بەڵگە نهێنییەکانی فڕۆشتنی چەکی ئێران بە روسیا ئاشکرا دەبێت
ئێران لە دەستپێکی جەنگی ئۆکرانیا بڕی یەک ملیارد دۆلار چەکی بە روسیا فرۆشتوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
بەڵگەنامە نهێنییەکانی فرۆشتنی چەکی ئێران بە روسیا بڵاو دەکرێنەوە و ئاشکرا بوە جگە لە فرۆکەی بێفڕۆکەوان کەرەستەی دروستکردنی موشەک و تۆپی تانک و زرێپۆش رادەستی مۆسکۆ کراوە.
تۆڕی هەواڵی (سکای نیوز) بڵاوی کردەوە 18 لاپەڕە لە بەڵگەنامە و گرێبەستە نهێنییەکانی فڕۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئێرانی لە سەرچاوەیەکی ئەمنی و ئاسایشییەوە دەست کەوتوە کە دەریدەخات لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیا جگە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە های یەک ملیارد دۆلار کەرەستەی سەربازیی ئێران بە روسیا فڕۆشراوە.
لەو بەڵگەنامانەدا کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردو واژۆی لەسەر کراوە، دەرکەوتوە ئێران کەرەستەی تایبەت بە تۆپ و موشەک و زرێپۆش و تانکی بە روسیا فرۆشتوە کە دژی ئۆکرانیا بەکارهێنراون.
بەرپرسانی ئۆکرانیا لە دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە رایانگەیاندوە لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان هەوڵەکانیان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەخەنە کار بۆ رێگریی لە فرۆشتنی چەک و کەرەستەی زیاتر لە لایەن ئێرانەوە بۆ روسیا.
سکای نیوز بە بێ ئاشکراکردنی سەرچاوەکەی جەختی لەوە کردوەتەوە کە زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامە و گرێبەستەکانی فرۆشتنی چەکی ئێران بە روسیا پشتڕاست کراونەتەوە.