ئێران .. راپەڕینێکی بەردەوام‌و ئومێدبەخش‌و ئایندەدار!

ئاوڕدانەوەیەک لەپێگەو دەستکەوتەکانی راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێران لەدژی دیکتاتۆریەت!

یەک ساڵ لەمەوپێش



عبدولڕەحمان گەورکی

بەشەهیدبوونی کچە کوردی تەمەن ٢١ ساڵ، ژینا ئەمینی (مەهسا) لەتاران لەڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ساڵی رابردوو لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، قۆناغێکی نوێی خەباتی خەڵکی ئێران لەدژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینی دەستیپێکرد کە تا لەناوچوونی دیکتاتۆرییەت لەئێران بەردەوام دەبێت. پرسیار ئەوەیە ئێستا دەبێ چی بکرێت؟!

ئەستێرەیەک بەناوی ژینا ئەمینی (مەهسا)!

ژینا زۆر بەبێتاوانی شەهید کرا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بوو کەخەڵک رژانە سەر شەقامەکان بۆ دادخوازی خوێنی ئەم شەهیدەو جیهان راپەڕی بۆ پشتگیریکردنی. شەهیدبوونی ژینا بوو بەپێشهاتێکی گرنگ، کە زۆر بەخێرایی بوو بەسیاسی و سەرەتای راپەڕینێکی خوێناوی خەڵکی ئێران، کەتیایدا لانیکەم ٧٥٠ کەس لەسەرتاسەری ئێران گیانی خۆیان بەختکرد لەپێناو رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری!

بۆیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەر حیساباتێک، وانەی یەکەم لەم رووداوە ئەوەیە کە ژینا ئەمینی شەهیدی هەموو خەڵکی ئێرانەو رژیمی دیکتاتۆری ئایینییش دوژمنی هەموو خەڵکی ئێرانە. واتە ئەو خەڵکەی کە لەهەموو ئێران دژی دیکتاتۆرییەت خرۆشان و راپەڕین. لەکوردستانەوە تا بەلوچستان. لەخوزستانەوە تا خوراسان و لەتارانی پایتەختەوە تاهەموو پارێزگاکانی وڵات!

کەوایە دادخوازی بۆ خوێنی شەهید مەهسا ئەمینی تەنها بەکوردستان سنوردار ناکریت. لەسەر گۆڕی ژینا ئەمینی نوسرابوو: «ژینا تۆ نامریت. ناوت دەبێتە رەمز»! بەڵێ ناوەکەی بوو بەڕەمزێک، کە نەک هەر خەڵکی ئێران، بەڵکو خەڵکی هەموو جیهانیشی، لەدژی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی هاندا. رۆحی مەهساو شەهیدانی تری ئەم راپەڕینە شادو هەرمان!

سەیرێک بۆ پشتەوە!

دوابەدوای شەهیدبوونی ژینا، کەم نەبوون ئەوانەی «بەدرۆ» هاتنە سەر شانۆو خۆیان بەدادخوازی خوێنی ئەو شەهیدە نیشاندا، بۆ ئەوەی هەلپەرستانە خۆیان دەرخەن و بگەن بەدەسەڵات! ئەوانەی کە نەک هەر دەستیان لەخەبات و شۆڕش دژ بەدیکتاتۆرییەت لەئێراندا نەبوو، بەڵکو تەنانەت دەست و پێوەندی دیکتاتۆرییەتیش بوون. ئەوان نەک هەر دەستیان هەبوو لەڕشتنی خوێنی ژیناداو بەشەهیدکردنی نەوەستان، بەڵکو پەلاماری دادخوازانی خوێنی ئەم شەهیدەشیان دا!

دەست و پێوەندەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی و پاشماوەکانی دیکتاتۆری شا کەخۆیان بەشێک بوون لەدیکتاتۆرییەت بەئێستاشەوە، بەنازناوی جیاوازو بەدروشمی جیاوازەوە خۆیان خزاندبووە ناو ریزەکانی ئۆپۆزسیۆنی دیکتاتۆرییەت و بەدرووشمی جیاجیاوە دەیانویست رێبەڕایەتیی شۆڕشەکە بگرنە دست و بەکوژاندنەوەی راپەڕین، دیکتاتۆرییەت لەئێران لەسەرپێ بهێڵنەوە!

بەڵام راستییەکان زۆر سەرسەختتر بوون لەوەی ئەوان بتوانن ئەم کارە بکەن کەدەیانویست بیکەن. چونکە دۆخەکە ناگەڕێتەوە دواوەو خەڵک بەهیچ شتێک کەمتر لەڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت لەوڵاتەکەی خۆیان رازی نەبوون و نابن!

راپەڕین لەدژی دیکتاتۆرییەت لەئێران بەردەوامە!

ئێستا بەسەیرکردنی ئەو رێگایەی خراوەتە پشت سەر، بەڕوونی دیارە کە چ هێزو بەدیلێکی «رەسەن» و «ئامادە» لەمەیداندا هەبووەو هەیەو لەکۆتاییشدا چ هێزێک ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە دەخاتە خوارەوە!

زۆرێک وشەو دروشم و ئیدیعاو تەنانەت هاوپەیمانی و ئەڵتەرناتیڤی دەستکردی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیزم هاتن و لەبەرئەوەی «ناکارامە» و «هەلپەرست» بوون، هەروەک بڵقی سەر ئاو ون بوون! لەڕوانگەی زانستیشەوە، هەر لەسەرەتاوە ئەم شتە روون بوو. چونکە «هاتنە ناو ریزی خەبات» و بەتایبەت»مانەوە لەڕیزی خەبات»دا، پێویستی بەتەیاربوون بە»زانستی خەبات» و هەبوونی شەرعییەتی خەباتی جەماوەری و باوەڕمەندی بەزانستی خەبات هەیە. لەگۆڕەپانی خەباتدایە کە «قسە» و «کردە» لێک جیادەکرێنەوەو دەخرێنە بەر تاقیکردنەوە. بەگوتەی خەباتکاری ناوداری ئیرانی (عەلی ئەسغەر بەدیعزادەگان) کە بەدەستی دیکتاتۆری شا لەسێدارەدرا، «قەبارەی هەر کەس و بزووتنەوەیەک، بەڕادەی ئەو نرخەیە کە لەخەباتدا دەیدات». ئەو هێزانەی مردن لەناخیاندایە لەگۆڕەپانەکەدا نامێنن!

هێڵی سوور!

لەوانەیە هەمووان بینیبێتیان کە لەم دواییانەدا، ئەو وەرزشوانە ئۆکراینییە، لەسەر سەکۆی پاڵەوانێتی، رەتیکردەوە تەوقە بکات لەگەڵ وەرزشکارێکی سەر بەڕژێمی ئاخوندی! کردارێک کەڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرم بیردەخاتەوە. هەبوونی «هێڵی سوور» لەدژی ئەو رژێمە  دیکتاتۆرە، کەچالاکانە بەشداریی کردووە لەکوشتنی خەڵکی ئێران و شەڕی دەستدرێژیکارانە بۆ سەر ئۆکرانیا. سازشکردن و سازان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە، بەهەر شێوەیەک بێت، لێخۆشبوون هەڵناگرێت و بەزاندنی هێڵی سوورە. هەرچەندە خەڵکی ئێران قوربانیی سەرەکی سیاسەتی سازان بووە لەگەڵ ئەم رژێمەدا، بەڵام تاوانەکانی حکومەتی ئێران سنوورە نێودەوڵەتییەکانیشی بەزاندووە تادوورترینی شوێنی ئەم جیهانەو دەبێت ئەو وەرزشوانە ئۆکراینیەش پشتی بەڕاستییەکی وەها بەستبێت کەڕەتیکردبێتەوە بۆ تەوقەکردن لەگەڵ وەرزشکاری رژێمی ئاخوندی!

بۆیە هەبوونی هێڵی سوور، رەمزی تێپەڕبوونی سەرکەوتوانەیە بەناو رووداو و تاقیکردنەوە مرۆییەکاندا. هەروەک چۆن نزیکبوونەوە لەدەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت و دۆستایەتیکردنی، بەواتای دوورکەوتنەوە دێت لەخەڵک و لەدەستدانی شەرعییەتی جەماوەری لەسەر هەردی واقیع. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، ئۆقیانووسێکی خوێن رژاوە لەنێوان «دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی» و «خەڵکی ئێران»دا. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی داواکاری سەرەکی خەڵکی ئێران «رووخاندنی رژێمی ویلایەتی فەقیهی» بێت و خەڵک بەهیچ شتێکی کەمتر لەوە رازی نەبێت و رازی نابێت!

دوا وشە!

هێز و لایەنەکان لەمەیدانی کردەی کۆمەڵایەتی و شۆڕشدایە هەڵدەسەنگێندرێن و تاقیدەکرێنەوە. لەم مەیدانەدایە کەسنووربەندی و سەنگەرو بەرە، وەک بوونەوەرێکی زیندوو دەکەونە سەرپێ و بەردەوامی و پتەوبوون بەخۆیانەوە دەگرن. هێزو لایەنی هەلپەرست و بەستراوەی دیکتاتۆرییەت دەتوێنەوە و لەناو دەچن. «سەنتەرفیۆژەکانی مێژوو» بەردەوام لەکاردان بۆ ئەوەی «لایەنی رەگداکوتاو» و «بەرحەق « لەمێژوودا بمێنێتەوەو ئەوانیتر فڕێداتە زبڵدانی مێژووەوە. راستییەکان زۆر سەرسەختانەو بێڕەحمانە کاری خۆیان هەر دەکەن و هەر شتێک هەڵقوڵاوی گەل و نیشتمان نەبێت، لەناودەچێت!

موقاوەمەتی ئێران بەکۆڵێک ئەزموونی رابردوو و شارەزایی لەئاست راستییەکاندا بووە، کە هەر لەسەرەتاوە بەهێڵ سووری «نا بۆ شا، نا بۆ خومەینی و ئاخوندان»، هاتە ناو گۆڕەپانەکەوەو «مانەوە و ئایندەداربوونی خۆی» و «بەردەوامیی راپەڕینی گەل»ی پاراستوەو پێداگرە لەسەر ئەوە کەمافەکانی خەڵکی ئێران لەقوڕگی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان و کۆلۆنیالیزم دەربکێشێتە دەرەوە! لەم ئاڕاستەیەدایە کەموقاوەمەتی ئێران و موجاهیدینی خەلقی ئێران ئاڵاهەڵگرو بێهاوتان و زۆر جار رایانگەیاندووە کەخۆیان بەپشتیوانی وەها لایەن و رەوتێک دەزانن، کە گەر هەیە، با بفەرمون پێشمان بکەون. ئەگەریش نیە با دووربکەونەوە!


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار