومانی داچڵەکاند و تەواو خەمباری کردین، بەڵام لەناو ئەو خەمە ئەستوورەشدا هێشتا تروسکەی هیوایەک بەدی دەکراو دڵخۆشی دەکردین کاتێک بینیمان زۆرینەی هونەرمەندەکان بەپەرۆشەوە بەشداری پرسەکەی بوون و لەدەرو ناوی مزگەوت پێشوازیان لەخەڵکی دەکرد.
خۆزگە ئەمە لەپرسەکانی بەنموونە چەندین هونەرمەندی مەزنی وەک حاجی مەکی عەبدوڵلا و عومەر چاوشین.... تاد تێبینی بکرایە. راستە ئەوان بەتەمەنتر بوون سەر بەنەوەی پێشتر بوون، بەڵام دەستپێشخەربوون و ساڵانێکی دوورو درێژ تەلەفیزیۆنی کوردییان دەوڵەمەند کردبوو و چرای زۆرینەی ماڵانی کوردستان بوون!
یادی کاکە هادی مەحمودو هەموو هاوڕێکانی بۆ هەمیشە گەش و زیندوو بێت.
ئەو بەجەستە بەجێیهێشتین بەڵام عەریف حەمەتاڵ، تاسەر لەناوماندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە!
وێڕای هاوسۆزیی و هاوخەمیی بۆ بەشی سینەمای شارو تێکڕای هونەرمەندانی گەل و وڵات.