گرفتی خوێندكارانی وێژەییو زانستی لەنێوان وەزارەتەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵا
یەک ساڵ لەمەوپێش
د.کەریم ئەحمەد عەزیز
پرۆژەیاسای پەروەردە ئاماژەی بۆ زۆرێك لەگرفت و لایەنەكانی كارگێڕی و پرۆگرام و هەڵسەنگاندن و پەیڕەوە زانستیەكانی سێكتەری پەروەردە كردووە، تەنانەت بەكارهێنانی وشەی منداڵ بۆ باخچەو قوتابی بۆ قۆناغی بنەڕەتی و خوێندكار بۆ ئامادەیی بڕیوەتەوە، تەنانەت چارەسەركردنی زۆری ژمارەی خوێندكاران لەلقی زانستی و كەمبوونەوەیان لەلقی وێژەیی بەیاسایەك كەمافی دراوە بەئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیاری لەسەربدات چارەسەركردووە، بەم شێوەیەی خوارەوە:-
لەماددەی (19) (بڕگەی چوارەم) هاتووە : ئەنجومەنی وەزارەت مافی هەیە بڕیار بدات خوێندکارانی پۆلی دەیەمی ئامادەیی لەسەر ئەم بنەمایانەی خوارەوە یان بنەمایەکی دیکە وەربگیرێن:
أ- ٦٠ ٪ شەست لەسەدی کورسییەکانی پۆلی دەیەم بۆ بەشی زانستی تەرخان دەکرێت و ئەو
کورسیانە بۆ دەرچوانی پۆلی نۆیەمن کەخوازیارن ئەو بەشە بخوێنن و لەهەمان کاتدا بەرزترین
نمرەیان بەدەستهێناوە ، لەبابەتی کوردی و بیرکاری و زانست نمرەیەکی گونجاو، کەوەزارەت
ساڵانە بڕیاری لەسەر دەدات، بەدەست بێنێت.
ب- ٣٠% لەسەدی کورسییەکانی پۆلی دەیەم بۆ بەشی وێژەیی تەرخان دەکرێت و ئەو کورسیانە
بۆ دەرچوانی پۆلی نۆیەمن کەخوازیارن ئەو بەشە بخوێنن و نمرەی بەرزیان بەدەستهێناوە بۆ وەرگرتن لەو بەشە، یان ئەوانەی نمرەی بەرزیان هەیە، بەڵام ناگاتە ئەوەی لەبەشی زانستی وەرگیرێن و ناخوازن لەبەشی پیشەیی بخوێنن. بۆ وەرگرتن لەبەشی وێژەیی دەبێت قوتابی لەبابەتەکانی کوردی و کۆمەڵایەتی نمرەیەکی گونجاو، کەوەزارەت ساڵانە بڕیاری لەسەردەدات، بەدەست بێنێت.
ج- ١٠% لەسەدی کورسییەکانی پۆلی دەیەم بۆ بەشی پیشەیی تەرخان دەکرێت و ئەو کورسیانە بۆ دەرچوانی پۆلی نۆیەمن کەخوازیارن ئەو بەشە بخوێنن یان ئەوانەی نمرەکانیان بەشی وەرگرتن لەبەشی زانستی و وێژەیی ناکات.
د. ئەو خوێندکارەی بەپێی بەرزی نمرە مافی هەیە لەبەشی زانستی وەرگیرێت، ئەگەر نەیویست لەو بەشە دەستپێبکات مافی هەیە لەبەشی وێژەیی یان پیشەیی دەستپێبکات. ئەو خوێندکارەی بەپێی بەرزی نمرە مافی هەیە لەبەشی وێژەیی وەرگیرێت، ئەگەر نەیویست لەو بەشە دەستپێبکات مافی هەیە لەبەشی پیشەیی دەستپێبکات.
هـ. لەئەگەری بڕیاردان لەسەر بڕگەکانی ( أ و ب و ج و د) دەبێت وەزارەت بەلایەنی کەم بەساڵێکی خوێندن قوتابیان ئاگاداربکاتەوە
پێنجەم: وەزارت مافی هەیە پاش ئامادەکاری، بەشەکا نی زانستی و وێژەیی بەگوێرەی پسپۆڕی دابەش بکات.
هەموو ئەو بڕگەو ماددانە چارەسەرن بۆ هاوسەنگكردنی ئایندەی قۆناغی ئامادەیی لەسێكتەری پەروەردە، چونكە لەئێستادا ئەگەر تەنها ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان وەربگرین بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 لەكۆی نۆ هەزارو 369 خوێندكار، شەش هەزارو 996 خوێندكاری زانستین، خوێندكار 74،67% كۆی خوێندكارانی ئامادەیی، لەكاتێكدا كۆی ژمارەی خوێندكارانی وێژەیی لەگەرمیان دوو هەزارو 373 خوێندكاركەدەكاتە 25.32% كۆی خوێندكارانی ئامادەیی، ئەم ئامارە ئەوەمان پێدەڵێت ئەگەرچی بەشێكی كەم خوێندكارانی دەرچووی لقی زانستی بچنە بەشە مرۆڤایەتییەكان ئەوا بەشە مرۆڤایەتیەكان كەزۆرترین بەشەكانی زانكۆكان و كۆلێجەكانیان پێكدەهێنن چارەكی بەشە زانستیەكان خوێندكار رووی تێدەكات ئەگەر هەمووشیان دەربچن، هەربۆیە قسەكە لێرەدا ئەوەیە وەزارەتی پەروەردە تەحەكوم بەئاڕاستەی رەوتی زانكۆكان دەكات نەك خودی زانكۆكان خۆیان بەدەر لەپلانی خۆگونجاندن لەگەڵ بازاڕی كار، لێرەدا گرنگە ستایشی ئەو بڕگەو یاسایانە بكرێت كەوەزارەتی پەروەردە دایناون، ئەگەرچی بەدڵی قوتابیانی بنەڕەتی و خوێندكارانی ئامادەیی نەبێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەوەزارەتی خوێندنی باڵا هەمان ئەو بەشانەی مرۆڤایەتین و ساڵی پار خوێندكاریان بۆ نەچووە هەروەكو خۆیان ماونەتەوە رەوشەكە بەم شێوەیە بڕوات و وەزارەتی پەروەردە ئەو بڕیارە لەئەنجومەنی وەزارەت بەركار نەكات، ئەوا بەدیاریكراوی لەسێ ساڵی ئایندە بەشە مرۆڤایەتیەكان بەبەتاڵی دەمێننەوەو مامۆستاو كۆلێجەكانیان بێ ئەرك دەبن، هەربۆیە چارەسەری وەزارەتی خوێندنی باڵا جگە لەڕیفۆرم لەبەشە مرۆڤایەتیەكان بەكردنەوەی بەشی نوێ وەك خۆیان دەڵێن بۆ بازاڕی كار چارەسەرە سەرەكی و هەنووکەییەكەی لەوەزارەتی پەروەردەیە بەكاراكردنی ئەو بڕیارە لەئەنجومەنی وەزارەت.
*پسپۆڕی پەروەردەیی