زیاتر لە 330 هەزار نامەی ماستەر و دکتۆرا لە ئێران ساختە کراوە
پەرلەمانی ئێران : 90%ی نامەکانی ماستەر و دکتۆرا لەبەرگیراوە بوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
ناوەندێکی توێژینەوە ئاشکرای دەکات زۆرینەی بەرهەمە زانستییەکانی زانکۆ و خوێندگە ئەهلییەکانی ئێران ساختەیە و فێڵ لە نوسینی نامەی ماستەر و دکتۆرا کراوە.
ناوەندی توێژینەوەی سەر بە پەرلەمانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ 90%ی بەرهەمە زانستییەکانی زانکۆ و خوێندنگە ئەهلییەکانی وڵاتەکە ساختەکاریی و فێڵی تێدا کراوە.
لە راپۆرتی نوێی ئەو ناوەندەدا دەرکەوەتوە؛ لە نێوان ساڵانی 2019 تا 2021 زۆرینەی بەرهەمە زانستییەکان فێڵی تێداکراوە و بەرهەمێکی زانستی راستەقینە نەبوە و لەبەرگیراوەی بەرهەمە زانستییەکانی دیکە بوە.
رون بوەتەوە لەو ساڵانەدا 29% نامەکانی قۆناغی دکتۆرا و 46%ی نامەکانی ماستەر بە لەبەرگرتنەوە(کۆپی) و دزینی بەرهەمە زانستییەکانی دیکە بون.
ناوەندی توێژینەوەی رونی کردوەتەوە؛ 72 هەزار و 57 نامەی دکتۆرا لە ئێران تۆمار کراوە کە 21 هەزار و 246 نامەیان کۆپی و دزینی بەرهەم بوە و زیاتر لە 30%ی ئەو نامانە هاوشێوەی بەرهەم زانستییەکانی رابردو بون.
هەر لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا 675 هەزار و 713 نامەی ماستەر تۆمار کراوە کە 311 هەزار و 648 نامەیان لەبەرگرتنەوە بوە.
بڵاوبونەوەی ئەو زانیارییانە لە کاتێکدایە پێشتریش 282 توێژەری ئێران تۆمەتبار کرابون بە کۆپیکردن و دزینی بابەتە زانستییەکانی جیهان.